
ڕزگار بابان
٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە هەموو وڵاتانی دنیادا نییە حکومەتێک دەست بەسەر مووچەی فەرمانبەرانیدا بگرێت یان گرتبێت بۆ ماوەی زیاتر لە چل مانگ، و لەگەڵ ئەوەش دا توانای ئەوەی نەبێت مانگانە بە ڕێکی مووچەی کارمەند و فەرمانبەرانی بدات ، گەل و خەڵکەکەی بێدەنگ و مل کەچ بن حکومەتەکەش هەر بەردەوام بێت.
مووچە چاکەیەك نییە لەلایەن دەوڵەتەوە بیدات بە فەرمانبەرەکانی؛ بەڵکو مافێکی یاسایی و مافێکی شەرعین لە بەرامبەر ئەو ماندوو بوون و خزمەتە گشتیانەیە کە کارمەندان و فەرمانبەرانی وڵاتەکە پێشکەشی دەکەن. بەرهەمی ماندووبوونی ڕۆژانە و شەوانە و ساڵانێکی زۆری ماندووبوونیانە، و گەرەنتی ژیانێکی شکۆمەندانەیە بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان. بۆیە دواخستنی پارەدان یان دەستبەسەرداگرتنیان بۆ چەند مانگێک تاوانێکی ئەخلاقی و یاساییە یەکەم دژی مرۆڤایەتی، و دووەم دژی گەل و وڵاتەکە.
سەرکردەی هیچ وڵاتێک لە دونیای شارستانیدا ڕێگە بەخۆی نادات بۆ ماوەی زیاتر لە چل مانگ پارەی هاووڵاتیانی خۆی بە ناووی پاشەکەوت کردنەوە نەدات، گشت ساڵێکیش دوو مووچە یان سێ مووچەی مانگانەی کۆی فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەتەکەی بخوات و ، فەرمانبەرەکانی بە بێ توانایی و نەبوونی بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و ژینی خۆی منداڵەکانی، وەک خۆراک، دەرمان، خوێندن، و کرێی شوێنی نیشتەجێبوون. ئەم جۆرە ڕەفتارانە نەک هەر دەرخەری شکستی حکومەتە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی داهات دەوڵەت دا ، بەڵکو دانپێدانانێکی ڕاست و ڕەوانە لەبەردەم گەلەکەی خۆی و جیهاندا کەوا شەرعیەت و توانای حوکمڕانی لەدەست داوەو، پێویستە بێ چەند و چون ڕێگە بۆ کەسانێکی شیاووتر چۆڵ بکەن بۆ بەڕێوە بردنی وڵاتەکە.
لەوەش مەترسیدارتر بێدەنگی و ملکەچ کردنی خەڵك و مووچە خۆرانە بە گشتی لەسەر ئەو جۆرە ستەم و زۆرداری و نا دادیە ، چونکە ئەو بێ دەگییە دەرگا بەڕووی ستەمی دارایی و ئیداری زیاتر دەکاتەوە و هاوڵاتیآن لە درێژەی ستەمکاری و نادادپەروەریدا دەهێڵێتەوە . مێژوو ئەوەی سەلماندوە ، مافەکان نادرێن، بەڵکو لە ڕێگەی داواکاری ڕەوا و ناڕەزایەتی ئاشتیانە و فشاری دەستەجەمعی و گشتییەوە وەردەگیرێتەوە.
بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بەگشتی گەل ، فەرمانبەران و کرێکاران درک بەوە بکەن کە دەنگیان بەهێزترین چەکە دژ بە سیاسەتەکانی پەراوێزخستن و گەیشتن بە مافە یاساییە ڕەواکانیان و یەکگرتوویی تاکە ڕێگایە بۆ ناچارکردنی هەر دەستەو حکومەتێک بۆ ڕێزگرتن لە لە مافی مرۆڤ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی سەر شانیان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست. هێچ میللەتێکی خاوەن کەرامەت لە جیهان دا نییە و نابێت ئەگەر مافەکانی پارێزراو نەبێت ، وە هیچ ئایندەیەکی باشیش نییە بۆ گەلێک کە لە بەرامبەر ڕزق و ڕۆزی دزراوی ڕۆژانە و مانگانەی خۆییان دا بێدەنگ بن.
تواناو بوێری وەرگرتنەوەی مافەکان لە هۆشیاریەوە دەست پێدەکات، هۆشیاریش لە شکاندنی بەربەستی ترس و بێدەنگی دەست پێدەکات.