
محەمەد چۆمانی
کە مووچەی خەڵکتان پێنادرێ، ئەدی حکومڕانێتی یانی چی؟ ده بڕۆن لەکۆڵمان بنەوە. کە کەرکوکتان چوو، نەوتیان لەبن دەست دەرهێنان، قفڵیان لە پەرلەمانەکەتان دا، وەک سەوداچییەک مایەپووچ بوون. وەلێ بە کەڵەگایی واز لەو سەر و سەودایە ناهێنن! ئەوەی هەیە لە باج و خەراجی زۆر و هێنانی گرانی، لە بازرگانی و گەندەڵی، لە نەبوونی سادەترین ماف و پێداویستی، زادەی سیاسەتی بەش بەشێنە و حزب حزبێنە و پشتکردنە دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران و رەپێشکردنی ماستاوچی و هیچەکانە. سەیر نییە و ئەوڕۆ بەرهەمەکەی دەچننەوە. ئەوەتا گەیشتن بە قۆناغی کرووزانەوە لە بەغدا و ناردنی مووچەی مانگێک! (شاران لەحەسرەت بەغدا ئاوەدان دەکرانەوە، کەچی بەغدا خۆی وێران بوو)!هەکە متمانەی میللەتتان نەدۆڕاندبا، بۆ پۆست و پارە لەوێ نەکەوتبان، وێستا بەغدا دەستی دەستی پێنەدەکردن! کوان حزبگەلی شۆڕشگێڕ و داکۆکیکاری مافی خەڵک؟ مرۆڤ نازانێت خەم لەو دەسەڵاتە بێویژدان و بێباکە بخوات، یان لە میللەتی نوستوو! یان لە رۆشنبیرو نووسەر و لەشکری مامۆستا و دکتۆر و پرۆفیسۆری زانکۆ! کە سی ساڵ زیاترە زۆربەیان لەتەڕی لێی دەخۆن و لە وشکی لێی نوستوون!! چەپڵەکوت و هەڵەوەر و دەربار فریاتان ناکەون، ئینتیمای وان لەبۆ کورسییە، نەک نیشتمان و حزبەکەتان. سبەینێ بارودۆخ بە هەر لایەکدا وەرچەرخێ، هەر چەپڵە دەکوتن، بۆ ئێوە نا، بۆ یەکێکی دی! لەپشت مێزەکانیان نابزوون، وێنەی ئێوە نا، وێنەی یەکێکی دی! ئای لەو بێ ئومێدی و تێکشکانە! هەمووان وا بەدیار نقومبوونی ئەو کەشتییە دەستەپاچە وەستاون!