هۆشیاری عەبدولعەزیز 

بەپێی لێكدانەوەی زۆر لە شارەزایانی بواری دەوڵەت و حوكمڕانی  تێگەیشتنی جۆراوجۆرهەن بۆ بەدەزگایبوون و بەڕێوەبردن و جێبەجێكردنی بنەماكانی دەوڵەتداری ، چونكە دەوڵەت دامەزراوەیەكی مرۆییی كۆنە و پەیوەستە بە پاراستنی ژیان و بەرژەوەندییە هاوبەش و جیاوازەكانی تاك و خێزان و كۆمەڵگا، و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دەستەبەركردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ پێشكەوتن، دادپەوەری و ڕەخساندنی هەلی ژیان بۆ تێكڕای كۆمەڵگا، واتا دەبێ دەوڵەت لە گەڵ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و سوپاو و رێكخستن و ئیدارەدانی كۆمەڵگادا توانای دابینكردنی ئەو بنەما گرنگ و كاریگەرانەی هەبێ و هیچ دەرفەتێك نەڕەخسێنێ بۆ گروپە بەرژەوەند خوازە مافیایەكان تا خۆیان بخزێننە ناو پرۆسەی دەوڵەتداریەوە، چونكە گروپە مافیایەكان كە ڕەگێكیان لە ناو دەسەڵات و بەرژەوەندیە شاراوەكاندایە ، هەركە گەیشتنە دەسەڵات هەوڵدەدەن تەواوی جومگە ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازیەكان لە بەرژەوەندی خۆیاندا  قۆرخ بكەن، بەو قۆرخ كاریەش ئیتر سەرجەم پایەكانی دەوڵەت دەبن بە كەرەستەیەك لەبەردەستی ئەواندا وبەبێ دوودڵی لە  بەرژەوەندی خۆیاندا بەكاری دینن

بۆیە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە چاوێك بە مێژووی زۆرینەی گروپە مافیاكانی دەسەڵاتدا بخشێنین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە بەشی زۆری كەسانی خاوەن دەسەڵاتی ئەو گروپانە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە لوتكەی دەسەڵاتدان، بەر لەوەی گروپە مافیاكانی خۆیان پێك بهێنن، هەوڵیان داوە لەگەڵ قەیران و تەنگەژە سیاسی و ئابوریەكاندا تەفاعول بكەن و ئەو دۆخە بقۆزنەوە كە وڵاتی داگیركردوە و كۆمەڵگای خستۆتە بۆشاییەكی سیاسی، یاسایی، و ئابووریەوە، ئەم جۆرە پاشاگەردانیەش بۆ ئەوان ژینگەیەكی لەبارو گونجاوە تا لە ڕێگەیەوە مەرام و مەخسەدی خۆیان بپێكن

لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا كە كوردستانیشی گردۆتەوە مافیایەكانی دەسەڵات كار لە سەر بەكارهێنانی سەرچاوەی زانیارییەكانی ئاسایش، یاسا و دادگا، ئابووری، بازرگانی و بەڕێوەبردن دەكەن و هەموو ئەوانە وەك زنجیرەیەكی لە یەك گرێدراو لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەكار دێنن و بەردەوام كار لە سەر قۆرخكردنی ڕەگە سەرەكییەكانی ئابووریی و سوڵتەی سیاسی دەكەن و هەوڵی لە نێووبردنی هەر كەس و لایەنێكیش دەدەن كە وەك كۆسپ بێتە پێشیان و ڕووبەڕووی دەسەڵاتیان بێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی بەكارهێنانی ترس و دەمكوتكردن و تەپەسەركردنی كۆمەڵگا و چاوشكاندنی تاك و بۆ ئەمەش پەنا دەبەنە بەر هێزی داپڵۆسێنەر و هەڵدەكوتنە سەر نەیاران و دەنگە ناڕازیەكان و دەیانڕفێنن و لە ڕێگەی دۆسێیەكی دەسكرد و چەواشەكارەوە سەركوتی دەكەن ، وەك ئەوەی كە لەواقعی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستاندا دەبینرێ 

بۆیە دەبینی ئەوەی لێرە پراكتیزە دەكرێ، هەمان میكانیزمی مافیاكان و دابین كردنی ئاسایشی بازرگانی و گەڕەكە، هەمان سیاسەتی ناسەلامەتی سەردەمی بەعس و پیاوەكانێتی، پەیڕەو كردنی ئەم سیاسەتە،  مومارەسەكردنی پرۆسەیەكی مافیاگەری بێچەندوچونە و ئامانجیشیان  خولقاندنی فەوزا و تەنگەژەی جۆراوجۆرە لە پێناو پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندیەكانیان و جۆرێكیشە لە ئەزموونكردنەوەی دیكتاتۆریەت بە ماناومەفهومێكی تر

ئەم دەسەڵاتە مافیایەی كە لە ئێستای كۆمەڵگای كوردیدا بە ڕوون و ڕاشكاوی ئیحتكاری سوڵتەی سیاسی و پرۆسەی دەوڵەتداریان كردوە ، بە پارە وسەروەت و سامانی ئەم وڵاتەوە و دەسەڵاتی حوكمڕانی ودەزگا حیزبی وهێزە سەربازیە تایبەتیەكانیان ئەو پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن و بێسڵمینەوە لە هیچ نابووت بوونێك خەریكی  بازرگانیكردنن بە سەروەریەكانی مێژو قوربانیدانی خەڵكەوە و بێشەرمانە بەرەنگاری مێدیای ئازاد و رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان و چالاكانی كۆمەڵگای مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ دەبنەوەو بە شێوەیەكی توندوتیژ هەوڵی كپكردنەوە و دامركاندنەوەی هەر ناڕەزایی و گردبونەوەیەكی ڕەوا دەدەن ، لە بەرانبەریشدا و لە ڕێگەی ئەو دزی و فزیەی كە بە سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانەوە دەیكەن، چەندین بنكەی مێدیای (سێبەر) و فەیكیان دامەزراندوە وكار لەسەر شاردنەوەی ڕاستییەكان و چەواشەكردنی كۆمەڵگا دەكەن و دەیانەوێ‌ لەم  ڕێگەیەوە سوڵتەی سیاسی ئیحتیوا بكەن، بەم ئیحتیوا كردەش ئیتر دەوڵەت دەبێتە دەوڵەتێكی شكستخواردوو كە دەزگاكانی هەرەسدەهێنن و ئاژاوە و دزی و گەندەڵی و پاشاگەردانی تەشەنە دەكاو میلیشیا و مافیا لەسەر مێزو كورسی حوكمڕانی دادەنیشن و خەڵكی هەژار بەناوی پارێزگاری لە گەل، وڵات دادەدۆشن و تاك دەكوژن و ئیرادەی كۆمەڵگا ئەتكدەكەن.

 

وتاری نووسەران