
نووسینی: هیوا عومەر
لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا، کەمپینی ئاشکرای پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکات. ئامانج لە کەمپینی هەڵبژاردن، ئاشناکردنی جەماوەرە بە بەرنامەی لیست و کاندیدەکان. ئەمەش بۆ ئەوەیە بنەمای پەیوەندی و بەشداریی هاووڵاتییان لە پرۆسەی دەنگداندا، لەسەر بەرنامە و ڕوانگەی سیاسی و ئابووری بنیاد بنرێت. ئەم کارە وا دەکات جۆر و ئاڕاستەی سیاسیی دەسەڵات دیاری بکرێت.
بە مانایەکی تر، جەماوەری دەنگدەر دەبێت لەسەر ناسنامەی فکری، سیاسی و ئابووری هەر کاندیدێک و لیستێکی هەڵبژاردن دەنگ بدات. واتە ئەو کاندیدە هەڵگری چ جۆرە بەرنامەیەکە بۆ:
- ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان.
- چاککردنی ژینگەی کارکردنی فەرمانبەران، کارمەندان و کرێکاران.
- کەمکردنەوەی دیاردەی بێکاری و زیادکردنی حەقدەستی کار.
- چاککردنی مووچەی فەرمانبەران.
- دابینکردنی بیمەی بێکاری، بیمەی تەندروستی و بیمە کۆمەڵایەتییەکانی تر.
- پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان.
- مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و مەدەنییەکان.
هەروەها پێویستە بزانین ئایا لە کارنامەکەیدا:
- خاڵێک هەیە بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سامان و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؟
- چەمکی هاوڵاتیبوونی کارای کوردستانی چۆن دەبینێت؟
- چی پێشکەش دەکات بۆ بەدیهێنانی کوردستانێک بۆ هەمووان، نەک تەنها بۆ کەمینە و بنەماڵە سیاسییەکان؟
- چۆن پۆلیس، ئاسایش و هێزەکانی پاراستن و زانیاری لە ژێر دەستی حزب ڕزگار دەکات؟
- چی دەکات بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە ڕۆژانەییەکان؟
- چۆن سیستەمی باج ڕێک دەخاتەوە بۆ کەمکردنەوەی باری سەر شانی هەژاران؟
- چ بەرنامەیەکی هەیە بۆ مافی پێکهاتەکان و بەشداریی سیاسیی کارایان؟
- چۆن ڕووبەڕووی ئەو واقیعە دەبێتەوە کە هاوڵاتیی پلە یەک، دوو و سێی دروستکردووە؟
بنەمای بەشداریی ئێمە دەبێت لەسەر ئەم خاڵانە بێت، نەک لەسەر یاریکردن بە هەست و سۆزی هاووڵاتییان یان گوتاری شەعبەوی. نابێت تەنها بە جووڵاندنی هەستی ئایینی، کردنی یەک دوو نوێژ و مەولوودی سیاسی، وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لە خەڵک و ترساندنیان بێت. هەروەها نابێت گەرمکردنەوەی ناکۆکییە بنەماڵەییەکانی ساڵانی شەستەکان بێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بە ڕێگای ساختە.
بیرمان نەچێت، ڕێگای ساختە ناتوانێت حکومڕانییەکی باش و دادپەروەر سەر ڕێگا بخات، هەروەک 33 ساڵە تاقیی دەکەینەوە. ئەنجامی ڕێگای ساختە و تەڵەکەبازی و چاوسوورکردنەوە، جگە لە نائومێدی و شکست هیچی تری لێ سەوز نابێت.
ئەمانە و زۆری تر بۆ ئێمە دەبنە خاڵی سەرەکیی جیاوازییەکانی کەمپینی ئێمە و ئەوان. ڕێگای تێکۆشان بۆ دادپەروەری و یەکسانی ڕێگایەکی وەها ئاسان نییە و هەموو کەسێک بە ئاسانی ناتوانێت ببێتە ڕێبواری ئەو ڕێگایە