هەژار هەورامی

بەشی پێنجەم ،

چاوەڕوانی كۆتایی هات ودوژمنی خۆم ناسی

 

ماوەی چەند مانگێكە دوژمنێكی نەناس لە توێ توێ جەستەمدا سەنگەری لێگرتووم وخەریكە شیتاڵ شیتاڵم دەكات ،مرۆڤ ئەگەر دوژمنی خۆی بناسێت وبزانێت ئامانجی چییە؟توانای چەندە ؟ئامرازەكانی شەڕكردنی چیین؟هاوپەیمانەكانی كێن؟ خاڵەلاوازەكانی كامانەن؟بەچی تێك دەچێ؟ چی بەهێزی دەكات ؟باشتر دەتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە .ئەمشەو بە یارمەتی دكتۆری ئانكۆلۆژیست وكۆمەڵێك شیكاری خوێن و تیشك و دەرئەنجامی نموونەگرتنی ڕژێنە وگرێیەكانی ژێرچەنەكەو لای ملم، دۆژمنی خۆم دەناسم . ئەو كاتە گرینگترین دەرفەتە بۆ داڕشتنی ستراتیژ وتاكتیكەكانی ڕووبەڕووبوونەوەم لە گەڵ ئەو دوژمنە .

لە ڕۆژی ٨/٩ هەتا 11/٩ لە ماڵەوە بە یارمەتی ئینترنێت و ماڵپەڕە تایبەتمەندەكان و ئارشیڤی چەند ناوەندێكی تەندرووستی دەیان پۆختە وتار ،چەندین وتاری زانستی تایبەت بە شێرپەنجە ویەك دوو بەسەرهاتیشم خوێندەوە. هەروەها چەند وبیناریشم گوێگرت .تێكڕای بابەتەكان بۆمیان ڕوونكردەوە كە ڕووبەڕووی دوژمنێكی سەرسەخت، دەست وەشێن وبێ روحم بوومەتەوە .

لە گەل مامۆستا هێمن كات و شوێنی یەكتر بینینمان دیاری كردبوو ،قەوڵ وابوو  هەموو پشكنین وسۆنارەكان هەتا كاتژمێر 6 كۆ بكەینەوە و ئینجا بڕۆینە لای دكتۆر ،هەر وامان كرد ،كاتێك پشكنینی خوێنەكەمان وەرگرتەوە ، بەدەم ڕێگاوە مامۆستا هێمن چاوی لێیدەكرد ونازانم چی لێ تێگەیشتبوو ،ئاخر ئەو ئەزموونی پێشتری هەبوو ،بەداخەوە برایەكی بە هۆی شێرپەنجەوە جوانەمەرگ ببوو .

هیچی بەمن نەوت . لە شەقامی پزیشكانەوە بەرەو مزگەوتی حاجی حوسەین وشەقامی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێكەوتین،ئەو مەودایە ،چارەكێك زیاتر نەدەبوو ،بەڵام  من وام دەزانی ڕۆژە ڕێگەیەكە ،بیرم لە كاردانەوەی خۆم دەكردەوە ،بیرم لە ئاسەوارە ئابووری و دەروونی وجەستەییەكانی شێرپەنجەكەم دەكردەوە .تاو نا تاوئەو  كەمتیارەشم دەهاتەوە بیر كە ویستم ترۆمبێلەكەمی پێی بفرۆشم ، لە دوور ڕا دەمناسی ،دەمزانی ترۆمبێل دەكڕێت ودەفرۆشێ ،منیش تا ئەو چركەساتە كە پشكنینی خوێنەكەم وەرگرتبووەوە ،زیاتر لە هەزار وهەشت سەد دولارم خەرجی دكتۆر وداو ودەرمان كردبوو سێ لە چواری  ئەو پارەمە لە كۆنەهاوڕێیەكەم كە مل كەچی ئەمكداری وئەخلاقی ئۆمانیستی بوو  بە قەرز وەرگرتبوو ،ئەگەر چی هێشتا بە تەواوەتی پێیان نەگووتبووم شێرپەنجەمە، ئەوەندەم خەرج كردبوو! داخوا دوای دوزینەوەی دەردەكە چەندەم پێویست دەبێ؟ نازانم .بەڕاستی غەدرێكی گەورەیە هەژار وفەقیر تووشی ئەم جۆرە نەخۆشیانە ببێت،نەخۆشییەك  كە خەرجی تەنیا یەكجار پشكنینی خوێن وتیشك وسۆناری ،خۆی لە قەرەی 600 دولار بدات و ئەگەر بێت ودەوا ودەرمانەكەش بكڕێت دەبێت هەر جارە 3 هەتا 5 ملیۆن دینار خەرج بكات .ئەگەر بە گوێرەی توانای ئابووری، نەخۆشییەكان دابەش بكرێن حەق وا نییە چین وتوێژی هەژار تووشی ئەم جۆرە نەخۆشیانە ببن. بە تایبەت لەو وڵاتانەی كە بیمە ودەستەبەری كۆمەڵایەتی وبیمەی تەندرووستی لە ئارادا نییە وهەركەسە وهەر خانەوادە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی دەبێت پشت ببستێ بە توانای دارایی و بەرۆكی خۆی . نیسان تیداكە وكەمتیارە ناسیاوەكەم  هاتنەوە بیر . ئەوەندەی لە خەمی وەڵامی دكتۆر و شێرپەنجەكەمدا بووم دە ئەوەندە لە بیری دابین كردنی خەرج وتێچووی داو ودەرمان وپشكنین و ..... دا بووم . ئاخر ئەگەر پارەت نەبێت كەس بای مێشوولەیەك حیسابت بۆ ناكات . لە شەقامیش جەستەی نیوەزیندوو و نیوەمردووت ڕاكێشنە شوێنی دكتۆرێك، تا پێشەكی پارە نەدەیت ،ئاوەڕ لە مەیتەكەشت نادەنەوە!ئای پارە لە دەورت گەڕێم. خۆ كارل ماركس   لە خۆڕا نەیوتووە:

"پارە ئەمەكداری دەكاتە بێ ئەمەكی،ئەڤین دەكات بە قین وقینیش دەگۆڕێت بۆ ئەڤین،پاكی دەكاتە ناپاكی و ناپاكیش دەگۆڕێت بۆ پاكی ،باش دەكات بە خراپ وخراپەش دەكاتە باشە،خزمەتكار دەكات بە ئاغا وئاغاش دەكاتە قەرەواش،هۆشیاری دەكاتە دەبەنگی ودەبەنگیش دەكاتە هۆشیاری ."

هیچ درێژدادڕی ناوێت ،ئەگەر پارەت نەبێ پرۆسەی چارەسەری دژوارتر دەبێت.

 ناتوانی دكتۆر ببینیت ،ناتوانی بڕۆیتە پشكنینی خوێن ،ناتوانی دەوا ودەرمان بكڕیت . هەر لە بەر ئەم هۆكارە بیرم لە فرۆشتنی ترۆمبێلەكەمان كردبووەوە. بەڵام لە بەر ناساغی نەمتوانی بوو بڕۆمە پیشانگاكان ونرخی ڕاستەقینەی دەربێنم وبیفرۆشم . تەنیا ئەو كەمتیارە بە مەزەندەی خۆی و بۆ فریودانی من نرخێكی بۆ دانا بوو وپێی گوتبووم كڕیارە ، بۆ دەلێم كەمتیار ئاخر یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی كەمتیار ئەوەیە لە ناخڵاف و لە كاتێكدا گواندارێك بریندارە یان شەكتە وپەكی كەوتووە ، پەلاماری دەدات وهەل پەرستانە هێرشی بۆ دەبات ودەیمرێنێت . بەشێك لە مرۆڤەكان ئەو تایبەتمەندییەیان لە كەمتیارەوە بۆ ماوەتەوە . ئەو ڕووتەڵەی چڵكنی چەشنی كەمتیارە دەیزانی من بریندار ونەخۆش وپەشۆكاوم ،ناجوامێرانە دەیهەویست ترۆمبێلەكەم لە چەنگ دەربێنێت. ئەو ترۆمبێلەی  كە تەنیا توانای ماددی من بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكەم .

ئەو مەودایەش وەك هەموو مەوداكانی ژیان كۆتایی هات گەیشتینە شوێنی دكتۆر . سەركەوتین بۆ تابقی دوویەم . لە سەر پلەكانەكان دیسان بەرماڵەكە سەرنجی ڕاكێشام ، خۆزگە دەمتوانی ئەو بەرماڵە وەقسان بێنم ، دەرد ودوعا ونزای  نەخۆش وهاوڕێیەكانیانی بۆ باس بكردبامایە وباسی ئەو مرۆڤە سادە وهەژارانەی بكردبایە  كە جگە لە دوعا كردن وپاڕانەوە لە خودا هیچیان بۆ نەماوەتەوە، دوعا ونزای ئەو كۆلەوارانەی كە تەنیا چەند ڕۆژێك زیاتریان نەمابوو لە ژیاندا ،خۆزگە، بۆی باس دەكردم، هەژارترین وبێ دەرەتان ترینیان كامە نەخۆش بوو وچی لە خودا دەویست ؟ئایا كەسی وا هەبووە كە لە خودا بپاڕێتەوە نەخۆشەكەیان زووتر بمرێت ؟بەڵكۆ ئیتر لەوە زیاتر بۆ خەرجی دكتۆر وداو ودەرمان  قەرزی بۆ نەكەن  . داخوا كەسانی وا هەبوونە كە لە سەر ئەو بەرماڵە لە خودا پاڕابێتنەوە نەخۆشەكەیان زووبەزوو چاوە سۆماتكاوەكانی ببەستێت وماڵئاوائیان لێبكات؟

چووینە هۆڵەكەوە ، لە بەر  ئێش وئازاری ناسۆرەكەم  شەلان شەلان خۆم گەیاندە سەر كورسییەك ودانیشتم ،هەڵبەت لە سەر لاڕانێك. دووای ماوەیەك دڵە ڕاوكێ ونیگەرانی وپشوو تەنگی بۆ وەرگرتنەوەی وەڵام و دەرئەنجام، لە كاتژمێری شەش ونیو  چووینە ژووری ئاریكاری دكتۆر وخۆم كێشا وپەستانی خوێنان گرتم و پاش چەند خولەكێك  چووینە لای دكتۆر ، كێشم 72 كیلۆ بوو . نزیكەی 30 كیلۆم كەم كردبوو!  چووینە ژووەرەوە . دكتۆر بەخێر هاتنی كردین ،  خەریكی خوێندنەوەی دەرئەنجامی پشكنینەكان بوو ، لە ژێر چاویلكەكەیشیەوە لە منی دەنواڕی ، هەستایەوە بە نەرمی بەڵام لێبڕاو پێی ڕاگەیاندین كە تووشی شێر پەنجە بوومە ،هەڵبەت دەڵنەوائیشی دەدامەوە ولە شاشەی  تەلفزیۆنەكەی كابرایەكی پیری عەرەبی نیشان دام كە دەكەوتە بەر دیدی یەك لە كامیراكانی هۆڵەكەوە، پێی وتم ئەو كابرایە هەمان نەخۆشی تۆی هەیە وچەند ساڵە نەمردووە و هێشتا دەژی ، بە وردی لە كابرای عەرەبم نواڕی ، دەمهەویست بە جل وبەرگ وپێلاوەكانی ئاستی دەستڕۆیشتوویی ئابووری تێبگەم ،ئەویش سەركەوتوو نەبووم ، ئاخر پێلاو پێوەرێكی باشە وەك دەستپێك بۆ تێگەیشتن لە ئاستی دارایی مرۆڤێك، بەڵام بەداخەوە تەنیا نەعلێكی سادەی لە پێی دا بوو .(دوواتر بۆم دەركەوت سەرۆك عەشیرەیە وتا ئێستە چەند دەفتەر دولاری خەرج كردووە بۆیە هێشتا دەژیا).

كە دكتۆر پێی وتین كاك .....تووشی شێرپەنجە هاتووی و ئێستا دەوا ودەرمانت بۆ دەنووسم و چەند ڕۆژی تر ئەنجامی ئەم چەند پشكنینەم بۆ بێنەوە وپشت بە خوا یەكێك لە ڕیگاكانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەردەكەت دیاری دەكەین .یان كیمی دەرمانییە یانیش تیشك بەكار دێنین وبۆشی هەیە تێكەڵێك لە هەردووكیان بە كار بێنینن لە گەڵ دەوا ودەرمانی دیكە .ئەوەی كە دكتۆر ئاوا ڕاست وڕەوان وبێ گرێ وگۆڵ دەرئەنجامەكەی پێی وتین! خۆم داوام لێیكردبوو وكەمۆكەیەك لە ژیانی خۆمم بۆ باس كردبوو. بۆیە بەڕێزیشی بە بێ ترس وڕاشكاو چاوی لەچاوانم بڕی و نەرم بەڵام لیبڕاو وتی تووشی شێر پەنجە هاتووی .

بۆ چەند چركەیەك چاوم كوێر وگوێم كەڕ بوون . كەلەی سەرم كاس بوو وەك ئەشكەوتە كەونئاراكان كپ وبێدەنگ بوو .

كەژاوەی ژیانی پەنابەرێك لە بنچینەوە تەق ولەقە ، ڕێگاكانیش پڕ كەند وكڵۆ،قۆرتی سەرسووڕهێنەری تێیدایە!جار وباریش هەڵدێری سامناكی دێتەپێش،یەك لەو هەڵدێرە پڕلە مەترسی و ترسناكانە ئەوەیە لە ناكاو تووشی نەخۆشییەكی سەخت وپڕخەرج دەبیت ،شێرپەنجە یەك لەو نەخۆشیانەیە.كاتێك دكتۆری ئانكۆلۆژیست  پێی راگەیاندم كاكە تووشی شێرپەنجە هاتوویت وچەند ساڵێكیشە لە گەڵتە ،سەیرە هەستت پێی نەكردووە . ئیتر بە ژنەفتنی  ئەو وتەیە وەك ئەسپی شەكەت، برسی وتینوو كە 57 ساڵە كژاوە شەق وشڕی ژیانی سەخت ودژواری مرۆڤ بوون وكوردایەتی لە بزنە ڕێیەكانی  ڕۆژهەڵات وباشووری كوردستان ڕادەكێشێت ، ئەژنۆكانم شڵ بوون .بۆ چەند چركەیەك چاوم نەهێمن ونەدكتۆری نەدەدیت "گوێشم هیچی نەدەبیست، ملیۆنان نێرۆنی عەصبی ڕاوستابوون . نە لە مێشكمەوە پەیامێك دەچوو بۆ ئەندامەكانی لەشم  نەش پێچەوانە،  هیچ پەیامێك بۆ مێشكم نەدەهات .جووڵەم لێ برا بوو ، وەك مشكێك كە  لە ترسی كتك خۆی دەمرێنێت و بزاوتی نامێنێ ،منیش لە خەم یان ڕەنگە لە ترسی وشەی شێرپەنچە جووڵەم لە بەر بڕا بوو. مردوو دەبێ بە شیوەی ئاسۆیی ڕاكشابێ كە چی من بە پێەوە وبە شێوازی ستوونی مردبووم ،هەڵبەت بۆ چەندچركەیەك .

لە ناكاو وزەیەكی نادیار بەڵام بەهیز بەناو دەمارەكانی مێشكمدا كەوتنە ڕێ گەیشتنە سەر زمانم ، بە متمانە بەخۆیەكی سەیرەوە پرسیم ، لەمەوە بەدووا دەبێ چ بكەین ؟كاك هێمنیش چەند پرسیاری ئاراستە كرد ،كاتێك وتی توانای بەرگری لەشت لە ژێر سفرەوەیە وهیچ خانێكی سپی بەرگریكار لە لەشتا بە ساغی نەماون كە بەرگری لە جەستەت بكەن بەرانبەر بە نەخۆشییە وایرۆسی ومیكرۆبییەكان و دەبێ لە قەرنتینەدا بیت و نەچیتە ناو خەڵك ،كەسی زۆر لە دەورت نەبن ، ئەوەندەی دیكە ورەم داڕووخا ، واتا بێكار دەبم و سەرچاوەی داهاتیشم لە ناو دەچێت .ئەوە شێرپەنجەی ڕاستەقینەیە!! بێكار بوون وبێ داهاتی شێرپەنجەیە!! نە ئەمەی كە من تووشی هاتووم ..هێمن پرسی واتا ناتوانێت مامۆستایەتی بكات و وانە بڵێتەوە ؟ ئاخر دكتور بەڕێزیان مامۆستان لە پەیمانگە وپۆلەكانیش زیاتر لە 50 قووتابی  تێیدایە ؟ لە وڵامدا فەرمووی نا نا ،هەرگیز ،هەرگیز . لە سەر لاپەڕەیەك كۆمەڵیك دەرمانی بۆ نووسیم و دوو پەڕەی دەیكەشی دامی بۆ پشكنینی خوێن وسنۆگرافی، یەكیان بۆ بەشی خوێنی نەخۆشخانەی نانەكەلی بوو ،  پێی وتین 15 ڕۆژ دوواتر وەرنەوە ،پشكنینەكانیش لە كاتی خۆێیدا بكەن ولە گەڵ خۆ بیهێننەوە.

كاتێك دكتۆرمان بە جێ هێشت وهاتینە ناو هۆڵەكەوە ،وێنەیەكی یادگاریم چركاند وشەو لە والی فەیس بووكەكەم دام نا  .

وتاری نووسەران