
هەندرێن ئەحمەد
ئەوێ رۆژێ وارێككەوت ، هەردووكمان كەمێك بەدرەنگەوە پەیدابووین و یەكترمان دیت، پایز بوو، گوتی هاوڕێ وەرە با پیاسەیەك بكەین، چوینە باخچەی بارەگا، هەندێك شتی لۆ باس كردم ، هەنوكەش هەر لەبیرمە ، بەس ئەوەی لەهەموو قسەكانیدا هێشتا لەلای من وەكو پرەنسیب كاری لەسەر دەكەم، ئەو قسەیەی بوو كە گۆتی"نەهەندە رەق بە بشكێی و نەهەندەش نەرم بە بچەمێییەوە" ، بێگومان بەئاماژەی دەستەكانیشی قسەكانی باشتر رووندەكردەوە.
ئەو كات، لەساڵانی نۆهەتەكاندا، زۆرم پێویست بەرێنمایی و پەروەردەو فێربوون هەبوو، كەئێستاشی لەگەڵ دابێ، هەر قسەكانی ساڵانی دواترشی لەگوێی من و دەیان هاوڕێی دیكە دەزرنگێتەوە.سەرەڕای ئەوەش هێشتا هەندێك جار ساتمە دەكەم و دواتر قسەكانی مامۆستا رەوەندم بەبیر دێتەوەو هەوڵی چارەسەری كێشەو گرفتەكان دەدەم.
مامۆستا رەوەند (تاهیر كەریم)، كەسایەتی نیشتمانپەروەری خۆنەویستی كەم وێنە بوو، هەرچی بیناسیبا خۆشی دەویست ، پەیوەندییەكی فرەوانی هەبوو، بیرەوەرییەكانی زیندوو بوون و شتی هەڵەی بەسەردا تێپەڕ نەدەبوو، هەقم بەسەر ئەو كەسە نابوتانە نییە، كەدژی مامۆستا و هەموو شتێكی جوان و بگرە خۆشیانن، بۆیە باس باسی زۆرینەی خەڵەكە كەمامۆستا رەوەندیان لەلا پەسند و قوتابخانەو رێبەر بوو.
لەمێژووی خەباتی مامۆستا رەوەندا، كە هاوشانی سەركردە مێژووییەكانی سەرجەم حزبە سیاسیەكانی كوردستانە، و بگرە لەهەندێك باردا لەوانیش زێدەترە، بەڵام هیچ كات لەسەر ئەم بنەمایە ئیشی نەدەكرد، ئەوەندە سادە بوو كە رەنگە زیانی بەخۆی و خێزانی و هاوڕێ نزیكەكانیشی گەیاندبێ، كەئەوەش بۆ كەسی سیاسی و خەباتگێر ، بەجۆرێكە كەباشە لێرە وەكو خۆی باسی بكەم و جێگای رەخنەشە، چونكە مامۆستا رەوەند خۆی گەورە بوو، دەبوایە لەسەر ئەم بنەمایە، مامەڵە لەگەڵ دەورەووبەرەكەی بكات.
هاوڕێ رەوەند ، رۆحی هاوڕێیانی دەیان ساڵی تێكۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو، بەهەموو هیمەتێكەوە هەوڵی دەدا، رێز لەنهێنی و سەركەوتن و نوشیستیەكان بگرێت و بەشێوەیەك باسی دەكردن، كە نەك هەرزیانی نەبێت بەڵكو بنەمایەك بێ بۆ سوود لێوەرگرتن.
ئەم هاوڕێ خۆشەویستەمان، هەمبانەیەك لە نهێنی و بەڵگەنامەو دیدار و بۆچوونی هەبوو، بەڵام كەم كەم دەیدركاند ، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا لەرۆژنامەی رێگای كوردستان دەستی بەنووسینەوەو تۆماركردنی هەندێكیانی كردبوو، بەڵام بەداخەوە، هێشتا زۆری لەبەردەست مابوو، تەواوی نەكرد و كۆچی دوایی كرد.
زێدەتر لەجارێك ، قسەم لەگەڵ كرد، لەسەر ئەوەی چەند كاتێك تەرخان بكەین بۆئەوەی قۆناخ بەقۆناخ ، بیرەوەرییەكانی تۆمار بكەین و پاشان پاك نووس و هەڵاوێری بكەین وئەوەی سوودی ببێت، لەدووتوێی نیمچە رۆمانێكدا كە قسەو باس لەسەر ژیان وگوزەرانی سادەی خەڵك و باری سیاسی وڵات بەپێی گۆڕانكاری و رووداوە مێژووییەكان، هەر لەشوێن و پێگەی حزبی و سیاسی خۆیی و دەوورووبەرەكەی و حزب و خێزانەكەی و كارەكتەرەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆڵی لەسەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی و هەموو بابەتەكانی دیكە ، بنووسین و چاپی بكەین. بەڵام خۆی گوتی با ئەو كەم كەمە نووسینانە بكەم هەتا ئەوانی دیكەش پاك نووس دەكەم ئەوجا دێینە سەر ژیانو وسەربردەی من( هاوڕێ رەوەند)..ئیتر بەداخەوە ئەم پڕۆژەیە سەری نەگرت.
پێم وابێ ، مامۆستا روەند، نەدەویست ، هەموو شتێك بڵێت و باس بكات، هەموو نهێنییەك ئاشكرا بكات، پێم هەر ئەو قسەیەی خۆی بەجێ گەیاند كە دەیگۆت هاوڕێ عەزیز گۆتیتی، ئەگەر ویستمان شتێك بكەین، دەبێ بزانین كەی و بەچ شێوەیەك و لەچ كاتێك ئەو ئیشە یان ئەو شتە دەكەین.
بەداخەوە كۆچی دوایی مامۆستا رەوەند ، لە هاوڕێیەكی بەخشندە لەپەروەردە و پێگەیاندنی كردین، لە كەسایەتییەكی گەورەی مێژوویی كردین ، هەرچەندە بەردەوام حەزی لەریزی پێشەوە نەبوو، لای ئاسایی بوو كە لەهەر جێگەیك بێ بەڵام گرنگە نیشتمان و حزبەكەی سەركەوێ .رۆحی مامۆستا رەوەند شادو ئارام بنوێت و لەبیرەوەری هاوڕێییانت هەر زیندو دەمێنی .