لەتیف ئەمین

بەشی بیست  و دوو             

پەروەردە ئەو بوار و بابەتە هەستیار و گرنگ و پڕ بایەخ و فرەڕەهەندەیە، کە لە هەر کات و سات و سەردەم و ڕۆژگارێک قسەی لەبارەوە بکرێت، گونجاوە و کاتیەتی، تەنانەت پێویستیشە. لەبەرئەوەی پەروەردە مەسەلەیەکە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، پەیوەندی بە تاک بەتاکی کۆمەڵگەوە هەیە. 

پەروەردە بۆ نەوەی ئێستاو ئاییندەیە. بەتەنها کۆمەڵگەیەک یان چینێک یان تەمەنێکی دیاریکراو پێویستیان بە پەروەردە نییە، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی پێویستیان پێیەتی.

پەروەردە بابەتێکە نە دەتوانین بڵێین کۆنە، نە دەشتوانین بڵێین نوێیە. کۆن و نوێی نییە، هەمیشەییە، وەک ئاو و ئۆکسجین پێویستە بۆ مرۆڤ.

کە باس لە پەروەردە یان پرۆسەی پەروەردە دەکەین، مەبەستمان تەنها پەروەردەی قوتابخانە و خوێندنگاکان نییە. 

پەروەردەکردن تەنها لە سنوور و بازنەی قوتابخانەدا کورت ناکرێتەوە. پەروەردەکردن تەنها ئیشی وەزارەتێک و چەند دەزگایەک نییە. پەروەردە بوارێکی یەجگار فراوان و فرەڕەهەندە. ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئایینی، بە دوور و بێ کاریگەر نین لەسەر پەروەردە، بەڵکو زیاتر لە خوێندنگاکان کاریگەرییان هەیە لەسەر ئاکار و ڕەفتاری منداڵ. لەبەرئەوەی قۆناغی یەکەمی پەروەردەکردن لەمنداڵییەوە دەست پێدەکرێت، ئەم پەروەردە کردنەش بێگومان لەباوەشی خێزاندا دەکرێت، چونکە خێزان خشتی یەکەمی بینای مرۆڤە، بازنەی یەکەمی کۆمەڵگەیە. لەبەرئەوە قۆناغی یەکەمی پەروەردەکردن بۆ منداڵ، ژینگەی خێزانە. کەواتە خێزان فێرگەی یەکەمی منداڵە، دایک و باوک یەکەمین مامۆستا و پەروەردەکارن.

منداڵ هەر لەسەرەتای لەدایکبوونیەوە، تا زمانپژانی و هەست و سۆز و ئاگایی و هەموو ڕەوشت و ڕەفتار و گەشەی ژیری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەیی، لە خێزانەوە پێیدەگات. لێرەشدا، ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی دایکان و باوکان ڕۆڵ دەبینێ و ئاسەواری خۆی جێ دێلێت لەسەر بیرکردنەوە و ڕەوشت و ڕەفتاری منداڵ، بە باش یان بە خراپ.

هەروەک ئاماژەمان پێدا، کە ئەرک و شوێنی پەروەردە کردن تەنها قوتابخانەکان نین، جگە لە قوتابخانە و خێزان، چەندین دەزگا و هۆکار و ئامراز و شوێنی دیکەش هەن، وەکو پەروەردەکارێکن بۆ منداڵ.

وردتر قسەی لەسەر بکەین، دەتوانین بڵێین دوو جۆر پەروەردەمان هەیە، پەروەردەیەکی فەرمی، کە لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا جێبەجێ دەکرێت و پەیڕەو و پرۆگرام و مامۆستای پسپۆری بۆ دابین کراوە و لە کات و شوێنی دیاریکراو پرۆسەی پەروەردەکردنەکە ئەنجام دەدرێت و بە شێوەیەکی زانستی و سیستماتیک ڕێکخراوە.

جۆری دووەمی پەروەردەکردن، پەروەردەی نا فەرمییە، ئەوەیە کە لە ڕێگەی خێزان و هاوڕێ و ژینگەی کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و بیروباوەڕ و ئایدیا و ئایینەکان و ڕاگەیاندن و تەکنەلۆژیا و یاری و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کە لەئێستادا لە هەموویان زیاتر کاریگەرییان هەیە لەسەر منداڵ. تەنانەت خەریکە جێ بە پەروەردەی خێزانیش لەق دەکات.

پوختەی قسان ئەوەیە، دەڵێین، منداڵی باش و منداڵی خراپ بوونی نییە. شتێک نییە بەناوی منداڵی باش و منداڵی خراپ، بەڵکو ئەوە پەروەردەی باش و پەروەردەی خراپە کە هەیە. ئەوە دایکان و باوکانن، ئەوە کۆمەڵگەیە، ئەوە ژینگەی خێزان و گوند و شار و گەڕەک و کۆڵان و هەموو ئەو شوێنانەن کە بڕیار دەدەن چ جۆرە منداڵێکیان هەبێت. ئەوە قوتابخانەکانن بڕیار دەدەن چۆن منداڵان پەروەردە بکەن، چۆن ڕایانبهێنن، ئامادەیان بکەن، ئاراستەیان بکەن، پڕ زانست و زانیارییان بکەن بۆ داهاتوو، بۆ ئاییندەیەکی گەش.

منداڵان، کە نەوەی داهاتوون، ئەمانەتی سەر شانی نەوەی ئێستان. پاراستنی ئەم ئەمانەتە ئەرکی هەمووانە. لەپێناو گەیشتن بە کەناری ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانی و پێکەوەژیان. لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەک، کە خۆشەویستی و ئینتیمای بۆ خاک و خەڵک و نیشتیمان و نەتەوەکەی هەبێت. لەپێناو دروستکردنی تاکێکی هۆشیار و بەئاگا و زانستپەروەر. بێگومان ئەمەش بە پلان و بەرنامەیەکی ورد و ڕژد و تۆکمە دەبێت، کە پێ بەپێی گۆڕانکارییەکان هەنگاوی بۆ بنرێت، بۆئەوەی لە کاروانی پێشکەوتن و شارستانییەت دانەبڕێین و دوانەکەوین.

 

وتاری نووسەران