
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭لە بری پێشەکی:
لە جیاتی پێشەکی چەند دێرێکی کاک (سڵاح مەزن)ی ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەری چەپ، دەربارەی مامۆستا لەشکری، کە تایبەت بۆ ئێمەی نووسیوە، دەخەینەڕوو: "مامۆستا لەشکری پیاوێکی ئارام و جوان!
وێڕای ئەوەی یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی شاری هەولێر، هەروەها لە بواری پەروەردەشدا وەک مامۆستایەک جێدەستی درەوشاوەیە، لە پڕۆسێسی پەروەردە و فێرکردن و تێکۆشانی پیشەیی، سەندیکایی و داکۆکیکردن لە ماف و داواکاریی مامۆستایانی کوردستان. جگە لەوەی کە کەسێکی نەرم، قسەخۆش و پڕ زانیاری و ئەزموون بوو، لە ڕووداوە سەخت و ناخۆشەکاندا خۆی شێلوو نەدەکرد، هەمیشە هەڵوێستی جوامێرانەی هەبووە. لە کاتی ئاخاوتندا هێمن، ورد، ڕاشکاو و بەسەلیقەوە ڕاوبۆچوونی خۆی دەردەبڕی، بێ ئەوەی تۆزقاڵێک بەرانبەرەکەی بریندار بکات، هەتا ئەگەر لە گەڵی ناکۆکیش بایە گیانی لێبووردەیی و لێکترقبووڵکردنی بیروبۆچوونە جیاوازەکانی هەبوو، لەسەر بیروباوەڕومیتۆدە فکری و سیاسییەکانی مکوڕ بوو، لە هەموو وێستگەکانی ژیانی لێوەشاوانە ژیاوە و سازشی لەسەر بیروباوەڕی خۆی نەکردییە، هەمیشە هەڵوێستی ڕوونی لەمەڕ ڕووداو و پێشوەچوونەکان هەبووە"..
٭ کورتەیەک لە ژیانی م. لەشکری:
ــ ناوی تەواوی: لەشکری یابە مەولود پیرداود.
ناوی دایکی: مامز ئەحمەد، خەڵکی گوندی عەوڵا فاتێ یە.
ــ م. لەشکری لە ساڵی 1941 لە گوندی سەربەشاخ سەر بە ناحیەی سەرگەڕان قەزای دووبز پارێزگای کەرکوک لەدایکبووە.
ــ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی سەربەشاخ تەواوکردووە.
ــ دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی، لە خانەی مامۆستایانی هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی خوێندنی (1961-1962) تەواوی کردووە.
ــ لە ساڵی 1963 بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی مێرگەسۆر دامەزراوە.
ــ بە هۆکاری سیاسی لە ساڵی 1963 لە بەندیخانەی قەزای ڕواندز گیراوە، دوایی بۆ بەندیخانەی هەولێر گوازراوەتەوە.
ــ دوای ئازادکردنی لە زیندان گەڕێنراوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەی گوندەکانی: (تەلەرخێم، سەربەشاخ، سابڵاخ) مامۆستا بووە و خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی کردووە.
ــ دواتر لە شاری هەولێر لەسەر پیشەی مامۆستایی بەردەوامبووە تاکو لە شوباتی 1979 لەبەر ئەوەی ڕەتیکردۆتەوە ببێتە بەعسی و لەسەر بیروباوەڕی خۆی مکوڕبوو، لە پیشەی مامۆستایی دوورخراوەتەوە و کراوەتە فەرمانبەر لەسەر میلاکی وەزارەتی دارایی و بۆ شاری تکریت دوورخراوەتەوە.
٭مامۆستا لەشکری ڕۆڵەیەکی دڵسۆز و کۆڵنەدەری گەلەکەمان بوو، هەر لە تەمەنی لاویدا تا ڕۆژی کۆچی دوایی لە خەباتدا بەردەوامبوو بۆ هێنانەدیی ئاوات و ئامانجی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان وەک ئامانجی چینایەتی و ئازادبوونی کوردستان وەک خەباتی نەتەوەیی. دیارە ئەو وەکو تێکۆشەرێکی مارکسی هەردوو خەباتی بەیەکەوە گرێداوە.
هاوڕێ (شەماڵ عادل سەلیم) دەربارەی ڕۆڵی شۆڕشگێڕانەی مامۆستا لەشکری لە کۆمێنتدا نووسیویەتی و دەڵێ: "من لە تەمەنی منداڵیمەوە مامۆستا لەشکریم ناسیوە، لەگەڵ خانەوادەی ئێمە تێکەڵبوو، لە کۆتایی ساڵی 1978 لە لایەن دائرەی ئەمنی هەولێر گیرا، ئازار و ئەشکەنجەی زۆردرا... دواتریش لە پێشمەرگایەتی و لە بارەگای ناوزەنگ بەدیداری شادبوومەوە. لە ناوەڕاستی هەشتاکانیشدا لەسەر مامۆستا لەشکری کە پێشمەرگەی حزبی شیوعی بوو، هاوسەر و کوڕ و کچێکی (دەشتی و ئەمەل) لەلایەن لێژنەی ئەمنی هەولێر دەستبەسەرکران، لەگەڵ من لە هەمان زیندان بوون (زیندانی ئەمن)".
ــ مامۆستا لەشکری هەر لە تەمەنی زووی گەنجیدا کە قوتابی بووە، چۆتە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابییان و لە هەمان ساڵدا تێکەڵ بە خەباتی قوتابییان و خۆپیشاندانەکان بووە.
ــ لە ساڵی 1958 لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەممووز بنکەیەکی وەک بارەگای ڕێکخستنی حزبی شیوعی لە گوندی سەربەشاخ کردۆتەوە.
ــ لە دوای کودەتای 8ی شوباتی 1963 کە بەعسی و قەومییە عەرەبە فاشستەکان دەسەڵاتیان لە عێراق گرتەدەست، مامۆستا لەشکریش وەکو هەزاران لە شیوعی و دیموکراسیخوازەکان بەهۆی هەڵوێست و چالاکی لە قەزای ڕواندز دەستگیرکراوە (ئەو کاتە لەو دەڤەرە مامۆستا بوو)، دوایی بۆ بەندخانەی هەولێر گوازراوەتەوە.
ــ مامۆستا لەشکری هەر لە سەرەتای حەفتاکانەوە لە خەباتی پیشەیی مامۆستایاندا ڕۆڵێکی دیار و کاریگەری هەبوو.
ــ لە هەردوو ساڵی 1970 و1972 لە هەڵبژاردن و کۆنگرەی مامۆستایاندا لە هەولێر و بەغدا بەشداربووە.
ــ لە ماوەی (1974-1977) لێپرسراوی لێژنەی تایبەتمەندی مامۆستایانی شیوعی و دیموکراسیخوازان بووە لە باشووری کوردستاندا.
ــ لە ساڵی (1977-1978) لێپرسراوی لێژنەی حزبی کرێکاران ــ حزبی شیوعی عێراق بووە لە پارێزگای هەولێر.
ــ لە ساڵی 1972 لە خولێکی ناوەندی کادیرانی حزبی شیوعی لە گوندی دەرگەڵە ــ قەزای ڕواندز، بەشداربووە.
ــ لە ساڵی 1975 لە یەکێتی سۆڤێتی جاران، لە خولێکی هزری و سیاسی تایبەت بە کادیرانی حزبە شیوعییەکان بەشداربووە.
ــ لە شوباتی 1979 لەسەر هەڵوێستی سیاسی و خۆڕاگری، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی شیوعی و دیموکراسی لە پیشەی مامۆستایی دوورخراوەتەوە و گوازراوەتەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق و ڕەوانەی شاری تکریت کراوە. مامۆستا تاهیر هەمەوەندی بۆی نووسیوم و دەڵێ: "مامۆستا دۆستێکی دێرینم بوو، بە یەک لیست دوورخراینەوە بۆ وەزارەتی دارایی، ئەمن لە بەڕێوەبەرێتی (عقارات الدولە) و کاک لەشکری لە (چریبە الدخل) لە تکریت دەستبەکاربووین. پیاوێکی هێمن و قسەخۆش بوو، خاوەن هەڵوێست بوو، ڕووحی شادبێت" .
ــ مامۆستا لەشکری لە ساڵی 1982 مەنفای جێهێشتووە و چۆتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی عێراق لە شاخ و لە ئەنجامی ئەمەشدا خێزانەکەی دووچاری گرتن و ڕاوەدوونان بووە.
ــ لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەهاری 1991دا، مامۆستا لەشکری یەکێک بوو لەو کادیرانەی ناو حزبی شیوعی کە داوای دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی شیوعییە کوردستانییەکانیان دەکرد، کە لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق نەگەیشتنە ئەنجام، ئەوەبوو جیابوونەوە و لە ساڵی 1993 پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستانیان دامەزراند. م. لەشکری لە هەردوو کۆنگرەی یەکەم و دووەمی پارتی کار بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە و بۆتە ئەندامی بیرۆی سیاسی پارتی کار.
لە بەیاننامەی (ناوەندی سەرکردایەتی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان) کە ڕۆژی 28-4-1996 بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا لەشکری بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "مامۆستا لەشکری بەدرێژایی تەمەنی تێکۆشانی ڕووبەڕووی ئێش و ئازار و ئەشکەنجە و دەربەدەرییەکی زۆر بۆتەوە و خەباتی شار و شاخیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گیانی بەرگری و مقاوەمەتی پێ بەخشیوە و بەگوڕتر درێژەی بە خەبات داوە وەک هەموو جەنگاوەرانی ماندوونەناسی گەلەکەمان، خێزانەکەشی لەو مەینەتی و ئازارە بێبەش نەبووە، بەڵکو دووچاری گرتن و ڕاوەدوونانی ڕژێمی بەعس بۆتەوە " .
هەروەها لە بەیاننامەکەدا، لە درێژەی باسکردنی مامۆستا لەشکریدا هاتووە: "هاوڕێ لەشکری وەکو کەسایەتییەکی ناسراو و تێکۆشەرێکی بەسەلیقە و دڵگەرم بۆ یەکڕیزی هێ زو حزبە کوردستانییەکان، بەوپێیەی کە لە بواری پەیوەندییە نیشتمانییەکاندا کاری دەکرد، لەبەر لێوەشاوەیی و دڵسۆزییەوە هەر کات جێگای خۆشەویستی و ڕێزلێنانی حزبە کوردستانییەکان بوو".
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا لەشکری یابە لە ڕێکەوتی 18-10-1964 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو فەهیمە حەسەن خدر ئەنجامداوە، بەرهەمی هاوسەرگیرییەکەیان چوار کوڕ و کچێکە (تەمەندرێژ بن):
1- شێرکۆ،1968
2- شێرزاد،1972
3- شێروان،1974
4- ئەمەل،1970
5- دەشتی، 1978
بەداخەوە خێزانی مامۆستا لەشکری فەهیمەخان لە ڕێکەوتی 12-2-2022 کۆچی دوایی کرد. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەم ئافرەتە قارەمان و خۆڕاگرە.
٭ سەرچاوەکان:
1- ڕۆژنامەی ڕزگاری، ژمارە 32 لە 1-6-1996
2- بەیاننامەی ناوەندی سەرکردایەتی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان لە 28-4-1996
3- وەرگرتنی زانیاری لە ئەمەل خانی کچی مامۆستا لەشکری لە ڕێگای کاک سەرکار محەمەدی هاوسەری، سوپاسی دەکەم.
4- وەرگرتنی زانیاری لە کاک دەشتی کوڕی مامۆستا لەشکری، سوپاسی دەکەم.
5ٓ - کاک سەڵاح مەزن، هاوڕێی دێرینی مامۆستا لەشکری، سوپاسی دەکەم.
٭ بەداخەوە مامۆستا لەشکری لە شەوی 26/27/4/1996 لە وڵاتی ئەڵمانیا کە بۆ چارەسەر چووبووە ئەوێ، کۆچی دوایی کرد و تەرمی پیرۆزی گەڕێنرایەوە بۆ شاری هەولێر و خاکی پیرۆزی کوردستان لە ئامێزی گرت. یادی بەخێر و هەزاران سڵاو بۆ ڕوحی پاکی.