فەرەیدوون سامان

بەشی دووەم

کەلتوور و داوونەریتی ئێزیدییەکان

ئایینی ئێزەدی و بوونی ئێزەدییەکان، سیمای دەوڵەمەندی کەلتوورو فرەیی و مێژووی ناوچەکە و گەلی کوردستانە، ئێزیدییەکان لە ڕووی ئایینیەوە خودان جەژنێکی تایبەت بە خۆیانن. بە (چوارشەمە سۆر) ناسراوە،  هەڵبەتە ئەم جەژنە گەیشتۆتە لای گەلانی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتیش تەنانەت لای فارسەکان هەر بە (جشن چهار شنبە سور) ناسراوە، واتە سۆر نەبۆتە سرخ یان قزل، کەواتە هەر خەسڵەتە کوردییەکی پێوەماوە و نەگۆڕاوە، چوار شەممەی سوور بە پێی ڕۆژژمێری ڕۆژھەڵاتی دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان، ئەمەش جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییەکانە، لەم ڕۆژەدا بەکارھێنانی ھێلکە و ڕەنگکردنی یەکێکە، لە تایبەتمەندیەکانی و جێ بایەخیانە. ئەویش بەو مانایەی ھێلکە لە گۆی زەوی دەچێت، ھەروەھا رۆح و توخمی تێدایە، لە خوێندنەوەی دیکەشدا دەڵێن زەردێنەکەی لە زەویی و سپیاییەکەی لەئاو یان لە بۆشایی گەردوون دەچێت، ئەم جەژنە لە سەردەمی بابلی و تەنانەت ئاشوری و سۆمەرییەکانیشدا ھەبووە. بەپێی کۆنی ئایینەکە و بەرفراوانی ئایینەکەش لە سەردەمی خۆیدا وایی بووە لە جێگای زۆرو بەرفراوانتردا جەژنەکە بکرێت بە جیاواز لە سەردەمی ئێستادا.

بێگومان ھەموو ئایینێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە، دەگوترێت لەناو ئێزەدییەکاندا لە مانگی نیساندا ڕێورەسمی ژنھێنان و بەشوودان نییە. چونکە نیسان خۆی بووکی ساڵە و زەوی ئاوسە، چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن ناوی (نیسان) لە (نوساڵ)ەوە ھاتبێت. لەم ڕۆژەدا ئێزەدییەکان ڕووناکی زۆر بەکاردێنن و تاریکایی ڕووناک دەکەنەوە، وەکو خۆیان گوتەنی لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی. دیارە لەئایینەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا و ئایینی دیکەیش بابەتی ڕۆژپەرستی و ڕووناکی پەرستیش ھەبووە، ھەروەھا گوڵی سووریش (کولیلکا نیسانێ) لەتاقی پەرستگا و شوێنە تایبەتەکانیان دادەنێن. ھەرچەندە بەھۆی ئەو تاوانانەی لەھەقیان کراو بەھۆی بە کۆیلەبردنی ژن وکچ و منداڵەکانیان، کە ھێشتا ژمارەیەکیان لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا ماون جەژن ناکەن، ئەوان سیمبولێکی دێرین و نوێی قوربانین لە ناوچەکەدا، پێویستە ھەموو لایەک بە ڕێزەوە بڕوانێتە ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگەی کوردەواری، بەدڵنییایەوە پێویستە ھەر ئەو ڕۆژەی پەرلەمانی کوردستان کەوتەوە سەرکاری خۆی، پرۆژە بڕیاری تاوانی شەنگال بکاتە بڕیارو رۆژی ٣-٨ی ھەموو ساڵێک بە فەرمی بکاتە ڕۆژی جینۆسایدی ئێزەدییەکان.

ناسنامەی ئێزەدییەکان و چەواشەکاری ناسیۆنالیستی عەرەب

بەمەبەستی نیشاندانی ھاوپشتی و ھاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئێزیدی و تەواوی قوربانیانی دەستی دڕندایەتی و چەتەگەریی تیرۆریستانی داعش و ھاوکاتیش بۆ دەربڕینی ڕق وناڕەزایەتی بەڕووی ئەو گروپە مرۆڤکوژە و ھەل ومەرجێکی خوێناوی کە خوڵقاندوویەتی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا. بۆیەش گەرەکە ھەرچی زووتر ئەم تاوانە پرۆتستۆ بکرێت، زۆرترین ھەڕەشەی لەناوچوون لەلایەن گرووپ و هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئیسلامەوە لە ئێزەدییەکان کراوە، چ لە سەردەمی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، تا ئێستاش عەرەب ناوەکەیانی چەواشەکردوە و پێیان دەڵێن"یەزیدی" واتا بە چەواشەکاری دەیانگەڕێننەوە بۆ سەر یەزیدی کوڕی مەعاوییە، بەڵام بێگومان ئەوە ھیچ پەیوەندی بەڕاستییەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی ئاسیملاسیۆن.

بەھەمان شێوە ئەوەی بە زەبری چەک نەیتوانیوە لەگەڵیاندا بکرێت، بەتایبەت لەلایەن تورکە عوسمانییەکان لە ماوەی  ٤٠٠ ساڵی ئیمپراتۆریەتەکەیاندا، ئەوان ھەوڵیاندا لەڕێگای ریفۆڕم و گۆڕانکاریی لە ئایینی ئێزیدی دروستی بکەن، ھاتنی شێخ ئادی، ھەمانکات دروست بوونی ڕیزبەندی و سیستمی ھیرارشی لە نێو ئێزەدییەکان" شێخ، پیر، میر، فەقیر، مرید، قەوال....ھتد" ھەروەھا دروست کردنی پەرستگا و ناولێنانی ئیسلامییانە بە ناوی حەج، سەفاو مەروا...ھتد، کۆتایش گۆڕ و جل و بەرگ و شوێنی پەرستنی شێخ ئادی بووەتە نەزر‌گای ھەرەسەرەکی ئێزیدییەکان، بەواتایەکی تر، شێخ ئادی لاساییپێغەمبەری ئیسلام کردنەوە ‌و خۆی کردوەتە ناوەندی پەرستن و سازشی نێوان تاک و کۆمەڵگەی ئێزیدی"، ڕێوڕەسمی پەرستگای لالەش وەک نموونە". ناتوانین بڵێین ئێزیدییەکان لە ڕێگای شێخ ئادی لە ڕاستەھێڵی خۆیان دەرچوونە، بەڵام ناشتوانێن بڵێین وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەوەی لەمڕۆدا گرنگە بۆ ئێزیدییەکان و شەنگالییەکان، ئەویش مانەوەیانە بە ناسنامەی نەتەوەیی کوردبوونیان و ئایینی خۆیان و پاراستنی ناسنامە نەتەوەییەکەیان.

کۆمەڵکوژی ئێزەدییەکان

بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ڕاستی، ڕێکخراوی تیرۆریست داعش تەنیا لایەنێکی ئەنجامدەری ئەم تاوانەیە، لایەنەکانی تر دادگای تاوانی نێونەتەوەیی دەتوانێت ئاشکرایان بکات.

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەشێک لە ھێزی پێشمەرگە و پۆلیسی ناوچەکە لەناکاو لە شەنگاڵ کشانەوە و سەدان ھەزار منداڵ و ژن و کەسانی مەدەنییان بۆ داعش بەجێ ھێشت. سەرەنجامیش تاوانە مەزنەکە، جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان، دەستی پێکرد، کە گەورەترین تاوانی سەدەی بیستویەکەمە. ئەو ڕۆژەڕەشە میری ئێزەدییەکان، میرتەحسین، بە ھاوارێکی خەمناکانە و پڕژانەوە گوتی: ئێمە فرۆشراین...ئەم ڕستە کورتە دوو وشەییە، کە زایەڵەکەی بە دنیادا بڵاوبۆوە، دەیان پرسیاری گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا، کە تا ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە، چۆن ئەو سەدان ھەزار ئێزیدییە فرۆشران؟

بۆچی و بە چ نرخێک و لەپێناو چ دەستکەوتێک و بە قازانجی کێ فرۆشران؟

ئایا ئەو دەوڵەت و ھێز و لایەنانەی لە پلاندانان و فرۆشتن و کڕینی ئەواندا بەشدارن کێن؟ بە چ ئامانجێک ئەم تاوانەیان ئەنجام دا؟

نزیکەی ١١ ساڵ بەسەر ئەم تاوانە هۆفیانەدا تێپەڕی، کەچی ھێشتا لێکۆڵینەوە لەم تاوانە نەکراوە، تا ھۆکاری ڕاستەقینەی تاوانەکە بۆ خەڵک و دنیا ڕوون بکرێتەوە! ھەروا ھیچ کام لەو فەرماندە سەربازی و ئەمنی و حکومی و حیزبییانەی بەرپرسی ئەو ناوچەیە بوون و ئێزدییەکانیان بەجێ ھێشت، نە ڕەوانەی دادگا کران، نە لەلایەن لیژنەی سەربەخۆوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە. ئەم تاوانە سروشتێکی جیھانیی ھەیە و بە تاوانێک دژی تەواوی مرۆڤایەتی دادەندرێت و برینێکی گەورەی خستۆتە جەستەی مرۆڤایەتییەوە. بۆیە دەسەڵاتیکی لۆکاڵی ناتوانێت تاسەر ھۆکار و حەقیقەتی ئەم تاوانە لە میللەت و لە جیھان بشارێتەوە، ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان ھاتۆتە دەست بۆ ئەوەی داکۆکی لە داد و ماف و کەرامەتی سەدان ھەزار قوربانی  ئێزیدی بکات، کە تا ئێستاش بەپێی کولتوور و داوونەریتی کۆنی عەرەبی و شەریعەتی جەنگەڵ، لە بازاڕەکانی کەنداو و تورکیا و سووریاو ھەندێ وڵاتی دیکەدا وەک کۆیلە و کەنیزە دەفرۆشرێن.

نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای لێکۆڵینەوە لە سروشت و ناوەرۆکی تاوانەکە، کوشتاری بەکۆمەڵی ئێزدییەکانی وەک جینۆساید ناسی، لە ھەمانکاتدا داوای لە ئەنجومەنی ئاساییشی نێونەتەوەیی کرد کە کەیسی جینۆسایدی ئێزەدییەکان ڕەوانەی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی بکات، بۆ ئەوەی ئەم دادگایە لەم تاوانە مەزنە بکۆڵێتەوە.

جینۆسایدی ئێزەدییەکان ئەوەندەی تاوانی ئەنفال گەورەیە. ھەردوو تاوان جارێک بە ناوی عروبە و جارێکی دی بەناوی ئیسلامەوە لەلایەن ھێزی عەرەبی سوننەوە ئەنجام دراون. بەڵام ئەوەی تاوانی ئێزەدییەکان گەورەتر دەکات و برینەکەی بۆ کورد قووڵتر و پڕژانتر دەکات ئەوەیە، کە بەشێک لە هێزی پێشمەرگە لەبری ئەوەیوەک پیشەی دەیان ساڵەی خۆی، بەرگری لە گەلەکەیان بکەن و ژیان و خاک و کەرامەتییان بپارێزن، ئەوانیان بۆ ڕەحمەتی داعش بەجێ ھێشت و تەنانەت تاکە سەعاتێک بەرگرییان لێ نەکردن. ڕاپۆرتەکە، لەم بارەیەوە، بە زەقی ئاماژە بە کەمتەرخەمی و ھەڵاتنی ئەو ھێزەی پێشمەرگە، لە شەنگاڵ دەکات. لە ڕاپۆرتەکەدا، کە نزیکەی چل لاپەڕەیە، نووسراوە. ڕۆژی ٣ی ئاب ٢٠١٤ کاتێک چەکدارانی –داعش- بەرەو شەنگاڵ چوون و ڕووبەڕووی ھیچ بەرگرییەک نەبوونەوە. ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە جێیەکانی خۆیان چۆڵ کرد و لە بەرامبەر پێشرەویی داعشدا، بەبێ ھیچ بەرگرییەک کە شایەنی باسکردن بێت، کشانەوە و زۆربەی ناوچەکانی شنگاڵیان بەجێ ھێشت. دانیشتوانی ناوچەکە لە بڕیاری کشانەوەی پێشمەرگە ئاگادار نەکرانەوە، ھەروا ھیچ بڕیارێک بۆ دەربازکردنی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکە نەدرا و زۆربەی گوندەکان ئاگاداری تێکچوونی باری ئەمنیی ناوچەکە نەبوو.

کەچی لەبەرامبەر ئەمەدا ڕاپۆرتەکە باس لە جوامێریی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یە پە گە) دەکات، کە لەگەڵ خۆبەخشانی ئێزیدی بەرەنگاری ھێرشەکەی داعش بوونەوە و توانییان لە ڕۆژاواوە رێڕەوێک بکەنەوە و خەڵکی گەمارۆدراوی ئێزەدی، لە چیای شنگاڵ بپارێزن و بەرەو ناوچەیەکی ئارام دەربازیان بکەن.

راپۆرتەکە بەوردی کۆمەڵکوژیی ئێزەدییەکان باس دەکات، جیھان و مرۆڤایەتی لە گەورەیی و سامناکیی ئەم تاوانە ئاگادار دەکاتەوە، داواش دەکات ھێزە نێونەتەوەیییەکان ئەو ٣٢٠٠ ژن و منداڵەی، کە ھێشتا لەلای داعش ڕاگیراون، ڕزگار بکەن. ھەروا ڕاپۆرتەکە داوا لە ئەنجومەنی ئاساییش دەکات کە ئەم کەیسە ڕەوانەی دادگای تاوانی نێودەڵەتی لە لاهای بکات، تا ئەوان لەم تاوانە بکۆڵنەوە، سەرانی داعش و ھەموو ئەو لایەنانەی دەستیان لە پلاندانان و کۆمەک کردن بەم تاوانە ھەیە ڕاپێچی بەردەم دادگایان بکەن، چونکە داعش تەنیا لایەنیکی ئەنجامدەری ئەم تاوانەیە، لایەن و ئەکتەرە سەرەکییەکانی پشت پەردە دادگای تاوانی نێونەتەوەیی دەتوانێت ئاشکرایان بکات.

ئەم بریارە گرنگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بردنی ئەم کەیسە بۆ دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە زۆر لایەنەوە پڕ بایەخە و شایەنی ئەوەیە لە ڕووی قانوونی، سیاسییەوە بە فراوانی باس بکرێت. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ ھەندێک لەو لایەنانە دەکەم:

یەکەم: کەیسی جینۆسایدی ئیزدییەکان، لە ڕووداوێکی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان و عیراقەوە، دەگۆڕێت بە کەیسێکی جیھانی، واتا لە دەست دەسەڵاتی خۆماڵی دەردەھێندرێت و دەدرێتە دادگایەکی جیھانی، کە خۆی بەدوای ھەقیقەتی مەسەلەکە دەکەوێت.

تاوانی جینۆساید، لەھەر وڵاتێکدا ڕوو بدات بە تاوان بەرامبەری تەواوی مرۆڤایەتی دادەندێت. بۆیە ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگا و داگا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە کە داکۆکی لەم کەیسە بکەن، بەرپرسانی ئەم تاوانە ڕەوانەی دادگا بکەن و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن. لەم بیست ساڵەی دواییدا دەیان سەرۆک دەوڵەت و گەورە بەرپرسی سیاسی و سەربازی چەندان وڵات، تۆمەتی کۆمەڵکوژی و تاوانی شەڕیان دراوەتە پاڵ، بەشێکیان لە دادگای نێونەتەوەییدا، دادگایی کراون و سزا دراون، بەشێکی تریشیان لە وڵاتانی خۆیاندا، بە چاودێریی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی، دادگایی کراون، ئەو دەوڵەتانەش بە قانوون ناچارکراون کە بڕیاری دادگا جێ بەجێ بکەن. بۆ نموونە سەرۆکی پێشووی یۆگۆسلاڤیا سلوبۆدان میلۆسۆڤیچ و چەند بەرپرسێکی سەربازی و سیاسیی ئەو وڵاتە، بەپرسانی جینۆسایدی رواندا، کەمبۆدیا و سیرالیۆن...تاد

دووەم: دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە دیاردەی داعش دەکۆڵێتەوە و ئەو ھێز و دەوڵەت و لایەنانە ئاشکرا دەکات کە کۆمەکی سەربازی و ئابووریی داعشیان کردووە، رێگایان بۆ خۆش کردووە کە بگاتە عێراق و کوردستان و ئەم تاوانە ئەنجام بدات. ھەروا رەنگە دادگا وەڵامی ئەم پرسیارەی دەست بکەوێت کە بۆچی داعش بەگژ کورددا کرا؟ چۆن و بە کام مەبەست و ئامانج پەلاماری شنگاڵی دا؟

سێیەم: قوربانیانی ئێزیدی دەبێت لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکرێنەوە. دادگای تاوانی نێونەتەوەیی دەتوانێت ئەو دەوڵەت و لایەنانەی دەستیان لەم کوشتارەدا ھەبووە، یان کۆمەکیان بە داعش کردووە، ناچار بکات قەرەبووی زیان لێکەوتووان بکەنەوە.

چوارەم: ئێزیدییەکان دەتوانن بۆڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدی تر، داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن کە خۆیان لەژێر چاودێری و پارێزگاریی ئەواندا، ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن و چیتر بندەستی ھیچ ھێز و لایەنێکی تر نەبن، چونکە دەوڵەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەیانتوانی لە تەنگانە و لەکاتی لێقەوماندا بەرگریان لێ بکەن، لەجیاتیانڕوو بەڕووی ئەم کوشتارەیان کردنەوە، بەمەش بۆ خەڵکی ئێزیدی و دنیایان سەلماند، کە ئەوان شایەنی ئەوە نین حوکمڕانی ئێزیدییەکان بکەن.

ماویەتی

وتاری نووسەران