سەدیق سەعید ڕواندزی

  

مەرج نییە ئەوەی نووسەر بێت، یاخود چەند كتێبێكی وەرگێڕابێت، ئیدی شارەزایی لە هەموو كەلەبەرێكی زماندا هەبێت، بەتایبەتیش لە زمانی كوردیدا، كە زمانێكی فرە واتا، فرە ڕەهەندە و لێكدانەوەی جیاجیا لە ڕووی واتاییەوە لەخۆدەگرێت. لەنێوەندی ڕۆشنبیری كوردیدا، كەسانێكی زۆر بەناوی زمانزانییەوە لێكدانەوە بۆ زمان دەكەن، كە لە ڕاستیدا ڕەنگە بوارەكەیان پەیوەندیی بەلایەنی ڕێزمانی و ڕێساكانی خاڵبەندییەوە هەبێت و ئەم دوو بوارەی زمان، لە ڕووی مانایی و ڕێسای نووسینەوە لە یەكتری جیاناكەنەوە، بۆیە زۆرجار قسە لەسەر وشەیەك، دەربڕینێك، یاخود ئیدیەمێكی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەكەن و لە ڕوانگەی خۆیانەوە لێكدانەوەی واتاییانەی بۆ دەكەن، كە ئەو لێكدانەوەیە لەگەڵ ئەو ڕەهەندە گشتییەی زمان یەكناگرێتەوە كە لە فەرهەنگ و كولتووری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە، چونكە لەنێو زمانی كوردیدا، چەندین شێوەزار و بنزاری دیكە هەن و هەریەكەیان لە ڕووی ژینگەی كۆمەڵایەتی و ڕووبەری جوگرافییەوە بەپێی پەیوەندییان بە خەڵك و شوێنەكەوە بەكاردێن. بۆ نموونە: لە هەموو كوردستان بە (زڕدایك) ناگوترێت (باجی)، ئەم دەربڕینە ڕەنگە لە سلێمانی یان ناوچەیەكی دیكەی كوردستان بەكاربێت، بەڵام  لە شێوەزاری هەولێر یان ڕواندز، ڕەنگە بەكارنەهێنرت، كەواتا نابێ نووسەرێك بەگشتی باس لەوە بكات كە كورد هەمووی بە زڕدایك دەڵێت باجی ! ئەمە لە ڕووی واتایی و لێكدانەوەی زمانیشەوە هەڵەیە. نووسەرێك نووسیویەتی: "ئەگەر پیاوی كورد ژنی دووەم بێنێت، یان چەند ژنێكی دیكە بێنێتەوە، ئەوا ئەم ژنە بۆ منداڵەكانی دەبنە زڕدایك یان باوەژن و پێیدەڵێن باجی"(1) بەڵام با بپرسین، ئایا منداڵێك هەیە چوار زڕدایكی هەبێت؟ بێگومان نەخێر، ئەمە هەڵەیە لە هەموو بارێكی خێزانی و كۆمەڵایەتیدا بە هاوسەری دووەم ناگوترێت زڕدایك، بەڵكو دەبێ چەند دۆخێكی كۆمەڵایەتی هەبێت وەك ئەوەی دەبێ منداڵەكانی زۆر بچووك بن، چونكە كەسێك لە تەمەنی پەنجا ساڵیدابێت، ناڵێت زڕدایكم هەیە، لەبەر ئەوەی پێویستی بە پەروەردەكردن و چاودێری و خزمەتكردن نییە. هاوكات دەبێ پیاوەكە ژنی یەكەمی مردبێت و منداڵیشی هەبێت، ئەو كات ئەو ژنەی دوای مەرگی ژنی یەكەمی دەیهێنێتەوە، بۆ منداڵەكانی دەبێتە زڕدایك و گەر منداڵی نەبێت، ئەو شوناسە كۆمەڵایەتییە وەرناگرێت. بەدوای ئەمە، هەر ژنێكی دیكە بهێنێتەوە، نابنە زڕدایك، تەنێ ئەوەی لە دوای دایكی ڕاستەقینەیان دێتە نێو خێزانەكەیان دەبێتە باوەژن. لەلایەكی دیكەوە وەك باسمانكرد بەهیچ شێوەیەك لە هەموو شوێنێكی كوردستاندا بە باوەژن ناگوترێت باجی، چونكە بەداخەوە زڕدایك لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بەگشتی، بەشێوەیەكی زۆر نامرۆیی، نا پەروەردەیی، دوور لە هەموو جۆرە سۆز و میهرەبانییەك ڕەفتار لەگەڵ منداڵەكانی دایكێكی مردوو دەكات، كە نەك هەر پێیناگوترێت باجی كە زۆرجار بۆ پوور، یان خوشكی گەورەش بەكاردێت، بەڵكو زۆر ناخۆشەویست و ڕەتكەرەوە و ناشرینیشە! مەگەر بەدەگمەن باوەژنێك هەبێت ببێتە جێگرەوەی دایكی ڕاستەقینە بۆ منداڵەكان. بۆیەشە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دەگوترێت منداڵ بە دایك هەتیو دەبێت بە باوك نا، یاخود دەگوترێت كە دایك بووە زڕدایك، ئەوا باویش دەبێتە زڕباو، بەڵام قەت ناگوترێت ئەگەر باوك بووە زڕ باو، ئەوا دایكیش دەبێتە زڕدایك، چونكە هیچ كەسێك بۆ منداڵ نابێتە دایك و ناتوانێت ئەو هەست و خۆشەویستی و میهرەبانییەی پێبدات كە دایكی دەیداتێ. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، كاتێ ژنێك هاوسەرەكەی دەمرێت، یاخود لە پیاوەكەی جیادەبێتەوە، بەداخەوە پێیدەگوترێت (بێوەژن)، كە وشەیەكی برینداركەرە، بەڵام باوە بۆ ناسینەوەی ئەم ژنانە، بەڵام گەر پیاوێك لە ژنەكەی جیابووەوە یاخود ژنەكەی مرد، هەرگیز پێیناگوترێت (بێوە پیاو) چونكە وشەكە نامۆ و باو نییە و دیدگای نێرسالاریی كۆمەڵگە و پیاوی كورد ڕێگە بەوە نادات هەمان ئەو شوناسە وەربگرێت كە دراوەتە پاڵ ڕەگەزی مێ. كەواتا لێرەدا ناتوانرێت ئەم وشەیە بەرجەستە بكرێت و ببێتە بەشێك لە فەرهەنگی بەركارییانەی زمان، چونكە ئەقڵیەتی كۆمەڵگە، كولتووری باوی كۆمەڵایەتی و نۆڕمە خێزانی و میللییەكان ڕێگە بەوە نادەن. بۆیە زمانی كوردی لەو زمانانەیە هەرگیز نابێ لێكدانەوەی تاكڕەهەندییانەی بۆ بكرێت، چونكە دواجار هەڵە دەكەوێتەوە، بەتایبەتیش لەلایەن كەسانێكەوە، كە وردەكارییەكانی زمان شارەزا نین. زمانناسی پەیوەندیی بە ئەكادیمیبوونەوە نییە، بەڵكو شارەزایی و قووڵبوونەوەیە لە ڕووبەری زمان لە هەموو ڕووێكەوە.

 

1- بڕوانە وتاری (وشەی جوان) نووسینی: داستان شەریف، ماڵپەڕی دیاسپۆرا، لە 30/7/2025.

وتاری نووسەران