هۆشیاری عەبدولعەزیز 

ژینگە و زیانەكانی تێكچونی پرۆسەی هاوسەنگی  ژینگە باس و بابەتێكی گرنگە لەكایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكاندا و ناكرێ بشاردرێتەوە و پەراوێز خرێ، چونكە هەرهۆكارێك لە هۆكارەكانی تێكدانی ژینگە و زیانەكانی ڕاستەوخۆ كاریگەری نەرێنی دەبێ لەسەر كۆی كایەی ژیان و دەبێتە مەترسیەكی خۆڵەمێشی و دەشێ ڕۆژێك كڵپەبكات وهەموو كۆمەڵگا ڕووبەڕووی قەیرانێكی جیددی بكاتەوە، واتا قەیرانی ژینگە و تێكچونی دیموگرافیای  ئاو، خاك، هەوا، لێرەوار، تاڵاو (زۆنگاو) و بەشە جۆراوجۆرییە ژینگەییەكان گەورەترین مەترسین لە سەر كۆمەڵگا و ڕەنگە دواجار ببێتە هۆكاری تێكچوونی ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەلڕاكێشێ بۆ دەیان حاڵەتی نەخوازراوی وەك نەخۆشی و وشكبوونەوەی زەوی و تێكچونی بنەما ژینگەیەكان و زۆر مەترسی تر كە ناكرێ لێرەدا بە چڕی ئاماژەی پێبدەین، لە گەڵ ئەوەشدا گەر پاراستنی هاوسەنگی ژینگە وەك پرسێكی زیندوو نەبێتە خەمی دەسەڵات و پایەكانی حوكمڕانی ئەوە لێكەوتەی مەترسیداری بەدوادادێت و كاریگەری خراپی دەبێ لە سەر ئایندەی كۆمەڵگا 

بەم سەرەتا كورتە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی كە سیاسەت و پرۆسەی حوكمڕانی لە دنیای مرۆڤایەتی دا ڕۆڵی گرنگی هەیە و زۆر جار  ژیان و سیاسەت پێكەوە گرێ دراون، بە تایبەت ئەگەر ئەو سیاسەتكردنە لە خزمەت مرۆڤەكان و ژینگە وژیاندا بێت بە گشتیی ، بەڵام ئەم سیاسەتكردنە لەلای  زۆرێك لە دەسەڵاتدارە خۆسەپێن ودیكتاتۆر و كورسی پەرستەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و كوردستان بەتایبەتی گۆڕانكاریی  بەسەردا دێت و تەواوی دامودەزگا میریەكان دەخرێتە خزمەت بەرژەوەندیە ئابوریەكانی حزب و كەسانی دەسەڵاتدارەوە دەبێتە پرۆسەیەكی بازرگانی ڕووت، لەم ئاستەشدا ئەحزابی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و زۆربەی سەركردە و سیاسییەكانی لەبەردەم پارە و ئیمتیازاتی تر كەدەبنە مایەی خۆشگوزەرانی وبەرژەوەندی خەڵك و تەنانەت خاكی خۆشیان لەبیركردووە و بوەتە ئەو مەتەڵەی كە دەڵێ ئەوان لە دۆڵێك و خەڵك لە دۆڵێكی تر و وایلێهاتوە  سیحری  دەسەڵات و پارە و  ئیمتیاز  بوەتە هۆكاری  لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگا و خەریكە هەموو شتێك دەدۆڕێنن 

ئەمانە بەكردەوە بوونەتە كۆمپانیا و دوورو نزیك پەیوەندیان بە چارەسەری سیاسی و هیچ پرسێكی هاوڵاتیانی كوردستانەوە نەماوە، و خۆیان بونەتە گەورەترین كۆسپ و رێگر لەبەردەم گەشەی كۆمەڵگا و هەر ئاڵوگۆرێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و هەموو جومگەكانی وەبەرهێنان و بەڵیندەرایەتی، پاڵاوگەی نەوت و بازرگانی، گومرگ و باج و سەرانە، دەروازە سنورییەكان، تا دەگاتە دەستبەسەراگرتنی سەدان و هەزاران دۆنم زەوی و بۆ خانو باغ و كۆشك و تەلارەكانیان ئیحتكار كردوە و لە ڕێگەی هەموو ئەوانەشەوە خەریكی تێكدانی هەوسەنگی ژینگە و دۆخی دیموگرافی ناوچە جیاجیاكانن و بە هۆكاری وەبەرهێنان و بازرگانی سیاسی و ، بە ئەنقەست و لە پێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی حزب و بنەماڵە و بێ گوێدانە هیچ مەترسی و وێرانكاریەك خەریكی لەناوبردنی ژینگەی هەرێمی كوردستانن و بوونەتە مایەی تێكدانی ژینگە و جوگرافیاو كرۆكی خاك ، ئەم ڕەوتە مافیایە تەنها بەوەوە نەوەستاون كە نەوت و سەروەت و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی ئەم وڵاتە تاڵاندەكەن ، بەڵكو ئەوەتا ڕۆژانە و بە ئاماژەی چاوچنۆكانی بازرگانی سیاسی خەریكی تێكدانی خاك و خۆڵی كوردستانن و ڕۆژانە دەسترێژی دەكەنە سەر كۆمەڵگا و وای لێهاتوە دەست بەسەر هەموو شوێنێكدا گیراوە و پێشكەش بە وەبەرهێنان و كۆمپانیاكانی حزب وبازرگان و كەرتی تایبەت كراوە

پاساویشان بۆ ئەو دەسترێژیانە بە چیای گۆیژەشەوە ئەوەیە جۆری زەویەكە لە " سەوازییەوە " دەگۆڕن بۆ شوێنی گونجاوی پڕۆژە و بەبێ ڕەچاوكردنی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی ناوچەكە ، دەیانەوێ‌ چەواشەكاری یاسای دروست كەن و وەك ئەمری واقع ژینگەی كۆمەڵگای پێ دەشوێنن ، بەكورتی ئەمانە مەبەستم ئەحزابی دەسەڵاتدارە بە ئەنقەست و بەپێی پلان ویستوویەتی تایبەتی بەرژەوەندیەكانیان خەریكن ژینگەی كوردستان لەناو دەبەن و بە بیانووی فەراهەمكردنی هەلی كەر و شوێنی نیشتەجێبوون كار لەسەر شێواندنی باری دیموگرافی ناوچەكان دەكەن و سەدان وەبەرهێنەری حزبی و سیاسی بازرگان ئەو هەلەیان قۆستۆتەوە و خەریكی داگیركاری شاخ و دۆڵ و دەشتن , بەنیازی بیناسازی و پارەداركردنی خۆیانن وا دواجار خەریكە بەهەمان تەماح گۆیژەش تیرۆر دەكرێت 

 

وتاری نووسەران