
دلێر عەلی
ساڵی ڕابردوو دۆناڵد تڕەمپ خەریک بوو قورگی خۆی دەدڕاند و بە جیهانی دەوت: «بۆچی نۆبڵی ئاشتی بە من نادەن؟»، وەک ئەوەی خەڵاتەکە "مەساسە،و،نوقڵ" بێت و لەبەر چاوی ئەو بە منداڵێکی تر درابێت. وا دیارە ئەمساڵ تاقەتی چاوەڕوانیی نەما و بڕیاری دا بە شێوازی خۆی "ئاشتی" بەسەر ڤەنزوێلادا دابەش بکات؛ بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی کروز!
کاریکاتێرەکەی مۆرتن مۆرلاند،لە ڕۆژنامەی "تایمز" زۆر بە وردی مێشکی تڕەمپی خوێندووەتەوە. ئەو ئێستا لە ناوەڕاستی وێرانکارییەکانی کاراکاسدا وەستاوە و بە سەرسامییەوە دەپرسێت:
«باشە، خەڵاتی نۆبڵ بۆ شەڕ نییە؟» چونکە بە لۆژیکی ئەو، کێشە لە هێرشە سەربازییەکەدا نییە، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە "لێژنەی نۆبڵ" تێناگەن هیچ ئاشتییەک بەقەد ئاشتیی دوای تەقینەوەکان بێدەنگ و ئارام نییە!
ئەمە لوتکەی کۆمیدیای ڕەشە؛ پیاوێک دەیەوێت بە "تەقاندنەوەی وڵاتان" ناوی بچێتە مێژووی ئاشتیخوازانەوە.
تڕەمپ خەریکە پێناسەی ئاشتی دەگۆڕێت: ئاشتی واتە ئەوەی من دەمەوێت، ئەگەر نا، بە فڕۆکەیەک "ئاشتیت" بۆ دەنێرمە ناو ژووری نوستنەکەت.
