
محەمەد چاوشین
شاخەوانیی وەکوو ھەر زانستێکی تر زانستە، زانستێکی قووڵیشە. بۆئەوەی ببیتە شاخەوانێکی پێشکەوتوو و سەرکەوتوو، پێش ھەر شتێک پێویستیمان بە فێربوونی ئەو زانستانە ھەیە. ھەنگاوی یەکەميش بۆ فێربوونی ئەو زانستە، بەشداریکردنە لە خولەکانی پەیوەست بە دنیای وەرزشەکانی شاخ و شاخەوانیی.
پێش ئەنجامدانی ھەر پرۆگرامێکی تەکنیکی شاخەوانیی ھەوڵبدە لە خولی شاخەوانیی گونجاو و جێی متمانەدا بەشداری بکەیت. نەبوونی شارەزایی و کارامەیی لە شاخەوانییدا دەبێتەھۆی درووست بوونی مەترسی لەسەر گیانی خۆت و ھاوڕێکانت.
کەسی شاخەوان چەندە شارەزی تەکنیک و زانستەکانی دنیای شاخەوانیی بێت، ئەوەندەش چێژ لە گەشتەکانی وەردەگرێت و سەلامەتی زۆرتریش دەستەبەر دەبێت.
شاخ و ناوچە کوێستانییەکان بێ مەترسی نین، مەترسییەکانی شاخ زۆرن، بەڵام دەتوانین بە مەشق و ڕاھێنان و ھەروەھا وریایی و خۆبەدوورگرتن لە ئەنجامدانی ھەڵەی گەورە، ئەگەری ڕووداوەکان کەمتر بکەینەوە.
پێشکەوتن لە شاخەوانیدا زۆرتر پشت بە مەشق و ڕاھێنان، ھەروەھا بەشداریکردن لە خول و سیمیناراتی تایبەت بە فێربوونی بنەماکانی شاخەوانیی دەبەستێت. تەنانەت بۆ شاخپێوانێکی زۆر سادەش پێویستت بە فێربوون و زانیاریی نوێ ھەیە. بەبێ فێربوونی تەکنیکە درووستەکان و بەدەستھێنانی کارامەیی تیایدا، ئاستی مەترسییەکان لە شاخ و ناوچە کوێستانییەکاندا زۆر زیاتر دەبن.
بۆئەوەی بتوانیت لە ناوچە شاخاوییەکان بەرنامەی گەشتێکی سەلامەت و سەرکەوتوو جێبەجێی بکەیت، پێویستە کۆمەڵێک بنەمای گرنگ و کاریگەر لەبەرچاوبگریت، ئەو بنەمایانەش خۆیان لە کۆمەڵێک خول، ۆرک شۆپ و سیمیناراتی تایبەت بە فێربوونی تەکنیک و زانستەکانی شاخەوانییدا دەبینێتەوە.
گرنگترینی ئەم خولانەش بەم شێوەیەن:
یەکەم: خولى بنەماکانی شاخپێوان و شاخەوانیی
مەبەست لەم خولە ئاشنابوونە بە تەکنیک و زانستە سەرەتاییەکانی دنیای شاخەوانیی و ھەروەھا کەلوپەلەکانی پێویست بۆ شاخەوانیی و چۆنیەتی بەکارھێنانیان. ئەم خولە یەکێکە لە کۆرسە پێشمەرجەکان بۆ ڕێبەری کوێستان.
ھەروەکوو لەسەرەتاوە گوتمان، شاخەوانیی وەکوو ھەر زانستێکی تر زانستە، زانستێکی قووڵیشە. کەسی شاخەوان پێویستە فێری ئەو زانستانە بێت. باشترین شوێنیش بۆ فێربوونی زانستەکانی پەیوەست بە شاخەوانیی، بەشداریکردنە لە خول و سیمیناراتی تایبەت بە فێربوونی بنەماکانی شاخەوانیی و شاخپێوان. دوای ئەوەش خوێندنەوەی کتێبی تایبەت بە زانستی شاخەوانیی و ھەروەھا مەشق و ڕاھێنانی بەردەوامە.
دووەم: خول و سیمیناراتی تایبەت بە کەشوھەوا:
یەکێک لە پێشمەرجەکانی بوون لە شاخ زانینی بارودۆخی کەشوھەوایە. بە تەواوکردنی ئەم خولە دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە ڕووداو و پێشھاتە نەخوازراو و ناخۆشەکان. بە ھەبوونی زانیاری پێشوەختە لەسەر کەشوھەوا دەتوانیت گەشتێکی سەلامەت و سەرکەوتوو ئەنجام بدەیت. ھەرچەندە کەشوھەوای ناوچە شاخاوی و کوێستانییەکان ھەمیشە لەدەرەوەی پێشبینییەکانن.
سێھەم: خولی فریاگوزاری سەرەتایی لە شاخ:
بوون لە ناوچە کوێستانییەکان و ناو سرووشت، دوور نییە لە زیان و مەترسی جۆراوجۆر. ھیچ کەس نازانێت لەناو سرووشتدا چ شتێک خۆی بۆ لەبۆسە ناویت. بۆیە پێویستە ھەموو شاخەوانێک زانیاری سەرەتایی ھەبێت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی ئەگەری ھەیە لەناو سرووشت و ناوچە کوێستانییەکاندا ڕووبەڕوویان ببنەوە. بۆ ئەوەی بتوانیت خۆت و کەسانی دیکە لە مەترسی ڕزگار بکەیت، پێویستە لە خولەکانی فریاگوزاری سەرەتاییدا بەوشداری بکەیت. لەم خولەدا فێری ناسینی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی بەرزایی و شاخ و مەترسییەکانی مەترسییەکانی ناو سرووشت و چۆنییەتی چارەسەرە سەرەتاییەکانیان دەبیت.
چوارەم: خولی فێربوونی خوێندنەوەی نەخشە و (GPS):
دۆزینەوەی ئاراستەکان لەناو سرووشت و ناوچە شاخاوییەکان، یەکێکە لە کارە ھەرە گرنگەکان کە پێویست دەکات شاخەوانان و گرووپەکانی شاخەوانیی زانیاری تەواویان لەسەری ھەبێت. بەو پێیەی زۆرێک لە ناوچە شاخاوی و کوێستانییەکان ڕێبەریان نییە، پێویستە ھەموو شاخەوانێک شارەزا بێت لە بنەما و تەکنیکەکانی خوێندنەوەی نەخشە و جی پی ئێس. لە خولی خوێندنەوەی نەخشە و جی پی ئێسدا، شاخەوانان کارەکانی ئامێری جی پی ئێس دەناسن و فێری شێوازەکانی تۆمارکردنی خاڵەکان و تۆمارکردنی ڕێگاکان و کارەکانی تر دەبن کە زۆر گرنگ و پێویستن.
پێنجەم: خولی بنەماکانی ژینگەپارێزی
ژینگەپارێزان دەتوانن شاخەوان نەبن، بەڵام شاخەوانان ناتوانن ژینگەپارێز نەبن. ژینگە و ژینگەپارێزی بنەمایەکی گرنگە لە شاخەوانییدا. وەختێک باسی ژینگەپارێزی لە شاخەوانییدا دەکەین دەبێ کەمێک وردتر و گشتگیرتر باسی ژینگەپارێزی بکەین. چونکە لە باسی ژینگە پارێزی شاخەوانییدا بابەتی ئیکۆسیستم دێتەگۆڕی کە ئەوەش بابەتێکی ھەستیار و ئاڵۆزە و لەکاتی خول و سیمینارەکانی تایبەت بە ژینگەپارێزی کوێستانەکان شاخەوانان زانیاری ورد وەردەگرن.
ھەروەھا لەم خولەدا بنەما سەرەکییەکانی پاراستنی ژینگە فێری فێرخوازان دەکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی جێبەجێکردنی بەرنامەی گەشتێکدا لە شاخ و ناو سرووشتدا کەمترین کاریگەری لەدوای خۆیان جێبێڵن.
شەشەم: خولی فێربوونی بنەماکانی بەردەوانیی
شاخەوانیی مۆدێرن و پێشکەوتوو، بنەماکەی لە فێربوونی بنەماکانی بەردەوانییەوە دەست پێدەکات.
بەمانایەکی تر، کەسی شاخەوان پێویستە لە خولەکانی پەیوەست بە فێربوونی زانستەکانی بەردەوانییدا بەشداری بکات ئەگەر خواستی ئەوەی ھەبێت ببێتە شاخەوانێکی سەرکەوتوو و پێشکەوتوو.
حەوتەم: خولی سەرەتاکانی بەفر و سەھۆڵ
بەشێوەیەکی گشتی، سەرکەوتن بەسەر شاخەکاندا لە زستاندا پێویستی بە ئامادەکاری و ئەزموونی زیاترە بەراورد بە وەرزەکانی تر. چونکە بارودۆخی کەشوھەوا جیاوازە و تەنانەت پێشبینیکردنیش بۆ کەشوھەوای ناوچە کوێستانییەکان ڕاست دەرناچێت.
ھەربۆیە، پێویستیت بە ھەندێک زانیاری و ڕاھێنانە بۆ ئەوەی بتوانیت بەبێ ھیچ ڕووداوێکی ناخۆش و نەخوازراو گەشتی شاخەوانیی زستانە ئەنجام بدەیت.
بەشداریکردن لە خولی سەرەتاکانی بەفر و سەھۆڵ ڕێ نیشاندەرێکی پڕبایەخە بۆئەوەی لەو زانستەدا قووڵ بیتەوە و ئاستی زانیارییەکانت بەرەو سەرەوزە ببەیت.
لەم خولەدا، شێوازەکانی ڕۆیشتن لەسەر بەفری شل و نەرم، بەفری ڕەق، ھەروەھا ڕۆیشتن لەسەر سەھۆڵ بە کەلوپەلەکانی تەکنیکی سەھۆڵ و بەفر و ھەروەھا چۆنیەتی بەکارھێنانیان ئاشنا دەبیت.
خولی بەفر و سەھۆڵ لە شاخەوانییدا، یەکێکە لە خولە گرنگەکان و شاخەوانان دەبێ بەچاوێکی پڕبایەخەوە لێی بڕوانن و بەشداری تێدابکەن.
ھەڵبەت خول و سیمینارەکانی تایبەت بە دنیای شاخەوانیی تەنھا ئەو حەوت خولە نییە کە ئێمە لەسەرەوە بەکورتی لەسەریان دواوین، بەڵکوو چەندین خول و ۆرک شۆپ و سیمیناراتی تر لەخۆی دەگرێت کە ئەوانیش بایەخی خۆیان ھەیە و وەکوو بنەمای زانستەکانی شاخەوانیی ئەژمار دەکرێن. بەڵام لێرەدا ئێمە تەنھا لە گرنگترینەکانیان دواوین و لەداھاتووشدا بەپێی کات و دەرفەت قسە لە خولەکانی دیکەیش دەکەین کە شاخەوانان پێویستە زانیارییان لەسەریان ھەبێت و بەشداری تێدا بکەن.
لەوبارەوە فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، باشترین قوتابخانەیە بۆ فێربوونی بنەماکانی شاخەوانیی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانیارییەکانت لەبواری شاخەوانیی و وەرزشەکانی پەیوەست بە ناوچە شاخاوییەکان.
بەشی تەکنیک و فێرکاری لە فیدراسیۆن، زۆر دڵسۆزانە و بە پڕۆژەی پڕ وردەکارییەوە لەو مەیدانەدا کار دەکەن و بە پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانیی نێودەوڵەتی(UIAA) پەسند و ئەرێ کراون، کارەکانیان پێش دەخەن.
بەشێکی سەرەکی خواسیت و ویستی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان ئەوەیە کە شاخەوانییەکی مۆدێرن و ستاندارد لە کوردستاندا برەو پێبدات و لەوبوارەشدا ژێرخانێکی دەوڵەمەند و پتەو بونیاد بنێت. لەو پێناوەشدا ھەنگاوی گەورە و کاریگەری ھاویشتووە کە دەکرێ زنجیرە خولەکانی پەیوەست بە"ڕێبەری کوێستان" وەکوو نموونەی ھەنگاوە مەزنەکانی فيدراسیۆن ناو ببەین کە چەندین ساڵە بەپێی پلانێکی پێشوەختە بەوردی کاری لەسەر دەکرێت و چەند قۆناغێکی گرنگیشی بڕیوە.
سەرچاوەی بەشێکی ئەم باسە بەزمانی فارسییە: https://www.famozon.ir/