ئاسۆس ساڵح

 

لە شەشەم ڕۆژی ڕابردوومدا لە وڵاتی چین، بە تێکەڵبوون و بینینی چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێش لە شوێنی مێژوویی و کارگە و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان و پاڕک و بازاڕی گەورە و بەشداریکردن لە سیمیناری جۆراوجۆر کە بۆ کەسی پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆ ئامادەکرابوو بەسەر برد. ئەمە تێگەیشتنێکی باش و نوێی بۆ دروستکردم لەسەر بە مۆدێرنکردن/ مۆدێرنیزاسیۆنی چین، کە وەک هەر شتێکی لەگەڵ تایبەتمەندیی خۆیان دەیگونجێنن و هەوڵی پاراستنی تایبەتمەندیی چینی دەدەن و نایانەوێت هیچ شتێک بە ئەقڵیەتی وەرگرتن و جێبەجێکردن (کۆپی- پێست) پەیڕەوبکەن. لە ئێستادا، چین وەک هێزێکی بەهێزی گەشەسەندووی جیهان، دەکرێت وەک نموونەیەکی نایاب سەیر بکرێت بۆ دووبارەکردنەوە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکەیان و چاولێکردنیان لەوەی چۆن توانیویانە هاوسەنگی بپارێزن لەنێوان پێشکەوتنی خێرا لە بواری سەرخان و ژێرخانەوە هەروەها هێشتنەوە و پاراستی بنەما و بەها ڕەسەنەکانی خۆیان.

مۆدێرنیزاسیۆن و پاراستنی کەلتوور و مێژوو:

"جین گانگ" لە مەراسیمی کردنەوەی کۆڕبەندی لانتینگ سەبارەت بە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی و جیهان لە وتارەکەیدا لە ۲۱ نیسانی ۲۰۲۳ لە شەنگەهای گوتی: «لە ماوەی 100 ساڵی رابردوو و زیاتریش، چین بە خۆی رێگایەکی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن دۆزیەوە و شێوەیەكی نوێی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دروستکرد. راستییە بەرفراوانەکان سەلماندوویانە کە هیچ مۆدێلێکی جێگیر یاخود یەک چارەسەر بۆ مۆدێرنیزاسیۆن نییە. هەر وڵاتێک دەتوانێت مۆدێرنیزاسیۆن بەدەستبهێنێت، بە مەرجێک ڕێگاکە لەگەڵ بارودۆخی خۆیدا بگونجێت و پێویستی گەلەکەی بۆ گەشەپێدان دابینبكات. بەپێچەوانەوە، کۆپیکردنی میکانیکی مۆدێلە بیانییە نەگونجاوەكان، بە ئەنجامی پێچەوانەت دەگەیێنێت، تەنانەت رەنگە لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا بهێنێت.» هەوەها ئاماژەی بەخاڵێکی تری جەوهەریدا کە بنەمایەکی سۆسیالیستی هەیە؛ «مۆدێرنیزاسیۆن نابێت دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر و هەژاران هەژارتر بکات. هەروەها نابێت تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چەند وڵاتێک یاخود تاکێک بگەیێنێت. خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەموو جیهان پێویستی بە گەشەپێدانی هەموو وڵاتان هەیە. »

 

چین لە چەند دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە. شارە گەورەکانیان بوونەتە سەنتەری تەکنەلۆژیا و داهێنان، لە هەمان کاتدا، شوناسی کەلتووری و مێژوویی پاراستراوە و بەئاسانی دەتوانی بەر مێژوویان بکەویت، ئەمەش بیرکردنەوە و فەلسەفەیەکی سیاسی ستراتیژی قووڵی لە پشتە: «چۆن دەتوانین مۆدێرن و پێشکەوتوو بین بەبێ لەدەستدانی ڕەگ و ڕیشە ڕەسەنایەتییەکانمان؟!» سەرۆکی چین، شی جینپینگ جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە ئامانجی کۆتایی مۆدێرنیزاسیۆن، گەشەپێدانی ئازاد و باشی مرۆڤەکانە، ئەمەش نەک تەنها بە مانای زۆری ماددی دێت، بەڵکو دەوڵەمەندکردنی کولتووری و ئەخلاقیشە. واتا لەلای چینییەکان، مۆدێرنیزاسیۆن بە واتای کۆپیکردنی مۆدێلی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو ئەوان هەوڵدەدەن مۆدێرنیزاسیۆنێکی 'چینی' پەرەپێبدەن کە لەگەڵ بەها و بنەماکانی خۆیاندا بگونجێت.

لە یەکێک لە سیمینارەکاندا مامۆستایەک گوتی: "دوو بنەما و ڕوئیای سەرەکی هەیە لە چین کە کۆنفووشیزم وەک بیروباوەڕی نەریتی کلاسیکی، کۆمۆنیزم/شیوعییەت وەک بیروباوەڕی مۆدێرن" هەروەها گوتی: "چین دەیانەوێت سوود لە هەموو پێشکەوتنێکی گەلانی جیهان ببینین" بەڵام لە ڕێگەی دەوڵەوەتەوە لەسەر بنەما سەرەکییەکانی چین ڕێکدەخرێت و دەگونجێنرێت ئەوکات بە تایبەتمەندیی چینی بەکاریدێنین. ئەم جۆرە لە ئەقڵیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ کرانەوە بەڕووی جیهاندا لەسەردەمی جیهانگیری/گڵۆباڵیزمدا، ئەقڵانیترین کردەی سیاسی و ئابووری و کەلتوورییە، بۆ ئەوەی شوناسی خۆت ون نەکەیت و بەئاسانی بتوانی کاریگەری دورستبکەی وەک هێزێکی گەورە لە جیهاندا.

 مۆدێرنیزیسۆنی چینی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕەنگدانەوەی هەیە، لە تەلارسازییەوە تاوەکو سیستەمی پەروەردە، لە ئامرازەکانی گواستنەوە و گەیاندن تا ئامرازەکانی تری بەکارهێنان بۆ ئاسانکاری لە ژیانی ڕۆژانە، لە ژیانی کەسی تا ئاستی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی...هتد. بەکارهێانی ئەنتەرنێتی نەوەی پێنجەم ( 5 g  ) و پشتبەستن تەنها بە ئەپەکانی خۆیان، هەر لە ئەپی پەیوەندیکردنەوە تا نەخشە و بازاڕی ئۆنلاین و مۆدی ئەپەکانی تر، تەنانەت تیکتۆکی خۆیان لەناو چین مۆدێکی جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی لە وڵاتانی تر بەکار دێت. واتا بەکارهێنانێکی زۆری تەکنەلۆژی هەیە، بەڵام هێشتا ئەوە واینەکردووە کە داببڕێن لە شوناسی خۆیان. هەر ئەو مۆبایلە کە بەرهەمی مۆدێرنی چینە، بەدەست گەنج و منداڵی چینەوە وێنەی پەرستگە و کۆشک و شوێنە مێژوویییەکانیان پێ دەگرن.

پاراستنی کەلتوور تەنها بریتی نییە لە پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان، بەڵکو بریتییە لە زیندووکردنەوەی نەریتەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکان. حکومەتی چین هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پاراستنی زمان، هونەر و نەریتە ناوخۆییەکان. لە زۆر شوێن چالاکییە کەلتوورییەکان  بەڕێوەدەچن و خەڵک بەشدارییەکی چالاکانەی تێدا دەکەن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کەلتوور تەنها شتێکی مۆزەخانەیی نییە، بەڵکو بەشێکی زیندووە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەدا. ئەم هەوڵانە یارمەتیدەدەن بۆ ئەوەی ناسنامەی چینی لەناو گۆڕانکارییە خێراکاندا ون نەبێت.

جیهانگیری و کرانەوە:

چین سەرەڕای جەختکردنەوەی لەسەر ناسنامەی خۆی، بەشێوەیەکی بەرچاو کراوەیە بەڕووی جیهاندا. وەک گوتمان ئەم کرانەوەیە تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە نییە، بەڵکو لە ڕووی کەلتووری و کۆمەڵایەتیشەوەیە. (ئەمە ئەزموونی خۆمە لە بەرکەوتن بە خەڵکی چین). خاڵێکی گرنگ کۆمەڵایەتیبوون و مانەوەی خێزانە؛ هاوکات تاکایەتی و ژیانی شەخسی هەر کەسێک پارێزراوە و ئازادە لە پەیڕەوکردنی ئازادییە کەسییەکانی. کاتێک دەتەوێ لەگەڵیان قسە بکەی زۆر هاوڕێیانە هەوڵدەدەن لێت تێبگەن و هاوکاریت بکەن. بەگشتی خەڵکی چین بەگەرمی پێشوازی لە بیانییەکان دەکەن و حەزیان لە تێکەڵبوون و فێربوونی کەلتوورەکانی ترە. ئەمە بەتایبەتی لە شارە گەورەکاندا دیارە، کە تێکەڵەیەکی زۆر لە نەتەوە و کەلتوورە جیاوازەکان تێیدا دەژین. هەستکردن بە نزیکی و هاوکاری لەگەڵ خەڵکی تر، بەشێکە لەو فەلسەفەیەی کە چین هەوڵی بۆ دەدات.

چین، لە ڕووی جیهانگیرییەوە، ستراتیژیەتی خۆی هەیە. ئەوان نایانەوێت تەنها بەشێک بن لە سیستەمی جیهانیدا، بەڵکو دەیانەوێت کاریگەری خۆیان لەسەر شێوەدان بەو سیستەمە دابنێن. ئەمانە نیشانەی ئەم ستراتیژییەن کە هەوڵدەدات پەیوەندییە ئابووری و کەلتوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی تردا بەهێزبکات، ئەمەش بە واتای دروستکردنی پردێک دێت لە نێوان چین و جیهاندا، نەک تەنها لە ڕووی بازرگانییەوە، بەڵکو لە ڕووی تێگەیشتن و هاوکارییەوە.

خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە، خەڵکی چین توانای قبوڵکردنی جیاوازییەکانی خەڵکی تری هەیە؛ ئەمە لە کاتێکدا خۆیان کەلتوورێکی زۆر کۆن و بەهێزیان هەیە، بەڵام کراوەن بەڕووی بیرۆکە و شێوازی ژیانی نوێدا، ئەمەش لە ڕێگەی پەروەردە و میدیاوە پەرەی پێدەدرێت، کە جەخت لەسەر لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە یەکتر دەکەنەوە. هەستکردن بەوەی کە خەڵکی تر هاوکارن لەگەڵت، نەک ڕکابەر، بنەمایەکە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و جیهانێکی ئاشتیانەتر.

ستراتیژی داهاتوو، لە دیدگای حزبی شیوعیی چینیدا:

حزبی شیوعیی چین وەک تاکە حزبی حوکمڕان کە ژمارەی ئەندامانی زیاتر لە ملیارێک کەسی تێپەڕاندووە، بڕوای تەواویان بە حزب و حکومەتەکەیان هەیە، وەک خۆیان دەڵین بەبێ "حزبی شیوعی، چینێکی بەهێز بوونی نییە." زۆرینەی دەستەڵاتی حوکمەت هی حزبە و لە ڕێگەی مەکتەبی سیاسییەوە ستراتیژی چین دادەڕێژرێت. هەر بۆیە حزب ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە داڕشتنی ستراتیژی داهاتووی وڵاتەکەدا. دیدگای ئەوان بۆ داهاتوو تەنها بریتی نییە لە گەشەی ئابووری، بەڵکو گەشەیەکی هەمەلایەنەیە کە گەشەی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ژینگەییش دەگرێتەوە. ئەوان جەخت لەسەر "کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی بە تایبەتمەندی چینی" دەکەنەوە، واتا کۆمەڵگەیەکی سۆسیالستی هاوسەنگ کە تێیدا هەموو هاووڵاتییەک سوودمەند بێت لە پێشکەوتنەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری بۆ ئاستی سفڕ و ئەمەش لە ڕێگەی پلاندانانێکی ورد و جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەوە دەکرێت، کە ئامانجیان باشترکردنی ژیانی خەڵکە. «لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا لە دوای پەیڕەوكردنی چاکسازی و کرانەوە، حکومەتی چین زیاتر لە 800 ملیۆن کەسی لە هەژاری رزگاركرد و ژمارەی داهاتی مامناوەندی بۆ زیاتر لە 400 ملیۆن کەس زیادكرد. ئەمڕۆ، چین هاوبەشی بازرگانیی سەرەکیی زیاتر لە 140 وڵات و هەرێمە، رۆژانە 320 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەبەرهێنانی راستەوخۆ لە سەرانسەری جیهاندا دەکات و مانگانە زیاتر لە سێ هەزار بازرگانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت. لە ماوەی دەیەی رابردوودا، چین بەشداری زیاتری لە گەشەی جیهانیدا کردووە بەراورد بە هەموو وڵاتانی جی حەوت (G7) بەیەکەوە. »

 

یەکێک لەو خاڵانەی کە لە چیندا سەرنجی ڕاکێشام، پابەندبوونی خەڵک بوو بە دیدگا و ستراتیژی حکومەت، لە کاتێکدا لە وڵاتانی تردا ڕەنگە گومان لە ستراتیژ و پلانی حکومەت بکرێت، لە چین هەست و هۆشیارییەکی بەهێز بۆ یەکڕیزی و ئامانجی هاوبەش هەیە، ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەستەی کە حکومەت لەگەڵ خەڵکدایە و بۆ بەرژەوەندیی ئەوان کاردەکات. لە ئێستادا پڕۆژە گشتییەکان بەخێرایی و کوالیتییەکی بەرز جێبەجێدەکرێن، ئەمەش متمانەی خەڵک بە حکومەت زیاتر دەکات.

حزبی شیوعیی چین هەوڵدەدات مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی پێشکەشبکات، کە جیاواز بێت لە مۆدێلە ڕۆژئاواییەکان. جەختکردنەوە لەسەر سۆسیالیزم تەنها دروشم نییە، بەڵکوو ستراتیژی حزبی شیوعییە بۆ داهاتوو، ئێستا کار دەکەن بۆ زەمینەسازی و دانانی بناغەیەکی پتەوە بۆ بنیاتنانی "سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی" ئەمەش دەرخەری ئەوەیە حزبی شیوعیی چینی هێشتا بڕوای بە مێژوو و بنەما و پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزم و مارکسیزم هەیە. ئەو سۆسیالیزمەی ئەوان کاری بۆ دەکەن، تێکەڵەیەکە لە بنەما سۆسیالیستییەکان و میکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد لەژێر چاودێری دەوڵەتدا، ئەمەش وایکردووە چین بتوانێت بەخێرایی گەشە بکات و لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئابووری و کۆمەڵگەدا بپارێزێت. دیدگای داهاتووی چین بریتییە لە بوون بە هێزێکی جیهانی کە نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز بێت، بەڵکو لە ڕووی کەلتووری و فیکریشەوە کاریگەری هەبێت، لەگەڵ پاراستنی بەها و بنەماکانی خۆی.

ئەم شەش ڕۆژەی سەرەتام لە چین وەک گەشتکی ئەزموونی و مەعریفی بەڕێکرد، بۆمن وەک وانەیەک بوو لەسەر چۆنیەتی تێکەڵکردنی مۆدێرنیزاسیۆن و پاراستنی کەلتوور، کرانەوە بەڕووی جیهاندا و لە هەمان کاتدا پاراستنی ناسنامەی خۆت. چین نموونەیەکی زیندووە کە نیشاندەدات گەشە و پێشکەوتن پێویستی بە داڕوخاندنی شوناسی مێژوویی و ڕەسنی خۆت ناکات، بەڵکوو دەتوانی ڕابردووت بکەیت بە میکانزم و ئامرازی بەهێزکردنی ئێستا و داهاتوو.

 

 

وتاری نووسەران