* ٣٥ ساڵە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان تێپەڕیوەو هێشتا نازانین ژمارەی تەواوی ئەنفالکراوەکانمان چەندن وکێ و کەی ولەکوێ ژێر خاک کراون.

* ٣٥ساڵەو دایکان، جل و لەچکە ڕەشەکانیان نەگۆڕیوەو هەرگوێ قوڵاخی خەبەری جگەرگۆشەکانیان.

* ٣٥ ساڵە و باوکە بەگوڕو چالاکەکانی ئەو سەردەمە کە ئێستا پشتیان وەک گۆچانەکانیان چەماوەتەوە، لە حەسرەتی هەواڵێکی رۆڵەکانیانن.

* ٣٥ ساڵەو ئەو کوڕو کچە سەرو چاووبرۆ ڕەشانەی کە لە هەڕەتی لاویدابوون و لە دڵخوازەکانیان جیاکرانەوە ئێستا تاڵەموی ڕەش لەسەرو چاویان بەدی ناکەیت هەر چاوەرێی ژوانێکی تری سەر کانی ئاواییەکانیانن.

* ٣٥ ساڵەو تاقانەکانی ئەنفال، چاوەڕێن تا داپیرەو باپیرەی منداڵەکانیان، بگەڕێنەوەو بانگی  (هیواو ئامانج وتۆڵەو ژیان )نەکانی نەوەیان بکەن ڕابکەنە باوەشی گەرمیان و چیرۆکەکانی حەجاج وسەگە رەشەکان وجەلادەکانی نوگرەسەلمان و عەرعەریان بۆ باس بکەن.

* ٣٥ ساڵە وتاوانبارانی ئەنفال لەسەرەک جاش ومەفرەزە خاسەکان نەک دادگایی نەکراون، بەڵکو پارێزراو ومافدارترن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان.

* ٣٥ ساڵەو ماف و ژیانی کەسوکاری ئەنفالکراوان لەنێوان بڕین وپاشەکەوت ودواکەوتنی موچەو ئیمتیازەکانیاندا  لە چاوەڕوانیدان.

 *٣٥ ساڵەو گەرمیانییەکان چاوەڕێی هەڵگرتنی نازو داخوازییەکانیان لەو دەسەڵاتەی کە بەخوێنی کەسوکاریان هاتەبوون.

* ٣٥ ساڵەوئەو دەسەڵاتە کە دەگاتە ١٤ی٤ دەیان بەڵێن و وشەو ڕستەی ڕەنگاوڕەنگ ڕێکدەخات و یەکانیان جێبەجێ ناکات.

* ٣٥ ساڵەو ڕێگای گەیشتن بە زێدێ ئەنفالەکان رۆژانە قوربانی لە کەسوکاریان دەبەخشن و تائیستا رێگایەکی سەلامەتیان پێ ڕەوا نەبینراوە.

* ٣٥ ساڵە ئێمە وکەسوکاری قوربانیان گازندە دەکەن و دەسەڵاتدارانی هەرێم گوێمان لێناگرن.

* ٣٥ ساڵەو نە کەیسەکە بە جینۆساید ناسێنراوە، و نەقەرەبوی کەسوکاری ئەنفالکراوان کراوەتەوە.

* ٣٥ ساڵە و 35 ساڵە و سی و پێنج ساڵە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا