هۆشیاری عەبدولعەزیز

لە واقعدا پەرلەمان بە شێوەیەكی گشتی لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەر كۆمەڵگایەكدا بە دیاردەیەكی تەندروست و هاوچەرخ و شارستانی دادەنرێت.ئەگەرچی لە مێژوشدا هەر لە سەردەمی كۆیلایەتی،لە نیوان ئەسیادەكان و لە دەورانی دەرەبەگایەتی لە نێوان خودی ئاغاكانو دەرەبەگەكان،هەبووەو مەجلسی ئەعیان و ئەسیادی جۆراوجۆریان بۆ بەریوە بردنی كۆمەڵگا پێك هیناوە ،بەڵام ئەوەی ئەم شێوازە لەوانی پێشو جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە ئەم جۆرە پەرلەمانە مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ سەرهەڵدانی كۆمەڵگا نوی یەكانی دوای ڕووداو شوڕشە كۆمەڵایەتی یە كانی خۆرئاوا و دەزگایەكە بۆ ڕێكخستنی پڕۆسەی سیاسی وڕیفۆرمی‌ دەوڵەت و كۆمەڵگا و كرانەوەی‌ دەرگا داخراوەكان بەسەر تاك و ئازادییە گشتیەكانی‌ خەڵكدا، هۆكارێكی گرنگیشە  بۆپێشخستنی كۆمەڵگا وبەرەوپێشبردنی‌ ئاستی تێگەیشتنی تاك بۆ دەوڵەتداری‌ و خولقاندنی دیموكراسی 

هەرچەندە لێرە لەم كۆمەڵگایە و بەهۆی دەستێوەردانی  ڕاستەوخۆی حزبەوە پەرلەمان نەیتوانیوە ئەركە سەركیەكانی خۆی ئەنجام بدات لە دەرچواندن و هەمواركردنەوەی یاسا ورێساكان و بڕیارەكان و چاودێریكردنی حكومەت و بڕیاردان لەسەر بودجەی ساڵانە ، چونكە هەر لە سەرەتاوە پەرلەمان وەك پەرلەمانی محاسەسە لە دایك بوو ئەمەش سەرەتایەكی مەترسیدار بوو لەوەی كە لە هەر لەحزەیەكدا  پەرلەمان بە بریارێكی حزبی ئیفلیج بكرێ و كارایی خۆی لە دەست بدات و نەتوانێ‌ وەڵامی پرسیارگەلێكی گرنگی وەك ڕیفراندۆم و پەیوەندی هەرێم بە بەغدا و و چاكسازی و چەندین پرسی تر بداتەوە و ببێتە مەرجەعێكی بەهێز بۆ پرسی كورد و ئەو بابەتە مەدەنیانەی كە ئێمەی پێ جیابكرێینەوە لە ناوچەكەدا، كەئەوەش نەكرا  پەرلەمان بۆخۆی بوە كێشەیەكی تر لە پاڵ كیشە و ئیشكالیەتە یاساییەكانی تردا و وایكرد بەگومان و دڕدۆنگیەوە لە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن و پرسی ئازادی تاك بڕوانرێ 

لە گەڵ سەرهەڵدانی ئەم قەناعەتەشدا بەتەواوەتی  هەست بە پاشەكشەی دیموكراسیەت و ئازادیە گشتیەكان دەكرێ و دەبینن بەشێك لە ئەحزابی دەسەڵاتدار و پەرلەمانتارەكانیان و خودی سەرۆكی پەرلەمان لە كۆنگرە و كۆبونەوەكاندا بەشێوەیەكی سلبی گفتوگۆ لەسەر پەكخستنی پەرلەمان دەكرد و گرێیان دایە ئەو ئاڵۆزی و ململانێیەی كە خودی حزبەكانی خۆیان داڕێژەری نەخشەكەی بوون و لەگەڵ ئەوەشدا  پەیوەست كرا بەو قۆناغەوە كە ئەو دۆخەی بەرجەستە كرد لە پرۆسەی حوكمڕانیدا ، ئەمە لە كاتێكدایە كە دونیای سیاسەت دونیایەكی فراوانە و روانینی جیاواز هەڵدەگرێ بۆ پێناسەكردنی چەمك و بنەماكانی خودی سیاسەت و سیاسەتیش بەگشتی  پرۆسەی بریاردان و هونەری كەڵك وەرگرتنە لە دەرفەتەكان، و ململانێ یە لە پێناو چاكەی گشتی دا ، لە دەرئەنجامی چاكەی گشتیش حكومەتی باش لە دایكدەبێت وهێَزی خۆی شۆڕ دەكاتەوە بۆ ناو خەڵك تا ماف و كەرامەتیان بپارێزێت 

كەچی پێچەوانە بەم تێڕوانین و باكگراوەندە فەلسەفیە لێرە پەلەمان و خواستی خەڵك دوو ئاراستەی زۆر جیاوازن و هەریكە و لە ئاوازێك دەخوێنێ  وخەریكە دەبێتە مەهزەلە و نووكتەی سیاسی، چونكە لە هەموودوونیادا واباوە كە پەرلەمانی هەڵبژێردراو ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی گرنگ و كاریگەری هەیە لە پرسە چارەنووسسازەكاندا و دەتوانێ‌ ببێتە فاكتەرێكی بەهێز لە پاراستنی ژینگەی سیاسی و ململانێكاندا ، نەك  پێچەوانە خۆیان خۆیان ببنە كەواسوری بەر لەشكر و كێرڤی ململانێكان بەرزكەنەوە وەك ئەوەی كە ئێستا دەیبینین 

بەم ئاوەژووكردنەوە و سەرلێشێواویەش دەگەینە ئەو بڕوایەی كە بەرلەوەی پەرلەمان دەزگایەكی گشتی خەڵك بێ، پرۆسەیەكی‌ كارتۆنی‌ حوكمڕانی‌ دەسەڵاتدارەكانە بەگەڕانەوە بۆسیناریوی بەشداریەكان و دەیانەوێ لە ڕێگەی هەڵخەڵەتاندنی خەڵكەوە شەرعیەت بە خۆیان و حوكمرانێتیەكەیان بدەن، گەرنا كەی شتی وا سەیر و سەمەرە لە دونیای سیاسەتدا هەبوە و هەیە پەرلەمان خۆشكەری ئاگری فیتنەیەكی ناوخۆی بێت بەتایبەت لە سەر پرسێ هەڵبژاردن و بەرفراوانكردنەوەی تۆڕەكانی دیموكراسی، بەمەرجێ هەمووشیان باش لەوە گەیشتوون كە گەرمكردنی  ئەم بابەتە لە وەها دۆخێكدا چەن كاریگەری نیگەتیڤی دەبێ لە سەر ئاستی گشتی كۆمەڵگا و چۆن دەبێتە مەترسی لە سەر كۆی پرۆسەی سیاسی و ئەو بارودۆخەی كوردستانی تیایە ، بەكورتی ئەوەی دەگوزرێ نەك تەنها پەرلەمان وحكومەت و پایەكانی دیموكراسی‌ دەخاتە مەترسیەوە بگرە كۆی پنت و بنەماكانی سێستەمی سیاسی و ئابوری‌ و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی لەبەریەك هەڵدەوەشێنێتەوە و هەموو ڕێسەكەمان  لێدەكاتەوە خوری و دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر 

وتاری نووسەران