
ڕوحوڵڵاڕەمەزانی
ئا: ئەرسەلان حەسەن
نەریتی کۆن لەدنیای نوێ
قوربانیکردن لەئایینە ئیبراهیمییەکانەوە بۆ ئایینەکان لە ئەفریقا و ئایینی هیندۆسی لە ئاسیا، هەمیشە پردێکینێوان مرۆڤەکان و فەرمانی باڵابووە، ئامرازێکە بۆئارامکردنەوەی خوداوەندەکان، بەدوور لەکارەسات، یان سوپاسکردن. ئەوکارانە لە کلتوور و مێژوویاندا تەنیا “کوشتن” نەبوون، بەڵکو فۆرمێکن لە “دەربڕین”، زمانێکی ڕێوڕەسمی قسەکردنن لەگەڵ جیهانی غەیب، بەڵام ئێستا هەستیاریی بۆ ئاژەڵەکان بڵاوە، مرۆڤ لەڕێی زانستەوە باشتر دەرک بە ئازاری ئاژەڵەکان دەکات. ڕۆڵی ئایین لەپانتایی گشتی بەرەوڕووی ئاڵنگاریی نوێ، قوربانیکردن بەرەوڕووی پرسیاریی بنەڕەتی بووەتەوە. دەکرێت پیرۆزکردنی نەریت،گوێیلەئازاردانی بوونەوەرێکی زیندوونەبێت؟ پێویستە ئازادی ئایینی، مافی ئازارنەگەیاندن بەئاژەڵەکانبێت؟ دەکرێت بیرلەقوربانیکردن بکەینەوە، بەبێ زیانگەیاندن بەڕۆحی ئیمان؟
نەریت و ڕێباز: تێڕوانینێکی بەراوردکاریی قوربانیکردن لەئایینەکاندا
هێشتا نەریتی قوربانیکردن لەهەندێک ئاییندا پێگەی ناوەندییە، لەهەندێکیتردا وازی لێهێنراوە یان زۆر سنوردارکراوە، زۆرجار لەڕێی خوێندنەوەی ئاکاریی یان هێمایینەوە بۆنەریتەکە، لەڕێی پرۆسەیەکی مێژوویی یان لەسەرەتاوە بە نەریتشکێنی.
پێگەی قوربانیکردن لەئایینی جوودا، بنەڕەتی و لەکتێبی (لاویان) لەتەوڕاتدا دیمەنی قوربانیکردن، خوێنڕشتن و سوتاندنی ئاژەڵەکان هاتووە، بەڵام بەتێکدانی پەرستگای دووەم لە ساڵی١٩٧٠، واز لەم نەریتە هێنراو نزای ڕۆژانە، ڕۆژووگرتن و تۆبە جێیگرتەوە. ئەمڕۆ کۆمەڵەیەکی گچکەی جوو، لەوانەش بزووتنەوە توندڕەوەکانی گەڕانەوە، ئەم نەریتەیان پاراستووە.
نەریتی قوربانیکردن لەئایینی مەسیحدا، ئاژەڵ جێی خۆی بەچەمکی دواقوربانی عیسای مەسیحدا. بەگێڕانەوەی سەردەمیانە. لەخاچدانی مەسیح جۆرێک قوربانیبوون وکەفارەتبووبۆ تاوانی مرۆڤ. ئینجیل لەکتێبی عیبرانیەکان باسیدەکات کە عیسا بەپێشکەشکردنی خۆی، قوربانییەکی تەواوی کردووە. ئەم گۆڕانە، گۆڕانکاریی لەتوندوتیژی مادییەوە بۆ قوربانیدانی ڕۆحی دیاریدەکات.
قوربانیکردنی ئاژەڵ لەئایینی زەردەشتی، هەوراز و لێژی مێژووی تێپەڕاندووە.قوربانیکردن لەناو زەردەشتییەکان پێگەی خۆی هەبووە، گەرچی فێرکارییەکانی زەردەشت، بەتایبەت لە گاتاکاندا، جەختییانکردووەتەوە لەخوێن نەڕشتن، بەڵام نهۆ ئەم نەریتە لەجیهانی زەردەشتیدا کاڵبووەتەوە یان تەنیا مانای هێمایینی خۆی پاراستووە.
قوربانیکردن، ناوەندی ئایینی هیندۆسی بەرایی بووە و دەقەکانی ڤیدایی پڕن لەوەسفی ڕێوڕەسمی ئەشڤامێدا، کە قوربانیکردنی ئاژەڵیان تێدابوو، بەڵام لەقۆناغەکانی دواتردا، بەتایبەتی بەکاریگەریی ئایینی بودا، ئەم دابونەریتە وازی لێهێنرا. کەچی لەهەندێک قوتابخانە ناوخۆییەکان یان مەزهەبەکانی شاکتیدا، هێشتا قوربانیی لەپەرستگاکاندا دەکرێت، ئەمەش گرژی نێوان نەریتە ناوخۆییەکان و فێرکارییە ئاکارییەکان دەخاتەڕوو. بۆنموونە فێستیڤاڵی گادیمای لەنیپاڵ، بەگەورەترین کوشتارگەی ئاژەڵ ناسراوە، بەڵام ئایینی بودایی لەفۆرمۆلەبوونیەوە، بەپێی فێرکارییەکانی کارما و ئاهمیسا، وازی لەقوربانیکردنی ئاژەڵ هێنا. بودا لەوتاری کوتادانتا سوتا، قوربانیکردنی خوێناوی بەکارێکی بێهودە، ناپەسند داناوە. جەختدەکاتەوە لەگرنگی نیازو ڕەفتاریی ئاکاریی لەجیاتی ئایینی خوێناویی.
سەرەتا ئایینی بەهائیش وازی لەقوربانیکردنی ئاژەڵ هێنا. بەهائوڵڵا، جەختدەکاتەوە لەیەکگرتوویی مرۆڤایەتی، وازهێنان لە پێشبڕکێ، ئاکارتەوەریی، بەهائیەکان عیبادەتەکانی نوێژ و ڕۆژوو و پاڕانەوە، بەجێگرەوەی ڕێوڕەسمی ئایینی خوێناویی دەزانن.ئەم نەریتشکێنییە لەئایینی بەهائیدا جێی سەرنجە، چونکە هەرچەند ئەم ئایینانە لەجوگرافیای ئیسلامدادەرکەوتن، وازیان لەونەریتە هێنا. ئەمە بەئاشکرا گواستنەوەیەکی تەواوەتییە لەڕێوڕەسمی قوربانییەوە بۆ ئایینێکی ئاکاری.
ئیسلام، ئایینێکە ڕێوڕەسمی قوربانیکردنی بەشێوەیەکی زۆر دامەزراوەیی پاراستووە.سەربڕینی ئاژەڵ لەڕۆژی جەژنی قوربان لەحەج، واجبە. لەقورئاندا، چیرۆکی ئیبراهیم بۆ قوربانیکردنی کوڕەکەی و گۆڕینی بەمەڕ، نمونەیەکەلەڕێوڕەسمی قوربانیکردن. واجبی قوربانیکردن لەئیسلامدا وایکردووە، پێداچوونەوە بەم نەریتە زۆر قورسەدا بکرێت.
فەلسەفه، ئاکار و ڕێوڕەسمی قوربانیکردن
بڵاوبوونەوەی کتێبی (ڕزگاریی ئاژەڵان)ی پیتەر سینگەر، خاڵی وەرچەرخانە لەم بوارەدا. سینگەر بەوەرگرتن لەجێرمی بنتام دەڵێت، ڕەگەز و جۆری ژیان و زیرەکی لەئاکاردا، پێوەری سەرەکی نییە،بەڵکو بوونەوەرێکە هەست بەئازار دەکات یاننا. بۆیە ئەگەر ئاژەڵێک ئازاربکێشێت، ئەرکی سەرشانمانە ئازارەکەی بەجدی وەربگرین، تەنانەت گەر نەریت یان ئایینیش دیاریبکات.
دیۆنتۆلۆژیای کانتی بنەمایەک بۆ گەشەسەندنی بایۆئێتیک دابین دەکات، کانت جوغزی بەدەوری "بەهای ناوەکی" بۆ مرۆڤ کێشاوە و وایزانیوەئەرکی ناڕاستەوخۆی بەرامبەر ئاژەڵەکانهەیە. تۆم ڕێگان ئاکاری کانتی بۆ ئاژەڵان درێژکردوەتەوە، بەهای ناوەکی بۆ ئاژەڵەکان داناوە. لەکتێبی (پاراستنی مافەکانی ئاژەڵ) دەڵێت،زۆربەی ئاژەڵەکانئاقڵ و حەزیان هەیە و زیرەکن، بۆیە پێویستە هاوشێوەی مرۆڤ بە "بابەتی ژیان" دابنرێن.
هەندێک فەیلەسوفی سەردەم، بەپێی ئاکاری فەزیلەت ئاژەڵ بە بابەتێکی ئاکاریی دەزانن. ڕیشەی ئاکاری فەزیلەت لە فەلسەفەی ئەرستۆدایە و لەجیاتی قووڵبوونەوە لەدەرئەنجامەکان یان ڕێساکان، جەختدەکاتەوە لەتایبەتمەندی بەزەیی، دادپەروەری و خۆبەدەستەوەدان. بەوپێیە، مارتا نۆبزبام بەڕوانگەیەکی پشتبەستوو بەتواناکان، باوەڕیوایە بوونەوەرە زیندووەکان، لەوانە ئاژەڵەکان،بەتوانان و ڕێگریکردن لەگەشەکردنی ئەو توانایە بێئاکارییە.
بەپێی هەر سێ بۆچوونەکە، ئازاری ناپێویست گەیاندن بەئاژەڵەکان کارێکی نائاکارییە. کەواتە، ئەگەر قبوڵمانبێت کوشتنی ئاژەڵەکان بۆ ئایین کارێکی ناپێویستە، ئەوکاتە ئەوکارە بەپێی ڕاکانی سەرەوە نائاکارییە. جگەلە ڕێبازە ئاکارییەکان، دەبێت قوربانیکردنی ئاژەڵ بۆئامانجی ئایینی لەڕوانگەی سیاسی و پەیوەند بەسنوری ئازادی ئایینیەوەڕاڤەبکرێت. پێویستە بەڕەهایی ڕێز لەباوەڕە ئایینیەکان بگرین،هەتا گەر ئازار بەبوونەوەریتر بگەیەنێت؟ هەر دوو فەیلەسوفی لیبراڵ، جۆن ڕاوڵز (بەتایبەت لەکتێبی لیبرالیزمی سیاسی) و جۆزێف ڕاز (لەکتێبی ئاکارو ئازادی) جەختدەکەنەوە، دەبێت ئازادی ئایینی بخرێتە چوارچێوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی ئەوانی ترەوە و ئەوانیتر وەک برایان لایتەر بەڵگەدەهێننەوە، نابێت ئایین "پارێزبەندی ئاکاری" هەبێت.
بەپێی فەلسەفهی جۆزێف ڕاز بەڵگەدێنێتەوە، چونکە ئاژەڵەکان بەسوودن، کەواتە وەک مرۆڤەکان مافییان هەیە و ئێمەش لەبەرامبەریاندا ئەرکمان لەسەرشانە. داوادەکەن نابێت ئایین بەسەر مرۆڤدا بسەپێندرێتو مافە سەرەتاییەکانی پێشێلبکرێت، نابێت نەریتی ئایینیش مافی ئاژەڵ پێشێلبکات. ئەم ڕوانگانە وایانکردووە وڵاتانێک یاسای نوێ دەربکەن کە قوربانیکردنی ڕێوڕەسمییان سنوردار یان قەدەغە کردووە، لانیکەم بەگشتی یان توندوتیژ.
کەیسی کڵێسای لۆکۆمی بابالو ئای (١٩٩٣)، نموونەیەکی سەرنجڕاکێشیەتی. لەئایینی سانتریا نەریتی قوربانیکردنی ئاژەڵ هەیە،ڕیشەی لە نەریتەکانی ئەفریقی - کاراییبی دایە. لەشاری هایالیایویلایەتی فلۆریدا، لەکاردانەوە بەکردنەوەی کڵێسایەکی سانتریا، چەند یاسایەکی دژەقوربانیکردنی ئاژەڵەکانی پەسندکرد، بەڵام دیوانی باڵا بڕیاریدا یاساکان بنەمای ئازادی مەزهەبی دەستووری ئەمریکا پێشێلدەکەن. دۆسیەکە نموونەیەکە لەبەرکەوتەی بەها فرەکلتوورییەکانبەنیگەرانییەکانی مافی ئاژەڵان لەسیستمی لیبڕاڵدا.
ڕێوڕەسمی قوربانیکردنو بزووتنەوەکانی مافی ئاژەڵان
ڕێوڕەسمی قوربانیکردن لەڕابردوو، پرسێکی سەرەکی بەگژداچوونەوەی نەریتی ئایینی و چالاکی مافی ئاژەڵانبووە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک مامەڵەی ئاکاریی لەگەڵ ئاژەڵان، لە لێدوان و ڕاپۆرتەکانیاندا زۆر باسی پرسی قوربانیکردنی ئاژەڵانیان کردووە، بەتایبەتی لە جەژنە ئایینیەکانی (قووربان و کەپارۆت)، داوایانکردووە وازلەم نەریتە بهێنرێت.
ڕێکخراوەکانی «ڕێکخراوی جیهانی داکۆکیکردن لە ئاژەڵەکان» و «کۆمەڵەی پشتگیریکردن لە ئاژەڵەکان»،لەڕێی یاسا و دیپلۆماسییەوە حکومەتەکانیان ناچارکردووە یاسای توندتر بۆسەربڕینی ئایینی و ڕێوڕەسمەکەی دەربکەن. لەیەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەت لەوڵاتانی ئەسکەندەناڤیا، هۆڵندا و سویسرا، سەربڕینی ئاژەڵ بێ بێهۆشکردنی پێشوەختە (کە لەڕێوڕەسمی ئایینیدا باوە)،قەدەغەکراوە. کۆمەڵە ئایینیەکان کاردانەوەی توندییان بەرامبەر بەم سنوردارییە هەبووە، بەڵام چالاکوانان ئەم سنوردارییانە بەسەرکەوتنێکی گرنگ لەڕێی بەئاکاریکردنی یاسا دەزانن. کۆتایاسا لەبەریتانیا «خۆشگوزەرانی ئاژەڵ لەکاتی سەربڕین»، بەڕاشکاوی داوا دەکات ئازاری ئاژەڵەکان لەکاتی سەربڕیندا کەم بکرێتەوە. گەرچیسەربڕینی ئایینی ڕیزپەڕە، بەڵام گوشاری دامەزراوەکانی مافی ئاژەڵان وایکردووە ژمارەیەکی زۆری کوشتارگەکان لەژێرچاودێری دکتۆری ڤێرتێرنەری دابن و بەکامێرا، چاودێری کارەکانیان بکرێت.
چالاکوانان هەوڵیانداوە کاریگەرانە ڕێوڕەسمی قوربانیکردن ڕاستەوخۆتر یان ڕادیکاڵتر بوەستێنن، بەداگیرکردنی کێڵگەی قوربانیەکان، بەهێمایی ڕاگرتنی مەڕەکان، داخستنی دەرگاکانی چوونەژوورەوەی کوشتارگەکان. بۆنموونە، فەرەنسە، چالاکوانانی(L214) چوونەناو کوشتارگای موسڵمانان لەپاریس و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کاتی سەربڕین، فشاریان بۆحکومەت هێنا بەمۆڵەتی سەربڕیندا بچێتەوە. زۆرجار ئەوکارە بەرەوڕووی کاردانەوەی ئەمنی و یاسایی بووەتەوە، بەڵام دەکرێت ڕێوڕەسمی قوربانیکردن لەپەرلەمان، میدیاکان، دامەزراوە مەدەنییەکان بخاتەڕوو.
گەنجان و چالاکوانانی ژینگەپارێزلەوڵاتانی ئیسلامی، کەمپینییان بۆئەم پرسە کردووە. بۆنموونە، لەئەندۆنیزیا، کەمپینی «قوربانی بێسەربڕین» پێشنیاردەکات لەجیاتی سەربڕینی ئاژەڵەکان، یارمەتی دارایی بدرێتە پەناگای ئاژەڵەکان یان خێزانە کەمدەرامەتەکان. دەستکەوتی ئەمکارە سنوردارە، بەڵام گۆڕان لەتێڕوانینی بەشێک لەموسڵمانان بۆ ڕێوڕەسمی قوربانیکردندەخاتەڕوو.
لێکدانەوەی ئایینی: ئایا دەکرێت ڕێوڕەسمی قوربانیکردن ڕاڤە بکرێتەوە؟
لەبەرامبەر فشاری ڕێبازە ئاکاری و فەلسەفییەکان لەلایەک و چالاکی چالاکوانان لەلاکەیتر، دەپرسین: دەکرێت ڕێوڕەسمی کۆنی قوربانیکردنی ئاژەڵ ڕاڤەو لێکدانەوەی نوێی بۆ بکرێت، بێئەوەی زیان بە جەوهەری ئیمان بگەیەنێت؟ ئەم پرسیارە تەنها تیۆلۆژی نییە، بەڵکو پەیوەستە بەپرسی گونجاندنی ئایین لەگەڵ بەها جیهانییە نوێیەکان، لەوانەش مافی ئاژەڵان، ناتوندوتیژی و پێکەوەژیانی نێوان جۆر و زیندەوەران.
چاکسازیخوازانی ئایینی (عەبدولکەریم سوروش) یان لەجیهانی عەرەبدا خالید ئەبولفەدل)، هەوڵیاندا بەسەرلەنوێ خوێندنەوەی فەلسەفەی قوربانیکردن لەقورئاندا،ڕاڤەیەکی ناتوندوتیژو هێمایی بۆ ئایینەکە بدۆزنەوە. ئایەتی "نەگۆشتیان و نەخوێنیان هەرگیز ناگاتە دەستی خودا، بەڵکو [ئەوە] تەقوای تۆیە دەیگاتێ" (سورەتی حەج، ئایەتی٣٧)، بابەتی ئەو ڕاڤەکردنانە بووە.
هەندێک چاکسازیخوازانی ئایینی پێشنیازیانکردووە کە دەکرێت ئەو ڕێوڕەسمە پێدانی پارە، ڕووەک، یان هەتا بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی بگۆڕرێت، کە لەناو هەندێک کۆچبەرانی موسڵمانیئەورووپا باوە. هەندێک یاساناسی نوێ هەوڵیاندا ڕێوڕەسمی قوربانیکردن پێناسەبکەنەوە، پشتبەستوو بە بنەماکانی فیقهی وەک "گۆڕینی بابەت" و "گۆڕینی حوکم بەهۆی گۆڕانی کات". بۆنموونە فەقیهی میسری یوسف قەرزاوی لەفەتواکاندا ئاماژەی بەوەکردووە کە سەربڕینی قوربانی واجب نییە، بەڵکو سوننەتێکی دووپاتکراوەیە دەکرێت بەیارمەتیدانی کەمدەرامەتان جێگەی بگیرێتەوە.
aasoo.org