
سەدیق سەعید ڕواندزی
لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، تەنانەت بەو وڵاتانەشی كە دەچنە خانەی جیهانی سێیەمەوە، بایەخێكی زۆر بە بواری پەروەردە و فێركردن دەدرێت و هەموو جۆرە پاڵپشتیەكی لۆجستی و خزمەتگوزاری و تەكنیكی و هونەری بۆ دابین دەكرێت. چونكە هەموو كرانەوە و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگە، هوشیاربوونەوەی تاكەكان،داهێنانە زانستی و ژیارییەكان لە زانست و فێربوونەوە سەرچاوە دەگرن. بۆیە پەروەردە لە پێشەوەی سێكتەرەكانی دیكەی ژیانە و زۆرترین بودجەی بۆ تەرخان دەكرێت. لە هەرێمی كوردستاندا، ساڵانێكە باس لە خوێندنی خۆڕایی و ڕەخساندنی هەلی خوێندن بۆ منداڵان و قوتابیان دەكرێت، بەڵام كاتێ لە زەمینەی واقیعدا تەماشای پرۆسەی پەروەردە دەكەین، ئەوا خوێندن نەك خۆڕایی نییە، بەڵكو ئەرك و قورسایەكی زۆریش دەخاتە سەر شانی خێزانەكان و دەبێت لە داهاتی مانگانەی خۆیان، بڕە پارەیەكی یەكجار زۆر، بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی خوێندن بۆ منداڵەكانییان بە درێژایی ساڵی خوێندن تەرخان بكەن. حكومەت دەیەوێت بە دابینكردنی تەختەیەكی ڕەق و تەق، چەند لیتر نەوتێك، چەند كتێبێك ، باس لە خوێندنی خۆڕایی بكات، لە كاتێكدا ئەمانە پێویستی سەرەكی و بنەڕەتی نین بۆ خوێندكاران. هەر خوێندكارێك لە پاڵ ئەم پێداویستیانە، بە درێژایی ساڵی خوێندن، پێویستی بە كەلوپەلی پەڕاوگە، جل و بەرگ بە پێی وەرزەكان و پێداویستی دیكە دەبێت. هەموو ئەمانەش دەبێ بە خۆی دابینی بكات و لە ئەستۆی دایبابانە، كە ئەمەش بارگرانیەكی زۆر دەخاتە سەر بژێوی و گوزەرانی خێزانەكان كە بە هەزارانیان داهات و مووچەیان زۆر كەمترە لە خەرجی دابینكردنی ئەو پێداویستیانە. ئەمە وێرای ئەوەی كە دەبێ ئوتومبیلیش بۆ گواستنەوەی منداڵەكانییان دابین بكەن، بۆ ئەوانەی قوتابخانەكانییان دوورە. ئیدی نازانم چەمكی خوێندنی خۆڕایی هیچ مانایەكی هەیە؟ دەكرێ بپرسین بۆچی لە داهاتی نەوت، گومرگەكان، باج و داهاتی ناوخۆ بڕە پارەیەك بۆ دابینكردنی كەلوپەلی پەڕاوگە و جانتا و جلو بەرگ بۆ خوێندكاران تەرخان ناكرێت؟ بۆ دەبێ ئەو خەرجییانە لە ئەستۆی خێزانەكان بێت، كە زۆرینەیان فەرمانبەرن و پشت بە مووچە دەبەستن و مووچەش گرفتێكی گەورەی دارایی و كارگێڕییە لە نێو ئێمەدا، كە سەرچاوەی سەدان كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی و كەسییە. ئایا ناكرێت بودحەیەكی تایبەت، وەك پاڵپشتی ئەو بوارە، بۆ پێداویستی خوێندكاران دابین بكرێت؟ لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا تەنانەت لەوڵاتانی جیهانی سێیەمیش، لە پاڵ دابینكردنی ئەم پێداویستیانە، ژەمە خۆراكێك و زیاتریش بۆ خوێندكاران ئامادە دەكرێت، بۆ ئەوەی كاتی زیاتر لە قوتابخانە بمێنەوە و دەرفەتی زیاتری خوێندنیان هەبێت. وەلێ بە داخەوە لە نێو ئێمەدا، تەنانەت بە یەك پێنووسیش هاوكاری خوێندكاران ناكرێت. بە ڕاستی مایەی شەرم و نیگەرانییە لەو هەموو داهاتە، حكومەت نەتوانێت ساڵانە چوار پێنج تێنووس و جانتایەك و دووسێ ڕەشكەرەوە بۆ خوێندكاران دابین بكات. لە هەر وڵاتێكی دنیادا، بودجەی تەرخانكراو بۆ پەروەردە، لە سێكتەرەكانی دیكە، كەمتر بوو، بە دڵنییایەوە ئەو وڵاتە هیچ بڕوای بە خوێندن و پێشكەوتن و فێربوون و زانست و زانیاری نییە و ئەمانە لای تەنها دروشمی ڕووتن و لە زەمینەی واقیعدا هیچ بایەخێكییان نییە، چونكە پەروەردە، پرۆسەیەكی ستراتیژی دوور مەودا و بەردەوامە و ئاییندەی نەوەكانی پێوە بەندە. بۆیە گرنگە حكومەت، كایەی پەروەردە بكاتە ستراتیژی كارە لە پێشینەكانی، ئەگەر مەبەستیەتی كۆمەڵگایەكی هوشیار و تێگەیشتوو بونیاد بنێت !