برایم محێدین عارف

لەوەڵامی نامەیەکی نوێنەری بەریتانیا پارک سایکس، بۆ هاوتا فەڕەنسیەکەی فڕانسۆ بیکۆ لەسەر دروست نەکردنی قەوارەیەکی کوردی لەسەرەتای چارەکی یەکەمی سەدەی بیستدا دەنوسێ:

(کوردەکان گەل نین. بەڵکو چەند هۆزێکی لێکجیان، چەند زاراوەیەک لێکیان جیادەکاتەوە، بەجۆرێک ئەو زاراوانە لەبنەڕەتدا ئێرانین، بەزۆری لەشوێنی دوور لەیەک نیشتەجێن، هیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نیە و چۆن بتوانین لەخودموختاریدا کۆیان بکەینەوە، ئەمان بەم شێوەبن).

لەکۆی پاساوی نوێنەرە بەریتانیەکان کە کاریان بۆ دروست نەبونی دەوڵەتی کوردی کردوە دەڵێن: (کوردەکان خۆیان لە ناو گروپی خێڵ و هۆزدا دەبیننەوە، ئەمەش وادەکات یەکریز و یەکگرتو نەبن). هەرچەندە دەتوانین بەشێک لەم قسانەبە بەڵگەی مێژوویی ڕەت بکەینەوە کە وتراوە: کوردەکان گەل نین، چونکە کورد گەلێکی دێرینە، لەسەر خاکی چەندین ساڵەی باوباپیری خۆی ژیاوە، هەرگیز خاکی کەسی داگیرنەکردوە، مافی گەلانی تریشی نەخواردوە، بونی کورد وەک گەل زۆر لەمێژە لەلای دۆست و نەیاری کورد بڕاوەتەوە، پێویست بەبەڵگەهێنانەوە ناکات. ئێستا یەکێکە لەو گەلانەی ناسراوە لەجیهاندا کە وڵاتی سەربەخۆی نییە گەلی کوردە. بەڵام بەدیوێکی تردا تاڕادەیەکی کەم ڕاستی پێکانیشی تێدایە، کە هەمیشە ململانێی، پەرۆشی بۆ خێڵ، هۆز لەنەتەوە زیاتر لەناوکوردا بەزەقی ڕەنگی داوەتەوە و کاریگەری لەسەر ناتەبایی کورد هەیە بە ئێستاشەوە، چونکە زۆربەی خێڵ و هۆزەکان دژایەتی یەکتردەکەن، هێندە پەرۆشیان بۆ کەسوکار و تیرە و نزیکەکانیان هەیە هێندە پەرۆشیان بۆنەتەوە و دەسکەوتەکان نیە. هەرچەندە بونی مرۆڤایەتی لەسەرەتاوە بەژیانێکی سادەی کۆمۆنی تاکەکەسیدا گوزەری کردوە، دواتر لەپێکەوە ژیانی ڕەگەزەکاندا خێزان بوە بەیەکەی پێکهێنانی ژیانی بەکۆمەڵ، خێڵ و هۆزیش لەیەکگرتنی چەند خێزانێکەوە پەیدا بون، هۆز، دیاردەیەکی ئاسایی پێکهێنەری هەموو گەلانە بۆ گەل و نەتەوە. هەمو گەلان بەقۆناخی تیرە و خێڵ و هۆزدا ڕۆیشتون، بگرە تا ئێستاش یەکێکە لە ڕێگەکانی ناسینەوەی پێکهێنانی بنچینەی سیفەتە هاوبەشەکانی کۆمەڵ و خێزانەکان، لەناو گەل و نەتەوە پەرشوبڵاوەکانی جیهاندا، پۆلێن کردن بۆ سیفەتە بۆماوەییەکان، بەگروپ، تیره، هۆز دەکرێت، ئەگەر مرۆڤەکان بۆ هەر مەبەستێک گروپ گروپ بکرێن، ڕەنگدانەوەی کۆی سیفەتە هاوبەشە بۆماوەییەکان لەشێوەی گروپی خێڵ و هۆزدا خۆی دەنوێنێت کە زۆرترین لێکچون لەنێوانیاندا هەیە، پاشان کە گەل زمانی ئاخافتن و کەلتوری هەبوو، هەنگاودەنێت بۆ یەکگرتنەوەی هۆزەکان و نواندنیان لە پێکهاتەی گەورەتردا کە گەل و نەتەوەیە، ناسیونالیستیی و سۆز بۆ نەتەوە فاکتەری تەبایی و فرەڕەنگی زۆربەی گەلانە لەوڵاتاندا، بەتایبەتی ئەو میللەتانەی لەنەتەوەیەک زیاتر پێکهاتون، ئەو میللەتانەشی جگەلە نەتەوە سەرەکیەکە کەمینەش لەوڵاتەکانیاندا هەیە، هەریەکەیان پەرۆشی بۆ نەتەوەکەی خۆی هەیە لە ژێر چەتری چوارچێوە گشتیەکەی بەرژەوەندی میللەتدا، دژ بەمەترسیە دەرەکیەکان، چونکە هەمویان یەکگرتون، لەچوارچێوەی پاراستنی سنوری وڵاتدا. ئەو حیزب تیرە و هۆز و لایەنانەی لەناوخۆیاندا تەبان، کاریگەری لەسەر یەکهەڵوێستی دژبە مەترسیە دەرەکیەکانی وڵات و میللەتیش هەیە، ئەگەر لەناوخۆشیاندا فرە ڕەنگبن، کاریگەری نەرێنی نیە کاتێک لەئاست هەڕەشە دەرەکیەکاندا یەک هەڵوێست بن، کە تاک بەگشتی پەرۆشی نەتەوەیی هەبوو هەڕەشەی ناتەبایی ناوخۆ و پەرۆشی بۆ تیرە و هۆز ناتوانی کەلێن بخاتە ناو یەکگرتویی میللەت لەئاست مەترسیە دەرەکیەکاندا، بەڵام بە پێچەوانەوە کە تاکی کۆمەڵ لایەنگیری بۆ نەتەوە لاوازبو، ناتەبایی ناوخۆ پەل دەهاوێ بۆسەر ڕوخساری گشتی میللەت، کەواتە، پێویستە ئێمە کار لەسەر بەهێزبونی پەرۆشی تاک بۆ نەتەوە و بەرژەوەندیە گشتیەکان بکەین لەسەرووی پەرۆشی تاکەوە بۆ خێڵ و هۆز و تا حزبیش.

ئێستا بێهێزبونی هەڵوێست لەئاست مەترسیە دەرەکیەکاندا ناتەبایی کورد خۆیەتی، کە حزبایەتی ڕەنگدانەوەیەکی نێگەتیفی لەسەرکۆی تاکەکانی کۆمەڵ هەیە و میللەتەکەی پارچەپارچە کردوە لە ئاست هەڕەشە دەرەکیەکاندا، کە بەزەقی هەستی پێدەکرێت یەک هەڵوێستی بونی نیە. لەتەبایی فرەڕەنگ و بۆچونەکاندا هەر مەترسیەکی دەرەکی بێتەئاراوە کۆی ئاراستەکان بەگژیدا دەچنەوە و دەبنە لەمپەر و ڕێگر لەبەردەم مەترسیەکەدا، لە یەک هەڵوێستی میللەتدا ئاراستەی خێڵ وهۆز، لە قاڵبە تەسکەکەی ئاسایی خۆیدا دەمێنێتەوە سەردەرناهێنێت بۆ دروستبونی کەلێن لە ئاست مەدای هاتنی مەترسیە دەرەکیەکاندا، ناتەبایی دابەشبونی میللەتی  بەرانبەر هەڕەشە دەرەکیەکان لێناکەوێتەوە. کە کۆی تاکەکانی گەلیش تەبابوون ئەنجامی باشی لێدەکەوێتەوە، نەک هەڕەشە دەرەکییەکان ناتوانێ درز بخاتە نێوان بۆچونی جیاواز و حزبەکانەوە، بەڵکو بەگژیدا دەچنەوە و هەڵوێستی بەهێز دێتە ئاراوە، یەک هەڵوێستی زامنی پەیدابوونی ئاسایشی گشتیە، ئەوەی زۆرتر لەمێژووی گەلی کوردا دەبینرێت هاوکێشەکە پێچەوانەیە بە ئێستاشەوە. تەنانەت دەتوانرێت وەک یەکێک لەهۆکارەکانی نەبونی قەوارەیەک بۆ کورد دابنرێت، ساڵانێکە ناتەبایی بەرۆکی کۆی حیزب و هۆز و تیرە و کۆمەڵانی خەڵکیشی  گرتۆتەوە، ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی کایە سیاسیەکانی چارنوسی میللەتیش هەیە، دەمارگیری بۆ خێڵ و هۆز هێندە بەزەقی لەناوماندا ڕەنگی داوەتەوە، چۆتە ناخی هەمو جومگە و ئێسکەکانی کەسە دەمارگیرەکانی خێڵ و هۆزەوە، خەڵک پەرۆشی بۆ خێڵ و هۆز و کەسایەتی لە نەتەوە زیاترە، ئەمەش ناتەبایی گشتی میللەتی هێناوەتە ئاراوە. ناتەبایش ڕەنگدانەوەی لەسەرکۆی تاکەکانی کۆمەڵ و میللەت هەیە، کشانەوەی بەلای کێشە نەتەواتیەکاندا نەک لاواز کردوە، بگرە یەکهەڵوێستی لەئاست هەندێدک هەڕەشەدا هەر نەماوە، پەرتەوازەیی کورد لەئاست مەترسیە دەرەکیەکاندا بەئاسانی ڕەنگیدەداتەوە، دۆست و نەیارانی گەلەکەمان هەستی پێدەکەن، دۆستەکانمان ڕێنمایی هەڵکردنی چرای یەکگرتنمان دەدەنێ، نەیارەکانیشمان نەوتکردن بە ئاگرەکەدا. لەئێستا ڕەنگدانەوەی خێڵ و هۆز پەلی کێشاوە بۆ پانتایی فراوانتر و ناتەبایی حزبەکانی کوردستانی  ڵێکەوتۆتەوە لە ئاست بڕیارە چارەنوسسازەکانی کە ڕەهەندی نەتەوەییان هەیە، حزبەکان ناتوانن یەک هەڵوێست بن، بگرە دژی بۆچونەکانی یەکیشن، چونکە ناتەبایی نێوان حزبەکان گەورە و زەقە و هەریەکەیان ڕووەو ئاراستەیەکی دیاریکراوە، دژی ئاراستەکەی ئەویتر، دۆخەکە ئاستی ناتەبایی نێوان خێڵ و هۆزەکانی بڕیوە، گەیشتۆتە نێوان حزبەکان، پێکهاتەکان هەریەکەیان لەپەناو پەسێری حزبێکدا خۆی دەبینێتەوە، نەک پشتگیری بەرژەوەندیەکانی میللەت، ئەم ناتەبایی حزبیە سەری کێشاوە بۆ ناتەبایی نێوان کۆی تاکی ئەندامی لایەنە سیاسیەکان، چونکە زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵ دەکەونە ژێر چەتری حزبێکەوە، هەر تاکێکی حزبی لەژێر سێبەری حزبەکەیدا تێڕامان بۆ مەدای دوورونزیک دەکات، بە زوومی دووربینی حزبەکەی بۆ ئاییندە دەڕوانێت، تێڕامانی ژێر سێبەری حزبیش ناهێڵێت نیگاکان بچنە دەرەوەی سنورە دیاریکراوەکانی بەرژەوەندی حزبەوە، ئەم نەڕوانینە بۆ ئاییندەیەکی دوور و پێشبینی نەکردن بۆ دیاردە ترسناکەکان، چارەنوسی کوردی لەبەردەم نەیارەکانیدا خستۆتە مەترسیەوە، چونکە نیگاکردنەکان بۆ مەدای دوور لە چوارچێوەی بەرژەوەندی حزب تێناپەڕن، چوارچێوەی بەرژەوەندی حزبیش تەسکە بە بەراوردی چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی میللەت، هەنگاونانی تاکلایەنەی حزبەکان دەبێتە هۆکاری شکانەوە بەلای چارەنوسێکی نادیاردا، بێئاگا لەوەی بەیەک ئاراستە کار بۆیەک هەڵوێستی و یەکگرتویی بکەن، لەساتە ناسک و هەلە مێژوویەکاندا، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ دواڕۆژی کورد. چونکە لەناو ئەندام پەرلەمانەکاندا کە پاڵێوراوی حزبن ڕەنگ دەداتەوە، هەریەکە بە هەوای حزبەکەی خۆی کاردەکات، ڕاسپاردەکان لە حزبەوە وەردەگرێت، دوور لەهەڵوێستە گشتیەکانی بەرژەوەندی میللەت، ئەگەر بەرژەوەندی گشتیش لە ئارابێت، ئەستەمە ئەندام پەرلەمانەکان یەک هەڵوێست بن لە بڕیارە چارەنوسسازەکاندا، چونکە نوێنەری حزبەکانیان، وا گۆشکراون لە ڕێڕەوی بەرنامەی حزبەکانیان لانەدەن، دیارە بەرژەوەندی تاکلایەنەی حزبێکیش بەدەگمەن ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی باڵای میللەتە، بەدیوێکی تردا ناتەبایی ئەندام پەرلەمانەکانیش کێشەی بۆ کەمینە و زۆرینە لەناو لیژنە بڕیاربەدەستەکاندا دروست دەکات، کورد خۆی زۆرجار وەک ژمارە کەمینەیە لە بڕیارە چارەنوسسازەکانی کە ڕێکەوتن و کۆدەنگی لەسەر نیە، ئەگەر نوێنەرەکانی کورد بەردەوام ناتەبابن هێندەی تر کارەکانی کە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی تیا گەڵاڵە دەبێت و دەچەقێت، چونکە ئەگەر کەمیەنەش یەک هەڵویست نەبن هێندەیتر ژمارەکە دابەش دەبێت، قوڕەکە خەست دەبێتەوە و بەرژەوەندی باڵای کورد دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە لە ئاست کێشمەکێشی حیزب و هۆز و خێڵدا.

وتاری نووسەران