
دەربارەی شەڕی هەندرێن1966 وەڵام بۆ کتێبی بیرەوەرییەکانی فارس کورەمارکی
مەغدید حاجی
بەشی یەکەم
کتێبی بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان، فارس کورەمارکی کە بە زمانی عەرەبی نووسراوەو لە ساڵی2002 یەکەمین چاپی بە ناونیشانی( مذكرات فارس كوره ماركی ــ سیرة نضال مع البارزاني) دەرچووە، د. جاسم الیاس مراد کردوویە بە عەرەبی و پێشەکی بۆ نووسیوە.
لە بابەت ژمارە (20) یدا باسی شەڕی هەندرێن دەکات ، بێ ئەوەی لە شەڕەکە بەشداربووبێت ، بەڵکو بۆ ماوەیەک یەک لە فەرماندەکانی شەڕی زۆزک بووە،کە هاوکات بوو لەگەل شەڕی هەندرێن، هەردوو چیاکەش لە بەرانبەری یەکترن و ڕێگای هامڵتۆن لێکیان جیادەکاتەوە..
لە سەرەتادا دەڵێ" لە نیسانی 1966 ڕاپۆرت بەدەست سەرکردایەتی شۆڕش گەیشت دەربارەی ئامادەباشییەکانی سوپای عیراق تاکو دەست بەسەر حەوزی ڕواندزدا بگرێت . بۆیە بارزانی ناچاربوو ئێمە لە پێنجوێن بکێشێتەوە . بەمەش پلانەکەمان بۆ وەرگرتنەوەی بنکەی ستراتیژی جوێندیرو ڕەبییەکانی دی هەڵوەشایەوە. حەوزی ڕواندز بنکەیەکی ستراتیژی بۆ شۆڕش پێکدەهێنا،بۆیە بارزانی باشترین و بە تواناترین پێشمەرگەکانی لەم ناوچەیە کۆکردبوونەوە،تاکو نەکەوێتە دەستی دوژمن" .
لێرەدا ئەم بەڕێزە ئاگای لەوە نییە، یان نەیویستووە بڵێ کە پێشمەرگەو فەرماندەکانی حیزبی شیوعی عیراق بە کوردو عەرەب و کریستیان و تورکمان ..هتد هەر لە ساڵی 1963 تاکو 1970 باشترین و بە تواناترین هێزیان لە ناوچەکەدا هەبوو ، چەند ئەفسەرێکی شیوعی شارەزای سوپای عیراق لە ناو هێزەکەدابوون، بارزانیش پاراستنی چیای ستراتیژی هەندرێنی بە پلەی یەکەم بەوان سپاردبوو.هەروەها عیزەت سلێمان بەگیش خاوەن لقێکی بەتوانا بوو لە ناوچەکەوچیای هەندرێن، کە ئەویش دۆستی حیزبی شیوعی بوو، بەشێکی پێشمەرگەکانیشی شیوعی بوون و هەموو بە یەکەوە دڵسۆزترین پاسەوانی هەندرێن و ناوچەکەبوون .
دیارە کاک فارس کورەمارکی فەرماندەی پارتی، ئەرکی فەرماندەیی پێشمەرگەی لە چیای زۆزک پێ سپێردراوە لە کاتی لەشکرکێشی سوپای عیراق بۆ سەر ناوچەی حەوزی ڕواندز، من لێرەدا ئەوەی پەیوەندی بە شەڕی زۆزکەوە هەبێت باسی ناکەم بەڵکو ئەوەی پەیوەندی بە شەڕی هەندرێن هەبێت باسی دەکەم و وەڵامی زانیاری و بۆچوونە نادروستەکانی دەدەمەوە.
دیارە لە شەڕی زۆزک برینداری زۆر هەبووە، لە کاتی سەردانی بریندارەکان لە گەڵاڵە ،فارس کورەمارکی دەڵێ (ل104) لە سەیارەکە دابەزیم ،بارزانی سەرکەوت منیش لە دوای ئەو سواری سەیارەکە بوومەوە"..ــ دیارە بارزانی بە سەیارەکەی خۆی ناردوویەتی سەردانی بریندارەکان بکات ــ لەو کاتە، ئێوارەی ڕۆژی12-5-1966 بووە، برووسکەی سەرکەوتن لە هەندرێن بە دەست بارزانی گەیشتووە، لێرەدا بارزانی ووتوویەتی (هەروەکو کاک فارس دەیگێڕێتەوە):" ئێستا شێخ عەبدوڵلای زینوێ بەم سەرکەوتنە بزانێت لە خەفەتان دەمرێت"!! فارس کورەمارکی بە بارزانی وتووە،گەورەم ئەگەر خائینە بۆ ئیعدامی ناکەیت؟ بارزانی ووتی: نەخێر ئیعدامی ناکەم چونکە خەڵک بارزانی بە کوشتنی شێخەکان تۆمەتبار دەکات".
هەروەها فارس کورەمارکی دەڵێ:" بارزانی سەردانی بریندارەکانی ناوپردانی کرد و (30) دیناری دایە هەر یەکێکیان.
فارس کورەمارکی دەڵێ ، لە کاتی ڕۆیشتنمان بۆ ناوپردان بارزانی وتی " ئەم دەستوەشاندنە کاریگەرەمان، حکومەت ناچار دەکات، زەید عوسمان بنێرێت" (زەید ئەحمەد عوسمان کەسایەتییەکی هەولێری بوو لە شەستەکان حکومەتی بەغدا چەندجار لەگەل خەڵکی تر بۆ وتووێژ ناردوویەتی بۆ لای بارزانی)
عوسمان کورەمارکی نووسیویەتی و دەڵێ:" دووی دوای نیوەشەو بوو، خەریک بوو بخەوم، پێشمەرگەیەک هات و ووتی :" بارزانی چاوەڕوانت دەکات، داوای کردووە (20) پێشمەرگە ئامادەبکەیت و بچن لە هەندرێن چەکی دوژمن کۆبکەنەوە(دیارە مەبەست چەکی قوڕسە، چونکە چەکی سووک بۆ پێشمەرگە شەڕکەرەسەرکەوتووەکان بوو چەکی قوڕسیش بۆ شۆڕش بوو) " ..هەروەها بارزانی پێی وتووە ئامرازی گواستنەوەی چەکەکانیشت بۆ ئامەدەکراوە..
فارس کورەمارکی دەڵێ: (ل 105 )" (20) پێشمەرگەم لەگەل خۆم بردوو چووینە هەندرێن، دوو کاتژمێرو نیو بە پێ ڕۆیشتین، لەسەر هەردوولای ڕێگا پێشمەرگەم دەدیت کەوتبوونە خەوێکی قووڵ، لە لای کانیاوی هەندرێن (لەوانەیە مەبەستی ئاوی دەنگارە بیت لە جنێراوە دامێنی چیای هەندرێن) بە تووڕەیی هەڵم ستاندن و پێم ووتن هەڵسن با بچین چەکەکان کۆبکەینەوە، یەکێکیان کە ناوی زرار بوو بە خراپی وەڵامی دامەوەو دەستی کرد بە مشتومڕ لەگەلمدا، لێرەدا عزەت سلێمان بەگی برای ئەمری لەسەرکرد کە بێدەنگ بێت"!! (زرار برا گەورەی عزەت بوو باوەڕناکەم بەمجۆرە ئەمری لەسەر زرار کردبێت ) کە فارس کورەمارکی داوای یارمەتی دانی لە کاک عزەت کردووە بۆ ئەم کارە، کاک عزەتیش داوای لێبووردنی کردووە بەهۆی ماندوبوونیان. کاک فارس دەڵێ : پرسیارم دووبارە نەکردەوە، چونکە ئەوانیش چەند ڕۆژبوو لە شەڕێکی سەخت دابوون لەگەل دژی دوژمن ، لەوانەیە هەریەکێکی تر جگە لە بارزانی پرسیارو داوای وای لێکردبام داوای لێبووردنم لێی دەکرد. بۆیە خۆم و 20 پێشمەرگەکەی خۆم دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنییەکان ، 15 تۆپی هاون ، 11 تۆپی چیایی ، هاونێکی کەم وێنە، چەکەکانمان بە هۆی وڵاغ بۆ کۆسپی سپی گواستنەوە، لە ڕێگای گواستنەوەدا وڵاغێک کەوتە ناو ڕووباری باڵەک ،تۆپێکی هاونی لەسەربوو نەمان توانی دەریبهێنین. بەردەوام بووین لە ڕۆیشتن تاکو ئەو شوێنەی بۆمان دیاری کرابوو"..(ل106) .
عزەت سلێمان بەگ کە یەک لە فەرمادەکانی شەڕی هەندرێن بوو، دەربارەی دەستکەوت لە چەکی قوڕس نووسیویەتی:"1- پێنج تۆپی 75 ملم.
2- تۆپێکی 42٫0 بە تەواوی.
3- 3 تۆپی عقدە سێ .
4- 5تۆپی عقدە 1 .
5- 3 ڕەکیزەو سەفیحە بە بێ لولە.
بڕوانە:(عزەت سلێمان بەگ، داستانی شەڕی بەناوبانگی هەندرێن لە ساڵی 1966 ،ڕۆژنامەی برایەتی 13-5-1993)
ماویەتی