شانیا محەمەد

 

لە هەڵبژاردنەکانی خولییەکانی عیراق  و هەرێمی کوردستاندا، چەند ئاستەنگێک هەیە یەکێک لەوانە گروپە پەراوێزخراوەکانن، وشەی (پەراوێزخستن) ئاماژەیە بۆ کردەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێک یان گروپێک وەک ئەوەی بێ بایەخ بن بە گۆشەگیرکردن و یان بێدەسەڵاتکردنیان. ئەو گرووپە لە چەند بەشێک پێکدێن ئەوانیش: (ژنان، خاوەن پێداویستی تایبەت، کەمینەکان، منداڵان و...هتد).

ئەوان لە گشت کۆمەڵگا جیاوازەکاندا هەن و هەمیشە رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبنە لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، بە پێویستی دەزانین ئاستەنگەکانی بەردەم خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەڵبژاردنەکان وەربگرین و شیکاری بۆ بکەین. بە پێی راپۆرتێکی (هیومان رایتس ۆوچ) ساڵی 2019، کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت رایگەیاند: عیراق  بۆوەتە یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین رێژەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدایە.

کاتێکیش  لە وڵاتێکدا خاوەنی رێژەیەکی زۆری ئەو گروپە بێت، دەبێت بەشدارییان لە کایەی سیاسیدا هەبێت، بەڵام هەتا ئێستا لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردنەکاندا جێگایەک نەکراوەتەوە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت کە گشت مافەکانیان هەروەکو مرۆڤەکانی دیکە پێبدریت، ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی 2013، پەرلەمانی عیراق  دەنگیدا بە پەسەندکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

ئەو گروپە بە پەراوێزخراوەیی دەمێنێتەوە

لە ماددەی12ی پەیماننامەکەدا هاتووە: (دەبێت وڵاتانی ئەندام دان بنێن بە مافی توانای یاسای کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشێوەیەکی یەکسان وەک کەسانیی تر  لە هەموو بوارەکانی ژیاندا). هەروەها ماددەی 29 دەڵێ: (داوا لە دەوڵەتان دەکات رێز لە مافە سیاسیەکانی کەمئەندامان بگرن). 

هەروەها پەیماننامەکە لەسەر دەوڵەتانی فەرز دەکات دڵنیایی بدەن لەوەی بنکەکانی دەنگدان و پێداویستییەکانی هەڵبژاردن گونجاو و بەردەست و ئاسان بن بۆ تێگەیشتن و بەکارهێنان، بەڵام هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەو گروپە بە پەراوێزخراوەیی دەمێنێتەوە و یاساکان جێبەجێ ناکرێن و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بێ بەش دەبن لە مافی بەشداری سیاسی هەروەکو جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ساڵی 1948دا دەرچووە، لە ماددەی بیست و یەکەمدا هاتووە: (مافی هەر مرۆڤێکە بۆ بەشداریکردن لە کاروباری وڵاتەکەیدا، چ راستەوخۆ یان بە هەڵبژاردنی نوێنەر، بەهەمان شێوە مافی بەشداری سیاسی واتە ئەو مافەی کە دەسەڵاتی دەسەڵاتدار پابەندە بە دابینکردنی ماف بە هاووڵاتیان، لەوانەش مافی کاندیدکردن و هەڵبژاردنی نوێنەر، بۆ بەدەستهێنانی پۆستی گشتی بە پێی پرەنسیپی دەرفەتی یەکسان، بەڵام لە گشت هەڵبژاردنەکاندا خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان دەستبەرداری ئەو مافەیان دەبن، بۆیە ئاستەنگەکان بەشێکیان تەکنیکین و بەشێکی دیکە  لۆجستین ئەوانیش  بریتیین لە:

یەکەم:  جیاکاریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە یاساکانی هەڵبژاردن.

دووەم: رووبەڕووی بەربەستێکی زۆر دەبنەوە لە خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن.

سیێەم: نەگەیشتنیان بە بنکەکانی هەڵبژاردن، دۆخی ناو بنکەکانی دەنگدان پێویستییەکانی ئەوانی تێدا دەستەبەر نەکراوە.

چوارەم: نەبوونی بڵاوکراوەی هۆشیاری تایبەت بە هەڵبژاردن بۆیان.

پێنجەم: رەچاونەکردنی پێداویستییەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەک تۆمارکردنیان بە دەنگی بۆ نابیناکان و نووسینیان بە شێوازێک کە نابیناکان بتوانن بیخوێننەوە، لەگەڵ نووسینیان بە پیتی گەورە و ئاسان و دابینکردنی پێداویستییەکان بە زمانی نیشانە بۆ نابیستەکان.

شەشەم: نەبوونی هۆشیاری لەلایەن هاووڵاتیانەوە کە خاوەن پێداویستی تایبەتیش مافیان هەیە بەشداریی سیاسی بکەن و خۆیان کاندید بکەن.

حەوتەم: ئەو کەسانەی کورسی کەمئەندامی و ئامێری تر بەکاردهێنن بۆ هاتووچۆ رووبەڕووی بەربەست دەبنەوە لە گەیشتنیان بە بنکەکانی دەنگدان.

هەشتەم: کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە زۆری بینای قوتابخانەکان وەک بنکەی دەنگدان بەکاردەهێنێ کە زۆرێکیان بۆ کەمئەندامان لەبار نین.

نۆیەم: ژمارەیەکی زۆر لە سندوقەکانی هەڵبژاردن دەخاتە نهۆمی دووەمی بیناکان کە مەسعەدیان تێدا نیە.

دەیەم: کۆمسیۆن بنکەی دەنگدانی گەڕۆک و دەنگدانی ئەلیکترۆنی و دەنگدانی لە رێگەی پۆستەوە نییە بەهۆی لاوازی سیستمی پۆستە لە عیراق.

یازدەیەم: نەبوونی خواستی پارتەکان بۆ پشتگیریکردنی کەمئەندام وەک کاندید بۆ پارتەکانیان.

دوازدەیەم: نەبوونی متمانەی دەنگدەران بە خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ کاندید بوونیان و سەرکەوتنیان.

چارەسەری سەرجەم  ئاستەنگەکان بکرێن

بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان لە گشت هەڵبژاردنەکاندا پێویستە چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردن بە یاسا، چارەسەر بۆ سەرجەم ئەو گرفتانە بکرێن، لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عیراق  کە دوو هەڵبژاردن لەبەردەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا هەیە ئەوانیش (هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق، هەڵبژاردمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان).

 پێوسیتە چارەسەری سەرجەم ئاستەنگەکان بکرێن تا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش گشت مافەکانی (کاندیدبوون و بەشداری دەنگدانیان) هەبێت، ئەو لایەنانەی کە پێویستن لە چارەسەرکردن (کۆمسیۆن و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان)، بارودۆخێکی لەبار دروست بکرێت بۆ ئەوەی چەند خاوەن پێداویستیەکی تایبەت خۆیان کاندید بکەن، لەگەڵ پشتگیرییەکی تەواوەتی پارتەکان بۆیان و بانگەشەیەکی شایستە بۆیان تا بناسێندرێن و ببنە جێگای متمانە لەنێو هاووڵاتیاندا، ئەویش لە رێگای کردنەوەی وۆرک شۆپ و راهێنانی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری هەڵبژاردن بۆ نابیستان، نابینانیان، کەم ئەندامان.

رێکخستنی بنکەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ رۆژی هەڵبژاردن وەک: بنکەکان لەباربن بۆ ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەت بتوانێت بە ئاسانترین رێگا بچێتە نێو بنکەکان و دابین کردنی کارمەندانی چاودێری تایبەت هەتا هاوکاری نابیستان بکەن و کاغەزی دەنگدانی تایبەت نابینایان دابین بکرێت، هەروەها بنکەی گەرۆک دابین بکات بۆ ئەوانەی کە بەتەواوەتی توانایان نییە بێنە بنکەکان،

سەرجەم ئەو رێکارانە وادەکات کێشەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت چارەسەر بکرێن، ئەوەش هەڵبژاردنێکی یەکسان دێنیتە کایە، متمانە بە کۆمسیۆن و پرۆسەی هەڵبژاردن زیاتر دەبێت و هەروەها رێژەی دەنگدانیش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و لە ئاستی نێودەوڵەتیش دەبێتە دەرخەری دیموکراسی و پاراستی مافەکانی مرۆڤ.

 

وتاری نووسەران