
لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
فلاڤیۆس ئاریان مێژوونووسی یۆنانی سەدەی دووەمی زایینی لەکتێبی "ئاناباسیس ئەسکەندەر" گێڕاویەتییەوە: غەزە، شارێکی زۆر ستراتیژی سەرڕێگای خۆی و سوپاکەی بوو بۆگەیشتن بەمیسر. ئەسکەندەر لەتەمەنی (٢٥) ساڵی بەسەر یۆنان و میسری فیرعەونەکاندا زاڵبوو،پاشایەتی ماد و فارسیشی داگیرکرد.
ئەم شارە لەقۆناغە جیاجیاکانی مێژوو بایەخی تایبەتی هەبووە، هەرچەند بەهۆکاری جیاواز پاش هێرشەکانی ئیسرائیل دوای پەلامارەکەی (٧)ی ئۆکتۆبەری حەماس، سەرنجی جیهانی ڕاکێشاوە. نەک تەنیا مێرگێکی ناو دۆڵێکی بیابانی دەوروپشتی بوو، بەڵکو بەپێی نووسینەکەی ئاریان "دوا شارێک بوو لەسەرڕێگای ڤینیسیا بۆ میسر".
غەزە یەکەم، یان دوایەمین ناوچەی خۆش بوو، کە پێش یان دوای چوونەناو بیابانی وشکی سینا پێیدەگەیشتن، پەیوەند بەئاڕاستەی بزووتن لەنێوان ئاسیا و ئەفریقیا، کە لەڕێی وڵاتی شامەوە بەدەریای سپی ناوەڕاستدا دەپەڕییەوە و بەهۆی پێگەستراتیژییەکەی، بەردەوام لەنێوان ئیمپراتۆرەکان دەستاودەستی پێدەکرا.
بۆنمونە، لەسەدەی (١٢)ی پێش زایین، کە فەلەستینییەکان لەژێر دەسەڵاتی میسرییەکان ڕزگاریانبوو، بووە وڵاتی پێنجلایەنەی فلیستییە، کە سامسۆن، پاڵەوانی ئەفسانە دوای بڕینی قژی دەلیلەی گراوی بەفیتی ڕابەرانی فلیستی زیندانیکراو دوای تێکدانی پەرستگای خوای داگان هەر لەوێ مرد.
دوای فلیستییەکان چەند جارێک نەتەوە و پاشای جیاواز فەرمانڕەوایی غەزەیان کردووە، لە داود پاشا و پەیامبەری بەنی ئیسرائیلەکان، هەتا ئاشورییەکان، میسرییەکان و بابلییەکان و لەسەدەی (٦)ی پێش زایین، کۆرشی گەورەی بنیاتنەری پاشایی هاخامەنیشینەکان داگیریکرد، ئەو ئیمپراتۆرەی ئەسکەندەر لەگرتنەدەسەڵات لە ساڵی (٣٣٦ پ.ز)، چاوی بڕیبووە شکاندنی مەحاڵ.
کاتێک ئەسکەندەر خۆی لەبەردەم بەرزاییەکانی غەزەدا بینیەوە و بەرەوڕووی دیوارە پتەوەکانی ئەو وڵاتە بووەوە، زیاتر لەدوو ساڵ بەسەر داگیرکردنی ئاسیادا تێدەپەڕی.
ئەسکەندەر لە ساڵی (٣٣٦ پ.ز) بەسوپایەکی (٣٠) هەزار پیادە و (٥) هەزار سوارەی سەربازی بەگەروی دەردانیل تێپەڕیبوو لەوکاتەوە زۆر شوێنی داگیرکردبوو. کۆتا سەرکەوتنی بەرچاوی لە هاوینی ساڵی (٣٣٢ پ.ز) شاری ڤینسیای زۆر گرنگ و ستراتیژی تیر [سوری ئێستای لوبنان] و پێگەی دەریایی فارسەکانی لەوێ بۆماوەی (٧) مانگ گەمارۆدا و توانی چۆکی پێدابدات. لە کاتێکدا تیر لەوسەردەمەدا دورگەیەکی لەوشکانی جیابوو بناغەی تاوەر و دیوارەکانی لەسەر دەریا بوو.
هەواڵی سزادانی ترسناکی دانیشتوانی تیر دوای سەرکەوتن، ڕێگای پاشای مەکدۆنی بۆ گەیشتن بەمیسر ئاسانکرد و لەگەیشتن پێی بەرەوڕووی هیچ بەرگرییەک نەبوەوە هەتا گەیشتە غەزە. لەوکاتەدا باتیس، سەرۆکی هاخامەنیشینەکان فەرمانڕەوای غەزە بووە و لەبری ئەوەی ڕادەستی ئەسکەندەری نەدۆڕاوبێت، "ژمارەیەک جەنگاوەری عەرەبی هێناو گەنجینەکانی دانەوێڵەی شارەکەی پڕکرد"، چونکە بەپێی نووسینەکەی ئاریان "لەوباوەڕەدابوو هەرگیز ناتوانرێت بەلەشکرکێشی بەسەر غەزەدا زاڵبیت".
ڕاسپێردراوەکانی ئامادەکاری پێویست بۆ پەلاماردانی شارەکەش هاوڕای ئەسکەندەر بوون و پێیانوت: "مەحاڵە بتوانین بەهێز بەسەر ئەودیوارانەدا زاڵبین". هەر چەند لەچاوی ئەسکەندەر سەرکەوتن و "زاڵبوون بەسەر ئەم کۆسپانەدا، لەمپەری زۆر گرنگبوون بۆ دوژمنەکانی"، بەڵام "داگیرنەکردنی شەرمەزارییەکی گەورەبوو لەبەردەم یۆنانیەکان و داریۆش (پاشای هاخامەنیشینی)".
ئەستێرەناس
ئەسکەندەر، کە بڕیاریدابوو غەزە داگیر بکات، فەرمانیکرد گردی تورەکەڕێژ دروستبکەن هەتا بتوانن چەکوچۆڵی پەلاماردان لەئاستی دیوارەکاندابن و فەرمانیکرد هەمان چەکوچۆڵی بەکارهێنراو بۆ داگیر کردنی شاری تیر [سور] بهێنن بۆ غەزە، بەڵام کە دەیویست پێش هێرشەکە قوربانیەک پێشکەشی خواکان بکات، "سیسارگە کەچەڵەیەکی فڕیوو بەسەر قوربانیگاکەدا، بەردی ناو پەنجەکانی بەسەر سەری ئەسکەندەردا بەردایەوە". ئەسکەندەر بۆ لێکدانەوەی ڕاوێژی بە ئەستێرەناسەکەی کرد. ئەو وتی: "بەسەر شارەکەدا زاڵدەبیت، بەڵام دەبێ وریابیت". ئەسکەندەر بەئامۆژگارییەکەیکرد و ماوەیەک وەستا. دوژمنەکانی لەسەنگەرە قایمەکانی خۆیان لەسەر دیوارەکانەوە پەلاماری لەشکری مەکدۆنیاندا، ئەسکەندەر بەپەلە بەهانای هێزەکانیەوە هات و توانی دوژمن بشکێنێت، بەڵام لەم شەڕەدا شانی برینداربوو.
گەرچی برینەکەی سەخت بوو، بەڵام دڵخۆشبوو، چونکە بیری لەوەدەکردەوە کاتێک بەشێکی پێشبینی ڕاستە، بەشەکەی دیکەشی دێتەدی، شارەکە دەکەوێت، کەوت. ئەوکارەی دەیانوت: مەحاڵە، مەحاڵ نەبوو ئەسکەندەر بەسەرکردەیەکی نەشکاو مایەوە. سەرئەنجام تاوەر و دیواری شارەکە بەڕوویدا کرایەوە. بەشێکی لەشکرەکەی کاولیکرد و بەشەکەی دیکەی پاش بنکۆڵکردنی پایەکانیان، داڕما. دوای نزیکەی (١٠٠) ڕۆژ شەڕ، هێز دوای هێزی داگیرکەران چوونەناو شارەکە و ڕێگایان بۆ چوونەناوەوەی هەموو لەشکرەکە کردەوە.
ئاریان دەنووسێت: "تەنانەت، کە شارەکەیان داگیرکرد، ئەوان هەر لە غەزە بوون و بەرگرییان کردو سەنگەرەکانیان چۆڵ نەکرد هەتا هەموویان کوژران". زیانی مرۆیی زۆر بوو. کوینتۆس کورتیۆس ڕوڤۆس، مێژوونووسی ڕۆمانی لە کتێبی "مێژووی ئەسکەندەری مەکدۆنی"دا دەنووسێت: "لەم شەڕەدا نزیکەی (١٠) هەزار عەرەب و فارس کوژران، بەڵام ئەم سەرکەوتنە بۆ مەکدۆنیەکانیش بێ خوێن نەبوو."
توڕەیی
کتێبی کۆرتیۆس بەسەرچاوەیەکی گرنگی ژیانی ئەسکەندەری مەکدۆنی دادەنرێت. گەرچی هەندێک مێژوونووس بەڕۆمانێکی مێژوویی بەپێی کۆمەڵێک ژێدەری باوەڕپێکراو نووسراوی دەزانن. کۆرتیۆس لەم کتێبەدا دەگێڕێتەوە، کە دوای تەواوبوونی شەڕەکە، فەرماندەی غەزە نەکوژرابوو. بەپێی نووسراوەکەی "باتیس ئازایانە جەنگا، بەسەختی برینداربوو، بەڵام هەر چەند چەکەکانی یەک بەیەک لەدەستی دەکەوتنەخوارەوە، وایاننەکرد بەورەیەکی کەمتر، بەخوێنی خۆی و خوێنی دوژمن بەردەوام بێت لەشەڕی دوژمن"، بەڵام چارەنووسی خوێناوی بوو.
"کاتێک بردیانە لای ئەسکەندەری گەنج زۆر دڵخۆشبوو، تەنانەت هەندێکجار ستایشی ئازایەتی دوژمنەکانی دەکرد."
"ئەسکەندەر وتی: تۆ بەوشێوەیە نامری دەتەویست، بەڵکو بەهەرچییەک بتوانیت دروستی بکەیت بۆ ئازاردانی دوژمن ئازار دەچێژی. باتیس نەک هەر چاونەترسانە، هەتا بەشانازییەوە سەیری پاشای دەکرد، لێوی لەبەرامبەر ئەم هەڕەشەیە نەترازا. ئەسکەندەر بە بینینی ئەم دیمەنە وتی: ئایا نابینن چۆن کەللەڕەقانە پێ لەسەر قسەنەکردن دادەگرێت؟ کڕنۆشی برد؟ پاڕایەوە؟ بەڵام بێدەنگییەکەی دەشکێنم، ئەگەر هیچم پێنەکرێت، لانیکەم بەناڵەناڵەکەی بێدەنگی دەشکێنم، پاشان ئەوەندە تووڕەبوو ئاگر لەناوچاوانی دەباری، چونکە بەختی ئەم دواییەی، سێبەری ڕەفتاری بیانیەکانی بەسەرداکشابوو... هێشتا باتیس هەناسەی دەدا، پاژنەکانیان کونکردو بەسیرمە بەعەرەبانە بەستیانەوە. ئەسپەکان بەدەوری شاردا ڕایانکێشاو پاشا لافی لێدەدا، کە بەو سزادانەی دوژمن، لاسایی ئاشیلی کردووەتەوە، کە یەکێک بوو لە باوک و باپیرانی.
پاشان چی ڕوویدا
پلوتارک، فەیلەسوف و مێژوونووسی یۆنانی لەسەدەی یەکەمی زایینی لەسەرەتای کتێبی "ژیانی ئەسکەندەر" دەنووسێت: "زۆربەی کات لەواقیعی کەسانێکەوە، بەهۆی وشەیەکی توند و جوڵەیەکی منداڵانە، دەتوانی لەکەسایەتی تاکێک بگەی هەتا شەڕە کوشندەکان، کە هەزاران پیاو تێیدا دەمرن، سوپایەکی زۆر لەناودەچێت و شارەکان گەمارۆ دەدرێن."
ئەسکەندەر دوای سەرکەوتنی لە غەزە جگەلەوەی بڕێکی زۆری دەستکەوتی شەڕی بە "ئۆڵۆمپیاس، کلیۆپاترا و هاوڕێیەکانی" بەخشی، دیاری بۆ لیۆنیداسی مامۆستای سەردەمی خوێندنیشی نارد.
لەوماوەیەدا، ڕۆژێک، لیۆنیداس ئەسکەندەری گەنجی بینی بە بەخشندەییەوە بخور دەپڕژێنێتە ناو ئاگری قوربانگاکە و پێیوت: "کاتێک وڵاتانی بەرهەمهێنەری ئەو مادە بۆنخۆشانەت داگیرکرد، ئەوکاتە دەتوانی بەم بەخشندەییەوە بیانسوتێنی، بەڵام هەتا ئەوکاتە بەکاری مەهێنە".
ئەسکەندەر ئامۆژگارییەکەی لەبیرنەکرد و دیارییەکەی غەزەی بەم یاداشتەوە بۆ نارد: "مۆرد و بخورێکی زۆرت بۆ دەنێرم، هەتا لەبەردەم خوداوەندەکاندا بەرچاوتەنگ نەبیت."
ئاریان لەکتێبەکەیدا دەگێڕێتەوە، ئەسکەندەر لە غەزە "منداڵ و ژنەکانی بەکۆیلە گرت و دانیشتوانی شارەکانی دراوسێی لەشارەکە نیشتەجێکرد و شارەکەی وەک قەڵای جەنگ پاراست". ئەسکەندەر درێژەی بەڕێگاکەیدا بەرەو میسر و لەوێ بەئامێزی کراوەوە پێشوازیی کرا.
www.bbc.com