جەلال دەباغ کردوویە بە کوردی

ئەم فەیلەسوفە هێرش دەباتە سەررۆژئاواو جیهانیبوونی سەرمایەداری

ژان زیگلەر (لە دایکبووی ساڵی ١٩٣٤) یەکێکە لە بیرمەندە گەورەو خاوەن ویژدانەکانی ئەم چەرخەمان. فەیلەسوف و بەرپرسێکی سیاسی و هەر لەوکاتەشدا نوێنەرێکی پەڕلەمانی سویسرا بوو. ساڵانی ٢٠٠٠- ٢٠٠٨ فەرمانبەرێکی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ کاروباری خۆراک. ئێستاش جێگری سەرۆکی کۆمیتەی راوێژکاریی ئەنجومەنی مافەکانی  مرۆڤی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکانە.

 شایانی باسە ئەم فەیلەسوفە دانەری چەندان کتێبە، وەک: " کتێبە رەشەکەی سەرمایەداری"،

"باسکردنی برسێتی لە جیهاندا بۆ کوڕە گچکەکەم"،

"دەسەڵاتدارانی دنیای نوێ و ئەوانەی بەرەنگارییان دەکەن"،

" ئیمپێراتۆریی شەرمەزاری"، ( واتە ئیمپێراتۆریی سەرمایەداریی خۆرئاواو کۆمپانییە فرە نەتەوەکان وتێپەڕێنەری کیشوەرەکان کە دانیشتووانی باشوور برسی دەکەن و دوڵەتەکانیان خستوونە ژێر باری قەرزەوەو چۆکیان پێداداون)، "مافی مرۆڤ لە خۆراکدا"و

" بۆچی ئەوانیتر رقیان لە خۆرئاوایە؟"،

و" چەکی کۆمەڵکوژیی  فراوان: جوگرافیای برسێتی لە جیهاندا"،

 و پاشان "لێکدانەوەی سەرمایەداری بۆ کچە گچکەکەم)، ..تاد...کە کۆمەڵە پەرتووکێکی سەرەکین و پەردە لەرووی ڕاستەقینەی سەرمایەداریی دڕندانە لادەدەن ونەخشەی برسێتی تاوانکارانە باسدەکەن کە ئیستا دەستیان بە کاری تێکشکاندنی دنیا کردووە.

ئەم فەیلەسوفەی دانەری ئەم کتێبانە پێماندەڵێت ئێستا دوو تێئۆریی پێچەوانەی یەکتر لە سەر سەرمایەداری لە دنیادا هەن: یەکێکیان تێئۆریی میژونووسی بەناوبانگی هۆڵەندی راتگەر بریگمانەو ئەویتریان تێئۆرییەکەی ئەم خۆیەتی.

مێژونووسە هۆڵەندییەکە بەرگری لە سەرمایەداری دەکات و دەڵێت گوایە:بەدرێژایی لەسەدا ٩٩ی مێژوی جیهان، لە سەدا ٩٩ی مرۆڤایەتی زۆر هەژارو، برسییو، پیس و پۆخڵو، گەمژەو نەزان و، ناشرینو، نەخۆشبوون.... بەڵام لە ماوەی دو سەدەی ڕابوردووداو لەگەڵ دەرکەوتنی رێژیمی سەرمایەداریدا هەموو شتێک گۆڕدرا. لە سایەی سەرمایەداریدا چەندان ملیار مرۆڤ دەوڵەمەندبوون، لەبواری خواردن و جلوبەرگدا خۆشگوزەرانبوون، پارێزراوو هەندێ جار جوانتریشبوون!.. تەنانەت ئەوانەشیان کە پاکژن و، بە هەژاران ناویان دەبەین ئەوەندە دەخۆن و دەخۆنەوە کە برسیتی و تینوێتییان بشکێ و ئیتر لە برسان نەمرن و ئەمەش مانای وایە کە سیستەمی سەرمایەداری باشترین سیستەمی ئابورییە لە مێژوی دنیادا. ئەم سیستەمە تەنیا خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤایەتی دابین نەکردووە بەلکو هەروەها ئازادی و لیبرالیزمیشی بۆ دابینکردووە!!!.

 

ژمارەی ئەوانە چەندە کە ئێستا لەدنیادا لەبرسان دەمرن؟

 

بەڵام ژان زیگلەر بەرپەرچی دەداتەوەو دەڵێت: ئەم تێئورییە زۆر هەڵەیە، چونکە لە سایەی سەرمایەداریدا پێچەوانەیئەوە روویداوە.

من بە راشکاوی دەڵێم کە سیستەمی سەرمایەداری لەو تاوانانە بەرپرسە کە لە ژماردە نایەن. لەهەر پێنچ چرکەدا منداڵێک لە پێش تەمەنی دەساڵێدا لە برسان دەمرێت. گوتم لە هەرپێنچ چرکەدا نەک لەپێنچ خولەک، یان لەپێنچ کاتژمێردا. واتە لە هەر ساڵێکدا سێ ملیۆن و پێنچ سەد هەزار منداڵ لەبرسان دەمرن، واتە دەهەزار منداڵ لە رۆژێکدا لەبرسان دەمرن. هەر چوار خولەکیش یەک مندال بەهۆی نەبوونی ڤیتامین (ئەی)کوێردەبێت. هەر ساڵەی ٣٠ ملیۆن کەس لە برسان دەمرن. بە سەدان ملیۆن کەس لەسەر لێواری برسێتیدا دەژین: واتە دووچاری خراپی و کەمی خۆراک بوونەتەوە. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا روودەدەن کە مرۆڤایەتی هیچ کاتێک وەک ئەمرۆژانە خاوەنی سامان نەبووە. تاوانەکانی سەرمایەداریی خۆرئاوا یان جیهانگیری (عەولەمە)ی سەرمایەداری، چی ناودەنێی بنێ، ئالێرەدان. رێکخراوی  جیهانیی بۆ خۆراک پێماندەڵێت:سامانەکانی جیهان لە ئێستادا دەتوانێت بە ئاسانی خۆراکی ١٢ ملیار کەس بدات. جا لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتوانی دنیا لە ٨ ملیار کەسکەمترن،ئێمە ئەم پرسیارە لە سەرکردەکانی جیهانگیریی سەرمایەداری و کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و لە کیشوەرتێپەڕکاران دەپرسین: بۆچی بە ملیۆنان کەس، بەتایبەتی لە وڵاتانی باشوور، لە برسان دەمرن؟ کێن ئەوانەی لەم تاوانە ترسناکانە بەرپرسن؟ هەر لەبەر ئەمەشە ئیمە ئەم دروشمانەمان بەرزکردۆتەوە:

برسێتی گەورەترین ریسواییە لەم سەدەیەماندا.

برسێتی یەکێکە لە چەکە کۆمەڵکوژییە گەورەکان کە هیچکەس باسی ناکات.

برسێتی تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی و جیهانگیریی  سەرمایەداری کە ئەمڕۆ حوکمی دنیا دەکات لێی بەرپرسە.

سەرکردەکانی ئێستای جیهانخۆیان سەرۆکی کۆمپانیە گەورە فرەڕەگەزەکان و لە کیشوەر تێپەڕکارەکانن.ئەمانەس هێج خەمێکیاننییە کەڵەکەکردنی قازانجەکانیان نەبێت لە بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی نێو دەوڵەتی دراو. هەروا سەرمایەکانی گیرفانیان. نوینەرانی جڵکاوخۆریشیان هەن کە لە ناوەندەکانی رکخراوەی بازرگانی جیهانیدا هێلانەیان کردووە. من خۆم ئەوانەم ئاشکراکردووەو  ریسوام کردوون و بەناویش دەیانناسم، ئەمەش بەپێی ئەزموونی خۆم و شوێنم لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

سەرچاوە: کورتەی گوتارێکە نووسەرێکی سوریایی (د. هاشم ساڵح) کردوویە بە عەرەبی.

 

No description available.

وتاری نووسەران