
هۆشیاری عەبدولعەزیز
بۆشایی دەسەڵات دۆخێكە كە كۆمەڵگا لە نێوان ئیدارەدانی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسیدا توشی جۆرێك لە بێسەروبەری و سەرگەردانی دەكات و دەسەڵات كۆنترۆڵی گشتی لەدەست دەدات و بۆشایەكی فراوان جێگەی دەگرێتەوە و ناتوانێ بەپێی ستاندارتی نێودەوڵەتی مامەڵەبەیاسا و ڕێسا بەركارەكان بكات ، ئەمەش لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێتە هۆكاری بەرجەستە بوونی ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و حكومەت دەسەڵاتی ناوەندیی دیاریكراوی خۆی لەدەست دەدات
بۆشایی دەسەڵات، وەك هەر بۆشایییەكی فیزیكی تر كاردەكاتە سەر پەرش و بڵاوی گوتاری سیاسی و سەرهەڵدانی دەیان دیاردە و حاڵەتی نەخوازرا و تاڕادەیەكی زۆریش كاریگەری دەبێ لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و وادەكات لایەنی دەرەكی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و بێتە شوێنگرەوەو بۆشایەكە پڕبكاتەوە، زۆرجارپڕكردنەوەی ئەم بۆشایەش لە ڕێگەی میلیشیایەكی چەكدار، یان ڕەوت وگروپی جواراوجۆر ، و كودەتای سەربازیەوە دەكرێت و ڕاستەوخۆ دەكەوێتە ژێر كاریگەریە دەرەكیەكان و ئەوان هەڵی دەسووڕێنن ، لە نموونەی بۆشای دەسەڵات لە عێراق و سوریا كە دەستی دەرەكی و وڵاتانی ناوچەكە بە پێیی سیاسەت و بەرژەوەندی خۆیان ئاراستەی دەكەن و هەرچۆنیان بوێت ئاوا لە ڕووداو پێشهاتەكانی هەڵدەژەنن ، ئەمە بەدەر لەوەی كە لە بۆشای دەسەڵاتدا ئیدارەدانی كۆمەڵگا دەكەوێتە دەستی گەورە مافیاكانی بازرگانی مادە هۆشبەرەكان و قاچاخچێتی چەك و ڕووتانەوەی سەروەت و سامانی نیشتمانی و سەرهەڵدانی توندوتیژی و گەشەكردنی گەندەڵی و زۆر دیاردە و حاڵەتی تر كە دەبنە مەترسی بۆ سەر ڕەوشی كۆمەڵایەتی و شێواندنی ژینگەی سیاسی و ئابوری كۆمەڵگا، واتا لەم جۆرە سێستەمە نادیموكراتیانەدا ئەوەندەی مەیلی چەواشەكاری و ستەم لەپێشە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات ، چارەكی ئەوە پرۆژەی چاكسازی و میكانیزمی نوێی گۆڕانكاری ئاشتیانە لە ئارادانیە، هەربۆیە دەبینی بۆشاییەكی مەترسییدار لەنێوان دەسەڵات و كۆمەڵگادا دروستدەبێت و ململانێ و كێشمەكێشەكان لەبری ئاسای بوونەوە توندر و قوڵتر دەبنەوە و كاردەكەنە سەر جومگە گرنگەكانی دەوڵەت و ئایندەی كۆمەڵگا
هەرچەندە زۆرجارلەپانتای پرۆسەی سیاسی ئەم جۆرە سێستەمانەدا بۆشای دەسەڵات ڕێگەخۆشكەرە بۆ بەرجەستەبوونی هێزگەلێكی ئۆپۆزیسیۆن كە بتوانن بەشێوەیەكی بابەتیانە و لەڕێگەی پرۆژەی سیاسی خۆیانەوە كار لەسەر گۆڕینی دەسەڵات و سێستەمی سیاسی بكەن و ببنە ئەڵتەرناتیڤی ئەو دۆخە، بەڵام بەوردبوونەوە لە دۆخی میژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وڵاتانی ناوچەكە و كوردستان بە تایبەتی، تاڕادەیەكی زۆر ئەم خەسڵەتە سیاسیە نابینرێت و نەبووەتە ڕێچكەیەكی وا كە مەترسی ململانێ خوێناویەكان تێپەڕێنێ و بە شێوەیەكی دیموكراتیانە و لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە دەستاودەستی دەسەڵات بكرێ ، چونكە لێرە شكستی سیاسیی و ئیفلیج بوونی ژێرخانی ئابووری كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی دروست بوونی بۆشای دەسەڵات ، لە گەڵ خۆیشیدا پووكانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی هەڵگرتوە و وای لێهاتوە بە پێچەوانەی تەواوی ئەو سێستەمانەی كە دەكەونە بازنەی بۆشای دەسەڵاتەوە ئۆپۆزسیۆنیش كەوتۆتە باری لێژی و تەنها پشت بە دروشمی پۆپۆلیستیی و چەواشەكاری دەبەستێ و خەریكە دەبێتە كۆپی ئەحزابی حوكمڕان و نەیتوانیوە پشت بە بوونی هێزی كۆمەڵایەتیی كاریگەر ببەستێ كە توانای گۆڕانكاری ڕیشەی هەیە
بەكورتی ئۆپۆزیسیۆنی كوردیی لە ئاستێكدایە لەبری ئەوەی ڕۆڵی سیاسیی دژ بە دەسەڵات بگێڕێت، دەسەڵات ڕۆڵی پێدەگێڕێت و لە زۆر شوێن هەست بە جیاوازی ناكرێت لە نێوان ئەودووەدا ، واتا لێرە ئەحزابی حوكمڕان لە بۆشای دەسەڵاتدا و بە چاوساغی نەیارانی كورد یاری بە ئۆپۆزیسیۆن و نوخبەی سیاسی دەرەوەی خۆیان دەكەن و وایان لێكردوون هیچ پڕۆژەیەكی سیاسیی كۆمەڵایەتیان پێنەماوەو ناتوانن بە ستراتیژێكی سیاسیی نوێوە دەركەون لەو هەڵومەرجەدا كە بۆشای دەسەڵاتی لێكەوتۆتەوە ، ئەمانە نەك گۆڕانكاریان پێناكرێ بگرە بوونەتە بەشێكی خراپ لە هیشتنەوەی دۆخەكە و قوڵتركردنەوەی تەنگەژە سیاسی و ئابوریەكانی كوردستان و نەیانتوانیوە لەو بۆشایەدا بە دروشی گۆڕانكاریی لە مۆدێلی حوكمڕانیی و ئیدارەدانی كۆمەڵگا تێپەڕن و بەشێوازێكی تر ئیدارەی ململانێكان بدەن ، ئەمەش بۆخۆی گەورەترین مەترسیە لە سەر بەرفراوان بوونەوەی فەزای سیاسی ئەو بۆشایە و دواجار دەرچەكانی ڕزگاربوون و گۆڕانكاری بە ئاراستەی سەركەوتنی خواستی كۆمەڵگا تێكدەشكێت و شتێك نامێنێتەوە بەناوی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات و پرۆسەی گۆڕانكاری ڕیشەی كە زۆر هێزو ڕەوتی سیاسی بە ناوی جۆراوجۆر بانگەشەی بۆ دەكات و دەیەوێ دۆخێكی نوێ بەرهەمبێنێ