
ئەم مانگەو ئەم جەژنە بۆ مووچەخۆرانی کوردستان، جیاوازە، بەهۆی ئەوەی کە فەرمانبەران و خانەنشینان بەشێک لە قەرزەکانیان داوەتەوە و بڕێک لەپارەش گیرفان و سفرەی ساردوسری ڕابردووی پێ گەرم دەکەنەوە.
سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵیانداو ماندووبون بۆ گەیشتنی مووچە خۆران بە بەشێک لە مافەکانیان.
بۆیە سوپاسەکە گشتگیرە، تاهەر کەسێک لەهەوڵەکەدا بەشدارە بەشی خۆی بەربکەوێت، لەبەرئەوەی چەند ڕۆژێکە هەرحزبەو ئەم وەرگرتنەوەی مافە دەکات بە دەستکەوتی خۆی یان سەرۆک و سەرکردەکەی.
لێرەدا دەبێت ئەو ڕاستییە باس بکەین کەهەر کەس ولایەنێک هۆکاری گەیشتنی هاوڵاتی بێت بەمافەکەی، شتێکی ئەوتۆی نەکردوە جگە لە ئەنجامدانی ئەرکێک کە دەبوو ئەنجامی بدات ،کە لەڕاپەراندنی ئەرکەکەیدا دواکەوتووە.
لێرەدا لەهەموو ئەو بەرێزانە دەپرسین وداواکارین:
یەکەم/ پێمان بڵین کێ بەرپرسە لەنەدانی سێ مووچەکەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، و کەی ئەو زەحمەتەش دەکێشن، کەئەو مافەش بگەڕێننەوە بۆ خاوەن مافەکان؟
دووەم/ ئەی مووچە پاشەکەوتکراوو لێبڕاو وکەمکراوو دزراوەکان چارەنوسییان چی دەبێت؟