
فرانک میچێل
لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
ئەمڕۆ مۆدێلی ڕێپێوان و گردبوونەوەیە لەدنیادا، ڕێپێوان هەلدەڕەخسێنێ شوێنپێی ئەو مرۆڤەی ئۆتۆمبێلەکان سڕیوویانەتەوە بدۆزینەوە. مرۆڤ ڕێپێوانی لەکۆڵانی باخەکان، شادەمارانی هاوپێوەندی پێ باشترە، کە قیڕتاوەکان بۆ کێبڕکێی خێرا بانگمان دەکەن.
هەندێکجار ڕێپێوان سیاسییە: مرۆڤ لە ڕێپێواندا ناڕەزاییەکانی هاوڕیتمی هەنگاوی ئەوانی دی دەکات و هەوڵنادات ڕیتمی هەنگاونانی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت. هەنگاونان بەرەو ئەو شوێنەی دڵ دەبێتە چاوساغ. لە ڕاستیدا دەستبارگرتنە بۆ دووبارە ناسینەوەی خود.
ڕێپێوان دەمانباتەوە بۆ لانکەی کۆچکردنەکان، لوار گۆرانی لێکۆڵەری مرۆڤناسی دەڵێت: (هەنگاونان، بەرلەبوونی پێوەندی لە نێوان جوڵە و قسەکردندا دەرکەوت). ڕێپێوان سەرەڕای لایەنی دڵخۆشکەر، ئەوکارە بیردێنێتەوە ئێمە دوو لاقمان هەیە، دوو لاق کە شارستانییەت پێی بەخشیووین...
ئەگەر ڕێپێوان دڵخۆشکەری و چێژی لەگەڵ نەبێت، یان دڵتەنگمان دەکات یان بزمارکووت دەمانچەقێنێ. لە ڕاستیدا ماندوویی و هەستکردن بەئازارەکەیشی خۆشە، هەر چەند ئەوەیان زۆر گەورە کردووە و زوڵملێکراوانە خۆیان ماندوو و مردوو پیشاندەدەن!
هەر چەند بابەتی سەرەکی گەڕان بەدوای چێژدا، نابەردەستە و هاوئاهەنگبوون لەگەڵ سروشت مەحاڵە، بەڵام دەبنە پاڵنەر بۆ ڕێپێوانەکان. هاوکات ڕێپێوان سادە و ئاڵۆزە و کاری ژیان دەبینێت. نزیکەی ئەم سەر بە گۆنگەڵییەی مرۆڤ بۆ یەک ساڵی و دارە دارکردنی منداڵ دەگەڕێتەوە. ڕێکردن، بە سەر ڕێگاشدا دەبێتە بیانوویەک بۆ سەرنجڕاکێشان لە یەکەم هەنگاو لەماڵەوە تا سەرکەوتن بەسەر شاخی هیمالایەدا، هەر دووکیان هەنگاوی گەورەن و ژیان ڕێگای ئەو هەنگاوانەمان پێدەدات.
ڕێپێوان، ڕۆیشتنیشە بەرەو تاکێکی دیکە، جۆرێک بەرگری بەدەر لە بێهودەیی نوستالیژیا نییە. سەردانیکردنی ئەوی دیکە، کە پێویستە بەهەوڵی دەروونی بەردەستت بێت. ڕێپێوان جۆرێک چارەسەری دەروونی و جەستەییە، هەتا تاکی ڕێکردوو دەتوانێ داوای بیمەی کۆمەڵایەتی بکات، چونکە دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردن لە خەرجییەکانی...
زۆربەی نووسەران لە بەرهەمەکانیاندا ڕێنماییمان دەکەن پێڵاوی ڕێپێوان لەپێ بکەین، لەڕووئیاکانی جان جاک ڕۆسۆوە بۆ هەنگاوەکانی ئارسەر ڕامبۆ، سپاس ستۆنسۆن، تۆرۆ، لاکاریر، بۆمیە، لانزمان و ئەوانی دی... هەروەها ڕێکردن مەشقی ئازادیمان پێدەکات و فێری یەکەم هەنگاوی بەرگری دەبین، چونکە ڕێپێوان بانگکردنە بۆ یەکگرتنی هەمەلایەنە، بۆیە بۆ بزووتنەوە و جوڵانەوەش دەگەڕێتەوە. کاتێک هەموو کۆمەڵگا لەجوڵەدابێت و نەک تاکێکی، جوڵانەوەی کۆمەڵایەتیش سەرهەڵدەدات. دەکرێت ڕێکردن، بڕینی ڕێی سیاسیش بیربێنێتەوە. پیاوێک کە ڕێدەکات، بە پێوەیە، دانیشتوو ناتوانێ ڕێ بکات. پۆرترێتی سازسویسی، ئەلبێرتۆ ژیاکۆمێتی، ناوبانگییەکەی قەرزداری کەسایەتی کز و ڕەقەڵییەتی. باوەڕیوایە کاتێک مرۆڤێک، مرۆڤێکی ڕاوەستاو ڕێدەکات، خاوەن هەستیاری و شایستەیی تایبەتە. ڕێکردوو، خۆپیشاندەرە، کەسێکە دژی نادادپەروەری ڕاپەڕیوە یان خەبات بۆ مەرامێک دەکات، هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچێت. ئامادەنییە دەمی ببەستێ و داماو و بەدبەخت بێت.
مێژوو شوێنەوار و ئاماژەی هەنگاوی گەورە و پێی گچکە دەخاتە مێشکەوە، هەموو ڕێپێوانە سیاسییەکان یان تەنانەت ئاینی لەم بزووتنەوەیەدا بەشدارن.
گەشتێک بە کەسایەتی مرۆڤدا
شۆڕش، یەکێکە لە ڕێگاکان. کرۆپۆتکین ئەنارشیستی ڕووسی دەڵێت: (شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕێگایەکە پێویستە ببڕدرێت، وەستان مانای گەڕانەوەیە بۆ دواوە. تەنها کاتێک دەتوانی بوەستی، کە هەموو ڕێگاکە بڕدرابێت و ئامانج بەدیهاتبێت، واتە ڕزگاربوونی مرۆڤ و ئازادبوونی). زیاتر لە سەدەیەک بە سەر ئەم وتەیەدا تێپەڕیوە و دەتوانین بەخۆمان بڵێین، یان ڕێگاکە زۆر دوورودرێژە یان بەهەڵە ڕێگاکە دیاریکراوە!
کاتێک جامی سەبر لێی دەڕژێت، بزووتنەوە حەتمییە، گومان لەوەدا نییە کە کەسێک ڕێدەکات بە پێوەیە و پشتی نەچەماندۆتەوە، هێشتا نەبەزیوە، گوێڕایەڵ نییە، ڕێپێوو بەوپەڕی توانای سەرکێشییەکەی بەرەوپێش دەچێت.
ڕێپێوانی ناڕەزایی، واتە بەربەستی پەڕینەوە، ئامادەکاریی باریکارد (خۆپیشاندانی لیگۆرەکان دژی هنری سێیەم لە مانگی12ی ساڵی 1588ی زایینی)، داخستنی ڕێگای دەربازبوون و هاموشۆ، بۆنموونە کاتی بایکۆت و خۆپیشاندانی شوفێران کە ئەمان ڕێی سەرەکیان داخست، دڵی ئابووری وەستا. بە بێ ڕێگا، دابەشکردنی کاڵا و هاتوچۆی خەڵک تێک دەچێت و هاوشارییەکان ناتوانن زیاد لەتوانایان خەرج بکەن. کۆڵەکە و ستوونی سیستم زەربەی بەر دەکەوێت، تێکڕای سیستمی کاڵایی بە هەموو وەهمەکانییەوە، هەڕەشەی پاشەکشەی لێ دەکرێت، بەڵام ئایا ڕێپێوان و بازاڕ، ڕێپێو و کاڵا لێکدەچن؟ دەستفرۆشەکان دەگمەن دەبن و دیارە کاسبکارانیش خۆپیشاندان دەکەن یان دژی دەوەستنەوە.
1ی ئایار، ڕۆژێکی مێژووییە و دایکی هەموو ڕێپێوانەکانە. ڕۆژی ئوستوورەیی ڕێپێوانی کۆمەڵایەتی، کە ڕێ بە خەڵک دەدات بەرەوپێش بڕۆن و پاشەکشە بەخاوەنکار بکەن. کاتێک ڕێکردن بانگی ناڕەزایی بەگوێی هەموان دەگەیەنێ هەموو شتێک ئامادە دەبێت، کۆمەڵانی خەڵک بەوروژاویی سوورهەڵدەگەڕێن، لافیتەکان دەچنە ئاسمان، هوتاف دەکێشرێ و سروودە شۆڕشگێڕییەکان زایەڵەیان دێت. یەکەم ڕێپێوان لە 1ی ئایاری1890 بوو، بایکۆتێکی سادەی ناڕەزایی، سەریکێشایە خۆپیشاندان و بووە بزووتنەوەیەکی گشتی و ڕێکخراو.
هەر کاتێک سەردەم تاریک بوو، خەڵک پەنادەبەنەبەر ڕێپێوان و بزووتنەوەکەیان دەبێتە دڕکێک لەچاوی دەسەڵات داراندا. ڕێکردن بۆ ناڕەزایی دەربڕین و ڕووخاندنی سیستمی باڵادەست: بزووتنەوەیەکی یاخییە لەبەرامبەر سیتمی هەنوکەدا!
هەر چەند ڕێپێوان خۆپیشاندان، خەبات و ناڕەزایی بیردێنێتەوە، بەڵام هەندێکجار بیرخەرەوەی ڕیزی سەربازیشە، کە هۆکاری پتەوبوونی بوونیادی دەسەڵاتە وەک ڕیزی هانیباڵ لە ڕۆما، ژۆل سیزار لە گۆل، سەربازەکانی ناپلیۆن و دواتر هیتلەر لە ڕووسیا و ... نموونەی ڕیزی سەربازان زۆرە، زۆربەیان لە مەیدانی داگیرکاری، حکومەتکردنی زۆرەملێیی یان سەرکەوتنخوازیی کراون. وەک مۆسۆلینی لە ڕۆما لە ساڵی1923 یان ماو لە ساڵەکانی 35- 1934، بەرەو دەسەڵاتی ڕەها و لەڕووی باڵاڕۆیی دەسەڵاتی تاکڕەویی.
ماو لەماوەی ساڵێکدا (لە نێوان 1935 - 1934)، بە بزووتنەوەیەکی درێژەپێدەرانە لەڕوانگەی سیاسییەوە، بەڵام بەنرخی گیانبەختکردنی زۆر مرۆڤ، دەسەڵاتی گرتەدەست. سەد هەزار کەس ماوەی نێوان 8000 تا 12000 کیلۆمەتریان لە ژوشمەنی باشوورەوە تا وشینی باکووری چین بە پێ بڕی و بەگژ دووژمنانی پڕچەکتر و ئامادەتر دا چوونەوە. نەبەزین و سووربوونیان بەسەر هێزی دووژمندا سەرکەوت و کارێکی گەورەیانکرد. هەڵبەتە مێژوو، ماوەی بڕدراوی مرۆڤەکان و ئازار و ئێشی وڵاتی چینی زیاتر تۆمار کردووە.
نابێت ڕێپێوانی ئاشتیخوازانەی (خوێ)ی گاندییمان لە ساڵی1930 یان ڕێپێوانی ئاشتیانەی مارتین لۆسەر کینگمان لە ساڵی1963ش بیربچێتەوە. هەر دووکیان گردبوونەوەی ناتووندوتیژ بوون. ڕێپێوانی (خوێ)ی گاندی لە 12ی ئازار تا 6ی نیسانی1930 بەئاڕاستەی 400 کیلۆمەتر بوو. مشتێک خوێی ناودەستی گاندی، دەستپێکی هەموو شتێک دژی قۆرخکاری و داگیرکاری بەریتانیا، بەڵام ڕێپێوانی ئابووری زۆر زوو ڕەنگی سیاسی بەخۆوەگرت و بزووتنەوەی مێژووی هاوچەرخی هیندستانی خێرا کرد.
ڕێپێوانی مارتین لۆسەر کینگ لە ئالاباماوە بەداوای هەڵوەشاندنەوەی جووداییخوازیی ڕەچەڵەک لەپاسەکان دەستی پێ کرد و لە ویلایەتەکانی دیکەی باشووری ئەمریکا گۆڕا بۆ گردبوونەوە دژی هەر جۆرە سەرهەڵدانێکی ئاپارتاید (بەتایبەت لەقووتابخانەکان) و ڕۆژی28ی ئابی1963 سەریکێشایە گردبوونەوەیەکی فراوان لەواشنتۆن، کە مارتین لۆسەر کینگ لەوگردبوونەوەیە ڕستە بەناوبانگەکەی (من خەونم هەیە-I have a dream)ی گووتەوە.
جێگای سەرنجە بزانین مارتین بەدوودڵییەوە ڕەچاوکردنی ناتووندوتیژی بیر ڕێپێوەکانی هێنابووەوە و تەنانەت ڕایسپاردبوون (ئاگایان لەڕێگاو شەقام و سنووری نێوانیانبێت و بەقەراغ جادەکەدا بڕۆن). هەموو ڕێپێوانەکان بە شێنەیی، بێدەنگ و ئاشتیخوازانە بەئومێدی بەرەوپێشبردنی مافەکان بوون، دیارە جووداییخوازیی ڕەچەڵەک کیسەڵئاسا پاشەکشەی کرد، بەڵام شێوازی ئارام مارتین لۆسەر کینگی لەکووشتن ڕزگار کرد.
لە فەرەنساش لەڕێپێوانی لاوانی عەرەبەوە تا ژنان دژی هەر جۆرە جووداییخوازییەک، بزووتنەوەیەکی بەرەو پێشەوەیە کە هەمیشە ئەنجامێکی خوازراوی نییە.
جگەلە ڕێپێوانی مێروولەئاسا، بێگومان وەستاندنی زۆرەملێیی یان بزووتنەوەی ڕزگاریبەخش، گەلێک ڕێگای دیکەی لەژمارنەهاتووی هەیە. کاتێک ڕێگایەکی سادە دەبێتە شاڕێگا و شەقامێکی پان جێگای نیگەرانییە، چونکە کەمتر کۆنتڕۆڵ دەکرێ و ئازادی سنووردار دەکات. هەر چەند ڕێگای فراوان ئاسۆی دیتن دەکاتەوە، بەڵام جوڵەی ئۆتۆمبێلەکانی دژە شۆڕش و تانکەکانیش ئاسان دەکات. وێنەی پیاوێک لە یادگەمان نەخشی بەستووە، کە لە حوزەیرانی1989 لە گۆڕەپانی تیانامینی پەکین ڕێگای تانکێکی گۆڕی، بەڵام چەند کەسێک بۆگۆڕینی ڕێگای تانکێک دەستگیرکران یان کووژران؟ ڕێپێوانەکان، کۆچکردن و پەنابەرییشمان بیردێننەوە، بۆ نموونە هەزاران ساڵە قەرەجەکان و باب و باپیرانیان لە کۆچدان، کە لەترسی کۆیلەیی لە باکووری خۆرهەڵاتی هیندستان ڕایان کرد.
ڕێپێوان زۆرەملێیی، بەڵام شێوەی جۆراوجۆر بەخۆوەدەگرن. هەندێکیان لەئەوانی دیکە سادەترن، وەک کۆیلەکانی پێشوو و منداڵانی ئەفریقی و پێستڕەشی ئەمڕۆ، ئەم ستوونەی مرۆڤایەتی، کە دوێنێ کۆتوزنجیر لەپێ، ئەمڕۆ لە ژێر چاودێری بازرگانەکان بەرەوپێش دەبرێت.
بیرەوەرییە دڵتەزێنەکەی (فێردینان ئۆسانڤیسکی و سالومێر ڕاڤیچ)یش، دەربڕی سەختی ڕێپێوانی زۆرەملێی دیکەن لە سیبریا و ئاسیای ناوەند.
فێردینان ئوسانڤیسکی پەردە لە سەر کارەساتی ساڵی1920ی سیبریا هەڵدەداتەوە، کە بەڵشەفیکەکان تازە دەسەڵاتییان گرتبووە دەست. فێردینان توانیبووی بەخۆدەربازکردن لە سێدارە لەڕێی دارستانەوە و بە پێ بەرەو هیندستان و مەنگۆلیا ڕا بکات.
سالومێر ڕاڤیچ لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی لەجەمسەرەوە بە پێ چووە هیمالایا، سالومێر لە ساڵی 1941 لە باسریشکێکدا ڕایکرد و لەماوەی15 مانگ شەش هەزار کیلۆمەتری بڕی و بە بیابانی ترسناکی (گوبی)دا تێپەڕی. نەبەزینی، خوێنەر سەرسام دەکات. (من هەرگیز نەگلاومەتەناو چاڵی نائومێدییەوە، خاڵێک کە ڕادەستبوون پێویستدەکات، هەمیشە و لەهەموو دۆخێکدا بەشێک لەبوونم ئەوەم بیردێنێتەوە کە چۆکدادان بۆ لاوازی و شکست، قبووڵکردنی مردنە).
بەرگری لەدڵی جوڵەدایە، جوڵەیەک کە ڕێپێوەر لەناو ڕێگای ئومێد بەرەوپێش دەبات. سەرەنجام دەکرێت باسی دوا ڕێپێوانیش بکەین، ڕێپێوان بەرەو (پەرستگای خۆر)، ڕێگایەک کە بچێتەوە سەر دنیایەکی باشتر. هەر وەک لە (تاوانبارەکانی سەر زەوی) فرانتز فانووندا دەخوێنینەوە، کە لە ساڵی1961 و لەتەمەنی 36ساڵیدا گیانی سپارد. فانوون هەوڵیدا ئومێدە تازەکان زیندوو بکاتەوە: (ئێمە دەمانەوێت هەمیشە ڕێبکەین، شەو و ڕۆژ، لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە، هەموو مرۆڤەکان...، بۆ ئەورووپا، بۆ خۆمان، بۆ مرۆڤایەتی. هاوڕێیان! پێویستە هەوڵبدەین ڕۆحێکی نوێ لە خۆماندا بچێنین، بیری نوێ، دەبێت مرۆڤی نوێ لەدایکبێت...). دوا وشەی کتێبەکە، لە ڕاستیدا دوا وشەی نووسەریش بوو، ئەم پزیشکە پابەند و ڕیزپەڕە هەوڵیدا تا دواسات بە سەر فۆبیای ئەوی دیکەدا زاڵ بێت.
تیژڕەوی لە ژیان جوودانابێتەوە. چما ئەوە نییە تا بڵێین هێشتا شتێک زیندووە، دەڵێین ڕێ دەکات؟ ڕێکردن واتە ڕەتکردنەوەی وەستان، ڕەتکردنەوەی قڕوقەپ و بەقڕوقەپی مانەوە، پووختەی قسە: چۆکدانەدان بۆ مردن! ڕێکردن سیمبۆلی ژیانە و مردن ڕەتدەکاتەوە. هەروەها هەموو ئەو ڕۆحانەی کە لە خەوی ئێمەدا و لە گۆڕستانەکانیش لانەوازن، ئەو مردووانەن ڕێدەکەن، وەک دەڵێن مردووە زیندوەکان! ...
بێگومان ڕێکردن جۆرێک پیاسەکردنی چالاکە، لێوڕێژ لەئەزموون، هێشتا ژمارەیەک کوێرەڕێ هەن پێویستە ئاشکرا بکرێن. ڕێپێوان و بە پێ ڕۆیشتن لەم هاوینەی پڕ لە گەشتیاریی جیهانگەڕ، گەشتێکە بەڕوویەکی مرۆڤانەوە.
سەرچاوە: لوموند دیپلماتیک، اوت2004