
لە مامۆستا تێکوشەرەکانی کوردستان
خالید حەمەد کەریم / باوکی شەهید ئاسۆ ( 2024 - 1939 )
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
بەشی یەكەم
٭ ناوی تەواوی: خالید حەمەد کەریم کۆیی
ــ ساڵی 1939 لە شاری کۆیە، گەڕەکی بەفری قەندی، لە خانەوادەیەکی دیارو قەدرگران لەدایکبووە.
ــ مامۆستا سێ برای هەبوو، بە ناوەکانی : زاهیر و مەغدید و نوری، هەرسێکیان کۆچی دواییان کردووە، ڕەوانیان شادبێت. هەروەها سێ خوشکی هەبوو، بە ناوەکانی: حەبیبە لە ژیاندا نەماوە ڕەوانی شادبێت، ئاوازو ئاوات تەمەنیان درێژ بێت.
ــ مامۆستا خالید لە ساڵی خوێندنی ( 1947 - 1948 ) لە قوتابخانەی ئولای کۆیە چۆتە بەر خوێندن.
ــ لە ساڵی ( 1952 - 1953 ) قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.
ــ لە ( 1956 - 1957 ) خوێندنی ناوەندی هەر لە کۆیە تەواو کرددووە .
ــ لە ( 1957 - 1958 ) لە خانەی مامۆستایانی بەعقوبە وەرگیراوە.
ــ لە ڕێکەوتی 12 - 10 - 1960 بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەی (شیوەجان)ی سەر بە قەزای کۆیە بە مامۆستا دامەزراوە.
ــ لە ساڵی خوێندنی ( 1962 - 1963 ) بەهۆی سیاسی و چالاکی پیشەیی بۆ قوتابخانەی ناحیەی دیبەگە سەر بە قەزای مەخمور دوورخراوەتەوە. ماوەی سێ ساڵ وەکو مامۆستایەکی دڵسۆز لە دیبەگە خزمەتی کردووە، خەڵکی دیبەگە ئەم شایەدییەی بۆ دەدەن.
ــ لە دیبەگە بۆ قەزای کۆیە گەڕاوەتەوە، لە قوتابخانەی هەرمۆتە دانراوە. دوایی لە هەرمۆتە بۆ قوتابخانەی بەیان لە ناو شاری کۆیە گوازراوەتەوە.
ــ لە ساڵی 1975 بەهۆی سیاسی بۆ شاری بەلەد سەر بە پارێزگای سەلاحەدین دوورخراوەتەوە.
ــ لە ساڵی 1979 گوازراوەتەوە بۆ قەزای کۆیەو لە قوتابخانەی باواجی دەستبەکار بووە.
ــ لە ساڵی 1986 بۆ خۆ ڕزگارکردن لە فشارەکانی ڕژێمی بەعس خۆی خانەنشین کردووە.
ــ لە ساڵی 1987 بە ماڵەوە هاتوون لە شاری هەولێر نیشتەجێبوون.
ــ لە دوای ڕاپەڕین لە نەوەتەکان گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەی فیدڕالی لە گەڕەکی موفتی دەستبەکابووە، لەم قوتابخانەیە خزمەتی پڕۆسەی پەروەردەی کرد تاکو خانەنشین بوونی لە ڕێکەوتی 14- 10 – 2006.