
نەعمان عومەر
گەمەی هەڵبژاردن یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە لەڕێگایەوە هێزە سیاسيیەکان دەگەنە دەسەڵات ،بەڵام دەکرێت بەکۆمەڵێ فرت و فێڵ و دسپلین و ستەمکردن و میکانیزمی ئەمنی و ئابووری و سەربازیيەوە لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە لەهەموو ناوەڕۆکێک بەتاڵ بکرێت و هیچ مانایەکی ئەرێنی بۆ پرۆسەی دیموکراسی و گەشەپێدانی هۆشیاری سیاسی نەبێت و تەنها گەمەیەکی قێزەون بێت بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی ستەمکار و بەردەوامبوون لەسەر حوکمی قەرەقوش و بێیاسایی و سوڵتانی و ئۆلیگارشی بنەماڵە سیاسیيەکان و حاشیەکانیان .
لەکوردستان لە ساڵی ١٩٩٢وە کە من خۆم لە دەنگدان بەشداربووم بۆ یەکەم جار ئەم پرۆسەیە بێنرخ کرا ،ئەم یاریيە بێزەوەرە بەناوی هەڵبژاردن ئەنجامدرا ،بەڵام نەک گیانی دیموکراسی و بەرپرسیارێتی و گەشەپێدانی ژیانی سیاسی و یاسایی پەرەپێنەدا ،بەڵکوو هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن بەهۆی بابەتی تەزویر و بەکارهێنانی ترس و تۆقاندن و هەیمەنەی پایەی سیاسی و حکومی دواتریش هەڕەشەی نانبڕین "هتد" کارێکی وای کردووە هاووڵاتیيان کە نەک هەر خوێنساردانە بەرەو ڕووی هەڵبژاردن بچن و بێهیوایانە سەیری ئاکامەکانی بکەن، بەڵکو وەک فاکتەری سەرلەنوێ زیاتر خۆسەپاندن و زۆرتر قورسکردنی باری ژیانی خەڵک و لاوازکردنی ڕوحی بەرگری و هیوای گۆڕانکاری بەرەو کرانەوە و بەرزکردنەوەی هۆشیاری بیبینن ،چونکە لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا یا بەڕێگاری تەزویر و پارە بەخشينەوە و کڕینی دەنگ و هەڕەشەی نان بڕین و چاوسوركردنەوە، یا بەهۆکاری ئاغاکانیان و دەستێوەردانی دەرەکی جارێکی تر سەرلەنۆێ دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە و درێژەیان بەستەمکاری و بەبارمتەکردنی خاک و خەڵکی کوردستان داوە، جار بەجاریش باری ژیانی خەڵکیان سەختکردووە.
ئەم شێوازە چاوبەستەکێیەی بەناوی دیموکراسی و بەشداری سیاسی دەکرێت ئەو بڕوایەی دروستکردووە ،کە ئە مجارە شتێکی تازە لەم گەمە قێزەونەی کە وەک کلتووری لێهاتووە بەرهەم نایەت .من خۆم سەرباری بڕوای تەواوم بەدیموکراسی و میکانیزمەکانی ،بەڵام بەهۆی نەبوونی زەمینەی ئارامی و سەلامەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و بڕوانەبوونی ئەو هێزانەی دەسەڵات کە هێزی سەرەکی گەمەی هەڵبژاردنن بە دیموکراسی، ئەگەری دەسوەردانی دەرەکی و بوونی هێزی حزبی چەکدار لەلایەک، لەلایەکی تریش بوونی ئەم هێزانە بە ناوەندی بازرگانی ئیقلیمی پارەدار و خاوەن بەرژەوەندی تایبەت و تێکەڵبوونی ئەم بەرژەوەندییانە بە پێگەی سیاسی و بەکارهێنانی بۆ پاراستنی ئەم بەرژەوەندیيانە کەوای کردووە گرنگی بە مەسەلە نیشتیمانی و دیموكراتیيەکان نەدەن، گەشبین نیم و بڕوام نیيە نەک هیچ شتێکی ئەوتۆ بگۆڕێ لەهاوکێشەی دیموکراسی و گەشەپێدانی سیاسی ،بەڵکو مەترسی ئەوەشم هەیە کە زەمینەی پێکدادان و پەرتکردنی زیاتر و ناشرینترکردنی سیاسەت و حزبایەتی بەدوادابێت و ئەو ناکۆکیيانەش ببنە فاکتەری مەترسیدار لەسە ر ئایندەی هەرێم و بڕوا و ئیرادەی هاووڵاتیيان و بێبڕوابوونیان بەبەشداری سیاسی، کە پێوەرێکە لە پێوەرەکانی گرنگیدانی خەڵک بە چارەنووسی میللەت و ئایندەی دەسەڵات و حوکمڕانی و شێوازی ئاڕاستەی سیستەمی سیاسی ،کە بەداخەوە لای ئێمە نە سیستەمی سیاسی و نە هیچ دامەزراوە و دەزگایەکی بێلایەن نیيە بۆ سزادانی ئەوانەی گەمە بە ئیرادەی خەڵک و ماناکانی دیموکراسی و ئیرادە و ماف و ئازادی ئینسان دەکەن .
لەبەرئەم هۆکارانە و دەیان هۆکاری تر، پێموانيیە هەڵبژاردانی ئەمجارەش هیچ جیاوازیيەکی ئەوتۆی لە جارانی تر هەبیت و ئاکامی ئیجابی وای هەبێت جێگای دڵخۆشی بێت. بەڵام بڕوای ئەوەم هەیە کە ساڵ بەساڵ و دەنگدان دوای دەنگدان خەڵکی لە سیاسەتی بێناوەڕۆککردنی هەڵبژاردن و دیموکراسی لەلایەن ئەم هێزە ملیتاریيانەوە تێدەگەن و ئەوەیان بۆ ئاشکرا دەبێت ،کە هێزە بەناو ناسێۆنالیستەکانی کوردی چەند خێڵەکی و سوڵتانی و تۆتالیتاریزمن و ،چۆن یاری بە هەست و سۆزی خەڵکی سادە دەکەن و وتاری پۆپۆلیستی، زمانی پیس و تۆمەتی ناشرین و جنێودان ،لەبری وتاری عەقڵانی و دیموکراسی و پرۆژەی سیاسی دەخەنە بازاڕی سیاسیيەوە ،کە ئەمەش ئەو ڕاستیيە دەسەلمێنێ، کە ئەم هێزانە هیچ ستراتیژێکی نیشتیمانی و هیچ پلانێکی دوورمەودای نیشتیمانی و چ بە بەرنامەیەکی زانستی و نەخشەیەکی داڕێژراویان نیيە بۆ چارەسەری کێشەی خەڵک و گرفتی بەرخۆری کۆمەڵگا و نەبوونی سەرچاوەی جۆراوجۆری تەمویلی دارایی و پلانی ئابووری تەندروستی و پەروەردەیی و هەموو ئەو بوارەنەی تریش کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەم بە خەڵک و هەمیش بە بووژانەوەی ئابووری و ئەو قەیرانانەوە هەیە ،کە چەندین ساڵە بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتیيە خەڵک پێوەی گیرۆدەیە .
هه ر بۆیەش ئەم هێزانە هیچ ئامادەنەبوون هەڵبژاردن ئەنجامبدەن و زەمینەی سیاسی بۆ ئامادە بکەن و بارگرژی ناوخۆيی و پێداویستییە یاساییەکان ڕاستەڕێبخەن .هەرحاڵ پێویستە خەڵکی وشیار بن و بزانن چۆن دەتوانن هاوکێشەکان لەڕێگای دەنگدانەوە بگۆڕن و ڕێگری لە تراژیدیای خۆسەپاندنی ستەمکاران بكەن، کە لەئێستادا یەکێتی پارتی سەرقافڵەین.