
ڕێواس بانیخێڵانی
پێشەکی
پەیوەنديی نێوان قوتابی و مامۆستا یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکانی پرۆسەی پەروەردە. ئەم پەیوەندییە نە تەنها کاریگەريی لەسەر ئاستی ئەکادیميی قوتابیيان هەیە، بەڵکو دەگاتە کاریگەری لەسەر گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کەسایەتییان. بۆیە پێویستە ئەم پەیوەندییە بەشێوەیەکی دروست و ئەرێنی بنیاتبنرێت. دیارە دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا دوو لایەنەیە، بەڵام مامۆستا وەک ڕێنماییکەر و کەسێکی گەورە دەتوانی ڕۆڵی سەرەکی لەم پەیوەندییەدا ببینێت.
تایبەتمەندیيەکانی پەیوەنديی باشی نێوان قوتابی و مامۆستا
ڕێزگرتن و متمانە
پەیوەنديی سەرکەوتوو لەسەر بنچینەی ڕێزگرتنی قووڵ دامەزراوە. مامۆستا پێویستە ڕێز لە کەسایەتی و بیرۆکەکانی قوتابییان بگرێت، هەروەها قوتابییان ڕێز لە زانست و ئەزموونی مامۆستا بگرن. ئەم ڕێزگرتنە دووڕەوگەیە بنەمای متمانەیەک دادەنێت، کە بۆ فێربوونی کاریگەر زۆر گرنگە.
گوێگرتنی چالاک
یەکێک لەبنەما گرنگەکانی هەموو جۆرە پەیوەندییەک، فێربوونی گوێگرتنە لە یەک.
مامۆستای باش نە تەنها قسە دەکات، بەڵکو گوێگرێکی باشە. گوێگرتن لە پرسیار، نیگەرانی و بۆچوونەکانی قوتابیيان، نیشانەی دانی بەها و نرخە بە قوتابی وەک مرۆڤێک، ئەمەش وا لە قوتابیيان دەکات زیاتر بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن و لەهەمان کاتدا فێردەبن گوێ لە یەکتربگرن.
پشتگیری و هاندان
پەیوەنديی ئەرێنی نێوان هەردوو لا پێویستی بە پشتگیری بەردەوام و هاندانی دروستە. گرنگە مامۆستا لە کاتی سەختیدا پشتگیری قوتابییانی بکات و لە کاتی سەرکەوتنیشدا پیرۆزباییان لێبکات. واتە لێرەدا مامۆستا کەسایەتییەکی هاوسۆز و بەهەستی دەبێت تا بتوانی لە دەموچاوی قوتابییانی، لە هەستەکانیان تێبگات و بزانێت چۆن لەو سات و ڕۆژەدا مامەڵەیان لەگدا بکات.
ڕاستگۆیی و شەفافیەت
پەیوەنديی دروست پێویستی بە ڕاستگۆیی هەیە. مامۆستا دەبێت بە شەفافیەت ڕووبەڕووی قوتابییانی بێتەوە، بەشێوەیەکی پەروەردەییانە، باش لە هەڵە و لاوازییەکانیان بکات، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە کە لایەنە بەهێزەکانی تاکەکانی بیربچێت. بەگشتی لە کاتی هەڵسەنگاندنی قوتابیدا، هەنگاوی یەکەم باس لە خاڵە بەهێزەکانی قوتابی دەکرێت، پاشتر باس لە خاڵە لاوەزاەکانی بە چارەسەرەوە دەکرێت.
ڕۆڵی مامۆستا لە دروستکردنی پەیوەنديی باش
ڕابەری ڕێنمایی
مامۆستا نەک تەنها زانیاری دەگوازێتەوە، بەڵکو وەک ڕابەرێکی ڕێنمایی، کار دەکات کە قوتابییان بەرەو گەشە و سەرکەوتن ئاراستە دەکات. ئەم ڕۆڵە پێویستی بە لێهاتوویی تایبەت و توانای تێگەیشتنێکی مرۆیيانە هەیە. چەند مامۆستا کراوە بێت لە ڕینماییکردن، هێندەش قوتابیيان کراوە دەبن لە دەربڕینی گرفتەکانیان.
دروستکردنی ژینگەی ئارام
مامۆستا بەرپرسیارە لە دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و دڵنیا، کە تێیدا قوتابییان بتوانن بەئاسوودەیی فێربن و پرسیار بکەن. ژینگەیەک کە قوتابی هەست بە دڵنیایی بکات و هاندەربێت بۆ دروستکردنی خۆشەویستی نێوان قوتابی و قوتابخانە.
ڕۆڵی قوتابی لە دروستکردنی پەیوەنديی باش
بەشداريی چالاک
قوتابی گەر متمانەی بەخۆی هەبێت، بەشێوەیەکی چالاک لە پرۆسەی فێربووندا بەشداردەبێت. دەکرێ بەشدارییەکەی شێوەی جیاواز وەربگرێت، وەک پرسیارکردن، گفتوگۆکردن، بەشداريی لە چالاکییەکانی ناو پۆل و دەرەوەی پۆلدا. زۆر جاریش بەڕێوەبەرایەتی سەرکەتوو، بەرپرسیارێتی سەرکەوتنی قوتابخانە یان پاکوخاوێنيی قوتابخانە دەخاتە ئەستۆی قوتابییان، بەمجۆرە بازنەی بەشدارییەکە بەرفراوان دەکات.
ڕێزگرتن و بەرپرسیارێتی
قوتابی دەبێت ڕێز لە مامۆستا و پرۆسەی فێربوون بگرێت و بەرپرسیارێتی خۆی وەربگرێت لە بەدیهێنانی ئەرکەکان و بەشداریکردن لە چالاکيیەکاندا.
کاریگەريی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی پەروەردە
باشترکردنی ئەنجامی ئەکادیمی
کاتێک پەیوەنديی نێوان قوتابی و مامۆستا باش بێت، ئەنجامی ئەکادیمی قوتابیيان باشتر دەبێت. مامۆستا دەتوانێت کەسایەتییەکی نموونەیی بێت بۆ قوتابییەکانی، ئەمەش پاڵنەر و وزەیەکی ئەرێنی لە دەروونی قوتابیدا دروستدەکات، خولیای فێربوون و قووڵبوونەوە لە بابەتەکاندا دروستدەکات.
گەشەی کەسایەتی
پەیوەنديی دروست یارمەتيی قوتابی دەدات کە متمانەی بەخۆ بێت، فێری دەکات شێوازی دروستی پەیوەنديی بە کەسانی ترەوە هەڵببژێرێت، لەهەمان کاتدا لەو جۆرە پەیوەندییانەدا توانای بڕیاردان و کارکردنی لەگەڵ کەسانی تر دەبێت. ئەمانە لێهاتوویی ژیانین کە لە دەرەوەی قوتابخانەش بەکاردێن.
ئاستەنگەکان و چالاکيیەکان
جیاوازيی کەسایەتی
هەر قوتابی و مامۆستایەک کەسایەتيی جیاوازی هەیە، بۆیە هەندێک جار سەخت دەبێت پەیوەنديی باش دامەزرێنرێت. مامۆستا دەبێت فێربێت مامەڵە لەگەڵ قوتابیياندا بکات بەو جۆرەی کە هەن نەک بەو جۆرەی کە ئەو دەیەوێت، چونکە هەر کەسایەتییەک زادەی پەروەردە و ژینگەی خێزانە جیاوازەکانن.
کاتی سنووردار
لە قوتابخانەکانی ئەمڕۆدا، کاتی سنووردار یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان. مامۆستایان زۆرجار نەیانتوانیوە کاتی پێویست تەرخانبکەن بۆ دروستکردنی پەیوەنديی تایبەتمەند لەگەڵ هەر قوتابیەک، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا وادەی وانەکان و پشووەکان زۆر کەمە، مامۆستا بواری دروستکردنی پەیوەنديی لەگەڵ قوتابییاندا نییە، لەهەمان کاتدا ژمارەی قوتابییان لەپۆلەکاندا زۆرە. لەوانەیە مامۆستا کاتێکی زۆری بوێ کە ناوی قوتابییەکانی فێربێت، کە ئەمە هەنگاوی یەکەمی دروستبوونی پەیوەندییە لە نێوانیاندا.
پێشنیارەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندی
بۆ مامۆستایان
- کات تەرخانبکەن بۆ ناسینی قوتابيیان بەشێوەیەکی کەسی.
- گوێ لە پرسیار و نیگەرانیيەکانیان بگرن.
- هاندان و پاڵنەر بێت و هەردەم گرنگی بە خاڵە بەهێزەکانی قوتابی بدات و کار لەسەر خاڵە لاوەزەکانی بکات.
- دەرفەت دروستبکەن بۆ گفتوگۆی کراوە.
- نموونەی باش بن لە هەڵسوکەوتدا.
بۆ قوتابیيان
- ڕێز بۆ مامۆستا و یاسای پۆل دابنێن.
- بە چالاکی لە گفتوگۆکاندا بەشدار بن.
- پرسیار بکەن و یارمەتی داوا بکەن.
- بەرپرسیارێتی خۆیان وەربگرن.
- ئەرێنیيانە لەگەڵ هاوپۆلەکانیان بن.
دواوشە!
پەیوەنديی نێوان قوتابی و مامۆستا بناغەی پرۆسەی پەروەردەی سەرکەوتووە. کاتێک ئەم پەیوەندییە لەسەر ڕێزگرتن، متمانە، پشتگیری و تێگەیشتن بنیاتدەنرێت، کاریگەريی ئەرێنی لەسەر هەموو لایەکانی گەشەی قوتابی دەبێت. پێویستە هەردووک لا - قوتابی و مامۆستا - هاوکاری بکەن بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی خوێندن کە بە دڵسۆزی، ڕێزگرتن و هاندان پڕبێت.
ئەمەش وا دەکات قوتابییان نەک تەنها لە ڕووی ئەکادیمییەوە پەرەپێبدەن، بەڵکو وەک کەسانی بەرپرسیار و متمانە بەخۆیان گەشە بکەن کە دەتوانن بەشدارێکی ئەرێنيی کۆمەڵگە بن.