پشتیوانیی هەڵەبجە بۆ غەززە

گۆرانی شاعیر و پەیکەری سەددام لە فەلەستین

د.سالار تاوگۆزی

سەرەتا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهیدەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانییەکان دادەنەوێنم و هاوخەمی خۆم بۆ خانەوادەکانیان دەردەبڕم، کە هەندێکیان خزم و کەس و ناسراوی خۆمن.

هەر لە بەرکوڵی ئەم بابەتەدا دەڵێم: خوازیارم ئەم بابەتەیشم بۆ مەبەستی دیکە بە لاڕێدا نەبرێت و وەک هەمیشە، نەکەومە بەر لێزمەی جنێوی ئەوانەی کە لە ئیسلامەکەمان حاڵی نەبوون و دەیانەوێت بە جنێو بەرگری لێبکەن و جیاوازی نێوان (ئیسلام)  و (ئیسلامی) ناکەن.

 هەرکەسێکیش بەر لەوەی بە وشەی زبر وەڵام بداتەوە، با ئەم فەرموودەی پێغەمبەری ڕابەرمان بخوێنێتەوە کە دەفەرمووێت : "ليس المؤمن بالطعان، ولا اللعان، ولا الفاحش، ولا البذيء".

 واتە:

"باوەڕدار.. تانەدەر نیە، نەفرینكەر نیە، دەمپیس نیە، جنێودەر نیە".

هەموو ساڵێک لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە ١٦/ ٣/ کسپەیەک بە ڕۆحمدا دێت و ناچارم دەکات لەسەر ئەو کارەساتە مرۆییە گەورە شتێک بڵێم کە لەکاتی ڕوودانیدا جیهان بەگشتی و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی بەتایبەتی بێدەنگییان هەڵبژارد.

ئەمساڵ لەیادی کیمیاباراندا کە هاوکاتە لەگەڵ گەڕێکی تری شەڕی ئیسرائیل - فەلەستین، بەلامەوە گرنگە باس لە هەڵوێستی هەڵەبجەییەکان سەبارەت بە پرسی فەلەستین بکەم کە هەڵوێستێکی مێژوییە و بۆ ساڵانی پێش کیمیاباران دەگەڕێتەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

لەساڵی (١٩٥١ز) شاعیری گەورەی کورد (عەبدوڵڵا گۆران) کە خەڵکی هەڵەبجەیە، لە گەڵ کۆمەڵێک ڕۆشنبیردا رۆشتن بۆ (یافا) تا پشتیوانیی فەلەستینییەکان بکەن و لەوێش لە (ئێستگەی ڕادیۆی ڕۆژهەڵاتی نزیک) بەشێکیان بەناوی (بەشی کوردستان) دادەمەزراند. بۆدڵنیابوون لە ئەم هەڵوێستەی گۆران، کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:

 https://www.facebook.com/share/p/CgyLeyUew1bDp2Vo/?mibextid=oEMz7o

هەروەها کاتێک ئیسلامی سیاسیی بۆ کوردستان هەناردە کردا و هەڵەبجەش بوو بە لانکەی ئیسلامییەکان، ئیسلامییە کوردەکان کاریگەرییان لەسەر خەڵکی شارەکە کرد تا هەڵوێستی زیاتریان بەرانبەر فەلەستین هەبێت.

لەمدواییانەشدا کە هەمدیس شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین بە دەستپێشخەریی (بزووتنەوەی حەماس)ی ئیخوانیی، دەستیپێکرد، ئیسلامییە کوردەکان بەتایبەتی ئەوانەی بە گوتاری ئیخوانولموسلیمین کاریگەرن، لە هەرێمی کوردستانەوە مسوڵمانانی کوردیان بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکان هانداو کۆمەکیشیان بۆ فەلەستینیەکان کۆکردەوە، بەڵام هیچکات کوردی بەشمەینەت و هەڵەبجەی شەهید، کۆمەکی خەڵکی فەلەستینی پێنەگەیشتووە. کەچی لەم شەڕەی دوایی حەماس و ئیسرائیلدا، دیسان کوردستانیان بەتایبەت هەڵەبجەییەکان لەپشتیوانیکردنی فەلەستینییەکاندا پێشەنگ بوون و خۆپیشاندانێکی گەرمیان بە پێشڕەوی هەندێک لە مەلاکان و بەبەشداریی ئیسلامییەکان بۆ پشتیوانی لە غەززە ئەنجامدا، تەنانەت گوێم لە مەلایەک بوو - کە خۆی لەکیمیابارانەکەدا لە هەڵەبجە بووە- لە خۆپیشاندانی هەڵەبجەییەکاندا بۆ پشتیوانیی لە فەلەستین گوتی:" هەر زۆر زۆر ناڕەحەتم، کیمیاویەکەی هەڵەبجە  ئەوەندە ناڕەحەتی نەکردووم".

 بۆ دڵنیابوون لە ئەم هەڵوێستەو گوێگرتن لە قسەی ئەم مەلایە، دەتوانن کرتە لەسەر ئەم لینکە بکەن:

https://www.facebook.com/share/v/UWEVvqVKbBPU5ykC/?mibextid=oFDknk

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، سەرباری ئەم هەڵوێستە مێژوییە بەردەوامەی هەڵەبجەییەکان بەرانبەر برا عەرەبە مسوڵمانەکانیان، نە عەرەب و نەمسوڵمانەکان و نە حیزب و  ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی جیهان لە عانی کیمیابارانی هەلەبجەدا هیچ هەڵوێستێکی دیار و شیاوی باسیان دژ بە دیکتاتۆری عەرەبیی عێراقیی (سەددام حوسێن) دەرنەبڕی کە تا ساتی لەسێدارەدانی، خۆی بە سەیید و مسوڵمان و بەرگریکارێکی سەرسەختی دۆزی فەلەستین دەزانی.

لەەرانبەر ئەو هەڵوێستانەیشیدا، فەلەستینیەکان  پەیکەرێکیان بۆ سەددام دروستکرد، کەچی هیچ فەلەستینییەکمان نەدی کە سوپاسگوزاریی هەڵەبجەییەکان  بۆ هەڵوێستەکانیان لە هەمبەر دۆزی فەلەستین بکات.

 ئیتر تۆ لەوە گەڕێ کە هەندێک لە عەرەبە مسوڵمانەکان هەمیشە هەوڵی شێواندنی مێژووی کورد و  کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەیان داوە. بۆ نموونە (سەلاحەددینی ئەییوبی)یان کردووە بە عەرەب، لەمبارەوە شاعيرى فەلەستینی (معين بسيسو) دەڵێت: "سەلاحەددین کورد بوو، سەرکەوت، بۆیە بوو بەعەرەب. ئەگەر شکستی بخواردایە،  جاسوسێکی کوردیی بوو". دەتوانن ئەم قسەیەش لە ئەم لینکەدا ببیننەوە:

https://ahewar.org/debat/show.com.asp?coid=199289

سەبارەت بەشێواندنی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەش، هەندێک لە عەرەبەکان، بەتایبەتی عەرەبە عێراقییە سوننەکان کە هاومەزهەبی کوردیشن، سەرباری بوونی دەیان بەڵگە، کەچی هێشتا سەددام حوسێن بە بێتاوان دەزانن و ئێران بە ئەنجامدانی کیمیاباران تۆمەتبار دەکەن.

عەرەبێک لەبەغدا پێی گوتم: خەڵکی کوێیت ؟ گوتم: خەڵکی دەڤەری هەڵەبجەم. گوتی: خودا تۆڵە لە ئێران بکاتەوە کە هەڵەبجەی کیمیاباران کرد. وتم: خودا تۆڵەی لە سەددام حوسێن و دارودەستەکەی کردەوە، چونکە ئەو کارە دڕندانەیان ئەنجامدا، بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە سەردانێکی مۆنۆمێتی هەڵەبجە بکە، تا بەڵگەکان ببینیت.  ئیدی عەرەبەکە ڕووی گرژ کرد و هیچی نەگوت.

ئەمما ئەوەی مایەی نیگەرانی زیاترە، ئیسلامی سیاسی کوردیی، چاوی لە ئاست ئەم ڕاستیانەدا دەنوقێنێت  و لەچوارچێوەی پرسەکانی جیهانی ئیسلامیدا سەیری پرسی نەتەوەیی خۆی دەکات. کەسایەتی سیاسیی کورد، دکتۆر (فائیق گوڵپی) دەڵێت: "عەرەبەکان بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی حیزبی ئیسلامیی دروستدەکەن، حیزبە ئیسلامییەکانی عەرەب، لە حیزبە سکۆلار و نەتەوەییەکانی عەرەب نەتەوەییترن، زۆرتر داکۆکیی لە مافە نەتەوەییەکانی عەرەب و فەلەستین دەکەن. حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان چەوسانەوەی ئیسلام و ئیسلامییەکان لە لایەن ئاینەکانی تر و کافرەکانەوە لە سەروو و لە پێش چەوسانەوەی نەتەوەیی گەلی کوردەوە دادەنێن. کادر و جەماوەری حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، چەوسانەوەی نەتەوەیی و چەوسانەوەی ئاینیی بە دوو تێگەیشتنی دژ بە یەک و پێچەوانەی یەکتر دەبینن، جاری وا هەیە ئیسلامییەکانی کوردستان دەڵێن من ئیسلامم هەقم بەسەر کورد و کوردایەتییەوە نییە".

 هەروەها " ڕێکخراو  و حیزبە ئیسلامییەكانی عەرەب دەیانەوێت هەموو ئوممەی ئیسلامیی لەپێناو ئازادکردنی فەلەستیندا بەکاربهێنن، حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان دەیانەوێت هەموو توانای گەلی کورد لە خزمەتی ئیسلامدا دابنێن.

کەسایەتیی سیاسیی و کادرانی حیزبە ئیسلامییەکان، هێندە دۆستایەتیی وڵاتانی ئیسلامیی داگیرکەر و داپڵۆسێنەری کورد دەکەن، نیو هێندە سۆزیان بە لای چەوسانەوەی نەتەوەیی گەلی کورددا ناشکێتەوە". ئەمانە بەشێک بوون لە وتارێکی گرنگی گوڵپی، بۆ خوێندنەوەی تەواوی وتارەکە، دەتوانن کرتە لەسەر ئەم لینکە بکەن:

https://www.facebook.com/share/p/jYLFgRwGW4HvMrN1/?mibextid=oFDknk

بەهەرحاڵ، کاتی ئەوە هاتووە ئێمەی کورد، پیداچوونەوە بە حیساباتی خۆمان لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا بکەین و ڕێگە بەوە نەدەین لەڕێگەی ئاینەوە، کەلەپور و کەلتوری نەتەوەیی کوردیی و پرسە نەتەوەییەکانمان لەبیر ببەنەوە بمانخەنە خزمەت پرسە نەتەوەییەکانی گەلانی عەرەب و مسوڵمانەوە، کە ئەمە پێچەوانەی خودی قورئانی پیرۆزە.

وتاری نووسەران