
خدر ئیبراهم خدر
لەکاتێکدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژی دۆخی ژیانی مامۆستایان وەک توێژێکی زیندوو و کاریگەری ناو پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بەرەو خراپتر دەچێت و هیچکامێک لە دەسەڵاتی باڵای وڵات و دامەزراوەی پەیوەست بەو پڕۆسەیە وەک پێویست کەسێتی مەعنەوی و توانستی فێرکاری و زانستییان لەبەرچاو ناگرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەچەندین ڕووەوە پشتگوێیان خستوون بەتایبەتی لەڕووی دابینکردنی حەسانەی کەسێتی و پیشەیی و پێدانی ماف و شایستە داراییەکانیانەوە، کەچی سەرەڕای ئەوانەش تا دێت بە بڕیار و ڕاسپاردە کتوپرەکان کە مەخابن زۆرینەیان لە دەرەوەی دیراسە و هەڵسەنگاندنی پێشوەختەدا ڕاگەیەنراون، ئەرک و مەهامییان قوورستر دەکەن و ناچاریان دەکەن نەتوانن وەک پێویست ئەو کات و وەختەی بۆ پەروەردە و فێرکردنی خوێندکاران تەرخانیان کردووە، پیادەی بکەن.
هەڵبەت، هیچ کەسێکی ژیر و هۆشمەند لاری لەوە نییە پەروەردە و فێرکردن وەک پڕۆسەیەکی زیندوو کە پەیوەندی بە ئێستا و داهاتووی سەرجەم مرۆڤەکانی کۆمەڵگەوە هەیە، نیازی بەوەیە بەردەوام نوێگەری و بەرەوپێشچوونی تیادا بێتەکایەوە. بەڵام قسەکە لەوەیە چۆن ئەو نوێگەری و بەرەوپێشچوونە دێتە دی؟ ئایا تەنها لەوەدا بەرجەسە دەبێت کە بڕیارە کتوپڕ و دیراسەنەکراوەکان ڕابگەیەنرێن و ئاراستەی ناوەندەکانی خوێندن بکرێن تاکو جێبەجێ بکڕێن، یاخود بەوە دەبێت کە پێشوەختە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و بیروڕا و سەرنج و تێبینی و پێشنیاری شارەزا و پسپۆڕان لەلایەکەوە و مامۆستایان و دەستەی کارگێری خوێندنگە و قوتابخانەکانیان لەلایەکی ترەوە، تیادا بەهەندبگیرێت؟ چونکە پشگوێخستنی بیروڕا و سەرنج و تێبینی و پێشنیاری ئەوان وادەکات ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە فۆرمێکی نامۆ ونائاسایی وەربگرن و نەتوانن کاریگەرییەکی چلۆنایەتی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دابنێن. جگە لەوەش، بەهەندنەگرتن و نەخوێندنەوەی واقیعی ژیانی مامۆستایان لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لەبەرچاونەگرتنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتووری و سایکۆلۆژی خوێندکاران وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگە، وادەکات ئەگەری جێببەجێکردن و سەرکەوتنی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە کەمترین پێوانەیان بۆ کەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر نەڵێین بە تەواوی بە بنبەست دەگەن.
*
مادام بەشی زۆری ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی دامەزراوەی پەروەردە و فێرکردن ڕووی لە مامۆستایانە وەک فێرکار و کاراکتەری سەرەکی ناو ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن، هەروەها بۆ ئەوەیە لەڕووی چلۆنایەتی وانەوتنەوە و مامەڵەیان لەگەڵ خوێندکاران و گەیاندنی زانیارییەکاندا گۆڕانی بەسەردا بێت، پێوست بوو ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە بە جۆرێک فۆرمەلە بکرێن و دابڕژێرێن کە هەماهەنگی مامۆستایانی تیادا دەنگبداتەوە، ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەییش بێت. هەروەها وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، نیازیكی گەورەی بەوەبوو سەرخانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتووری و سایکۆلۆژی خوێندکارانی تیادا لەبەرچاو بگیرێت، نەک ئەوەی زۆرینەی پێدراو و داتانیان هەڵێنجراوی واقیعی ئەم وڵات و ئەو وڵات بن و بەشێوەیەکی نائاسایی بخزێنرێنە ناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی ئەو وڵاتە و چاوەڕێش بکرێت بەبێ هیچ سەرنج و ڕەخنە و تێبینییەک پراکتیزە بکرێن.
خۆزگەم دەخواست بەرپرس و باڵادەستە بەڕێزەکانی ئەو دامەزراوەیە لەخۆیان بپرسن لەبەرچی تا دوێنێ لەگەڵ ئەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن کلاسیکی بوون و سەرچاوەکانی زانیاری کەم و سنوورداربوون و مامۆستایانیش بەشێوەیەکی ڕەها سەنتەربوون لە ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردندا و گۆشاری پەروەردەیی و زانستی توندیان بەکاردەهێنا بۆ تێگەیاندنی خوێندکاران، کەچی ئاست و پایەی پڕۆسەی پەوەردە و فێردن بەرز بوو، هەروەهیا توانستی فێربوونی خوێندکارانیش ئەوپەڕی لەسەرەوە بوو. بەڵام ئەمڕۆ بە پێچەوانەوەیە و سەرەڕای هەبوونی پێدراوە زانستی و فێریکارییە زۆر و زەوەندەکان، کەچی ئەو پرۆسەیە لەرووی ئاست و پایەوە ناتوابێت بگات بە ڕابردوو لەو وڵاتەدا؟ بێگومان وەڵامی ئەو پرسیارە بەوهێندە قوورس نییە و ئەوەی ئەو جیاوازییە گەورەیەی درووستکردووە بەپلەی یەکەم پەیوەستە بە پشگوێخستنی کەسێتی مەعنەوی مامۆستایان لەلایەک و دەستێورەدانی حزبی لە ناوەندەکانی خوێندن و سەپاندنی بڕیارە کتوپڕەکان و کۆپیکردن و گواستنەوەی ئەزموونی ئەوانی دی بۆ ناوەندەکانی خوێندندن لە فۆرمێکی دیراسەنەکراودا. سەرەڕای سەندنەوەی مافی پەروەردەکردنی خوێندکاران لە مامۆستایان لەپەنای فێرکردنیاندا لەژێر ناوی بەسەنتەرکردن و ئازادکردنیان لە زۆر بواری ڕەفتاری و کۆمەڵایەتیدا.
*
ئاراستەکردنی زۆرینەی پڕیار و ڕاسپاردەکان بە بێ دیراسە و هەڵسەنگاندنی پێشوەختە و بەهەندنەگرتنی دۆخی ژیانی مامۆستایان و نەخوێندنەوەی واقیعی پەروەردە و فێکردن و لەبەرچاونەگرتنی سەرخانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتووری و سایکۆلۆژی خوێندکاران، وادەکات زۆرینەی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە ڕەتبکرێنەوە و پەرچەکرداری مامۆستایانیان لەئاستدا لێ ببنرێت، هەروەک ئەوەی لەو ماوەیەدا لە دەیان خوێندنگە و قوتابخانەدا بینیمان و تیایدا مامۆستایان بەشێوەیەکی دەستەجەمعی هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و بەکدەنگی پلانی ڕاهێنانی مامۆستایان و پڕۆسەی دڵنیایی جۆریان ڕەتکردەوە.
*
هونەر لەوەدا نییە بڕیار و ڕاسپاردەکان بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕێنەکراو ڕابگەیەنرێن و ئاراستەی ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن بکرێن و پاشان بە هۆکاری جۆراوجۆر سڕ بکرێن و وەلابنرێن. بەڵکو هونەر لەوەدایە پێشوەختە هەڵسەنگاندنی بۆئەو بڕیار و ڕاسپاردانە بکرێت و بیروڕا و سەرنج و تێبینی و پێشنیاری کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و توێژی مامۆستایان و دەستەی کارگێری خوێندنگە و قوتابخانەکانیان تیادا بەهەندبگیرێت. لەهەمانکاتدا دۆخی ژیانی مامۆستان و سەرخانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتووری و سایکۆلۆژی خوێندکارانیشیان تیادا لەبەرچاوبگیرێت. ئەوکات نە بڕیار و ڕاسپاردەکان ڕووبەڕووی بەرکەوتن دەبنەوە و سڕ دەکرێن، نە لەرووی ناوەڕۆکیشەوە بێ کاریگەری دەمێننەوە لە ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردندا.
١٥ / ١١ / ٢٠٢٤