عیماد محه‌مه‌د

ڕوداوەکانی لالەزار لە سلێمانی و پێشتریش ڕوداوەکانی خەبات لەهەولێر،دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هەرێمی کوردستان بە سەربازگە وپڕ چەک کراوەو چەک هەمیشە ئامادەو لەسەر پێیە بۆ خولقاندنی کارەسات و مەرگەسات.

ئێستا لە هەرێمەکەی ئێمە کە ئومێدی پارچەکانی دیکەیش بوو،لولەی چەک حکوم دەکات، بڕیار دەدات،دەسەڵات دەسەپێنت،لەبری دادگاو یاسا چەک کێشەو ململانیەکان بە خوێن ڕشتن و کاولکاری یەکلایی دەکاتەوه.

بەکارهێنانی هێز و تاقیکردنەوەی چەکی نوێ و داهێنان لە تاکتیکی شەڕ لەنێو جەرگەی شارو ئاوەدانی و سوکایەتی کردن بە دەستبەسەر و پیشاندانی تەرمی سوتێنراوو شێوێنراو، وێنەیەکی ناشرینی حکومڕانی هەرێمی کوردستانی بە جیهانی دەرەوە گەیاند، دیموکراسیەت و ئازادیەکانی خستە ژێر سەدان پرسیارەوە. ئەو چەک و ئامێرو ئالیاتانەی لەلایەن ووڵاتانی دۆست بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی هەرێم لە هەڕەشەو هێرش و مەترسیەکانی تیرۆر،پێشکەش بە هێزەکانی هەرێم کرا، لەپێش چاوی هەمان ئەو ووڵاتانە لەدژی خەڵکی کوردستان بەکارهێنراو تاقیکرانەوە،بەو چەکانە خوێن ڕژاو جوانی شێوێنراو ئاوەدانی چۆڵکرا.

غیابی هێزێکی یەکگرتووی نشتیمانی دوور لە ئینتیماو تەسکیەی حزب و گۆشکراو بە خۆشەویستی خاک و خەڵک و نشتیمان و بەدامەزراوە نەکردنی هەرێم ،هەمیشە خەڵک دەخاتە بەردەم مەترسی دووبارەبونەوەی ڕوداوە نەخوازراوەکانی لالەزار و خەبات.

بونی هێزی ڕاهێنراو بۆ شەڕو دەست نەپاراستن و کۆمەڵکوژی و گۆشکراو بە وەلائی حزبی و کەسی و سەرکوتکردن، بەرهەمەکەی نا جێگیری سیاسی ،ئەمنی ،ئابوری ،بازرگانی، تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی ڕیزەکانی کۆمەڵگای کوردستانیە و گەڕانەوەی پرسی کوردە چەندین میل بۆ پاش.

لەم هەرێمەی ئێمەدا تا یاسا سەروەر نەکرێت و دەستی حزب لە نێو دادگاکان نەشکێنرێت و هێزی چەکداری حزب بەناوی هێزی حکومەت جوڵەی پێ بکرێت و حزب و خاوەن حزب هەڕەشەی شەڕی سەپاندنی هەژمون و دەسەڵات بکەن، هەرێمی کوردستان هەمیشە بابەتی ناشرینی میدیای عەرەبی و جیهانی دەبێت و ڕێکحراوە نێو دەوڵەتیەکان قێز لەڕەفتارو ئاکاری ئەم جۆرە حکومڕانیە بکەنەوەو ووڵاتانی دۆست لە هاوکاری و یارمەتیدانی 34 ساڵەی ڕابردوو پەنجەی پەشیمانی بگەزن.

ڕوداوەکانی ئەم دوایانەی لالەزارو خەبات هۆکارەکانیان هەرچی بێت شکستێکی دیکەی حکومڕانی و لاوازکردنی پاڵپشتیەکانە لە ئەزموون و قەوارەی هەرێم و مەترسیەکان بۆ داهاتوو چارەنوسی ولەناوچونی زیاتر دەکەن.

لە دوای ڕوداوە نەخوازراوەکانی لالە زارو خەبات و بەکارهێنانی هێزو چەک ،ئێستا خەڵک لەژێر باڵی ترس و بێ ئومێدیەکدا دەژی ڕەنگە بڵێم وێنەی نەبووە.

وتاری نووسەران