
نەرمین نەجمەدین
باوکم نەجمەدین مامۆ هەریری لە ۱٦ - ۸ - ۲۰۱٥ لە ووڵاتی سوێد بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.....
لە دەیەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی و ماڵئاوایی یەکجاریی باوکم
هاوڕێ نەجمەدین مامۆ هەریری ، دەڵێم شانازی بە مێژووی ژیان و بیروباوەڕەکەت دەکەم بابە گیان ، شانازی دەکەم کە منت بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بەو بیروباوەڕە مەزنە ناساند و پەروەردەت کردم ، کە خاوەنی هەڵوێستی خۆم بم و ڕێز لە هەموو مرۆڤێک بگرم بێ جیاوازی ڕەگەز و ئاین و ڕەنگ ، وە بێ ڕەچاوکردنی هیچ بەرژەوەندییەکیش بە هەق بڵێم هەق و بە ناهەقیش ناهەق.
باوکم لە شۆڕش و پێشمەرگایەتی و ریزەکانی حزبی شیوعیمان لە ساڵی ۱۹٦۳ لە داستانی چیای حەسن بەگ و سەری بەردی بە سەختی بریندار بوو ، بەو هۆیەشەوە قاچێکی لە دەستدا ، کاتێک من لە دایک بووم ئەو قاچەکەی لە دەستدابوو ، هەمیشە گوێم لێ دەبوو کە باوکم قاچێکی لە شۆڕەش و بەرەنگاربوونەوە دژی نادادی و زۆرداری لە دەستداوە ، سەرەڕای ئەوەش بێکۆڵدان و سڵمینەوە شان بە شانی هاوڕێ خۆشەویستەکانی بەردەوام بوو لە خەبات و تێکۆشان ، کاتێکیش گەورەتر بووم هەستم بە ئێش و ئازاری خێزانەکەمان کرد ، لە قوناخەکانی زیندان و پێشمەرگایەتی و گرتن و ڕاوەدوونان و خۆشاردنەوە ، بەڵام هیچ لەم ئازارانە نەیانتوانی برینێکی زۆر قوڵ لە یادەوەریەکانم جێبێڵن جگە لە شەهید بوونی کاک فرسەت ، ئەو لە ساڵی ۱۹۸۲ لە داستانی سێکانیان لە گەڵ پۆڵێک لە هاوڕێ تێکۆشەرەکانی شەهید بوو.
قوربانیدان و ئاوەرەیی و زیندان و دەربەدەری بەشێکی گەورەن لە ژیان و بیرەوەریەکانی باوکم ، کە بەشێکیش بەر ئێمە کەوت ، ناتوانم بە نووسین گوزارشتیان لێ بکەم چوونکە هەر یەک لەو ڕوداوانە چیرۆکێکی ئازاربەخشن و لە گەڵ گێڕانەوەی هەر ڕوداوێکی هاوشێوە لە هزر و بیرمدا دووبارە دەبنەوە ، بەڵام دیارە ڕێگای تێکۆشان و شۆڕش و مەبدەئێکی پۆڵاینیش گوڵڕێژ نەکراوە و ئەوانەی بەو ڕێگایەدا ڕۆیشتوون دەزانن بێگومان قوربانی و بەخشینی گەرەکە.
یادت بەخێر و بیرت دەکەم بابە گیان