
فەرەیدوون سامان
ئەمڕۆ کێشەیەک لەبەردەم زمانی کوردیدا لە سۆسیالمیدیادا هەیە، ئەویش نەبوونی زمانێکی ستانداردە بۆ سەرجەم زارو بنزاری ئیتنیکە کوردییەکان، کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی زمانی کودییان داگیرکردووە، مخابن هێشتا زمانێکی یەکگرتووی (پێوەر) نەبۆتە هۆکاری بەیەکگرێدانی هزرو ئاوەز و یەکێتی نەتەوەییمان، چونکە میدیا دەبانێکی دوو تیغەیە، لەکاتێکدا هۆکارێکیشە بۆ درووستکردنی زمانی پێوەری هەر نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکەیان بۆ چەند زارو بنزار و دەڤۆکی جیاواز.
لێرەدا نامەوێ باسی هۆکارە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو لێکترازانەی زار و بنزارە کوردییەکان بکەم، چونکە پێشتر قسەمان لەسەر کردووە، بەڵام بۆچی دوای ٣٠ ساڵ لە دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ناساندنی ئەو زمانە لەدەستووری عیراقدا، هێشتا میدیای کوردی خاوەنی زمانێکی ستاندارد نییە و هەر یارۆیە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەدوێت و لۆکاڵیانە هزرو ئاوەزی دەخاتە بەرچاوی بینەران وگوێچکەی بیسەران. کە ئەمجۆرە هزرینەش لە جوغزو چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی زێتر تێناپەڕێت، لەکاتێکدا زمانی کوردی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان تا ڕادەیەکی باش ڕەوتی سروشتیی گەشەسەندنی مێژوویی خۆی بڕیوە، هەر چەند ئەمڕۆ هەبوونی دوو ستاندارد لە میدیای کوردیدا بەکار دەهێنرێن. هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەوانەی بە کوردی باکوور(کرمانجی) دەدوێن ئەو ستانداردە بەکار دەهێنن. ئەوانەشی بە کوردیی ناوەند دەدوێن ستانداردی کوردیی ناوەند (سۆرانی) بەکار دەهێنن. تا ئێستاش هەوڵێکی جیددی نەدراوە ئەو دوو زارە هەر نەبێت لە ڕووی ڕێنووسەوە، هەمیش لە ڕووی گراماتیکەوە، ئاوێتە بە یەکتر بکرێن، یان بەلای کەم لەیەکتر نزیک بکرێنەوە.
زمانی کوردی بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتی مێژووییدا کە بەردەوام بەربەستی خراوەتە پێشی، ماوەی سەدەیەک پترە بە زۆر شێوازی رەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت و سیستەماتیکانە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، بەشێک لەو هەوڵە دەبەنگانەش لای خودی کوردی هەندێ بەناو زمانناس و نووسەرانی ئەو ئاخێوەرانەیە، بەتایبەت لە هەندەران ئەگەر سەیری ویبسایتەکان کوردییەکان بکەین دەبینین، زمانی کوردی بۆ چەند زارێک دابەش بووە وەک (کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، لەکی..)، کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە لەنێو هیچ گەلێکی سەر ڕووی زەویندا بەدی ناکرێت. خزمەتێکی بێ بەرامبەریشە بە ئەجیندانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکەمان بە هەوڵی بێوچانی دڵسۆزانی نەتەوە باش چۆتە پێشەوە، لە باشووری کوردستاندا خاوەنی ئارشیفێکی گەورەی زمانەوانین، خاوەنی ڕێنووسێکی پێشکەوتووین، ئەگەر هەمووان ئەو ڕێنووسە بەکار بهێنن، زمانەکەمان زووتر دەبێتە خاوەنی ڕێنووسێکی یەکگرتوو.
بەگشتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا و بەتایبەت کەناڵە میدیاییەکاندا زمانێک بەکار دەهێنرێت. ئەگەر چارەسەرێکی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە لە داهاتوودا بە تێپەڕینی کات دەبێتە دوو زمان، کەوابێت لە جیهانی میدیای کوردیدا ڕەنگە تاکەکەس لەو دەزگایانەدا بە حوکمی نەشارەزاییان و نەبوونی فلتەرێکی زمانەوانی لێرە و لەوێ هەڵەی زمانی و میدیایی بکەن، ئەوەش ڕاستەوخۆ باندۆری بەسەر شێواندن و لێکترازانی زمانی کوردییەوە هەیە، ئەو کەسانە بۆ خۆیان زمان نەزانن و لە ژێر هەژموونی زارە لۆکاڵییەکەی خۆیان یان زمانی نەتەوەی سەردەستی دەوڵەتەکەی خۆیانن.
ئەمڕۆ ئەو زمانە باوەی کە لە جیهانی سایبەریدا بەکار دەهێنرێت ڕەنگدانەوەی هزری کوردە لە دەرەوەی دنیای دیجیتاڵیدا. دنیای ئینتەرنێت و هەموو لکوپۆپەکانی دنیایەکی ئازادە کە کەس ناتوانێت ڕێ لە کەس بگرێت و شتی خۆی بەسەر کەسی تردا بسەپێنێت. ئەوەی لەوێ دەبینرێت ئەوەیە کە زمانێکی تاکستاندارد بەکار ناهێنرێت، بەڵکوو جووتستاندارد گەشە دەستێنێت. نابێت ئەوەمان لەبیرمان بچێت کە زارەکانی تریش لەوێ باشتر دەستیان کراوەیە بۆ گەشەسەندن. ئەمە واتە خەڵک لایەنگری ئەوە نین کە تاکستانداردێک هەبێت و ئەوانی تر پەراوێز بخرێن. باشترە ڕێز لە یەکتر بگرین و بەو ڕێزلێنانە زیاتر لە دەوری یەکتر کۆبینەوە.
نەبوونی سایتێکی تایبەت بۆ پرسەکانی زمان لەو دەزگا کولتوورییە فەرمییانەی سەر بە حکومەتن، کە بەرهەمی هزری دەبێت بە شێوەی نووسین و دەقی ئاسایی لەو سایتە دابنرێت تا مرۆڤ بتوانێت لە وێبگەڕەکاندا پشکنیان بۆ بکات، نەک بە شێوەی پیدیئێف. بە هەمان شێوە پێویستە ڕێزمانێکی بەپێز و دەوڵەمەندیان دیسانەوە بە شێوەی دەق لەسەر ئینتەرنێت دانابێت کە جێی متمانەی هەمووان بێت و هەر کاتێکیش بیانەوێت دەستکاریی بکەن و نووژەنی بکەنەوە. هەروەها دەبوا تا ئێستا وشەنامەیەکی دەوڵەمەندی دیجیتالییان لەسەر ئینتەرنێت هەبوایە. هەر چەندە ئێستە ئەکادیمیای کوردی وشەنامەیەکی دەوڵەمەندیان لەچاپداوە بە ناوی فەرهەنگی فەرهەنگەکان. بەڵام بەرهەمی وا دەبوا دیجیتالی بێت. بایەخی بەرهەمی دیجیتالی لە هەر زمانێکدا باشییەکەی ئەوەیە کە دەکرێت بکرێتە بنەمای دەیان کاری باشتری دیجیتالیی تر.
بۆ چوونە نێو قووڵایی ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ بە سەر زمانی کوردیدا زاڵە، وا باشە ڕوانینێکی تایبەتمان بەسەر نووسەرانی کوردەوە هەبێت. ئەو چاوەڕوانییەی کۆمەڵگا لە نووسەرانی خۆی هەیەتی، لە هەلومەرجی ئاوادا زۆر لە قەبارەیان زیاترە. نووسەری کورد لە دەرەوەی جیهانی سۆسیالمیدیادا چی بۆ کراوە، هەتا بەشێک لە توانایەکانی لە نێو جیهانی سایبەریدا تەرخانی خزمەت بە زمانی ستاندارد بکات!؟ وا باشە چاوەڕوانی مۆجیزەیەیەک نەبین لەم توێژەدا، بەتایبەت کە بەشێکیان "قسەکەری بێکردەوەن".
لە غیابی ڕۆڵی دەزگا کولتوورییەکانی حکومەتدا کە بودجەیەکی قەبەیان بۆ تەرخان کراوە و هەروەها هەبوونی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە پەیمانگەو کۆلیژەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی هەڵگری بڕوانامەی باڵای ئەکادیمین، بەڵام زۆرینەیان (ناڵێم هەموویان) ئەو مامۆستایانە لە ڕووی زمانەوە کۆڵەوارن، کە گەرەک بوو لەو ماوەیەدا بۆ چارەسەری پرسی زمان لە کایەکانی ڕاگەیاندن و سۆسیالمیدیادا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەشە کوردییەکان پرۆژەی مەزنییان لەسەر ئاستی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەرهەم هێنابووا. هەڵبەت بێ هەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ئەم ئامانجە هەرچی دەکرێ مخابن بە فیرۆدانی پارەیەکی زۆر و بێنرخ کردنی کات بووە، ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێن زمانێکی ستاندارد بۆ گەلانی بێ قەوارەی سیاسی لە جیهانی سۆسیالمیدیادا مەحاڵ نییە.
* ئەم وتارە بە بۆنەی 125 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی نووسراوە.
*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی (زمان و زار)