نووسینی: شوکریە محەمەد ئەمین دێوانە ڕواندزی

 هەندێ لە بیرەوەریەکانم کە پەیوەستن بەم بابەتە کە زۆر سەختی و کاریگەرییان هەبووە لەسەر ژیانمدا لەکاتی گەنجیمدا و هەروەها کاریگەریی هەبووە لەسەر چارەنووسی گەلێکی خاک زەوتکراو، بەشخوراوو بێ ماف.. بەندەش وەک ئافرەتێکی کورد لەدایکبووی شاری ڕواندزی چەندین جار وێران و تاڵانکراوو ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی ..

  هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی خوێندنم هەبووە ،بنەماڵەکەشم هاوکارم بوون بۆ چوونە قوتابخانە،لە تاکە قوتابخانەی سەرەتایی کچان لە ڕواندز، خوێندنیش بە زمانی عەرەبی بوو، لە ساڵی1948 پۆلی شەشەمم تەواوکرد، بەڵام لەبەر نەبوونی قوتابخانەی ناوەندی لە ڕواندز ناچار دایکم بردمیە هەولێر، لە ماڵی پوورم پۆلی یەکەمی ناوەندیم لە قوتابخانەی ناوەندی کچان لە قەڵای هەولێر خوێند، وەک تاکە کچێکی شارەکەم لەبەر ئەوەی خوێندن حەرام کرابوو، بە تایبەتی بۆ کچان! پاشان لە ڕواندز قوتابخانەی ناوەندی تێکەڵاو کرایەوە، گەڕامەوە بۆ تەواوکردنی خوێندن. ڵە ساڵی1953 دا خوێندنی ناوەندیم تەواوکرد، ، دایکم منی بردە بەغدا بۆ خانەی مامۆستایان وەک یەکەم کچی شارەکە بە تەمەنی(16) ساڵی، لە 1956 بە سەرکەوتوویی خوێندنم تەواوکرد،بە بڕوانامەی دبلۆم و لەسەر ویستی خۆم فەرمانی دامەزراندم وەک مامۆستا لە ڕواندز بۆ دەرچوو، وەک یەکەم مامۆستای ئافرەت لە 4-10-1956 و لە هەمان ئەو قوتابخانەیەی لێم خوێندبوو دەست بەکار بووم..

لە ساڵی1957 بۆ شارۆچکەی مەخموور دوورخرامەوە، کە بە ڕاستی مەنفا بوو، وەک گوندێک نە ئاو نە کارەبا نە ڕێگای قیرتاو ، نە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستا، ناچار لە ژوورێکی زۆر بچووکی قوتابخانە بە سەرمانبرد.

لە پاش شۆڕشی چواردەی تەمموز ی 1958 بارودۆخی هە موو عیراق بەرەو باشی چوو ، شارۆچکەی مەخمووریش هەندێ گۆڕانکاری بەسەرداهات، چوار ساڵم لەوێ تەواوکرد،گوازرامەوە بۆ قوتابخانەی عنکاوەی سەرەتایی کچان.

لە 12-5-1962 لە لایەن ئەمنی هەولێر، لە عنکاوا دەستگیرکرام،بە تۆمەتی کۆکردنەوەی (20) هەزار واژۆ، بە بڕیاری حیزبی شیوعی، لە پێناوی ئاشتی لە کوردستاندا.

پاش دادگایی کردنم لە لایەن دادگای لێکۆلینەوەی هەولێر بە ئامادەبوونی معاون ئەمنی هەولێر ، دادوەر داوای لێکردم هەندێ ناوی واژوکردوان بە تایبەتی ئافرەتان بدرکێنم ، بەڵام هیچ ناوێکم ئاشکرا نەکرد،ووتم تەنها خۆم واژووم کردووە و زۆر هەڕەشەیان لێکردم بەڵام هیچم نەدرکاند بۆیە بڕیای 13 ڕۆژ دەستبەسەری بۆ دانام، لە گرتووخانەی سەرای هەولێر لە ژوورێکیان دانام،بەرانبەر هۆڵی هاوڕێیان کە(375) کەسی لێ بەندکرابوو. بە تەواوبوونی ماوەکە دووبارە دادگایی کرامەوە، بۆ ئاشکراکردنی ناوی واژۆکەران، بەڵام وتم کەسیان ناناسم، تەنیا خۆم واژۆم کردووە،بۆیە هەر بە بڕیاری موتەسەڕیفی هەولێر بڕیاری گواستەوەم بۆ بەندیخانەی  موسڵ، کە کۆنترین بەندیخانە بوو، لەبەر ئەوەی هەمووی بە کەلە شاخ و بەردی گەورە دروستکرابوو، تەنها یەک دەرگا بێ پەنجەرە و ئەبەستەی ئافرەتان و چەند جۆرە بەندکروی ئافرەتی تێدا بوو، ژنە پێشمەرگە ،دز جار بە جاریش بە شەو ئافرەتانی لەشفرۆشیان دەهێنا!! خواردن،توندو تیژی شەڕی دەروونی ، هەڵس و کەوتی زۆر نامرۆڤانەیان بەکاردەهێنا،لەبەر ئەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەندییەکان نەبوو. وەک تاوانبار مامەلەیان لەگەلدا دەکردین.هەر لەو ماوەیەی لە زیندان بـووم،بڕیاری دەرکردن و دوورخستنەوەم بۆ پارێزگاری حیلە دەرچوو بوو. هەروەها بڕیاری دەرکردنم لە وەزیفە بۆ ماوەی شەش مانگ ، بەڵام هەمووی پێنج ساڵی کێشا، لە 12-5-1962 تاکو 27-3-1967 !! پاش دەرچوونم لە بەندیخانە بە کەفالەتێکی زۆرو بەهۆی بەرتیلێکی زۆر ، معاون ئەمنەکە ئاگاداری کردمەوە کە بۆ گوندێکی لیوای حیلە دوورخراومەتەوە.. بەڵام لەبەر ئەوەی دەرکرابووم و دەوامم نەبوو، لەناو شاری حیلە لە ماڵی هاوڕێیەکی خۆمان بووم. بە نهێنی دەچوومە بەغدا بۆ ماڵی کچە خوشکێکم، کە ئەویش هاوسەرەکەی بۆ بەغدا دوورخرابوەوە.  پاش ماوەیەک کودەتا شوومەکەی بەعس، لە 8 ی شوباتی 1963 ڕوویدا، ناچار لەگەل کچە خوشکەکەم لە ماڵی هاوڕێیەکی مەسیحی خۆمان حەشاردا، بەڵام لە ترسی ڕەشبگیرییەکە، کچە خوشکەکەم ناردە هەولێر، بۆ پەیوەندیکردن بە هاوڕێیان، تاکو چارەسەرێکم بۆ بکەن، پاش چەند ڕۆژێک وەڵامی هێنایەوە کە بچمە هەولێر بۆ شوێنێکی دیاریکراو لەوێش بە سەیارەیەکی تەرخانکراو بۆ ئەم مەبەستە، بچمە گوندی کاولۆک نزیک ڕواندز.. بە نهێنی گەڕامەوە هەولێر، بە سەیارەکە چوومە کاولۆک بۆ ماڵی ڕەوانشاد سلێمان بەگی دەرگەڵە،کەماڵیان لە بەرزاییەکەی گوندەکەبوو، نزیک حامیەی سوپا، گەیشتمە ئەوێ ، مام سلێمان بەگ بە پیرمەوە هات، زوو بەخێر هاتنی کردم و بە کچەکانی گوت ، خێرا خواردن بۆ خوارزاکەم ئامادەبکەن، پاش هەندێ گفتو گۆ  ووتم برادەران منیان ناردە لای مامی خۆم بۆ ئەوەی بگەمە بنکەی لۆغان.

دەرحاڵ وڵاغێک و دوو خزمی بۆ ئامادەکردم، زۆر باش ڕێکەوتبوو کە ماڵیان بەرامبەر گردێک بوو، لەوێش بە وڵاغەکە لەگەل ئەو دوو هاوڕێیە بە بناری هەندرێن بەڕێکەوتین، ڕۆژئاوابوو، تاریک داکەوت، باران بە لێزمە دەباری، وڵاغەکە زۆر جار لە ڕێگا لایدەدا و ساتمەی دەکرد بەڵام هاوڕێیەکان ڕاستیان دەکردەوە، ئینجا دەبوایە شۆڕبینەوە بۆ سەر ڕووباری بە چەند کۆسپەیەکی سەخت ، بەهۆی باران بارین ڕووبارەکە زۆر هەستابوو، بەو شەوەزەنگە چۆن دڵنیابین لە پەڕینەوە؟ بە هەرحاڵ لە هەردوولا منیان گرتبوو، ئاوگەش گەیشتبووە سنگی وڵاغەکە، لە ڕووبارەکە دەرچووین، بەرەوبەرزاییەک سەرکەوتین، پێشمەرگە ئێشکگرەکان دەنگیان داین،بەڵام وا دیار بوو وشەی نهێنی لە نێوانیاندا هەبوو، بۆیە ئێمەیان ناردە سەرێ، بۆ بنکەکە، کە گەیشتینە لای دەرگا هەندێ لە هاوڕێیان هاتنە دەرێ و ئێمەیان بردە ژوورێ، کە هاوڕێیان چاویان بە من کەوت هەندێکیان خەڵکی ڕواندز بوون، ئەوانی تریش خەڵکی دەوروبەری ڕواندز بوون، زۆر دڵخۆش بوون بە ڕزگاربوونم لەدەست حزبی بەعسی فاشست.. هەر خێرا سۆبا دارەکەیان پێکرد ، لەبەر ئەوەی هەموو جلەکانم تەڕبوون، هیچی تریشم پێ نەبوو، چونکە لە بەغداوە  بە نهێنی هاتبووم، لە هەولێریش هەر بە نهێنی دەرچووم، لە ڕێگاکانیش زۆر دەیانپرسی و بەگومان بوون، بۆیە هەر دەمویست بگەمە شوێنی مەبەست و خۆم ڕزگاربکەم.. هاوڕێیان هەستیان بە ماندوبوون و هیلاکی و ترسی ڕێگام کرد ، بۆیە هەر زوو چاکەت و قاپووتیان بۆ ڕاخستم یەکیشیان کردە سەرین و دوانیشیان پێدادام، لە تەنیشت سۆباکە خەوم لێکەوت.. بەیانی کە هەڵسام جلکەکانم وشک ببوونەوە، بەڵام هەموو گیانم ڕەق ببوو، هەر چەندە مانگی سێ بوو، بەڵام زۆر سارد بوو، لەبەر ئەوەی شوێنەکە لە بناری چیای کورەک بوو..  سەرەڕای ئەمە هەمووی، ئەو ڕۆژەم بە ڕۆژێکی زۆر خۆش دانا لە ژیانمدا، وام هەست دەکرد کە لە ژیانێکی تازەمە..

بنکەی لۆغان دوو بەش بوو، لە خوارەوە ژوورێکی بچووک بوو لە لای سەرەوە ژووری تر هەبوو، هاوڕێیانی لێبوو لەگەل ئەفسەرە ئازادیخوازەکانی سوپای عیراق.. ژیانی هەموو هاوڕێ پێشمەرگەکان زۆر سەخت بوو، لە کەمی خۆراک و هەموو پێداویستییەکانی دی، مەمرەو مەژیە بوو.. تاکو ڕۆژێک هیچ بڕە ئاردێک نەما، لەم دوورە دەستەش هیچ ناکرێت، بەڵام هاوڕێیەکمان هەبوو کرێکارێکی زۆر سەرسەخت بوو، ناوی ڕەئوف بوو، بە هاوڕێیانی ووت دەچمە گوندی ئاکۆیان لای هەندێ ماڵە هاوڕێ ، هەرچەندە هاوڕێیان پێیان خۆش نەبوو، لەبەر ئەوەی بەرپرسەکەی هێزی پارتی (مەلا ئەمین) قەدەغەی هاتوچۆی بۆ هاوڕێیان دانابوو، بەڵام ڕەئوف ڕۆیشت، پاش ماوەیەکی زۆر گەڕایەوە، هەندێک ئاردی هێنا بوو، خێرا دوو هاوڕێ کردیانە نان، بە سێڵ، هەر خێرا خورا، لەبەر ئەوەی دوو ڕۆژ بوو هیچ خواردنێک نەبوو..

کەس و کارم بە ڕزگار بوونمیان زانیبوو هاتنە لام،بە ڕێگایەکی نهێنی هاتبوون، کە گەیشتن بە دیدارم زۆر دڵخۆش بوون، هەندێ جلوبەرگ و کەل و پەلیان بۆ هێنابووم، لەگەل هەندێ خواردن و ئازووقە..

جێگای ئاماژەیە هاوڕێیانی ڕواندز بە تایبەتی ئافرەتان زۆر هاوکاربوون لە کۆکردنەوەی هەندێ ئازووقەو داوو دەرمان بۆ ناردنی بۆ بنکەکە بە هەر ڕێگایەک بوایە.. لەو ماوەیە ڕۆژێک موقەدەم عەزیز ئاکرەیی (فەرماندەیەکی پارتی بوو) هاتە بنکەکە کە، چاوی بە من کەوت لەناو هاوڕێیانم، زۆر بە گەرمی هەواڵی پرسیم و داوای لە هاوڕێیان کرد کە زۆر ئاگادارم بن.  پێی وتم ، هاوڕێ لێرەش چالاکی مەنوێنە؟!!  منیش وەڵامم دایەوە و وتم، (لێرە دەسکە داری بکوژە ماری)!! وتی زۆر تەواوە، ئینجا پرسیاری ژیانمانی لێکردین و گوتی کە بە ئەمری سەرۆک بارزانی لەمەودوا ئازووقەتان بۆ دێت، وەک هەموو بنکەکانی پێشمەرگە.

هەر لەو ماوەیە هەواڵی گەیشتنم بۆ بنکەی لۆغان گەیشتبووە باوکم لە گوندەکەی خۆی (میراجیان) ، زۆر دڵخۆش بوو بە ڕزگاربوونم، بۆیە هاتە لامان بە ڕێگایەکی زۆر سەخت، کە دەبوو لە بەرانبەر حامیەی سوپا تێبپەڕێت، بە گەیشتنی باوکم زۆر دڵخۆش بووم ، ئەویش زۆر سوپاسی هاوڕێیانی کرد، کە زۆر بایەخیان پێدابووم، شوێنی پێویستیان بۆ دروستکردبووم، بەڵام کە بینی بارودۆخەکەیان زۆر سەختە، منیش تەنیا ئافرەتم و بارگرانیم لەسەریان ، بۆیە داوای لە هاوڕێیان کرد کە هەر وەکو پێشمەرگەیەک لەگەلی بچمە گوندەکەیان، ئەوێش هەر بنکەی پێشمەرگە شیوعییەکانە، بەڵام جێگاو ژووری تایبەتی هەیە بۆ من.. هاوڕێیان گوتیان ئەگەرچی ئێرە زۆر سەختە بۆی، بەڵام ئێمە لەسەر سەرو چاومان دەیپارێزین.. ئینجا باوکم دووبارە سوپاسی کردن و بە ڕەزامەندی ئەوان لەگەل خۆی کە وڵاغێکی پێبوو، بەڕێ کەوتین.

ئەوە مشتێکە لە خەروارێک لەبەر ئەوەی بارودۆخی پێشمەرگە لە لۆغان زۆر سەخت بوو.. زۆر داوای لێبووردن دەکەم کە ژمارەو ناوەکانم بە زۆری بیرنەماوە، کە پێش نیو سەدە زیاترە.. زۆر زۆر بە داخەوە کە مێژووی ئەم بنکەیە فەراموشکراوە، کە بە دەیان هاوڕێیانی ڕواندزو دەڤەرەکانی لێبوو، کە لە سەرەتای کودەتای بەعسیە فاشستەکان خۆیان ڕزگارکردبوو، بەڕێگای سەخت لەبەر ڕەشبگیری بەعسیەکان و چڵکاوخۆرەکانیان .. ئەوانەیش کە فریانەکەوتن، بەداخەوە هەموویان دەستگیرکران و ڕەوانەی بەندیخانەکان کران و ڕووبەڕووی ئازارو ئەشکەنجەدانی زۆر بوونەوە.

 

وتاری نووسەران