گوشاد حەمە سەعید

چەندشیرینە کە بەزمانێک دەدوێی، بەبێ ئەوەی بیر لەو هەموو زانستە بکەیتەوە کە لە درووستکردنیدا هەیە.

هە گڕوگاڵی ساواییەوە تا گەورە دەبیت بەرەبەرە فێری دەبیت و نازانی ئەوهەموو کارئاسانی و لێکدی تێگەیشتنەی لەنێوانی تۆوکەسانی دیکەی لێدەکەوێتەوە چۆن درووستبوە، بەڵام کاتێک دەتەوێ لەکەسێکی لاڵ بگەی، یان لە وڕکوگریەی منداڵێکی بێ زمان بگەی(ئەگەر زمانی کەڕولاڵان نەزانی)ئەوسا گرنگی زمانت زیاتر بۆ بەدەردەکەوێ.

بەدڵنیاییەوە زمان بەرهەمی پێدایستی وپێگەیشتنی عەقڵی مرۆڤە وبەتەواویش نەزانراوە چەندان ملیارد یان هەزارساڵە مرۆڤ ئەوتەلارە تۆکمەو جوانە بەپێی بیرکردنەوەیەکی ورد وڕازاوە درووستدەکا،بەڵام ئەوە زانراوە کە ئەو خاسیەتانەی لەمرۆڤدا هەبوون بۆ ئەمە یارمەتیدەرێکی گەورە بووە.

من وای بۆدەچم کە جوانیەکان و تواناکانی زمانەکان وگرنگیەکەی تەنیا لەوەوەدێ کە هۆیەکی گرنگە بۆئاسان تێکگەیشتن.هەروەها ئەم تێکگەیشتنەش کێشەی نێوان مرۆڤەکانی کەمکردۆتەوە و زۆریش لە دڕندەیی وانیکەمکردۆتەوە، بەسرووشت ئەوهایە کاتێک کەسێک لەمەبەستی بەرانبەرەکەی تێناگا بارەکە بەجۆرێکی دیکە دەکەوێتەوە ئەمە چجای مرۆڤی سەرەتایی کە کێشەکەى لەکن گەوورەتربووە.یان بەخراپ تێگەیشتن ڕەنگە پەلکێشی ناو پێکدادانیانبکا، بۆیە دەکرێ بگوترێ زمان بەخششی ئەوەندە زۆرە لەسەرتاپای ژیانی مرۆڤی گرتۆتەوەو وەک چرایەکی هەڵایساو تیشکی بەهەموو لایەکدا دەدرەوشێتەوە.بۆیە زانایان مرۆڤ بە ئاژەڵێکی قسەکەر دادەنێن.

ئەگەر دەست بۆ هەر چمکێکی درووستبوونی زمان ببەین دەبینین(بۆنموونە:لە پیتەکان وچۆنیەتی درووسبوونیان ورد بینەوە ئینجا درووستبونی فۆنیمێک وشەیەک وچۆنیەتی دەربڕینی هەرپیتە بەجۆرە دەنگێکی جیا لە پیتەکانی دیکەو تا بەڕێزمان دەگا)ئەوا دەیان لق وبەشی لێ درووستکراوە. ئینجا مرۆڤ بەوهەموو کارانە ناوەستێ کەلەم بوارەدا  کردوونی بەڵکە بەردەوام هەرخەریکی زمانەو ساڵ بەساڵ کەموزۆر گۆڕانکاریان بەسەردادەهێنێ و هەندێک وشە لادەداوهەندێکی نوێ درووستدەکا.

تەنیا ئەوەندە بەس نیە بیر لەوە بکەیتەوە کەبەزمانێک لەگەڵ دەورووبەرەکەت پەیوەندی دەگری، لێکدی حاڵی دەبن کەئەمە بۆتە هۆی بەگەڕ خستنی چەرخەگەورەکەی شارستانیەت، جاوەرە بیرلەوە بکەوە کەمرۆڤ چەند هەزار زمانێکی لەسەر  گۆی زەوین درووستکردوە ولەگەڵ ئەوەشدا کە ئەوهەموو زمانەنە لێکدی جیان بەڵام هەمان ڕۆلی شارستانیانە دەگێرن وەک تەواوکەری یەکدی کاردەکەن.

هەرزمانە بەشی پێداویستی لێکدی تێگەیشتنی ئەوکۆمەڵە ئەتنیە دەکا کەلەچوارچێوەی نەتەوەی جیاجیادا کۆبوونەتەوە،هەرهەمووشیان خۆشیان لەوەدێ کە بەزمانێک قسەدەکەن وبەهۆیە تێکدەگەن وخۆشیان بەمیراتگری ئەوزمانە دەزانن.

تۆبیر لەوهەموو هەوڵانەی مرۆڤ بدە بۆ دۆزینەوەی ڕێگای لێکدی تێگەیشتن وهەر هەمویشی سەرکەوتوبووە لەدۆزینەوەی چارە سەرەکە بەڵام بە شێوازودەنگوپیتی لێکدی جیا ووردە وردە ئەم کارەیان بوتە بنەمایەکی بەهێزی بوونی نەتەوەییان

زمانەکانی نەتەوە جیاجیاکانی جیهان لەژێرکاریگەری هەر هۆیەک بێ زۆر ڕووی لێکچوویان هەیە، بەڵام زۆر لەم ڕووە لێکچووانەش زیاتر رووی جیاوازیان هەیە، ئەمەشە کە دەبێتە هۆی بوونی تایبەتمەندی زمانەکان کە ئەگەرکەسێک زمانێک زۆرباش نەزانێ ناتوانێ لەو تایبەتمەندیە زمانانە بگات بەتایبەتی لەکاتی وەرگێڕانی نووسراوێک یان تەرجومانیکردن لەنێوان دووکەس یان دووکەمەڵە کەسدا، بۆیە دەکرێ والێکبدرێتەوە کە ئەم تایبەتمەندیە لەزۆر لایەنی درووست بوونی زمانێکەوە سەرچاوە دەگرێ بەتایبەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کە ئەگەر بۆ مەودایەکی دوور بۆدواوە بڕوانی پتر لەکاریگەریە ڕاستەوخۆیەکانی ئەوهۆکارانە دەگەی.

هەرچەندە ئەوتایبەتمەندیە زمانیانە ڕووێکی جوان و چێژێک بە زمان دەبەخشن،بەڵام مرۆڤ دەبێ زۆر وریابێ لە فێر بوون و بەکار هێنانیان،بەتایبەتیش ئەگەر هی زمانی دایکی خۆی نەبێ.بەکارهێنانی تایبەتمەندی زمان مانای ڕستە بەلاڕێدا دەبا.زیاتریش لەمە بەهەڵە بەکارهێنانی بە شێواندن یان نەزانی زمانەکە دەژمێردرێ

بەرلەوەی خانوێک یان تەلارێک درووستبکرێ کەرستەکانی پەرش و بڵاوو بەسەریەکدا ڕژاوە ،بەڵام بەهۆی زانستی ئەندازە و پێوانەوە ئەم داروبەردو کەرستە پەرش وبڵاوانە بەپێی نەخشەیەیەکی ئەندازیاری بۆت دەکاتە تەلارێکی ڕێکو جوان کەچیدی پێی ناگوترێ داروبەردو ئاسن بەڵکە دەبێتە خانو یان تەلارێک.

ڕێزمان وکەرستە زۆرەکانی بەمجۆرە کار لەسەر ئەوکەرستانە دەکەن کە بۆ درووستکردنی زمانێک پێوویستە،دیارە ئەم کارەی کە خاوەنەکەی نەتەوە خۆیەتی لە ماوەیەکی زۆر دوورو درێژی مێژووییدا  خەریکی ئەم کارەبووە ،جا ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە هەرنەتەوە زمانێکی تایبەت بەخۆی و هەرزمانەش ڕێزمانێکی تایبەت بەخۆی درووستکردوە.

لەڕاستیدا ئەوە نەزانراوە کە بۆچی مرۆڤ یەک زمانی نیە،ڕەنگە ئەمە پەیووەندی بەگۆی زەوینەوە هەبێ ولێک دووری گەلان وکەم وزۆر جیاوازی ژیان و ڕەووتی پێشکەوتنیان پەیوەندی بەم مەسەلەوە هەبێ،جگە لەمانش سرووشت و دیاردەکانی وهەمەڕەنگی بەپێی پێگە ی جوگرافی پەیوەندی زۆری هەبێ.

ڕەوتو شێوازی درووستبوونی هەرزمانێک و ڕێزمانەکەی یان چۆنیەتی فۆنەتیکەکەی پەیوەندە بەو دەوروبەرە ئیتنیەی کە زۆربەی جاران ناوچەیەکی بەرفراوان یان بەرتەسک دەگرێتەوە، ژیان لەو ناوچانەدا چەندە پێشکەوتوبێ ئەوادەبێ زمانەکەش بە پێداویستیکانی ئەو ژیانە ڕابگا، کە قۆناغ بە قۆناغ زمانەکە لە پەککەوتن دەپارێزێ و لێکسیکۆنی زمانەکەش بەرفراوانتردەبێ بەڕادەیەک هەر بابەتەو فەرهەنگی تایبەت بەخۆی دەبێ، بۆنموونە؛ فەرهەنگی کیمیا، فیزیا، کۆمەڵناسی، فەلسەفە، زمانی عامیانە، ئەدەب....هتد، دیارە کاریگەریەکانی پێشکەوتنی ژیان ڕۆلی سەرەکی دەبینێ لەم کارەدا.

  ئەگەر ئەمکارە بەبەردەوامی نەکرێ زمانەکە پەکی دەکەوێ و وەک زمانێکی هەژار حسابی بۆدەکرێ. لەبەر ئەوەیە کۆمەڵێک زمان هەیە لە زانکۆکانی جیهاندا زانینیان بەپێوویست دەزاندرێ، بەتایبەتیش زمانی ئینگلیزی، ئینجا فەڕەنسی و ئەڵمانی....هتد.

من وانازانم هەرلەبەر ئەوەبێ کە ئەو دەوڵەتانە بەو زمانانە قسەدەکەن ڕۆژێک دنیایان داگیرکردبێ و زمانەکی خۆیان سەپاندبێ، ڕەنگە ئەمە کاریگەرییەکی زۆر کەمتر هەبێ  لەو هەموو دەسکەوتە زانستیەی کە ئەو وڵاتانە وەدەستیان هێناوە و زانیاریەکانیان بە زمانەکانی خۆیان نووسیوەتەوە و ڕەنگە وەرگێرانی بۆ زمانانی دیکە کارێکی پڕ لەکەموکوڕی بکەوێتەوە.

بەهەرحاڵ میللەتانی دیکەش لەژێر ڕۆشنایی پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتانە زمانەکانی خۆیان موتوربەدەکەن وهەوڵی پێشخستنی دەدەن بۆئەوەی پێداویستیە کانی خۆیانی پێ دابین بکەن.

ئەم هەوڵانە بەچەند جۆرو ڕێگایەک دەدرێن، لەوانەش:

۱.وەرگرتنی زاراوە گرنگەکان کە وەرگێڕانیان زەحمەتبێ.

۲.وەرگرتنی هەندێک وشەی زمانانی دیکە بە کەمێک گۆڕانکاریەوە کە زۆرجار وادەزانرێ وشەیەکی ڕەسەنی زمانەکە خۆیەتی.

۳.درووستکردنی هەندێک ناو یان وشەی وا کە جوان لەگەڵ زمانەکەیاندا دەسازێ.

ئەم کارانە لە سەرەتادا لەنێو زمانەکەدا نامۆ دەدیترێن، بەڵام بەرەبەرە کە چەند وەچەیەک بەهۆی خوێندن و خوێندنەوە فێری بوون لەگەڵی ڕادێن ئیدی ئەو نامۆییە یان نامێنێ یاخود زۆر کەم دەبێتەوە.

ماويةتى

وتاری نووسەران