
شەماڵ بارەوانی
بە بڕوای من گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کورد تا ئێستا ئەوەبووە، خۆ بەستنەوەیەتی بە تەنها جەمسەرێک.
دەبێ کورد ئیتر شێوازی یارییەکە بگۆڕێت و بە ئەمریکا بڵێت، چیتر بێدەنگی بکەیت لەبەرانبەر ئەو داگیرکاری و دژایەتی و زوڵمەی ئێران لەبەرانبەر هەرێمی کوردستان، دەڕۆمە بەرەی ڕوس و چین و تاران.
ئەو یاریکردنەی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ هەردووک جەمسەر، وەک کارتێکی فشار دژی ئەمریکا بەکاربێنێت.
سەیرکەن ئەمریکاچۆن ٢٠١٧ تەنهابۆ ئەوەی عەبادی و ئەو بلۆکە شیعەیەی عێراق که لەخۆیەوە نزیکن، تا هەمان شێوەی مالیکی و بلۆکەکەی تری شیعە، نەڕۆنە پاڵ ئێران، گڵۆپی سەوزی بۆ پێکردن تا بێن بە کەمتر لە ماوەی٢٤سەعات، نیوەی خاکی کوردستان داگیربکەن.
یانی ئەمریکا لە نێوان ئەو باڵە شیعەیەی نزیک لە خۆی، و کورد، شیعەکەی هەلبژارد و کوردی کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی.
ئێستاش هەمان یاری دەکات و سودانی و چاوی کاڵی ئەو باڵەشیعەی نزیک لەخۆی، نادات بە کورد و دووبارە خەریکە کورد دەکاتەوە قوربانی.
خۆ ئەمریکا دەتوانێت هەرهیچ نەبێت ڕێگە بدات کوردستان هەمان شێوەی جاران سەربەخۆیانە نەوتی خۆی لە ڕێگای تورکیاوە بفرۆشێتەوە بازاڕەکانی جیهان و ئەو بڕیارەی دادگای پاریس(سکاڵاکەی شیعەی سەربە ئێران بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم)ڕابگرێت و حیسابی بۆ نەکات. کە چی بێدەنگە و نایکات!
سەیرکەن چۆن تورکە کەمالیستەکان لە کۆماری نوێی تورکیا، لە یەککاتدا هەم پەیوەندییان لەگەڵ ستالین و ڕوس، هەمیش لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنساش هەبوو و بە تەواوی خۆیان بەلایەکدا نەشکاندبووەوە و نەچووبوونە بەرەیەک و ئاقڵانە یارییان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکرد.
ئێستاش ئەردووگان هەمان سیاسەت دەکات و لەسەر دووپەت یاری دەکات. هەم لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ناتۆ نان دەخوات و هەمیش لە پشت ڕوس و چین و ئێران نویژی بەرژەوەندییەکان دەکات.
هەرکاتەک ئەمریکا فشاری لێبکات، ئۆردووگان خێرا دەڕواتە کۆشکی کرێملن و لەگەڵ پۆتن دادەنیشێت و بەو جەنگە دەرۆنی و کارتەی، ئەمریکا ناچار دەکات حیساب و ئعتیباری بۆبکات و سنوورێک و ترسێک بۆ ئەمریکا دادەنێت. یانی به کورتییەکەی بە ئەمریکا دەڵێت، ئاقڵ نەبیت لەگەڵم، دەڕۆمە باوەشی نەیارەکانت.