هۆشیاری عەبدولعەزیز 

بەشی یەكەم 

لەبنەڕەتدا داهۆڵ لە كایەی كۆمەڵایەتی و ژینگەی جووتیاریدا ڕۆڵی یاساوڵی ترس و دڵەڕاوكێ دەگێڕێ بۆ پاراستنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لە چۆلەكە و ئەو باڵندانەی كە بەدوای خۆراكی ڕۆژانەیاندا وێڵن. ڕۆڵی داهۆڵ لەم تێگەیشتنەدا دابینكردنی جۆرێك لە پاوانخوازی و داماڵینی ناوچەیەكەیە و  ترسێكی دەستكردە بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی قەڵەمڕەوێك، واتا داهۆڵ ڕۆڵی پەیكەرێكی ڕووتەڵ دەبینێ لە ترساندنی گەلە چۆلەكەكان و جگە لەوە هیچ بەهایەكی تری نییە و تەنها بووكەڵەیەكە و لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی ترسەوە كۆسیستەمی پاراستنی ناوچەیەك كۆنترۆڵدەكات و دەبێتە زادەی بڵاوكردنەوەی جۆرێك لە ناسەقامگیری گشتیدا . 

لە فەلسەفەی سیاسی و پرۆسەی دەوڵەتداریشدا، كارەكتەرە داهۆڵییەكان شوێن و پایەی تایبەت و هەستیاریان هەیە و بە ڕووكەش پارێزەری یاسا و ڕێسای حوكمڕانین، بەڵام لەناواخندا ئەمە تەواو پێچەوانەیە و لە هەر بارودۆخێكی جیاوازدا ئەم كارەكتەرە ڕووتەڵانە، نوێنەرایەتی گرووپێكی مشەخۆری ڕووتەڵی بێ ئەرزش دەكەن، كە سەرتاپا داماڵراون لە ئەخلاقی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و گاڵتەش بە ئیرادە و كەرامەتی هاووڵاتی دەكەن و باكیان بەهیچ ڕەهەندێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نییە لە كایەی گشتیدا و دەبنە جۆرە مێروویەكی كوشندە بەسەر كۆی ئەو ژینگە گشتییەوە، كە پێی ئەوترێ كۆمەڵگە .

ئەم كارەكتەرە داهۆڵانەی ناو پرۆسەی حوكمڕانی جگە لەوەی وێنای ترسی دەسەڵاتمان بۆ پێچەوانە دەكەنەوە، هەوڵدەدەن لەو ڕێگایەوە وەك پەرژینێكی قایم و متمانەپێكراوی دەسەڵات، كاریگەری وەهم و سێبەرەكانی خویان داسەپێننە سەر كۆمەڵگە و تەواوی كون و كەلەبەرە داڕوخاوەكانی دەسەڵات بگرن و بیسەلمێنن كە ئەوان هەن و دەسەڵاتیش لەلایەن ئەوانەوە بە باشترین و بابەتیانەترین میكانیزم بەڕێوەدەچێ. ئەم داهۆڵە ڕووتەڵانە كە پێكدێن لە بوودەڵەی ماستاوچی بەكرێگیراو و سیخور و خۆپەرست و مشەخۆری گەنیوی بەڵتەچی، لەناو بازاڕی سیاسەت و لە ژێر هەژموون و ئاڕاستەكردنی زلهێزێكی دەسەڵاتداردا دەخزێنرێنە ناو دام و دەزگا هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە و لەپێناو بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆیاندا ترس و نائارامی دەچێنن و بێ ئاوڕدانەوە لە ڕووداو و پێشهاتەكان و وەك پەرژینێكی دڕكاوی پایەكانی عەرشی دەسەڵات و ئامرازەكانی بانگەشەیان دەپارێزن و لە كایەی سیاسی و حوكمڕانیشدا دەبنە مەترسیدارترین كارەكتەری بكەر و جگەلە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كەسانی دەسەڵاتدار، بەرگری لە خۆیان و بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان دەكەن و دابەش دەبنە سەر هەندێ هێزی میلیشیای تایبەت و گرووپی سەیر سەیری مەترسیدار. 

ئەم جۆرە كارەكتەرە داهۆڵانە لە هەرێمی كوردستان و لە ناو پانتایی پرۆسەی حوكمڕانیدا كە كۆمپانیای حزب و سەركردەی بازرگان بەڕێوەیدەبەن، لە شێوەی میدیاكاری ساختەی پەیج و ئەكاوەنتە سێبەرەكان و لەناو ناوەندی ئایینی و دیوخانی خێڵگەری و دەستە و تاقمی جەماوەری ناڕوودا خۆیان مەڵاسداوە، دروستكراوی ئارەزوومەندانەی دەستی خودی دەسەڵاتن، چونكە دەسەڵات تەنها بەمانای میكانیزمەكانی ترساندن و سەركوتكردنی ڕاستەوخۆ بەڕێوەناچێ، بەڵكو دەكرێ لە ڕێگای دروستكردنی جۆری تایبەتی كەسانی بوودەڵە و ماستاوچی، كە خۆیان هەڵگری جۆرێك لە توخمی ملكەچین بەڕێوەبچێ. ئەمانە كەسانێكن ئارەزوومەندانە ماكی گوێڕایەڵی و ملكەچییان تێدایە و دەسەڵاتیش لەو ڕوانگەیەوە هەوڵی دروستكردنی ملكەچبووی ئارەزوومەندانە دەدات و ئەمەش لەخۆیدا بەشێكە لە میكانیزمەكانی كۆنترۆڵكردن و دیسپلینكردنی ئەو جۆرە كارەكتەرانە و لەو ڕێگایەوە فڕێیاندەداتە ناو پشتێری پاسەوانی و وەك داهۆڵێكی بێبەها دەیانجووڵێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەمانە بەناوی كۆمپانیا و  وەبەرهێنان و بازاڕی ئازادەوە خەریكی چەواشەكارین و بەمیكانیزم و ڕێگای جیاجیا كۆمەڵگە لە ئیرادە دەخەن و ڕێگری دەكەن لە هەر بزاوتێكی جەماوەری، كە هەوڵی گۆڕانكاری ڕیشەیی دەدات لە بازنە و چوارچێوەی كایەی گشتیدا.

لە حاڵەتی سەقامگیری ئەم دیاردەیەشدا حكومەت و یەكە ئیدارییەكان هیچ ڕۆڵ و بەهایەكیان نامێنێت و حزب و كارەكتەرە دەسەڵاتدارەكان دەكەونە سەودا و مامەڵەی بازرگانی و تەنها ئامانجیان پاراستنی قازانجی تایبەتی و بەمیراتیكردنی دەسەڵات و هێزە لە باوكەوە بۆ نەوەكان و دەیانەوێ بەو ئاكارە و بەشێوەیەكی سیستماتیك دزی و تاڵانی بكەنە بنەمایەكی ڕیشەیی لە پرۆسەی حوكمڕانیدا ، لەم ڕێگایەشەوە تەواوی سێكتەرە گرنگ و كاریگەرەكانیان لە بازنەی حزب و بنەماڵەدا ئیفلیجكردووە و سپێردراوەتە داهۆڵە ڕووتەڵەكانی بندەستی بنەماڵە و زۆر لە شوێن و پێگە هەستیارەكانی حكومەتی دیكۆر بەو شێوەیە كۆنترۆڵكراوە. ئەم میراتە بۆ ماوەییە، كە تەواوی سێكتەرە گرنگەكانی قۆرغكردووە و هەنگاوەكانی توندكردۆتەوە بەئاراستەی پێشاندانی مۆدێلێكی تازە لە ستەمكاریدا، كار لەسەر بەرهەمهێنانەوەی ستەمكارییەكی مەترسیدار دەكات و دەیهەوێ بە فۆرمێكی جیاوازتر و بەمانا و مەدلولێكی ئاڵۆز و لێكگرێدراوی نەخوازراو بە سیستەمی ئیدارەدانی كۆمەڵگە بێتە پێشەوە، كە فۆرمی دروستكردنی داهۆڵەكانی ترساندن و زەبر و زەنگە. 

بەپێی دید و تێڕوانینی زۆر لە سۆسیۆلۆژیستەكانیش، باشترین و گونجاوترین ژینگەی گەشەكردن و نەشونماكردنی ئەم جۆرە داهۆڵانە، كۆمەڵگە دواكەوتوو، و پاسیڤەكانە، كە وەك ڕێڕەوێك تەغزیەی هەڵتۆقینیان دەكات و دەبێتە ئەو مناڵدانە سیاسییەی كە ستەمكاری بەرهەمدێنێ، بۆیە لەم ژینگەیەدا سەرهەڵدانی ستەمكاری و زەبروزەنگ لە پرۆسەیەكی شاراوەی بڤەوە دەچێتە قۆناغێكی ترەوە و تەقینەوە و بڵاوكردنەوەوە و خۆنمایشكردن سەرهەڵدەدەن و ئەمانە دەكاتە ئامرازی مانەوەی دەسەڵات و خوڵقاندنی جۆرێك لە مەترسی، بەڵام پێچەوانە بەم تێرمەش، لە كۆمەڵگە پێشكەوتوو، و مۆدێرنەكاندا ئەم جۆرە داهۆڵانە هیچ ئامادەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتییان نییە و ناتوانن كاریگەرییان هەبێ لە سەر كۆی كایە گشتییەكە تا لەو ڕێگایەوە ستراتیژی دەسەڵات لە گەشەكردنی توخمەكانی كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگە بپارێزن . 

لەم جۆرە كۆمەڵگەیەدا بانگەشەی ئیمانی و قسەی پووچی خێڵگەری و پاراستنی كەڵچەری بنەماڵەیی هیچ بەهایەكی نییە و دەسەڵات پاوان ناكرێت و داهاتەكان و بازاڕ و ئابووری، پەیوەندییەكان، دەزگا ئەمنییەكان لە لایەن حزب و بنەماڵە و سەركردەیەكەوە بەڕێوەنابرێ، وەك ئەوەی لە كۆمەڵگەیەكی دواكەوتووی وەك كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكاندا بە كوردستانیشەوە كاری پێدەكرێ.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا