
عەدنان ساڵح
لەم ساتەوەختەدا كە جیهان لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەی گۆڕانكاری مەترسیداردایە، هەمووان پێشبینی ڕووداوی نەخوازراو و جەنگێكی چاوەڕوانكراو دەكەن.
هەموو وڵاتان بەپلەی یەك لەخەمی پاراستنی وڵات و ژیانی هاووڵاتییانی خۆیانن، بۆیە لەئێستادا ئامادەكاری و پلان دادەڕێژن بۆ ئەگەری هەر پێشهاتێك و ڕوودانی هەر مەترسییەك بۆسەر وڵات و هاووڵاتییەكانیان.
بۆ ئەوەی لانیكەم بەكەمترین زیان لەو قۆناغەدا گوزەربكەن و نیشتمان و هاونیشتمانییەكانیان بگەیەنن بەكەناری ئارامی، دەبینین نەخۆشخانە و كۆگاكانی خواردن، هەتا دەگاتە خۆسازدان لە بوارەكانی ئاسایش و سەربازی و خوێندەوەیان ئامادەكردووە بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی وڵاتەكەیان و پاراستنی وڵات، لێ لەئێستادا دەسەڵات یا ڕوونتر بڵێین هەردوو حزبی حكومڕان لەهەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر بیر لە تاڵانكردنی وڵات و دزیكردن لەسامانی گشتی و كۆكردنەوەی داهاتی زیاتر و دەستبەسەرداگرتی موڵكی گشتی و قۆرخكاری بازاڕ و ڕووتانەوەی هاووڵاتییان و ڕادەستكردنی كەرتە خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەكەرتی تایبەت دەكەنەوە.
بۆ نموونە لەم ساتەوەختەدا بەناو حكومەتی "كار بەڕێكەر"ی هەرێم هەوڵی داخستن و پەكخستنی تەواوی كەرتە تەندروستییەكان دەدات بەبیانووی نەبوونی دەرمان و كەرەستەی پێویست لەنەخۆشخانە حكومییەكان و داخستنی هۆڵەكانی نەشتەرگەری و ئیمێرجنسییەكان.
سەپاندنی بەزۆری پرۆژەكانی بەناو ڕووناكی و كارەبای 24 كاتژمێری و "ئەژماری من" كە ئامانج و خاوەنداریەتییەكەی ڕوونە چییە و بۆ چ لایەنێك دەگەڕێتەوە.
ئەم بەراوردكارییە و دەیان هۆكار و شكستە یەك لەدوای یەكەكانی ئەزموونی حكومڕانی جووت حزبی دەسەڵاتدار لەهەرێمی كوردستاندا، ئەوەمان بۆ دووپاتدەكاتەوە و گەواهیدەرێكی زۆر دروستن كە لەهەرێم شتێك نییە بەناوی حكومڕانی تەندروست و خەمی گشتی و بەرژەوەندیی جەماوەر و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، لەبەرامبەردا كۆمەڵێك چەتە تەواوی ژیانی خەڵكیان بەبارمتە گرتووە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حزب و بنەماڵەكانیان بەكاریدەهێنن و بەناوی كوردایەتی و بازرگانی بە هەموو پیرۆزییەكان دەكەن، هیچ بەهایەكیان بۆ هیچ شتێك نەهێشتووە.
خولاسەی كەلام هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان لەدەستێكی پارێزراودا نین و هیچ گەرەنتییەك نیە لە ئەگەری هەر جۆرە پێشهات و ڕووداوێكدا بكرێن بەخۆراكی دوژمن و بە پێخاوسی بەجێماندەهێڵن.