ئامادەكردنی: مەغدید حاجی

٭ لە بری پێشەكی:

  مامۆستا سەباح نوری، كوڕی بنەماڵەیەكی جووتیاری تێكۆشەرە. لە باوەشی خێزانێكی نیشتمانپەروەر لە دایكبووە و پەروەردەكراوە، بۆیە هەر كە قوتابی بووە لە قۆناغی ئامادەیی كشتوكاڵ، لە تەمەنی زووی گەنجیدا چۆتە ڕیزەكانی یەكێتی گشتی قوتابییان لە كۆماری عێراقدا. تاكو خوێندكار بووە سەرەڕای بایەخدانی بە خوێندن، لە خەباتی پیشەیی قوتابییانیشدا دانەبڕاوە، كە بۆتە مامۆستا لەسەر هەمان بیروباوەڕی چینایەتی و نیشتمانپەروەری بەردەوامبووە، تەنانەت لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا قوربانی بە وەزیفەكەی داوە، كاری سەربەخۆی كردووە، تەنیا لە پێناوی ئەوەی بۆ ماوەیەكیش بێت، خۆی لە هەڕەشەكانی بەعس و جەیشی شەعبی ڕژێم بەدووربگرێت.

 لە نەوەتەكانیش تاكو ئێستا مامۆستا سەباح هەمیشە ئەندام و پشتیوان و لایەنگری خەباتی (ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان) بووە.

 ئەوەی لە نزیكەوە مامۆستا سەباح بناسێت، بۆی دەردەكەوێت كە مرۆڤێكی هێمن و بەڕێز و گران و بەوەفا و هەڵوێستنەگۆڕە. 

 ئێمە لە كاتێكدا بەشانازییەوە ژیاننامەی مامۆستا سەباح نوری لەچوارچیوەی پڕۆژەكەماندا بڵاودەكەینەوە، هیوای تەمەندرێژی بەتەندروستی باشی بۆ دەخوازین.

 ٭ كورتەیەك لە ژیانی مامۆستا سەباح نوری:

 ناوی تەواوی: سەباح نوری ڕەسوڵ.

 ــ ناوی دایكی بەڕێزیان: ئەستی ئەحمەد ئیسماعیل

 ــ مامۆستا سەباح لە ساڵی 1955 لە گوندی بیستانەی قەزای قوشتەپەی پارێزگای هەولێر لەدایكبووە.

 ــ لە ساڵی 1967 قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لە(قوتابخانەی نیشتمان)ی شاری هەولێر تەواوكردووە.

 ــ قۆناغی ناوەندی لە ساڵی خوێندنی (1969-1970) لە (ناوەندی ئیسكان) لە شاری هەولێر تەواوكردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1972-1973) ئامادەیی كشتوكاڵی لە شاری بەغدا تەواوكردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1975-1976) پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی هەولێری تەواوكردووە.

 ــ لە دوای تەواوكردنی خوێندن كراوە بە (سەربازی ئیجباری) تاكو شوباتی 1979 تەسریحكراوە، واتا لە سەربازی زۆرەملێ ڕزگاری بووە.

٭ خەباتی لە بواری پەروەردەدا:

 مامۆستا سەباح لە 28ی ئادار ساڵی 1979 بە مامۆستا دامەزراوە، بۆ یەكەمجار لە ڕێكەوتی 8-4-1979 لە قوتابخانەی گوندی سماقە سەر بە ناحیەی شۆڕش قەزای كۆیە دەستبەكاربووە. لە ساڵی 1980 لەو كاتەی مامۆستا بووە لە (سماقە)،  مەوالیدی بۆ سەربازی یەدەگ بانگكراوە و بۆتە سەرباز . لە ساڵی 1981 لە عەسكەری فیراریكردووە چونكە نەیویستووە ببێتە قوربانیی شەڕی قادسییەی دۆڕاو.

ــ لە ساڵی 1983 دوای دەرچوونی لێبوردنی گشتی گەڕاوەتەوە بۆ مامۆستایی و لە قوتابخانەی بیستانە دەستبەكار بووە، پێنج شەش مانگ لە بیستانەی ماوەتەوە بۆ قوتابخانەی گوندی پڵنگە گوازراوەتەوە . 

ــ لە ساڵی 1986 بەهۆی ڕەتكردنەوەی جەیشی شەعبی ڕژێم، لەو كاتەی لە پڵنگە مامۆستا بووە لە وەزیفە دوورخراوەتەوە و بۆ خۆی دەستی بە كاروكاسبی كردووە. لە كۆتایی  ساڵی 1989 دوای دەرچوونی لێبووردنی گشتی   گەڕاوەتەوە بۆ پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەی (هێمن) لەناو شاری هەولێر دەستبەكاربووە. (3) ساڵ لە قوتابخانەی هێمن خزمەتیكردووە، ئینجا بۆ قوتابخانەی (هێرش) لە گەڕەكی مەنتكاوە گوازراوەتەوە. دوای شەش حەوت ساڵ خزمەتكردن لە قوتابخانەی هێرش لەسەر داوای خۆی چۆتە قوتابخانەكانی (خوێندنی خێرا). ماوەی (18) ساڵ لە هەرسێ قوتابخانەی خوێندنی خێرا: ( گوڵان، ئەردەلان، ئاسۆ) خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنی كردووە.

ــ مامۆستا سەباح  وەكو پسپوڕی زیاتر وانەی بیركاری گوتۆتەوە، بۆیە سێ چوار خولی بیركاری دیوە.

ــ لە ساڵی 2018  دوای خزمەتێكی زۆر لە بواری پەروەردە و فێركردندا، بەگوێرەی یاسای تەمەن خانەنشینكراوە.

 ٭ خەباتی پیشەیی و سیاسیی مامۆستا سەباح :

ــ مامۆستا سەر بە بنەماڵەیەكی جووتیاری تێكۆشەری دەشتی هەولێرە، لەو ساڵەی لە دایكبووە (1955) باوكی بەڕێزیان (نوری ڕەسوڵ 1923-2008) بەهۆی ئەندامێتی لە حزبی شیوعیی عێراق و بەشداربوونی لە ساڵی 1953 لە ڕاپەڕینی جووتیارانی دەشتی هەولێر، لە ئەنجامی فشاری ئاغای گوندەكەیان لە بێستانە باریكردووە بۆ گوندی لاجان، هەروەها بۆ ماوەیەكیش گیراوە. لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ گوندی بیستانە، زێدی باب و باپیرانی. 

 لە هەڵوێستێكی دیكەی نیشتمانپەروەریی (مام نوری) باوكی مامۆستا سەباح، لە ساڵی 1962 خانووەكەی خۆی لە بیستانە بەخشیوە بە بەڕێوەبەرێتی پەروەردە تاكو قوتابخانەی لەناودا بكرێتەوە.

 لە ساڵی 1963 دوای كودەتای 8ی شوبات، كە  قەومی و بەعسییە فاشستەكان بۆ یەكەمجار لە عێراق دەسەڵاتیان گرتەدەست، گوندەكەیان سووتێنراوە بۆیە بۆ ناو شاری هەولێر باریانكردووە و لە شار نیشتەجێبوون.

 مامۆستا سەباح لە هەولێر درێژەی بە خوێندنی داوە، لە قۆناغی ناوەندی پەیوەندی تێكۆشەرانەی لەگەڵ یەكێتی گشتی قوتابییان پەیدا كردووە، دواتر لە حەفتاكانیش بۆتە ئەندامی حزبی شیوعیی عیراق. لە هەردوو قۆناغی ئامادەیی كشتوكاڵ و پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایاندا. سەباح نوری  لە تەك خوێندنیدا، خەباتی لە ڕیزەكانی یەكێتی گشتیی قوتابییان  و حزبی شیوعیی عێراق بەردەوامبووە، تەنانەت كە كراوە بە سەربازی ئیلزامی لە ماوەی (1977-1979) پەیوەندیی تاكە كەسی لەگەڵ حزبی شیوعی نەپچڕاندووە.

ــ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 مامۆستا سەباح پەیوەندی لەگەڵ حزبی شیوعی و ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان گەڕاوەتەوە و تاكو 1996 ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بەڵام دواتر لە ڕێكخستن نەماوە و وەكو دۆستی حزب و لایەنگری لیستی پیشەیی مامۆستایان بەردەوام بووە و تاكو ئێستا لەسەر بیروباوەڕ و هەڵوێستە نیشتمانییەكەی خۆی بەردەوامە و لەلایەن حزبی شیوعی و ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان جێگای ڕێزە.

٭ باری كۆمەڵایەتی:

  مامۆستا سەباح لە ساڵی 1979 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو شوكریە حەسەن ئەنجامداوە، شەش كچ و سێ كوڕیان بووە (تەمەن درێژ بن):

1- شەونم ساڵی1980 لە دایكبووە، پەیمانگای مامۆستایانی تەواوكردووە، مامۆستایە.

2- شەوبۆ ساڵی1983 لەدایكبووە، كۆلێژی پەروەردەی بنیادی تەواوكردووە، مامۆستایە.

3- هەژار ــ  1986، كۆلێژی پەروەردەی بنیادی تەواوكردووە، مامۆستایە.

4- شەوین ــ 1994، پەیمانگەی تكنیكی تەواوكردووە.

5- شادان ــ 1996، كۆلێژی پەروەردەی تەواوكردووە، مامۆستایە.

6- شۆخان ــ 1996، مامۆستایە (شادان خان و شۆخان خان دووانەن) 

7- هۆگر ــ 1999، پەیمانگای كۆمپیوتەری تەواوكردووە.

8- شەرمین ــ  2000، بەكالۆریۆسی لە كۆلێژی  كارگێڕی و ئابووریدا هەیە.

9- هێمن ــ 2002، قوتابیی شەشەمی ئامادەییە.

 لەكۆتاییدا هیوای تەمەندرێژی بۆ بەڕێز مامۆستا سەباح و خاتوو شوكریەی خێزانی و هەموو كچ و كوڕە بەڕێز و سەركەوتووەكانی دەخوازین.

 تێبینی: هەموو زانیارییەكانم لە مامۆستا سەباح خۆی وەرگرتوون، من بەئەركی ئامادەكردن و داڕشتنەوە هەڵساوم.

وتاری نووسەران