‎عوسمان زیندانی

 ‎لەجاڕنامەی گەردونی مافەكانی مرۆڤدا  هاتووە  بەتایبەت لەبەندی (١٤و ١٥) ؛

‎ لەبەرامبەر ئەشكەنجەو ئازاردان و ڕەودونان هەر كەسێك مافی ئەوەی هەیە  بەشوێن  پەناگەیەكدا  بگەڕێت و پەنا بباتە بەر ووڵاتێكی دیكە ٠

‎هەركەس مافی ئەوەی هەیە(تابعیت) مافی هاونیشتمانی پێ بدێت٠

‎هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەی زۆرێك لە پەنابەرانی كوردانی سوریا وتوركیا وئێران بەهۆی جەنگی دەرەكی و ناوخۆیی و زوڵم وستەمی دەسەڵاتی ئەو  ووڵاتانەوە  لە ناوخۆدا دژی چالاكانی سیاسی و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە سیاسی وكۆمەڵایەتیەكان٠

‎ لەباری كۆمەڵایەتی و ڕەفتاری خەڵكەوە هەمیشە ڕێزلێگیراوو بوون وهاوكار بوون لەگەڵیاندا ، بەڵام ئەوەی جێگای  داخ ونیگەرانی و ڕەخنەی  جدییە و دەبێت هەڵوێستی لەبەرامبەردا وەربگیرێت مامەڵەی دەوڵەتانی ناوچەكەیە كە لە ووڵاتی دووەمیش وازیان لێ ناهێنن  و بەردەوام ژیانیان لەبەرامبەر مەرگ و فڕاندن كوشتن و دڵەڕاوكیدا ڕاگرتوون  ٠

  هێرش و پەلاماردانی ئەم دەوڵەتانە پێچەوانەی یەك بەیەكی بەندەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤە كە لە ناو هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن ٠

‎دۆخی پەنابەرانی سیاسی ناو هەرێمی كوردستان سەرەڕای مەترسی دەرەكی لەسەریان بەڵام لە ناو عێراق و هەرێمی كوردستانیش وەك یاسا وڕێسا نێو دەوڵەتیەكان مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت  و پێشێلی مافی پەناهەندەی و مافی ژیانێكی شایستە كەئەمنیەتی سیاسی كۆمەڵایەتی و ئابووریان پارێزراو بێت  دەكەن ، ئەو هەموو تاوانە دەبینن بەبەرچاوی دەسەڵاتەوە دەكرێت وهیچ هەڵوێستێكیان نیە ، بگرە خۆیشیان بەندەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ جێبەجێ ناكەن و بەسەدان پەنابەری سیاسی كە بەدەیان ساڵ دەبێت نیشتەجێێ هەرێمی كوردستانن مافی مانەوەیان پێ نادەن یان مافی كاركردنیان نیە  و  ڕێگری دروست دەكەن بۆ تازە كردنەوەی پەنابەرێتیان ، وە ڕێوشوێنی پێویست ناگرنە بەر بۆ هاوكاری مادیی ومەعنەوی خۆیان و مناڵەكانیان لە ڕووی پێداویستی خۆراك و تەندروستی وجلوبەرگ و هەر پێوستیەكی تری مرۆیی لە ئاستی ناوخۆ و هاوكاری  جیهانیدا ٠

‎ لە كاتێكدایە هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و

‎هەرێمی كوردستان لە ساڵی (٢٠٢١) دا بەئامادەبوونی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان پلانی جێبەجێكردن  مافی مرۆڤ یان داناوە   بۆ ساڵانی  (٢٠٢١ تاكو ٢٠٢٥) بەڵام لەم ساڵانەدا  زۆرترین پێشێلكاری كراوە  بەرامبەریان ، جگە لەوەی لەپێشەنگی ئەو ووڵاتانە بوون كە جاڕنامەكەیان لەكاتی خۆیدا واژۆ كردووە ٠

‎ هەڵوێست و مامەڵەی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوانێكی گەورەیە و بێبەڵێنیە لە ڕەفتار كردن لەگەڵ پرسە ئینسانیەكانی  ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەهەمانكاتدا پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە كە لەبەرامبەر پەناهەندەكاندا دەكرێت و لەباری سیاسی و مەعنەویشەوە كارێكی دوور لەڕەوشتی مرۆییە كە بەهەزاران ئینسانی كوردی هاوزمان كەبەهۆی ستەمی دەوڵەتانی دیكتاتۆری ناوچەكەوە پەنایان بردۆتە بەر هەرێمی كوردستان ، بەڵام هەمیشە لەژێر هەڕەشەی دەوروبەردان و لەناو خۆیش هاوكاریان نین بۆ بدەیهێنانی مافەكانیان ٠

‎ بۆیە ئەركی ڕێكخراوەكانی تایبەت بەمافی مرۆڤ و ڕێكخراوە مەدەنیەكانن  كەداكۆكی بكەن لەم پەناهەندە و چالاكوان و لایەنی سیاسی  و بەكردەوە فشاری بەردەوام هەبێت بەرامبەر ئەو مەترسیانەی لەسەریانە و ئەو بێ مافیەی لە هەرێم و عێراقدا  دەرحەقیان دەكرێت ٠

‎ئەمە لایەنی كەمی هەڵوێستێكی ئینسانی و  سیاسیە بۆ ناچار كردنی دەسەڵات لەبەدیهێنانی بەندەكانی مافی مرۆڤ كەزۆر جار لاڤی  پێوە لێدەدرێت وبانگەشەی بۆ دەكرێت ٠

‎عوسمان زیندانی

‎٥-شوباتی ٢٠٢٤

وتاری نووسەران