ئاراس سەعید

"هەموو کەسێک لە دوو کەسایەتی جیاواز پێکهاتووە: کەسایەتیی خوودی و کەسایەتییەک کە بۆ ئەویتر دروستی کردووە."

ئێرڤینگ گۆفمان

ـــــــــــــــ

ئێرڤینگ گۆفمان (Erving Goffman)،  فەیلەسووف و کۆمەڵناسی بەناوبانگی کەنەدی (1922-1982) لە کتێبی  نمایشی خود لە ژیانی ڕۆژانەدا (The Presentation of Self in Everyday Life)  چەمکی نواندنی خوود ڕوون دەکاتەوە.

بە بۆچوونی ئەو، ژیانی کۆمەڵایەتی وەکوو شانۆیەک وایە کە تێیدا هەموومان وەک ئەکتەر ڕۆڵی جیاواز دەگێڕین. وە لە هەوڵداین بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی کە لەلایەن ئەوانی دیکەوە پەسەند بکرێت.[ The Presentation of Self in Everyday Life (1959),p15]

گۆفمان دنیای کۆمەڵایەتی وەکوو شانۆیەک وێنا دەکات. لەم شانۆیەدا، ئێمە هەموومان ئەکتەرین و ڕۆڵی جیاواز دەگێڕین بەپێی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژین. مرۆڤ لە هەر بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیدا (ماسک)ی تایبەت دەپۆشێت. وە لە نێوان بارودۆخەکاندا  جێگۆڕکێ دەکات و هەر جارەی ڕووی ماسکێکی دیاریکراو پیشان دەدات.

بەپێی گۆفمان، مرۆڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا (ماسکی کۆمەڵایەتی) جۆراوجۆر دەپۆشێت کە بەپێی بارودۆخە جیاوازەکان دەگۆڕێن.

وە هەوڵ دەدات خۆی لەو خەسڵەتانە بپارێزێت کە لە کۆمەڵگەدا بە نێگەتیڤ دادەنرێن: خەڵک ماسک دەپۆشن نەک تەنها بۆ ئەوەی خۆیان وەک کەسێکی دیکە پیشان بدەن، بەڵکوو بۆ ئەوەی خۆیان لە پێدانی شوناسی کۆمەڵایەتی نێگەتیڤ و دروستکراو بپارێزن.[Stigma: Notes on the Management of Spoiled Identite (1963)،p.48]

لەدیدی گۆفماندا ژیانی کۆمەڵایەتی دابەش دەبێت بۆ دوو بەشی سەرەکی: بەشی پێشەوەی شانۆ (front stage) و بەشی پشتەوەی شانۆ (back stage). پێشەوەی شانۆ Front Stageئەو ئەو شوێنەیە کە تێیدا (نمایش) دەکەین و ماسک دەپۆشین، واتە ئەو شوێنەیە تێیدا دەکەوینە بەر چاو و گوێی خەڵک و هەوڵ دەدەین وێنەیەکی پەسەند لای ئەویتر لە خۆمان نمایش بکەین، ئەم بەشە پابەندی کۆمەڵێک ڕێسای کۆمەڵایەتییە.

پێشەوەی شانۆ، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، لەو هەوڵانەی دەیاندەین بۆ ئەوەی وێنەیەکی دیاریکراو لە خۆمان لە زەینی کەسانی دیکەدا دروست بکەین.

پشتەوەی شانۆ (Back Stage)

ئەو شوێنەیە کە تێیدا دەتوانین خۆمان لە ماسکەکان ڕزگار بکەین و بە ئازادی ڕەفتار بکەین، وەک ئەو چرکەساتەی لە دەروونشیکاریدا ئیگۆ لە سوپەر ئیگۆ  ڕزگای دەبێت. 

گۆفمان پێی وایە جیاوازی نێوان ئەم دوو شوێنە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە دوالیزم لە ناسنامەی مرۆڤدا، کە بەشێکە لە سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی.

لەدیدی گۆفماندا، خوود نە تەواو سروشتییە و نە تەواو کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا لە جووڵەدایە. خود بەرهەمێکی هاوبەشی نێوان سوبێکت و کۆمەڵگەیە و لە میانەی نواندن و نمایشدا دروست دەبێت.

لە دیدی گۆفماندا، (ماسک) میتافۆرێکی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی خوود. مرۆڤ بە شێوەیەکی ستراتیجی (ماسک)ی جیاواز دەپۆشێت بۆ ئەوەی وێنەیەکی دیاریکراو لە خۆی پیشان بدات. 

گۆفمان پێی وایە ئەم ماسکانە نابێت وەک (ساختە) سەیر بکرێن، بەڵکو بەشێکن لە ناسنامەی کەسەکە. ئەو ماسکەی دەیپۆشین، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە کەسایەتیمان. ئێمە بەم ماسکانەوە  دەژین و دەمرین. وە دەبێتە ناسنامەی کۆمەڵایەتیمان.

تێزەکانی گۆفمان یارمەتیمان دەدەن  لەسەر تێگەیشتنی ئێمە لە خود، بەتایبەتی لە سەردەمی هاوچەرخدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، خەڵک زۆر بە ئاشکرا خەریکی دانانی کاریگەرین و هەوڵ دەدەن وێنەیەکی دیاریکراو لەسەر بنەمای ڕازیکردنی ئەویتر لە خۆیان پیشان بدەن. 

چەمکەکانی گۆفمان وەک (ماسک، نواندن، پێشەوە و پشتەوەی شانۆ) یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستبوونی ناسنامە لە جیهانی دیجیتاڵی ئەمڕۆدا. 

پڕۆفایلی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێن وەکوو (پێشەوەی شانۆ) سەیر بکرێن کە تێیدا خەڵک هەوڵ دەدەن بە ماسکی جیاواز جیاوازەوە خۆیان پیشان بدەن. بۆنموونە مرۆڤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەکەوێتە بەرچاو و گوێی خەڵک، هەر بۆیە بەماسکەوە خۆی پیشان دەدات. ئەو وێنەیەی نمایشی دەکات گوزارشت لە شوناسی ڕاستەقینەی ناکات، بەڵکوو ماسکی کۆمەڵایەتییە بۆ ڕازیکردنی ئەویتر لە خۆی.

وتاری نووسەران