سوبحى مەهدى
لە٢٢ ی ٸایاری ٢٠٢٤ دا ٸەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە دانانی ساڵیادی ڕاپەڕینی شەعبانیەو ساڵڕۆژی مەرگەساتی ھەڵەبجە بەڕۆژێک لەپشووە فەرمییەکان لە عێراقدا.
ڕەنگە بۆ ھەرکەسێک پرسیارێکی ڕەوا بێت بپرسێت کە ٣٦ ساڵە ٸەم کارەساتە ڕوویداوەو ٣٣ ساڵە ڕاپەڕین لە کوردستاندا سەرکەوتووەو ٣٢ ساڵە ھەرێم حکومەتی خۆی ھەیە و ٢١ ساڵە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس ڕووخێنراوە , بۆچی ٸەمڕۆ بە بیرتاندا ھاتەوە کە ٸەمڕۆژە بکەنە پشوو؟ ٸەی بۆچی لەگەڵ بڕیاردانتان بۆپشوو, بابەتی ڕەزامەندی بە پارێزگا بوونەکەتان بیرنەکەوتەوە کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر مێزەکانتان دانراوەو تۆزی لێ نیشتووە؟ یان بۆچی مافەکانی خەڵکی زیانلێکەوتوو و مافەکانیانتان بەخەیاڵدا نەھات , کە دۆسێکانیان لە باھۆڵەکانتاندا کاغەزەکانیان پتورکاوە؟ ٸەی بۆچی ٸەوەتان بەبیری برا چاوڕەشەکانماندا نەھێنایەوە کە با ھاوشێوەی ٸەوانەی ٸاوارەی دەوڵەتانی دراوسێ بوون , ھەڵەبجەییەکان لەقەرەبوو و مووچە و ٸیمتیازەکانی تر ھاوشێوەی ٸەوان بن؟
ٸەی بۆ لەبری پشوو بڕیارێکتان وەرنەگرت بۆ چارەسەری ٸەوبریندارانەی کە تاٸێستاش بە بێ چارەسەر ژیان بەسەر دەبەن و ھەرڕۆژێکیان مردنێکە؟
ڕەنگە ھەر ھەڵەبجەییەک بگری دەیان پرسیاری تری لە ماف و خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی ٸاوەدانی ھەبێت کە بێ وەڵام ماونەتەوە.
ٸەوەی لە ھەموو گرفتەکانی تر بە ٸازارتر بوو , ڕاگەیاندنی ٸەو ھەواڵە بوو لە ڕاگەیاندنە جیاجیاکانی سەربەفراکسیۆنە کوردییەکانی نێو ٸەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو, کە ٸەم بڕیارەیان دەکردە دەسکەوتێک بۆ خۆیان و حزبەکانیان.
خۆ ٸەگەر پڕوپاگەندەو باسکردنی چالاکی بۆ حزب و فراکسیۆنەکان ڕەوا بێت, دەبێت ٸەوەش بەڕەوابزانن کە خەڵکی ستەمدیدەی ھەڵەبجە لێتان بپرسێت, بۆچی شارەکەمانتان بەوێرانکردندا؟ کێ بوون ٸەو ھێزانەی پێشی سوپای داگیرکەر کەوتن و شارو ناوچەکەمانیان کردە گۆڕەپانی شەڕ.؟ ٸەی کێ بوون ٸەوانەی بوونە ھۆکاری وەرینی (٥٠٠٠٠) گوڵاڵە سوورەی ناوچەکەمان؟ ھەڵەبجەییەکان ھەقیانە داوا بکەن کە پێش بڕیاری بە پشوو ناساندنی ١٦ ی ٸازار, پێویستە برینەکانی ٣٦ ساڵی ڕابردوومان ساڕێژ بکەن.لانی کەم حزبە بەشدارەکان لەو ڕۆژەدا بێنە سەر ٸارامگای قوربانیان و داوای لێبوردن بکەن لەو ھەڵە گەورەی کە کردیان.
چۆن ٣٦ ساڵی ٸازارو فەرامۆشکردن بە ڕۆژێکی پشوو قەرەبوو دەکرێتەوە؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا