
لە قووڵایی ڕۆژگارە سەختەکانی ژێردەستەیی و تاریکایی ستەمکاریی بەعسدا، شێروان وەک پاڵەوانێکی کاروانی تێکۆشانی شیوعییەکان و پارتیزانێکی ئازا لە ناو گەردەلولی ڕۆژانی ئەنفال و کارەساتەکاندا سەری بۆ هیچ هێزێک نەوی نەکرد؛ وەک کێوێک لە ورە و ئیرادە، ڕێگەی پارتیزانی هەڵبژارد.
شەهید شێروان شیوعییەکی پۆڵایین، سەرکردەیەکی لێهاتوو و قارەمانێکی مەیدانیی خەبات و تێکۆشان بوو. ئەو لەو تێکۆشەرە کەموێنانە بوو کە دوای کاولکارییەکانی کۆمەڵکوژی، وەک کێوێکی سەربەرز لە ناوچەکەدا مایەوە و خەباتی پارتیزانیی کردە چرای ڕێگەی ڕزگاری.
ئەو شەوەی بڕیارماندا تێکۆشان بگوازینەوە بۆ جەرگەی ناوچەی گەرمیان، پاش بڕینی ڕێگەیەکی دوورودرێژ و پڕ مەترسی بەپێ، ڕوومان کردە دەشتاییە پانوبەرینەکەی زەنگاوا و سنووری قەرەتەپە. ئەم هەنگاوانە تەنها جووڵەیەکی حزبی نەبوون، بەڵکو داڕشتنەوەی بوێرانەی خەبات و دروستکردنەوەی هیوا بوون لە ناو جەرگەی دڕندەترین ڕژێمی ئەوکاتدا. بەڵام مەخابن، دەستی ڕەشی بەعس و پیلانی بەکرێگیراوان لە شەوەزەنگێکی وەک ئەم شەوەدا و لە مەزرەعەی ڕەوانشاد شێخ عەتا تاڵەبانی، پەلاماریان داین. لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەدا، شەهید شێروان باڵای بەرزی کردە قوربانیی گەل و نیشتمان و بووە سەرقافڵەی کاروانی نەمران؛ ئێمەش بە برینداری و بە کۆمەڵێک یادەوەریی تاڵ و شیرینەوە لە بارودۆخێکی ناهەمواردا کەوتینە بەر پەلاماری بەعس.
چیرۆکی شەهیدبوونی شێروانی هەمیشە زیندوو، هەروەها برینداربوون و دەربازبوونی ئێمە دوای ئەو ساتە، داستانێکە قەڵەم لە نووسینی دەوەستێت؛ چونکە خوێنی ڕژاوی ئەو سەرکردەیە مێژوویەکی وای نووسیوەتەوە کە سەدەیەکیش تێپەڕێت، بریسکەی لەبیر ناچێتەوە.
ڕووحت شاد، هاوڕێ پاڵەوانەکەی کاروانی تێکۆشان و ڕۆژانی پارتیزانی! ڕووحت شاد، ئەی ئەستێرە گەشەکەی ڕۆژانی خەبات و قوربانیدان!
