
ئەبوكاروان
بەشی یەكەم
لەقۆناغ و هەڵومەرجی ئەمڕۆی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ڕۆڵی سەرکردە و ڕابەرێتیکردنی دەوڵەت و حزب و ڕێکخراوەییدا، چەمک و بابەتێکی گرنگ و هەنووکەییە و هەریەك بەپێی پاشخانی ڕۆشنبیری و دید و تێڕوانینی خۆی لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی بۆدەکات و پەیوەستە بەڕادەی بەرجەستەکردنی بنەوانەکانی ئەو خەسڵەتانەوە کە لە واتای چەمكی سەركردەدا بەدی دەکرێ ، چونکە بەپێی بیروبۆچونی زۆر لە بیرمەندان و شارەزایانی کۆمەڵناسی ئەم بابەتە زیاتر لەوەدا كۆدەبێتەوە كە سەركردایەتی تێگەیشتنێکی کاریگەرە لە کۆمەڵگادا و دەبێ كاریگەری لەسەر ئەوانی تر دانێت و بتوانێ کۆمەڵگا ئاڕاستەکات بەمەبەستی هێنانەدیی ئامانجێكی دیاریكراو.
چەمکی سەرکردە و ڕێبەراێتی وەک دیاردەیەکی مێژووی کە هاوتایە لەگەڵ سەرهەڵدانی کەینوونەی مرۆڤدا بە زۆر جۆر و شێواز پێناسە کراوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی سەکردایەتی پڕۆسەیەکی ستراتیژیی گشتگیری فرەلایەنە و دەکرێ بڵێین یٔامانج لەم ڕۆڵگێڕانە هاندان و ئاڕاستەکردنی تاكە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی باشتر و گرێدراوە بە توانای فکری و ڕۆحی و ڕەوشت و هەڵسوکەوت و داهێنانەوە لە سەر ئاستی گشتیدا .ئەمەش لە پێناو دەستەبەرکردنی پێکهاتەکانی ئامانجە بنەڕەتییەکە کە سەرکردە دەبێتە داینەمۆی
چونکە وەک وتم سەركردە ڕۆڵی تایبەتی خۆی ھەیە و کاریگەرە لە ڕێكخستن و بەرەو پێشچوونی ئەو دەزگا و دەوڵەت و حزب و ڕێكخراو و دامەزراوەیەی كە كاری تێدا دەكات ، پێچەوانەیش هەرکەسێک خەسڵەتەکانی سەركردایەتی تێدا نەبوو لە هەر پلە و مەقام و هەرەمێکی دەسەڵاتدابێت و کاریگەری لەسەر ئەوانی تر جێنەهێڵا و نەیتوانی ئاڕاستەیان بكات بۆ هێنانەدیی ئامانجێكی دیاریكراو، ئەوا سیفەت و خەسڵەتی سەركردایەتی تێدا نییە و سەرکردەیەکی فاشیلە و دواجار بەر پرسیاریش دەبێت لە دواخستن و وێرانكاری ئەو ڕێكخراو و دامەزراوانەی کاری تێدا دەکات ، بەم تێگەشتنەش دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە هەر سەرکردەیەک نەیتوانی کەسایەتییەکی لێهاتوو بێت لە بەدەستهێنانی ئامانجێكی دیاریكراو و توانای داهێنان و پێشخستنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکەی نەبوو لە چوارچێوەیەكی دیاریکراوی سیاسی و رێکخراوەی و ئیداریدا ئەوە سەرکردە نییە و ناتوانرێ پشتی پێببەسترێ.
لەم بوارەشدا گەر کەمێک بە مێژووی ڕابەرایەتی و پرۆسەی کاریزمابوونی سەرکردە و کەسایەتی کاریگەردا بچینەوە ، دەبینین کە فلادیمیر لینین چ کاریگەرییەکی هەبووە لە پێداگیری و سەرکەوتنی شوڕشی ئۆكتوبەری ساڵی ١٩١٧ ی ڕوسیا و وەک دەوترێ گەر لینین نەبوایە ئەوا شوڕش بەو بنەما تۆکمە و بەهێزە سەرکەوتنی بەدەستنەدەهێنا ، بۆیە سەرەڕای باوەڕبوونی تەواوم بەسەركردایەتی بەكۆمەڵ و پێكەوە كاركردن لەھەر حزب و ڕێكخراوێکدا كە زامنی سەركەوتنە، بەڵام پێموایە كە ڕۆڵی تاك و كەسایەتی ،كاریگەری ھەیە لەسەر سەركەوتنی ئەو ڕێكخراو و حزب و دەسەڵاتەی کە کاری تێدادەکات و پێچەوانەش بەرپرسیارە لە دواكەوتن و فاشیلبوونی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکەی.
مەبەستم لەم نووسینانە و خستنەڕووی کۆڵێک حەقیقەت دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە پێویستە مرۆڤ لە پرۆسەی بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیدا وشیارانە و بەدیقەتەوە بڕیار لە دیاریکردنی سەرکردەی باش و لێھاتوو بدات کە توانای ڕۆڵگێڕانێکی کاریگەری هەبێ و لە بەرانبەریشدا كەسانی سەرنەكەوتوو پەراوێزبخرێن و ئەرک و بەرپرسیارێتییان نەخرێتە ئەستۆ ، چونکە سەركردە ئەو مرۆڤەیە كە لە بەڕێوەبردن و سەركردایەتیكردنی ئەركەكانیدا و لە ڕێگای دانانی بەرنامە و پلانی تۆكمە و ستراتیجی بەئاستی گوڕانكاری لەكۆمەڵگا و دروستبوونی ھیوا و گەیشتن بەئامانجەكان داھێنان دەكات و كارەكانی بەرەو پێش دەبات و دەبێتە ڕەمزێکی کاریگەر ، گەر لەو ئاستەشدا نەبوو ئەوا دەبێ پاشەكشە بكات، چونكە خزمەتی خەڵك و ڕێنماییان بۆ داكۆكیكردن لە بەرژەوەندییەكانیان ئسلوبی سەركردەی سەركەوتووە ، توانای سەركردایەتی ئاستی كاریگەری مرۆڤ دیاری دەكات ، ئەگەر چی بڕوام وایە سەركەوتن لەتوانای ھەموو مرۆڤیكدایە ،بەڵام سەركەوتنی كەسی بەبێ توانای سەركردایەتیكردن تەنھا كاریگەری سنووردار بەدەست دەھێنێت.
كاتێك دەتەوێ گۆڕانكاری لە دامەزراوە و ڕێكخراوەكەتدا بکەیت ، پێویستە سەرەتا گۆڕانكاری لەسەركردە و بەرپرسیارە باڵاکە بكەیت كە سەركەوتوو نەبووە ، بۆیە دەڵێم توانای سەركردایەتی ھەمیشە سەقفی كاریگەری كەسی و دامەزراوەییە.
بۆ ئەوەی سەركردەیەكی سەركەوتووبیت پێویستە شارەزاییت ھەبێت لە زۆر بواری كار كردن و بەڕێوەبردنت و سەقفی زەمەنی دابنێیت بۆ كارەكانت و تەنھا بەشێك یان لایەنێكی نەبینیت و ئەوانی تر فەرامۆش بكەیت و ئەولەوییەت دابنێی بۆ كارەكانت و لە گرنگ و گرنگتر جیاوازی بكەیت.
توانای سەركردایەتی ئاستی كاریگەری تاك دیاری دەكات ، بۆیە وادەخوازێ بەرپرسی ڕێكخراوەكە، یان دامەزراوەكە ،یان كۆمپانیاكە ڕۆڵی تایبەتی خۆی ببینێ لە پاراستنی یەكڕیزی و ئینسیجام و پێكەوە كاركردن لە نێوان ئەو شوێنی كاركردنەدا و بەپێچەوانەیشەوە سەركەوتن بەدی نایەت.
گەر سەركردەی بەتوانا و بەھێزت ھەبێت ، ئەوا دامەزراوەكەت یان ڕێكخراوەكەت بەھێز دەبێت و گەر بەپێی پێویست نەبوو ئەوا لاواز دەبێت ، ھەر بۆیە لە كاتی بوونی كێشەی چارەسەرنەكراو یان لە ڕۆژگاری سەخت و دژواردا دەگەڕێن بەدوای سەركردەی تازە و سەركەوتوو تەنانەت لە وەرزشیشدا گەر تیپەكەت تووشی دوڕان ھات ئەوا لەگەل ڕاھێنەری نوێ گرێبەست دەكەیت چونكە دوور نییە یاریزانەكان بەتوانا بن بەڵام كاتێك ڕاھێنەر سەركەوتوو نەبوو تێپەكە دەدوڕێنی، كەواتە پرسی سەركەوتنی تیپەكە گرنگە نەك ڕاھێنەرەكە بۆیە دەبێ گوڕانكاری بكەیت.
لەكۆتایی ئەم بەشەدا دەمەوێ بڵێم پێویستە سەركردە ھەڵسەنگاندن بكات بۆ كاری سەركرایەتییەكەی لەڕێگای چەند پرسیارێكەوە لە دەوروبەری ، لەوانەی شارەزای ئەو جۆرە كاركردنەن گەر كاری دامەزراوەیی بێت یان كۆمپانیا یان سیاسەت و حزبایەتی :-
ئایا لێھاتووە لە مامەڵەكردن لەگەل ئەو مرۆڤانەی لە گەڵی كاردەكەن؟
ئایا لە پلان دانان و بیركردنەوەی ستراتیجی سەركەوتوو بووە؟
ئایا تێڕوانین و دیدگای بۆ واقع و شوێنی كاركردنی سەركەوتوو بووە؟
ئایا دەرئەنجامی كاركردنی لە دامەزراوەكە ،یان ڕێكخراوەكە بەرەو پێش چووە ؟