سەدیق سەعید ڕواندزی

دوای ئەوەی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، دادگای فیدڕاڵی بووە سەنگەرێكی بە ناو یاسایی دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێم و حكومەت و دەسەڵاتەكەی و بۆ هەمووان ڕوونبووەوە كە ئەم دادگایە لە ڕێڕەوی یاساییانەی خۆی لایداوە و كار لەسەر هەندێك ئەجێندای سیاسی و مەزهەبی دەكات و لاگیری لایەنێك لە دژی ئەوی تریان دەكات، ئیدی ئەم دادگایە پێدەچێ هەر سكاڵایەك لە دژی حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتەكانی هەرێم و پەیكەری كارگێڕیی تۆمار بكرێت، وەریبگرێت و دادبینی بكات، گرنگ ئەوەیە سكاڵاكار، سكاڵاكەی لەدژی هەرێمی كوردستان بێت. لەو سۆنگەیەوە، ئەم دادگایە سكاڵای كەسێكی بە ناوی (خالید حوسێن مستەفا) وەرگرتووە، كە داوادەكات هەردوو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری شەهیدان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنرێنەوە و بكرێنە دەستە، چونكە دژ بە بڕگەكانی دەستووری عێراقە. بێگومان من نازانم ئەوەی سكاڵاكەی تۆماركردووە پارێزەرە، یان سیاسی و پەرلەمانتار، بەڵام ئەوە دەزانم كە هیچ شارەزایيەكی لە پەیكەری كارگێڕیی حكومەتی هەرێم و زمانی كوردیش نییە، تاكو ڕاڤەی ئەو بنەما كارگێڕییانە بكات كە ئەم دوو وەزارەتەی لە سەر پێكهاتووە.

سكاڵاكار، باس لەوە دەكات كە دەبێ وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە و وەك عێراق بكرێتە دیوان، وەك (دیوانی وەقفی سوننە و دیوانی وەقفی شیعە)، هەڵبەتە پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی هەرێمی كوردستان زۆرجیایە لە بەغدا. لە عێراقدا تەنها سوننە و شیعە وەك مەزهەب بوونیان هەیە و كەمەنەتەوەیی و ئایینییەكانی دیكە ئەو مافەیان نییە، بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستان كە ئیسلام، كاكەیی، ئێزیدی، كریستیان، زەردەشتی، یارسان و چەندان ئایینزای دیكەی تێدایە و لەژێر چەتری ئەو وەزارەتەدا مافەكانیان پارێزراوە، بۆیە هەبوونی ئەم وەزارەتە پێویستییەكی ئایینی، نەتەوەیی، كارگێڕی و مافییە.

لە هەرێمی كوردستاندا، ناتوانرێت هەر ئایینە و دیوانێكی بۆ دابنرێت، وەك ئەوەی لە عێراق هەیە و زۆر جار بەهۆی ململانێی مەزهەبییەوە، تەنانەت جەژنە ئاینییەكانیشیان لەگەڵ موسڵمانانی جیهان ناكەن. ئەو ململانێ مەزهەبییەی لە عێراق هەیە، لە كوردستان بوونی نییە، هەزاران ساڵە هەموو ئایینەكان بەیەكەوە و بەتەبایی وەك برا دەژین و ئەوان نوێنەری خۆیان لە وەزارەتی ئەوقاف هەیە و پراكتێزەی هەموو مافێكی ئایینی خۆیان بەئاشتی و بێ كێشە دەكەن.

وەزارەتی ئەوقاف لە هەرێمی كوردستاندا، نموونەی وەزارەتی ئاشتەوایی، بەیەكەوەژیان و تەباییە، بۆیەشە ناوەكەی نەنراوە كاروباری ئیسلامی و ناوی كاروباری ئایینی لێ نراوە، چونكە لە كوردستان جگە لە ئیسلام، كە ئایینی سەرەكی و زۆرینەیە، ئایینزاكانی دیكەش هەن و دەبێ مافیان پارێزراو بێت. لێرەوەش لە ڕووی ئایینی و كارگێڕی و نەتەوەییەوە، دیوانەكان بۆ كوردستان نابن و سكاڵاكار و دادگای فیدرالیش، بەرلەوەرگرتنی سكاڵاكە، دەبوو ئەو وردەكارییە ئایینی و كارگێڕی و فەرهەنگییانە بزانن و شارەزا بن.

سكاڵای دووەمی ئەو كەسە، لە بارەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانە و داوادەكات ئەم وەزارەتە هەڵبوەشێتەوە، چونكە وشەی ئەنفالی تێدایە كە وشەیەكی قورئانییە. سەرەتا با لەسەر ناوی وەزارەتەكە بوەستین، ئەم وەزارەتە بە ناوی (وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانە)، لێرەدا بەدیاریكراوی ناوی ئەنفال وەك ناو نەهاتووە، بەڵكو هاوەڵناوێكی چۆنیەتی و سیفەتێكی خراوەتە پاڵ كە ئەویش كاروبارە. واتا وەزارەتەكە تایبەت نییە بە ئەنفال، وەك ئەوەی ئەو سكاڵاكارە لە نەزانینی خۆی تێیگەیشتووە، بەڵكو پەیوەستە بە كاروباری ئەنفالكراوان، كە مەبەست لێی وارس و پاشماوەی ئەو كەسانەیە كە بەعس ئەنفالی كردن.

سكاڵاكار بەلایەوە ئاساییە ڕژێمی بەعس بۆ ئەنفالكردنی كورد سوود لە وشەی ئەنفال ببینێت، بەڵام ڕوانگەی شۆفێنییانە و مەزهەبییانەی ڕێگەی ئەوەی پێنادات، كە وشەكە بكرێتە هاوەڵناو و پاشگری وەزارەتێك، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، دەبێ سكاڵاكار و هەموو كەسێك و دادگای فیدڕاڵیش ئەو ڕاستییە بزانن كە ئەنفال ناوی سوورەتێكی قورئانە و ناوەڕۆكەكەی جەخت لە شەڕ و غەزای بێباوەڕان و بە غەنیمەكردن و كۆكردنەوەی موڵك و ماڵیان دەكاتەوە.

سەددام و بەعس، بۆ ڕەوایەتیدان بە جینۆسایدكردنی كوردەكان، سوودیان لەو سووڕەتە بینیوە و ڕەوایەتییەكی خودایی و ئایینییان بە ئەنفالدا وەك ئەوەی تیرۆریستانی داعشیش سوودیان لە چەند سووڕەت و ئایەتێكی قورئان بۆ شەڕی پێشمەرگە و ئێزیدییەكان بەداخەوە بینی. ئەنفالكردنی كورد لە ژێر ناوی ئەو سووڕەتەدا، ڕاستییەكی مێژوویی و دیكۆمێنتاری و مرۆڤایەتییە و كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، كەواتا بۆچی ئەنجامدانی ئەو هەموو كردەوانە بە ناوی ئەنفالەوە، بێڕێزی نییە بە خودا و ئیسلام و دەستووری عێراق، بەڵام هەبوونی ناوی ئەنفال لە وەزارەتێكدا دژ بە ئیسلام و دەستوورە؟ ئەم داوایەی سكاڵاكار و بەداخەوە وەرگرتنیشی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، كە چەند ساڵێكە ئەجێنداكەی بۆ هەمووان ڕوونبۆتەوە، بێڕێزییەكی گەورەیە بە ئەنفالكراوانی ئێمە و برینداركردنی شكۆی كەسی و كۆمەڵایەتییانە، كە لەژێر سایەی ڕژێمی بەعس و بە ناوی ئەنفالەوە بەسەریان داهات.

دادگای فیدڕاڵی، پێویستە لەپاڵ بنەما یاساییەكانی وەرگرتنی هەر سكاڵایەك، بەتایبەتیش كە لە دژی هەرێم بەرزدەكرێنەوە، بەوردی لە لایەنە كارگێڕی و زمانییەكەیەوە شارەزا بێت و لە ڕووی واتاییەوە لە زمان و ئاماژە ماناییەكانی زمانی كوردی بگات، ئەو كات سكاڵاكان وەرگرێت و دادبینییان تێدا بكات. وشەی ئەنفال لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراواندا، بەهیچ شێوەیەك دژ بە خودا و قورئانی پیرۆز نییە و بێڕێزیكردن نییە بە ئەنفال، كە لە قورئاندا هاتووە، بەڵكو سیفەتێكی زمانەوانی و هاوەڵناوی لە تایتڵی ئەو وەزارەتە وەرگرتووە و مەبەست لێی كاروباری ئەو كەسانەیە كە ئەنفالكراون وەك كردە، نەك وەك ناو، وەك ئەوەی ئەو سكاڵاكارە و دادگای فیدڕاڵیش بە هەڵە و لە نەزانینییەوە تێیگەیشتوون.

لە زمانی كوردیدا، زۆرجار ناو سیفەتی هاوەڵناو وەردەگرێت و ڕەنگە مەبەست لێی ناوەكە نەبێت. بۆ نموونە: جوان ناوە، بەڵام جوانی هاوەڵناوە، سەوزە، سیفەتە، لە هەمان كاتدا ناویشە، چونكە سەوزە خۆراكیشە. ئەم وردەكارییانە لە زمانی یاسادا، كە زمانێكی ئاڵۆز و قورسە، دەبێ بەوردی لێكدانەوەیان بۆ بكرێت، بەتایبەتیش لە زمانی كوردیدا، كە یەكێكە لە زمانە هەرە ورد و دەوڵەمەندەكان و لەپێش زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوەیە لە ڕووی ڕێزمانی و واتا وماناوە !

 

 

وتاری نووسەران