هۆشیاری عەبدولعەزیز

لە فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ و زانستی كۆمەڵایەتی و پرۆسەی دەوڵەتداری نوێدا دادپەروەری كۆمەڵایەتی و كاركردن لە سەر پێشكەوتنی كۆمەڵگا و گەشەی ئابوری گورزەیەكی هاوبەشە و پەیوەستە بە پێگەی دادپەروەرانەی تاك و گروپە كۆمەڵایەتییەكانەوە و ناتوانرێ لە یەكدابڕێنرێ ، واتا دادپەروەری كۆمەڵایەتی ئاماژەیەكی ڕوون و گرنگە لە ناسینەوەی پرۆسەی دەوڵەتداریدا و دەكرێ  دەلالەتێكی  گرنگیش بێت لە دەرخستنی ناوەخنی چەمكەكە، بەو مانایەی كە هیچ جیاوازیەك نەبینرێ لە نێوان رەگەز و ئایین و نەتەوە و هاوڵاتیانی كۆمەڵگادا و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و لە ڕێگەی یاسا و ڕێساكانەوە مامەڵە بكرێ و هەموو دەرفەتێكی یەكسان بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگا بڕەخسێندرێت و كەس بێبەش نەكرێ لە سەروەت و سامانی نیشتمانی و پێدراوە یاسایەكان 

هەرچەندە ئەم چەمكە لە فەلسەفەی سیاسی و پرۆسەی دەوڵەتداریدا  پێناسەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت و لە هەندێك تێڕوانیندا دادپەوەری كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون مامەڵەی لە گەڵدەكرێت و پەیوەستە بە مافی یەكسانەوە ، وەك ئەو دادپەروەریەی كە ئێستا لە زۆر لەوڵاتانی خۆرئاوادا مامەڵەی پێدەكرێ و هاوڵاتی لە زۆر بواردا  و بە یاسا مافی پارێزراوە ، واتا گرێدانی ئەم چەمكە بە هاوڵاتی بوونەوە بەشێكە لە پرۆسەی دیموكراتزەكردنی خودی دیموكراسیەت و وابەستەیە بە پێشكەوتن و گەشەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وڵاتانی پێشكەوتوەوە و یەكێكە لە پایەگرنگەكانی ئەو  سیستەمە ، كەچی پێچەوانە بەم تێڕوانینە چەمكی دادپەروەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو كۆمەڵگایانەی كە هێشتا لە ئەلفو بێی دیموكراسیەت و كۆمەڵگای پێشكەوتوودان یەكێكە لە كێشە هەرە زەقەكانی كۆمەڵگا و نەتوانراوە بەشێوەیەكی بابەتیانە و وەك خۆی مامەڵەی لە گەڵ بكرێ، چونكە لە ناوەخنی ئەم جۆرە سێستەمانەدا دادپەروەری هیچ بەهایەكی نیەو داهات و دەستكەوتە ئابوورییەكان بە شیوەیەكی نایەكسان دابەش دەكرێن و چین و توێژە كەمدەرامەت و پەراوێزخراوەكان  زیاتر پەراوێزخراون و هیچ بایەخێك بە خزمەتگوزاریە  پەروەردەی و، تەندرووستی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان نادرێت و كار ناكرێت لە پێناو باشتربوونی ئەو كەرتە خزمەتگوزاریانە ، لەكاتێكدا پێشكەوتنی ئەو كەرتانە بەدیوێكدا سەرمایەی مرۆیی پێشدەخات و بەدیوەكەی تریشدا دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری و باشتر بوون و بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگا، پێچەوانە بەم ڕێڕەوەش خەڵك بە ڕق و تووڕەیەوە لە دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی دەڕوانێت و ناكۆكیەكی گەورە دێتە ئاراوە و ڕێگە خۆشدەكات بۆ تەریك بوونەوەی پەیوەندی نێوان خەڵك و دەسەڵات وەك ئەوەی ئێستا لە عێراق و كوردستان ڕیشاڵەكانی بە ئاشكرا دەبینرێ و جیاوازیەكی زۆر هەیە لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا 

بەم وەسفەش دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە، لە وڵاتێكی نادێموكراتی وەك كوردستان كە حزب دەستی بەسەر هەموو ئابووریی وڵاتەدا گرتووە، باسكردن لە گەشەی ئابووری و دەستەبەر كردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی وەهمێكی زۆرگەورەیە ناتوانرێ  پشتی پێببەسترێ وەك ئەوەی كە ئاماژەی بۆ دەكرێ ، چونكە لەم جۆرە سیستەمەدا كە هیچ مەجالێك بۆ دێموكراسی و ڕێفورمی ئابووری نەڕەخسێنراوە و بەشی هەرە زۆری ئابووری و سێكتەرە گرنگەكان لەژێر دەستی دەسەڵاتداران و هێزە سیاسیە باڵادەستەكاندایە مەحاڵە بیر لە گەشەی ئابووری و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی بكرێتەوە، چونكە لەم جۆرە سێستەمانەدا كە ستەمكاری دەكرێتە بنەمای دەوڵەتداری و ئیدارەدانی گەشەی ئابوری هیچ گرنگی بە ڕا و دەنگی خەڵك نادرێت و ڕەوایەتی و شەرعییەت لە خەڵكەوە وەرناگرێت و هەمووشتێك كراوەتە قوربانی حزب و بنەماڵەكان و كەس ئاوڕ لە ژیان و گوزەرانی هەژاران ناداتەوە و بەچاوێكی كەمەوە لە كۆمەڵگا دەڕوانرێ ، لە كاتێكدا هەمووان دەزانن كە گەشەی ئابووری و پێشكەوتنە كۆمەڵایەتیەكان لە بنەڕەتدا  پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیری سیاسی هەیە و ناكرێ بە قەیرانی بەردەوام و تێكچوونی شیرازەی سیاسی و پرۆسەی دەوڵەتداری و ئیحتكاری سوڵتەوە كار لە سەر باشتركردنی ئەم گورزەیە بكرێ كە لێرە دەیانەوێ‌ بەكەرتی تایبەت و پینەوپەڕۆ پێشی بخەن ، نەبوونی دادپەروەری چەند كاریگەری لە سەر هەژاران و توێژە پەراوێزخراوەكان هەیە ، زیاتر لەوەش ناسەقامگیری بەرهەمدێنێ و ناتوانرێ بەستەمكاری و سەركوتكردنی خەڵك و دزینی سەروەت و سامانی نیشتمانی و چاوپۆشیكردن لە گەندەڵی و تێكچوونی قیەمی حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان پرۆسەی سیاسی و شەرعیەتی دەوڵەتداری بپارێزرێ 

 

وتاری نووسەران