
ڕەشاد مستەفا سوڵتانی
٢٢ ی گوڵانی ١٤٠٢ هەتاوی
نزیکەی زۆر تر لە دوو و نێو میلیون کورد لە ولاتی سوڤیەت و بەتایبەت لە ئازەربایجان ، ئەرمەنستان و تورکەمەنستان نیشتە جێن . کوردلە کۆماری ئازەربایجان لە دەڤەرەکانی: کەڵبەجەر، لاچین ، قوتورلی ،کوردحاجی، موراد خانلی، قەرەقشلاغ و قوباتلی نیشتەجین. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئوکتوبری ١٩١٧ زاینی ، ڕژیمی ئوتۆنۆمی کوردستان بە ناوی" کوردستانسکی ئویەزد" ( ناوچەی کارگێڕی کوردستان) ساڵی ١٩٢٣ دامەزراو پێتەختی شاری لاچین بوو. کوردی تورکەمەنستان نیشتەجی شاری عیشق ئاباد و کوردی گورجستان بە زۆری لە تبلیس نیشتە جێن .
هەڵویستی ئۆمانیستی و شوڕشگیڕانەی لنین سەبارەت بە کوردەکانی سوڤیەت لە تەلگرافێک بۆ یەکەم ڕێبەری کۆماری ئازەربایجان بەناوی نەریمان نەریمانۆڤ دەردەکەوێت . لنین داوای یارمەتیدانی کوردی لێ کردووە . لنین یەکەم کەسە کە دەستەواژەی " کوردستان" ی بۆ ناوچە کوردەواریەکانی شوورەوی بەکار هێناوە .
تەلگرافی لنین
پێم خۆشە بانکی دەوڵەتی ئازەربایجان ببێتە یارمەتیدەری پتەو لە پیناو سیاسەتی ئابوریی نوێی کرێکاران و رەنجدەرانی کۆماری ئازەربایجانی شوورەوی .
هاوڕێ ! پێشکەشکردنی چل میلیون ڕوبل بۆ هەژارانی قەراخ ڤۆلگا و " کوردستان "
بۆ بەرەو پێشچوون لە ژێر ئاڵای سووری ئینتەرناسیونالی ڕەنجدەراندا، چاکترین نیشانە وهێمای ئامادەییە . ئێمزا- لینین
لینین ساڵی ١٩٢٤ لە پیلانێکدا گیانی لەدەس دا و دەبوا دەسەڵات بە لیئون تروتسکی گەیشتبا، بەڵام ژنڕال جۆگاشویلی ستالین دەسەڵاتەکەی داگیر کرد. هاوکات لیئون تروتسکی لە وڵاتی میکزیک بە دەستوری ستالین کوژرا . چارەنووسی داهاتووی ناوچەی کارگێڕی کوردستان ( کوردستانسکی ئویەزد ) تووشی بارودۆخی سامناک هات . میرجەعفەر عەبباسەڤیچ باقرئۆف سکرتیری یەکەمی حیزبی کومونیستی ئازەربایجان ستالینیست بوو . دەیویست لە ڕێگای جەعفەری پیشەوەریەوە کۆماری مەهابادبکاتە موستەعمەرە و کولونی کۆماری تەورێز ، ولە پێڤاژەی ئاڵ و گۆڕەکان باقر ئۆف ئامانجی نەپێکا و بەئارەزووی خۆی نەگەیشت. لێژنەیەک بە سەرۆکایەتی بوکشپان دامەزرا. بوکشپان لە کتێبی خۆیدا بە ناوی " کوردەکانی ئازەربایجان " وەک شوینیست و دەمارگرژ و ستالنیست هەڵویست دەگرێ و دژی کوردستانسکی ئویەزد بوو . بوکشپان هەموو ڕاپۆرتە باشەکان بە نیسبەت کوردی ئازەربایجانەوە بەسەقەت دەزانێت و پێ وابوو لە رێبازی مارکسیزم - لنینیسزم لای داوە. بوکشپان لە کتێبەکەیدا بە چاوی سووک و بێ نرخانە فلکلۆر، زمان ، فەرهەنگ و جل و بەرگی کوردی هەڵدەسەنگێنێت . لە حاڵیکدا نفوسی کوردەکان لە پێنج دەڤەری ئازەربایجانی شوورەوی زۆرینەی تەواو بوون. تەنانەت بە فیتی باقرئۆف م، گ، وەلێیڤ ساڵی ١٩٢١ لە کتیبکدا بەناوی ( ئازەربایجان کورتەی جیوگرافیای سروشتی و ئاتنۆگرافیا وئابوری ) بێشەرمانە دەلێت : زمانی تورکی لە ڕێگای سانسور وقەدەغە کردنی زمانەکانی تات، تاڵش، لەزگین و کوردی دەوڵەمەند دەبێت و گەشە دەکات .
حیزبی مساوات ساڵی ١٩١١ بە ناوی حیزبی دێموکراتی موسڵمانەکان پێک هات و چالاک ترین دوژمنی دامەزراندنی کوردستانسیکی ئویەزد بوو. مساواتیەکان حیزبێکی ئیسلامی ڕەگەز پەرەست و شوینیست بوون. حیزبی دیموکراتی موسڵمانەکان دژی نەتەوەی کورد هەڵویستیان دەگرت . تا ئەو ئاستە ڕەگەز پەرەست و شوینیست بوون کە لە هەندی دێهاتی کوردنشین شارۆمەندی کوردیان بە زۆر سویند دەدا کە واز لە زمانی زگماکی بهێنن. بەئاشکرا شوینیزمی تۆخ و دەمارگرژ و ڕەگەز پەرەست لە نێو دەمارەکانی ئەندامانی حیزبی دیموکراتیکی موسڵمانەکان قۆڵپی دەدا . ژمارەیەکی زۆر لە کوردەدانیشتوەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە بەر زۆڵم و زۆر و سوکایەتی و بێ حورمەتی کردن بە کورد، وڵاتیان بەجی هێشت و بەرەو ئێران و تورکیا کوچ و باریان کرد. کاتێک ستالین مرد، لاڤێرنتی پاڤلەڤیچ بیریا کە وەزیری ناوخۆ و گلینەی چاوی ستالین بوو و دژی چارەنووسی کوردبوو لە گەل باقرئۆف لە سیدارە دران .
ئێستا لەساڵی ٢٠٢٣ی زاینی ڕێبەرانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەئاشکرا هەڵویستی شوینیستی و مەزن خوازانە و دوواکەوتوانەیان سەبارەت بە چارەنووسی کوردلە ماسمێدیا بڵاو دەکەنەوە. ڕێبەرانی ئێران ، سوریا و تورکیا و عێراق تەنانەت کورد وەک نەتەوە ناناسن و بە مەبەستی ئەتک کردن و سوکایەتی کردن بە نەتەوەی کورد وشەی" قەوم" بەکار دێنن و جیهانی ڕۆژئاوایش پشتیوانیان ڵیدەکەن . ڕووناک بیرانی تەسکبین و دەمارگرژ و شوینیست لە ماسمێدیای جیهانی سەبارەت بە ئازادی و ڕزگاری کورد، ژهراوی تاڵ تر لە تاڵ لە هەڵویستەکانیان چؤڕەی دێت . کوڵە دیکتاتورەکان هەمیشە سەبارەت بە چارەنووسی کوردلە باشترین حاڵەتدا سکوتیان کردووە . خەباتکاران و ڕووناکبیرانی کوردکە لە مافی کورد پشتیوانی ڕاستەوخۆ دەکەن لە ماسمێدیای شاخوازەکان وعەرەب و تورکە کان دوور خراونەتەوە . زلهیزەکان وەک چین ، ڕوسیا ، ئامریکا، ژاپون ،ئوسترالیا ، هێند ، فەرانسا ، ئاڵمان و ئێنگلیس ئەگەرچی ڕەوڕەوەی ژیاریشیان بەرەو پێش چووە بەڵام بە فەرمی و قانونی توخنی مافی کور ناکەون ونایسەلمێن . لەحاڵیکدا بە پێوەری یاساکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و جاڕنامەی مافی مرۆڤ، جیابونەوی کورد لە وڵاتانی ئێران ,عێراق ,سوریا و تورکیا نە جەنایەتە و نە تاوان !
..............................................
بۆ زانیاری زۆرتر:
١-کردهای امپراتوری عثمانی - از دکتر جلیل جلیلی ، ترجمە صلاع الدین آشتی
چاپ اول ١٣٨١ ( بە زمانی فارسی نوسراوە )
٢-کردها ، ترک ها ، عرب ها : سیسیل جی ادموندز - ترجمە ابراهیم یونسی،چاپ دوم ١٣٨٢( بە زمانی فارسی نوسراوە )
٣-سێ لێکۆڵینەوەی مێژوویی ، سالح قەفتان، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٠٩
٤-مێژووی گەلی کورد ، دوکتور کەمال مەزهەر ،سالی ٢٠٠١
لە نەقشەکەدا ، کۆمارەکانی ئازەربایجان ، ئەرمەنستان ، گورجستان ، ڕووسیا ، دراوسێکانیان ، دەریای کاسپین ( مازندەران )و دەریای ڕەش دیارە .
