
ئەبوكاروان / بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان
بەپێی زۆر لە پێوەرە زانستیيەکان حزب وەک یەکەیەکی فیکری و سیاسی گرنگترین ڕێکخراوی مەدەنی سیاسییە لە پرۆسەی دیموکراسی دا ، دیموکراسیش دواجار وەک پرۆسەیەکی هاوبەشی کراوەیە بۆ بەشداری سیاسی تاک و ، جگە لە کێبڕکێی حزبی ، دەروازەیەکە بۆ ئەوەی هاووڵاتی لەو پرۆسەیەدا مومارەسەی مافە سروشتیيەکانی خۆی بکات لە دیاریکردنی نوێنەرایەتی خۆیدا ، لەم میانەیەشدا دیموکراسی بەبێ هەڵبژاردن و کێبڕکێی حزبی هیچ مانایەکی نییە و ناتوانێ ببێتە ئەو بنەمایەی کە لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا بانگەشەی بۆ دەکرێت ، پێچەوانەی ئەم ڕاستیيەش ئەوەیە کە حزب بەبێ ڕێکخستن و ئەندامێتی تۆکمە بە پاڵپشتی کێ دەچێتە ئەو ململانێیەوە و چۆن کێبەڕکێ دەکات بۆ سەلماندنی ئامانجە فیکری و سیاسیيەکانی خۆی و بردنەوەی پرۆسەکە .
بەمەش تێدەگەین کە حزب لە پێکهاتەی گشتی خۆیدا پشت بە ئەندامانی دەبەستێ و هەموو ئەندامانی حزبیش لە هەر پێگەیەكی حزبیدابن دواجار بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و بە سیفەتی ئەندام گرێدراوی یەکن و لەو رێگایەشەوە ئەرك و مافەكان دەبێتە دوو كۆڵەگەی سەرەكیمان لە ژیانی حزبیدا و دەبێ لە هەر ڕووداو و پێشهاتێکدا پێکەوە ئەو کۆڵەگەیە بپارێزین ، مەبەستمە لێرەوە ئاماژە بەوە بکەم کە ئێمە لەم قۆناغ و بارودۆخەدا بەرەو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان هەنگاو دەنین و گرنگی ئەم بابەتەش دەكەوێتە ئەستوی كادر و ئەندامانی حزب ، چونکە حزبی شیوعی كوردستان پێیوایە ھەڵبژاردن ھەنگاوێكی سیاسی گرنگە بەرەو چەسپاندنی دیموكراتیيەت و ئامانج لە بەشداریكردنیش بردنەوە و سەركەوتنە بەمەبەستی گەیشتنە پەرلەمان و گەیاندنی پرۆژە و دید و بۆچوونەكانی حزب لەم ڕێگایەوە ، ئەمەیش وادەخوازی ڕێكخراوەكانی حزب و كادر و ئەندامەكانی ڕۆڵی كاریگەر ببینن بۆ سەركەوتنی لیستی حزب و كاندیدەكانی ، ڕیكخراوەكانی حزب دەبێ بەپێی بەرنامەیەك و نەخشە ڕێگایەك ئامادەبكەن بەپێی قۆناغەكانی ھەڵبژاردن كە لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەوە كاتەكانی بۆ دیاریكراوە و سەركەوتنی لیستی حزبیش پەیوەستە بەپەیوەندی ڕێكخراوەكان و كادر و ئەندامەكانی بەجەماوەر و ڕۆڵیان لە پێشرەوایەتی و داكۆكیكردن لەو خەڵكە لە چ ئاستێكدا بووە.
یەكێك لە بنەماكانی سەركەوتنی حزبی سیاسی و كادر و ئەندامەكانی لە ھەڵبژاردن تێگەیشتنە لە یاساكان و بنەما و چەمكەكانی پەیوەست بەھەڵبژاردنەوە ،چونكە ئەو تێگەیشنە ھاوكار و یاریدەدەر دەبێ بۆ ئەوەی شێوازی بەشدارییەكەت بزانی و بە باشترین ڕێگای سەركەوتن دەستنیشانی بكەیت.
خاڵێكی تر لە ئەركی ڕێكخراوەكان و ئەندامانی حزب ڕۆشنبیركردن و تێگەیشتنی دەنگدەرە لەسەر گرنگی ھەڵبژاردن و چۆنیەتی بەشداریكردن لەھەڵبژاردن و زەقكردنەوەی سیاسەت و بیر و بەرنامەی حزبە و دەرخستنی خاڵە ئیجابیيەكان و گەڕانەوەیشە بۆ ھەڵوێستەكانی ڕابوردوو كە چۆن و چەند لە خزمەتی جەماوەردا بووە.
یەكێكی تر لە ئەركە گرنگەكانی ڕێكخراوەكان و ئەندامانی حزبی سیاسی ،دەربڕینی كەم و كورتییەكانی لایەنە سیاسییەكانە بەدەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیشەوە ،كە ئەم لایەنانە چۆن بەر پرسن لە نەھامەتی گەلەكەمان و بەرپرسن لە خراپی ژیان و گوزرانی جەماوەر و خستنەڕووی نادادی و گەندەڵی حزبەكانی دەسەڵاتە لە پرسێكی وەهاشدا وەك ئەرك و ماف ، ئەندامی حزب بەرپرسیارە لە سەرکەوتنی ئامانجە گشتیيەکان و هەڵبژاردنیش موهیمەی بنەڕەتی ئەو بابەتەیە کە ئێمە لێرەدا ئاماژەی بۆ دەکەين ، بەتایبەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کە لە ئەمڕۆدا بایەخێكی ئێجگار گرنگی هەیە لە لایەك بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموكراسی و گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا و لە لایەكی تریشەوە بۆ رۆڵی حزب لە بەشداریكردن و سەرخستنی كۆی پرۆسەكە و دواجاریش گەیشتن بە پەرلەمانی كوردستان .
لەئەمرۆدا هەڵبژاردن یەكێكە لە رێگا سەرەكییەكانی دەرچوونی هەرێمی كوردستان لەو بنبەستە سیاسی و ئابووریيە بەرچاوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندنی پتردایە و ئەوەش گرێدراوە بە چۆنیەتی ڕۆڵگێرانی حزب و بزووتنەوە كۆمەڵایەتیيەكان و بەشداری كارای هاووڵاتیان لەسەر بنەمای چەندایەتی و چۆنایەتی، واتە لەسەر بنەمای بەشداریكردنی زۆرترین ناوەندی جەماوەری لە ئاستە چەندایەتییەكەیدا، هەروەها لە ئاستی هۆشیاری دەنگدەر و ناوەرۆكی بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسیيەكان و ژینگەی هەڵبژاردن بەگشتی، بۆیە ئەگەر بەشێوەیەکی بابەتیيانە لەو هەلومەرجەدا لایەنی چۆنایەتی پرۆسەكە هەڵسەنگێنین و کەمێک وردتر شرۆڤەیەکی پرسەکە بکەین ،تێدەگەین کە بەشداری حزب لەم هەلبژاردنەدا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتێكی سیاسیدا بەشداری دەكات، بابەتێکی گرنگە و دەتوانێ لەو رێگایەوە هەم لە ئاستی چەندایەتی و هەمیش لە ئاستی چۆنایەتی رۆڵی کارای خۆی بگێرێت، لەم ئاستەشدا ڕۆڵی کارای ئەدائی ئەندامی حزب لە پاڵ رۆڵی راگەیاندن و بەرنامەی سیاسی و ئەدائی كاندیدەكانمان و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەردەکەوێت و بۆ زیاتر ئەكتیڤكردنی ئەم ئەدائ و رۆڵەش، هەوڵ ئەدەم چەند خالێك بخەمەروو:
- پێوستە لە پرۆسەیەکی وردی ڕێکخستندا هەموو ئەندامێکی حزب بگەینرێتە ئەو باوەڕەی كە ئەو دەتوانێت رۆڵی گرنگ ببينێت، ئەگەر لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ڕێکخراوەیيدا پەیوەست بکرێنە ڕۆڵی مەڵبەندەكان و سەرجەم ڕێكخراوەكانی حزب و هۆشیاری ئەندامەكانەوە، واتە دەبێت لە ڕووی فكری و بیروباوەڕەوە قەناعەتی هەبێت بەو شێوازی بەشداریکردنەی ،کە حزب بڕیاری لە سەر دەدات.
- پێویستە هەموو ئەندامێكی حزب بەرنامەی تایبەتی خۆی هەبێت لە چوارچێوەی بەرنامەی گشتی ئەو ڕێكخستنەی كاری تێدا دەكات، ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لە بەرنامەیەكی نووسراو كە هەنگاوەكانی كاركردن و ئەو شوێن و ناوەند و دەنگدەرانە دیاری بكات لە ئەلقەی كەسە نزیكەكانی خۆیەوە هەنگاو بە هەنگاو فراوانی بكات و دواجار دەبێت هەر ئەندامێك زەمانەتی چەندین دەنگ بكات و لەم بوارەشدا رێكخراوەكەی لێ ئاگەداربکرێتەوە .
- پێویستە لە ڕێگەی چاودێریيەکی وردەوە ، چاودێری هەر ئەندامێك بکرێت لە جموجۆڵی سیاسی و ڕێکخراوەیيەوە و بزانرێ چی كردووە لەهەفتەیەکدا و چی ماوە بیكات و چۆن بتوانێت بەربەستەكان تێپەرێنێت بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایناوە، لە گەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەندامی حزب هەفتانە راپۆرتێ تایبەتی خۆی هەبێت و ئاراستەی رێكخستەكەی بکات.
- پێویستە ئەندانی حزب لە كۆڕ و كۆبوونەوەی كاندیداندا بەشداری کارای هەبێت و خۆشی کار لەسەر ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی فراوانی تایبەت بکات لە سنووری بازنە دیاریكراوەکانی ھەڵبژاردندا و بە تایبەتی لەگەڵ كەسە نزیكەكانی لە خزم و خانەوادە و دۆست و هاوڕێكانی .
- پێویستە لە ئێستاوە سەردان و بەسەركردنەوەی ئەو خەڵكانە بكات و پێشتر لای خۆی دەستنیشانی بكات و ناوەكان بنووسێت بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو كاریگەری لەسەریان دروست بكات.
- بینینی ڕاستەوخۆ و سەردان و بەسەر كردنەوە لە هەموو رێگاكانی تر كاریگەرترە بە پێی دوایين لێكۆلینەوەی پەیمانگای ئەمریكی بۆ هەڵبژاردنەكان، بۆیە پێویستە ئەندامانی حزب ئەوە بە هەند وەربگرن و بە ئەركی سەر شانی خۆيان هەلبستن.
- دەبێت ئەندامانی حزب خۆیان بەدووربگرن لەم ماوەیەدا لە قسەوقسەلۆك و كێشەی لاوەكی، هەرچی وزە و كاتمان هەیە بۆ سەرخستنی لیستەكە و كاندیدەكانمان بەكاری بهێنین .