ستار ئەحمەد

 

​چیتر ناکرێت لە ئاست ئەو ساردی و بێدەربەستییەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا بێدەنگ بین، ئەو کەسانەی بە دەنگی هەژاران و بەڵێنی گەورە گەیشتنە ناو هۆڵی پەرلەمان، ئێستا بوونەتە تەنها ژمارەیەکی بێدەنگ لە ناو هاوکێشە سیاسییەکاندا. مێژوو سەلماندوویەتی نوێنەرایەتی گەل پێویستی بە هەڵوێستی جوامێرانە هەیە، نەک تەنها دانیشتن لەسەر کورسییە نەرمەکان و چاوەڕێکردنی کۆتایی مانگ بۆ وەرگرتنی مووچە و نەسرییەی چەور. ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستا لە بەغدان، بوونەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر شانی میللەتەکەیانەوە، لە جیاتی ئەوەی ببنە بەرگریکاری سەرسەختی مافە دەستوورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و بژێوی خەڵک، خەریکی تێپەڕاندنی مامەڵە تایبەتییەکانی خۆیانن. بینیمان چۆن لە کاتی بڕیارە چارەنووسسازەکاندا دەبنە تەماشاکەر، چۆن لە کاتی دابەشکردنی پۆست و ئیمتیازەکاندا دەبنە شێری دەمڕاست، ئەمەش نیشانەی تێکچوونی بەهای نوێنەرایەتییە لە لای ئەوان. گیرفان پڕکردن بووەتە ئامانجی یەکەم، کۆکردنەوەی سەروەت و سامان لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی مامۆستایان و فەرمانبەران پیشەی سەرەکییانە.

​ئەوانەی لە کاتی هەڵبژاردندا بە دروشمی خزمەتی خاک و پاراستنی قەوارە مێشکی خەڵکیان پڕ کردبوو، ئێستا لە باوەشی ئیمتیازاتەکانی بەغدادا هەموو شتێکیان فەرامۆش کردووە. نوێنەرایەتی لای ئەوان گۆڕاوە بۆ وەرگرتنی شوقەی ڕاقیی و ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ، لە کاتێکدا دەنگدەرەکانیان لە ناو قوڕو لیتەی بێخزمەتگوزاریدا دەخنکێن. هیچ کات بەقەد ئێستا کورد لە بەغدا بێهێز نەبووە، ئەم بێهێزییەش نەک لەبەر کەمیی ژمارەی کورسییەکان، بەڵکو لەبەر بچووکیی کارەکتەرەکانە. ئەوانەی لە هەولێر و سلێمانی بە دەنگی بەرز باسی مافی نەتەوەییان دەکرد، ئێستا لەبەردەم بەرژەوەندییە مادییەکاندا بوونەتە کۆیلەی دەسەڵاتی مەرکەزی، هیچ پرۆژە یاسایەکیان بۆ خزمەتی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان پێشکەش نەکردووە. ململانێی ئەوان لەناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ جێگیرکردنی مافەکان نییە، بەڵکو بۆ نزیکبوونەوەیە لە سەرچاوەکانی پارە و دەستکەوتی شەخسی.

​جەماوەر چاوەڕوانی ئەوە بوو ئەم نوێنەرانە ببنە پردی پەیوەندی بۆ کۆتاییهێنان بەو مەینەتییانەی ساڵانێکە بەرۆکی کوردستانی گرتووە، دەرکەوت ئەوان تەنها بۆ گۆڕینی ژیانی شەخسی خۆیان و نەوەکانیان چوونەتە ئەوێ. هیچ جیاوازییەک لە نێوان زۆرینەیان نەماوە، هەمویان لەسەر مێزی سەودا کۆدەبنەوە، کێبڕکێ دەکەن کێ زیاتر پشک و گرێبەست بۆ کۆمپانیاکانیان دەباتەوە. ئەمە خیانەتێکی سپییە لەو متمانەیەی پێیان درابوو، پەرلەمانتار دەبێت دەنگی مەزڵووم بێت، نەک شەریکەبەشی زاڵم. کاتێک دەبینین نوێنەرێکی کورد لە بەغدا خەریکی کڕینی مۆڵ و باڵەخانەیە، تێدەگەین بۆچی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم هەرگیز چارەسەر نابێت. ئەوان بەرژەوەندییان لە بەردەوامی کێشەکاندایە، چونکە لەناو لێڵی ئاودا باشتر ڕاو دەکەن. بێدەنگییان بەرامبەر بڕیارە نادەستوورییەکانی دژی هەرێم، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوان تەنها بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی خۆیان لەوێن.

​ئەم نوێنەرانە لە کاتی بڕینی قووتی خەڵکدا تەنها بە لێدوانی تەلەفزیۆنی خۆیان دەشارنەوە، لە پشت پەردەشەوە خەریکی مسۆگەرکردنی پشکی حیزب و تاقمەکانیانن. ناوچە دابڕێنراوەکان بوونەتە قوربانی بێدەنگی و بێهەڵوێستی ئەوان، کەرکوک و ناوچەکانی تر لە ژێر هەڕەشەی تەعریب و پەراوێزخستندان، کەچی پەرلەمانتارەکانمان سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئیمتیازاتی شەخسین. ئەوانەی بەناوی نەتەوەوە دەچنە بەغدا، دەبێت بزانن مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە، پۆست و پلە کاتیین، بەڵام خیانەت لە متمانەی گەل پەڵەیەکی ڕەشە قەت پاک نابێتەوە. بێباکی ئەم کارەکتەرانە گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت شەرم لە چاوی دایکانی شەهید و گەنجە بێکارەکانیش ناکەن، تەنها خەمیان پاراستنی ئەو ئیمپراتۆریەتە داراییەیەن کە لەسەر حیسابی گشتی سازیان کردووە.

​پێویستە بپرسین، ئایا ئەرکی نوێنەر ئەوەیە ببێتە بەشێک لە گەندەڵییەکانی پایتەخت، یان ببێتە دەنگی ناڕەزایەتی ئەو خەڵکەی نانی نییە بیخوات؟ بێئومێدکردنی نەوەی نوێ لە پرۆسەی سیاسی گەورەترین تاوانە ئەم گروپە ئەنجامی دەدەن، چونکە وایانکردووە گەنج تەنها ڕێگای ڕزگاربوون لە کۆچکردن و جێهێشتنی نیشتماندا ببینێتەوە. ئەوان لە ناو هۆتێلە پێنج ئەستێرەییەکان باس لە مافی مرۆڤ دەکەن، لە کاتێکدا لێرە شکۆی هاوڵاتی لەسەرەتاییترین مافەکان داماڵدراوە. کاتی ئەوە هاتووە خەڵک ڕووی ڕاستەقینەی ئەم بازرگانە سیاسییانە ببینێت، تێبگات بەغدا بۆ ئەوان بووەتە بەهەشتی گیرفان، بۆ خەڵکیش بووەتە دۆزەخی بێمووچەیی و بێکاری. ئەم وتارە وەک زەنگێکی مەترسییە بۆ ئەوانەی وایانزانیوە میللەت لەبیرییان دەکات، لە کۆتاییدا تەنها شەرمەزاری بۆ ئەو کەسانە دەمێنێتەوە کە کوردایەتییان کردە کاڵایەک بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆیان.

​پێویستە ئەم بێدەنگییە بشکێنرێت، داوای لێپرسینەوە لەو نوێنەرانە بکرێت کە چوار ساڵ تێدەپەڕێنن بێ ئەوەی یەک خزمەتگوزاری یان یەک دەستکەوتی ڕاستەقینە بۆ شارەکانیان دابین بکەن. پەرلەمانتاریی ئەرکە نەک پۆست، خزمەتە نەک بازرگانی، ئەفسوس ئەوانەی ئێستا لە بەغدان، تەنها وەک مووچەخۆرێکی پلە باڵا سەیری خۆیان دەکەن. ویژدانی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە نابێت چیتر ڕێگە بدات ئەم شانۆگەرییە بەردەوام بێت، دەبێت هەر دەنگدەرێک بپرسێت: ئەو نوێنەرەی بە دەنگی من چوو، ئێستا چی بۆ من کردووە جگە لە پڕکردنی گیرفانی خۆی؟ گەل تێگەیشتووە نوێنەرایەتی بە قسەی زل ناکرێت، بەڵکو بەو هەڵوێستانە دەکرێت کە قووتی خەڵک لە دەستی یارییە سیاسییەکان دەپارێزێت. هەر دەنگێکی بێدەنگ لە ئاست ئەم گەندەڵییە، دەبێتە هاوبەشی لەو شکستانەی کە داهاتووی منداڵەکانمان بەرەو نادیار دەبات. ئەم نوسینە کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ بێدارکردنەوەی ویژدانی ئەو کەسانەی هێشتا بڕوایان بە گۆڕانکاری و پاراستنی شکۆی مرۆڤی کورد ماوە.

وتاری نووسەران